ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

٭ وتەی بەرایی:

  مامۆستا عەبدولستار یەکێکە لە مامۆستا سەرکەوتووەکانی پسپۆڕی زانستی دەروونزانی لە پارێزگای هەولێر. بەردەوام لە خولەکانی ڕاهێنانی مامۆستایاندا وانەی گوتۆتەوە و ماوەی چەندین ساڵیش لە خانەی مامۆستایان و پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایاندا لە شاری هەولێر وانەی گوتۆتەوە و بەسەدان مامۆستای ئەمڕۆ، دوێنێ قوتابی مامۆستا عەبدولستار بوون.

 مامۆستا عەبدولستار خوێنەرێکی بەسەلیقەیە، هونەرمەندە، کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و کۆمەڵایەتییە، باغی شار (سەنتەری خانەنشینانی هەولێر) ڕۆژانە بەبوونی سەدان مامۆستای وەکو مامۆستا عەبدولستار ئاوەدانە و گفتوگۆی گەرمی لە هەموو بوارەکاندا لێ بەڕێوەدەچێت.

 ٭ کورتەیەک لە ژیاننامەی م. عەبدولستار:

 ــ ناوی تەواوی: عەبدولستار عوسمان ئیسماعیل مام شێخ.

 ــ ناوی دایکی: بەسێ ئەحمەد عەبدوڵلا حەمەد.

 ــ مامۆستا عەبدولستار لە ساڵی 1953 لە گەڕەکی خانەقای شاری هەولێر لەدایکبووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1959-1960) لە قوتابخانەی خالدیە لە گەڕەکی خانەقا چۆتە بەرخوێندن، لە ساڵی خوێندنی (1964-1965) قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1965-1966) لە ناوەندی هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی (1968-1969) تەواویکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1969-1970) لە ئامادەیی کوردستان لە شاری هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی (1970-1971) تەواویکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1971-1972) لە بەشی دەروونناسی لە کۆلێجی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی 1975 تەواویکردووە.

 ــ لە ڕێکەوتی 1-6-1977 بە مامۆستای دەروونزانی لە خانەی مامۆستایان لە شاری سلێمانی دامەزراوە.

 

٭ مامۆستاعەبدولستار دوای ئەوەی ساڵێک لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی وانەی گوتەوە، لە ساڵی 1978 لەسەر داوای خۆی بۆ پارێزگای هەولێر گوازراوەتەوە و لە خانەی مامۆستایانی هەولێر دەستبەکاربووە.

 ــ مامۆستا لە دوای خانەی مامۆستایان بۆ پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان وەکو مامۆستای زانستی دەروونزانی گوازراوەتەوە. تاکوو نزیکی کۆتایی نەوەتەکان لە پەیمانگەی مامۆستایان بوو. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە بەسەدان ئەگەر نەڵێین بەهەزاران مامۆستای ئێستا، لە کاتی خۆی لە خانەی مامۆستایان و پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایاندا قوتابی مامۆستا عەبدولستار بووینە.

 ــ مامۆستا عەبدولستار بەهۆی لێهاتوویی، کراوە بە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی دەروونزانی تاکو خانەنشینبوونی.

 ــ مامۆستا لە ماوەی خزمەتکردنیدا لە دەیان خولی پەروەردەییدا وەکو مامۆستا وانەکانی دەروونزانی و ڕێگاکانی وانەوتنەوە و هەڵسەنگاندنی گوتۆتەوە.

 ــ هەروەها بەشدار بووە لە دانان و ئامادەکردنی پرۆگرام و بەرنامەی خولەکان.

 ــ مامۆستا لە ساڵی 2016 بەگوێرەی یاسای تەمەن خانەنشینکراوە.

 ــ مامۆستا خاوەنی کتێبخانەیە و خوێنەرێکی جددی و دەستی نووسینیشی هەیە. مامۆستا دەڵێ "هەر لەوکاتەی قوتابی بووم لە پۆلی پێنجەم و شەشەمی سەرەتایی، دەستم بە خوێندنەوە کردووە. هەر لەتەمەنی منداڵی و قۆناغی ناوەندی ئەم کتێبانەم خوێندۆتەوە: (فڕی فڕی قەل فڕی، ئەمیر ئەرسەلان، یوسف و زولەیخا و دیوانی شاعیران". زیاتر لە ڕێگای کتێبخانەی گیوی موکریانی و کتێبخانەی گشتی هەولێر، کتێبی بۆ خوێندنەوە دەستکەوتوون.

 ــ مامۆستا عەبدولستار خاوەن بیروباوەڕی چەپی پێشکەوتنخوازانەیە. هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەخت بووە لە مافەکانی مامۆستایان و خانەنشینان. مامۆستا عومەر حاجی، سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بەمجۆرە باسی دەکات: "مامۆستا ستار کەسایەتییەکی دیاری شاری هەولێرە، خۆشەویست و ڕۆشنفکرە".

 هەروەها مامۆستا جەلال باپیر، سەرپەرشتیاری پسپۆڕی کارگێڕی بەمجۆرە  لەسەری نووسیوە: " .. مامۆستا عەبدولستار ، مامۆستایەکی لێهاتوو و سەرکەوتووە لە پسپۆڕییەکەی خۆیدا، گشت ئەو مامۆستایانەی لەو خولانە بەشداربوون کە مامۆستا عەبدولستار وانەی تیایاندا دەوتەوە زۆر سوودیان لێوەرگرتووە، چونکە مامۆستایەکی بەڕێز و خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە پسپۆڕییەکەیدا، هەروەها قسەخۆش و لێهاتوو بوو".

 ــ مامۆستا عەبدولستار لە ساڵی 1980 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو سوڵحیە سمین هیدایەت کردووە و کچێکیان لە ساڵی 1992 بووە ناویان ناوە سایە، دەرچووی بەشی (کارگێڕی و کارە) بە گرێبەست لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دامەزراوە.

 ــ مامۆستا لە گەڕەکی (مهندسین) لەشاری هەولێر نیشتە جێیە. هیوای تەندروستی باش و تەمەندرێژی بۆ مامۆستا عەبدولستار و هاوژین و کچە بەڕێزەکەی دەخوازین.

وتاری نووسەران