ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 بەشی دووەم و كؤتايي

 ٭کورتەیەک دەربارەی ژیانی مامۆستا خدر مەولود:

 ــ ناوی تەواوی: (خدر مەولود ئەمین خەلیفە)یە باوکی لە ساڵی 1870 لە دایکبووە.

 ــ مامۆستا خدر لە ساڵی 1921 لە ئامێزی خێزانێکی جوتیاری هەژار لە گوندی بیرەبەرازەی کەندێناوە لە دایکبووە.

 ــ ناوی دایکی: خەدیجە مستەفا مەجیدە لە ساڵی 1882لە دایکبووە.

 ــ (پ.د. بەهرام)ی کوڕی دەڵێ: لەوانەیە دوو سێ ساڵ لەو مەوالیدەی بۆی نووسراوە گەورەتر بێت.

 ــ سەرەتا لە حوجرە لای مەلا خوێندوویەتی، بۆیە کە چۆتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا لە ساڵی خوێندنی (1931-1932) تاقیکراوەتەوە و بڕیاردراوە لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی دەست بە خوێندن بکات . ئەو کات مامۆستا ئەحمەد ناجی بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەربیل ئولا بووە.

 ــ بەشێک لە هاوڕێیانی قوتابخانەی لە کاتی خوێندنی سەرەتاییدا : زەید ئەحمەد عوسمان، مزەفەر شێخ محەمەد نەقشبەندی، عەبدولڕەحمان حوسێن دزەیی، یەحیا سەلیم، نەشئەت محەمەد سەفوەت، جەمیل حوسێن قەساب، عەبدولکەریم یونس، فەریق سەید جەمیل)..هتد

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1935-1936) خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ مامۆستاکانی قوتابخانەی ئەربیل ئولا لەو کاتەی مامۆستا لەوێ دەیخوێند: (ئەحمەد ناجی سۆفی ــ بەڕێوەبەر، عەبدوڵلا عەزیز، عومەر ئەمین، حاجی عەبدولکەریمە فەندی، شێخ حەسەن شێخ نیعمەتوڵلا، عەبدولحەکیم عەلی قازی، عەلی حەمادی، یوسف شێخ یەحیا، سلێمان ئیسحاق، شێخ نەزیف بەرزنجی، سەید غەریب سەید سەلیم).

 ــ لە ساڵی (1938-1939)دا قۆناغی ناوەندی خوێندنی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی (1941-1942)دا خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواوکردووە و لە خولەکەی خۆی یەکەم بووە لەسەر هەموو قوتابییانی عێراق، بڕوانامەی دەرچوونی ئیمزای وەزیری مەعارفی عێراقی لەسەرە.

 ــ لە ڕێکەوتی 24-10-1942دا بۆ یەکەمجار وەکو مامۆستای سەرەتایی بە مووچەی 10 دینار لە قوتابخانەی اربیل ( الثانیەــ ئەربیلی دووەم) لەناو شاری هەولێر دامەزراوە . دوایی ناوی ئەم قوتابخانەیە بوو بە (المظفریە ـ ئەلموزەفەریە) .

 ــ لە قوتابخانەی ئەربیلی دووەم گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی ئیبن خلکان . لە ساڵی خوێندنی (1952-1953)دا کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە.

 ــ لە ساڵی 1954 قوتابخانەی ئیبن خلکان هاتۆتە ناو بینای نوێی لە سەنتەری شار، ئێستا ئەم بینایە کراوەتە مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر.

 ــ لە ساڵی (1958ــ 1959)دا مامۆستا کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئیبن مستەوفی، کە لە گەڕەکی تەیراوە بوو.

 ــ لەسەر داوای مامۆستا خدر، بینایەی نوێ بۆ (ق. ئیبن مستوفی) دروستکرا لە بەرانبەر گەراجی پێشووی باکوور . لە دوای ئەوەی ئیبن مستوفی لەوێ نەما بینایەکەی کرایە بەشی کاری دەستی سەر بە پەروەردەی هەولێر.

 ــ لە ساڵی 1963 لە دوای کودەتای قەومی و بەعسییەکان لە عێراقدا ڕەشبگیری کەسانی نیشتمانپەروەر دەستیپێکرد. مامۆستا خدری نیشتمانپەروەریش لە مانگی حوزەیرانی 1963 دەستگیر کرا. بە دەسبەسەری ڕەوانەی موسڵ کراوە، لەوێش ڕەوانەی موسەیەب لە خوارووی عێراق کراوە. ماوەی چوارمانگ و 17 ڕۆژ لە زیندان ماوەتەوە. دوای ئازادکردنی گەڕێنراوەتەوە بۆ قوتابخانەی ئیبن مستوفی.

 ــ لە ساڵی 1964 کە قوتابخانەی (اربیل اولی التطبیقیە ــ هەولێری یەکەم بۆ ڕاهێنان) دامەزراوە، قوتابیيانی خانەی مامۆستایان لەوێ ڕاهێنانیان دەکرد و پێشکەوتووترین قوتابخانەی هەولێر بوو، مامۆستا خدر مەولود کراوەتە بەڕێوەبەری ئەم قوتابخانە نموونەییە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1968-1969)دا سەردەمی دەسەڵاتی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی (جەلالی) لە هەولێر، خۆپیشاندانێک لە هەولێر دژ بە چالاکی پێشمەرگەی پارتی (مەلایی) لە ناو شاری هەولێر ڕێکخراوە، داوا لە مامۆستا خدر مەولود کراوە قوتابیيانی ئەربیل ئولا بۆ خۆپیشاندانەکە بنێرێت، ئەویش نەیناردوون. دوابەدوای ئەمە فەرمانی گواستنەوەی مامۆستا خدر بۆ ڕواندز دەرچووە! بەڵام مامۆستا نەشئەت محەمەد سەفوەت بەڕێوەبەری پەروەردە لێنەگەڕاوە مامۆستا خدر مەولود دەوام لەوێ بکات و بچێتە ڕواندز و دوابەدوای دەرچوونی بەیاننامەی 11ی ئادار فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی گواستنەوەکەی بۆ ڕواندز دەرچووە و گەڕێنراوەتەوە بۆ هەمان قوتابخانەی پێشووی (ئەربیل ئولا)  پاشان داوایان لێیکردووە ببێتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ڕازی نەبووە و لەڕێکەوتی 1-6-1970 لەسەر داوای خۆی خانەنشینکراوە و (90) دینار مووچەی خانەنشینی بۆ بڕاوەتەوە.

٭هەڵوێست و ڕۆڵی نیشتمانی و باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا خدر مەولود کە لە ڕووی چینایەتییەوە سەر بە بنەماڵەیەکی جوتیاری هەژاری ناوچەی کەندێناوەیە، هەر لە تەمەنی زووی گەنجییەوە هەستی بە چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی کردووە، هەستی بە بێبەشبوونی گەلەکەی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کردووە، بۆیە خاوەن هەست و هۆشیاری نەتەوەیی دڵسۆز و چەپڕەوانە بووە.

 مامۆستا خدر مەولود لە مانگی کانوونی دووەمی 1999دا  لە وەڵامی پرسیارێکی مامۆستا (تاریق جامباز) نووسیویەتی و دەڵێ: " لە دەوروبەری ساڵی 1936 لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی خوالێخۆشبوو مامۆستا سەید فەتاح سەید عەزیز کە ئەو کاتە قوتابی بوو لە مەدرەسەی (دار العلوم) لە بەغدا، کە دەگەڕایەوە بۆ هەولێر کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند قوتابییەک دەکرد بۆ هاندانی گیانی کوردایەتی لە هەولێر ، منیش یەکێک بووم لەو قوتابیيانە، لە هۆدەیەکی بچووک لە مزگەوتی قەڵات لەگەڵ چەند ڕەفیق پۆلێکم .. ناوی نهێنیشم (جمشید) بوو"..

 هەروەها مامۆستا خدر لە میانی وەڵامدانەوەی پرسارەکەی مامۆستا تاریق جامبازدا زیاتر  نووسیویە و دەڵێ: "لە بارەی حزبی هیوا ئەوەندەم لەبیرە کە لە ساڵانی 1940 من لە (دار المعلمین) بووم و ساڵح یوسفیش لە (دار العلوم) بوو لە ئەعزەمیە، مامۆستا ساڵح یوسفی قوتابییەکی زیرەک بوو، وشیاری کوردایەتی بڵاودەکردەوە و زۆر جار لە چایخانەی ئەمین لە ئەعزەمیە قوتابیيانی کوردی (دار المعلمین) و (دار العلوم)ی کۆدەکردەوە و باسی کوردایەتی بۆ دەکردین.

 ڕۆژێک داوای لە هەندێکمان کرد کە لە دارستانێکی دارخورمادا لە نزیک (رٲس الحواش) کۆبووینەوە و منیش بەڵێنم پێدا بەشداریبکەم، کە کۆبووینەوە ساڵح یوسفی قورئانێکی بچووکی دەرهێنا کە سوێندبخۆین، بەڵام من چەند کەسانێکم لە کۆبوونەوەکە بینی بڕوام پێیان نەبوو بۆیە سوێندم نەخوارد و بەمجۆرەش کۆبوونەوەکە سەرینەگرت (1).

 مامۆستا خدر مەولود حەزی دەکرد لە ڕێگای قوتابخانە و خوێندن و زانستەوە گەلی کورد پێشکەوێت و بە مافەکانی خۆی بگات، هەر لەم بوارەدا بەسەدان ڕۆڵەی کوردی پێگەیاندوون و بە بیری زانست پەروەری و بڕوای پتەوی کوردایەتی ڕاستەقینە گۆشیکردوون، کە زۆربەیان لە ئاکامدا بوونەتە کەسایەتی دیار و ناسراوی هەولێر و لە کاروانی پێشڤەچوونی بزاڤی ڕزگگاریخوازی کوردستاندا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە (2).

 کاک عومەر فەرهادیش دەڵێ: "خدرە فەندی مرۆڤێکی کوردپەروەر بوو، ئەو هەستە لای بەدی دەکرا لە ڕەفتاری لەگەل قوتابیيانی زیرەک بەتایبەتی ئەوانەی لە بنەماڵە کوردپەروەر  و نیشتمانپەروەر و پێشکەوتنخوازە چەپڕەوەکان بوون" (3) .

 پ.د. بەهرام خدر مەولود دەڵێ: "باوکم برادەرایەتی لەگەڵ ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەروەرانە هەبوو: (عەلی عەبدوڵلا، ئیبراهیم ئەحمەد، مستەفا نەریمان، حاکم تەڵعەت محەمەد عەلی، حاکم قادر قەدۆ، محەمەد مەلا قادر، جەمال حەیدەری، حاکم بایز دزەیی، ڕەقیبی حوسێنی مەلای، زەید ئەحمەد عوسمان، تاهیر دەباغ "..

 لە ساڵی 1947 کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد لەناو چوو زۆر لە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات ئاوارەی ئەمدیو بوون،  بەشێکیان لە هەولێر پەیوەندیيان لەگەڵ مامۆستا خدر هەبووە.

 لە فێستیڤاڵی ساڵانەی وەرزش لە هەولێر، لە ساڵی 1958 بۆ یەکەمینجار قوتابيیانی قوتابخانەی ئیبن خلکان کە مامۆستا خدر مەولود بەڕێوەبەری بوو بە جلی کوردی جۆراوجۆر بەشداریان لەو فێستیڤاڵە کرد و بە چەپڵەڕێزان و دروشمی بژی کوردستان پێشوازیيان لێکراوە.. خەرجی دابینکردنی جلوبەرگی کوردی بۆ قوتابییە هەژارەکان هەروەها کڵاش و گۆرەوی خوری لە لایەن ناودار و دەوڵەمەندە نیشتمانپەروەرەکانی هەولێر کۆکراوەتەوە (4).

  دوای کودەتای 8 ی شوباتی 1963 کە قەومی و بەعسییە شۆڤینییەکان دەسەڵاتیان لە عێراق گرتەدەست، سەرەتا دڕندانەترین هەڵمەتیان دژی حزبی شیوعی و دیموکراتخوازەکان لە عێراق و باشووری کوردستان ئەنجامدا، لە مانگی حوزەیراندا کە وتووێژە ساختەکارییەکەی ڕژێم لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی و شۆڕشی ئەیلول شکستی هێنا، ڕژێم هەڵمەتێکی دیکەی دڕندانەی دژی کوردستان و تێکۆشەرانی پارتی دەستپێکرد، دیسان بەسەدان تێکۆشەری دی دەستبەسەرکران و خرانە زیندانەکانی پۆلیس و حەرەس قەومی، "لە هەولێریش مامۆستا خدر مەولود وەکو کوردێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز دەستگیر کرا، لە سجنی هەولێر گوازراوەتەوە بۆ سجنی موسڵ، لەوێش بۆ سجنی مسیب لە باشووری عێراق. بۆ ماوەی چوار مانگ و 17 ڕۆژ گیراوە. لە زیندان پیاوە چەپەڵەکانی ڕژێم داوایان لێکردووە جوێن بە سەرکردەی شۆڕشی کورد مەلا مستەفا بارزانی بدات، لە وەڵامدا پێیوتوون: من یەک دوو جار مەلا مستەفام دیوە، من جنێو نادەم بەڵام ئەگەر مەجبوورم بکەن ئینجا بزانن قۆندرەکەی لە سەرۆک کۆماری ئێوە شەریفترە" (5).

بەڕێز پ.د. بەهرام دەڵێ: "قوتابی زانکۆ بووم لە موسڵ بەهۆی ئەندامبوونم لە یەکێتی قوتابیيانی کوردستان دەستگیرکرام، باوکم  چۆتە بەغدا و واستەی بۆ کردووم بۆ بەردانم، کە ئازاد کرام پێیگوتم: "بەم ڕدێنەم ناچارتکردم واستە بەو گەوادانە بکەم"!!

 بەداخەوە تاکو ئێستا لە هەولێر نە قوتابخانەیەک نە شەقامێک بەناوی مامۆستا خدر مەولود نەکراوە؟!!.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

  مامۆستا خدر مەولود لە ساڵی 1946 ژیانی خێزانی لەگەڵ خاتوو نەزمیە ڕەزا خورشد پێکهێناوە. نەزمیە خان لە دایکبووی 1931 بوو، دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی حەسەن پاشای دیاربەکری کە لە ساڵانی 1704-1722دا والی بەغدا بووە.

 بەرهەمی ژیانی خێزانی مامۆستا خدرو نەزمیە خان (9) منداڵە:

1- بەهرام،1947، پرۆفیسۆرە لە بواری ژینگەدا.

 2- پەیمان،1951، بەکالۆریۆس لە زانستی فیزیادا.

 3- جوان،1953، ژنی ماڵەوەیە.

 4- ڤیان، 1957، ئەندازیاری کارەبا.

 5- بەهمەن،1959، پەیمانگەی تەندروستی تەواوکردووە.

 6- موژدە،1961، دەرمانسازە.

 7- چیمەن، 1964، پزیشکی پسپۆڕە، دکتۆرای لە لەندەن لە بواری پسپۆڕی ئافرەتان و منداڵبوون بەدەستهێناوە.

 8- شیرین، 1967، مامۆستا.

 9- دانا،1971، هەڵگری بڕاوانامەی دکتۆرایە، پڕۆفیسۆرە، سەرۆکی زانکۆی کوردستانە لە هەولێر.

 ٭ لە ساڵی1987-1988 مامۆستا خدر تووشی نەخۆشی قوڕگ بووە، پێویستی بە نەشتەرگەری بووە، د. عومەر دزەیی لە بەغدا نامەی بۆ (د.جلبرت تۆما) ناردووە و تیایدا نووسیویەتی: ارسل لکم مربی الاجیال فی اربیل ــ پەروەردەکاری ناوداری هەولێر دەنێرمە لاتان.

 دوای نەشتەرگەرییەکە چاکتر بوو، بەڵام شوێنەواری نەخۆشییەکە 10 ساڵ لەگەڵی بەردەوام بوو.

  مامۆستا خدر مەولود لە ڕۆژی 31-3-1999 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد، لە ڕێوڕەسمێکی ماتەمینی شایستەدا بە ئامادەبوونی د. ڕۆژ نوری شاوێس سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی هەولێر و پەروەردەکاران و خزم و هاوڕێیانی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاک سپێردرا. 

 لە ڕۆژی 10-5-1999 لە لایەن یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ چلەی مامۆستای پایەبەرز و قەدرگران خدر مەولود ئەمین لە هۆڵی ڕۆشنبیری سازکرا.

 ٭پەراوێز و سەرچاوە:

(1) تاریق جامباز، حزبی هیوا لە لیوای هەولێر، هەولێر 2005، ل 93-97

(2) مەجید ئاسنگەر، ڕۆژنامەی برایەتی ، ژمارە 1409 لە 12-4-2004

(3) عومەر فەرهادی، مامۆستایەکی کوردپەروەری ڕاستگۆ، قامووسی ناوە نەمرەکان،بەرگی یەکەم، ئامادەکردنی مومتاز حەیدەری، ل 473

(4) دوو دیداری تایبەتیم لەگەڵ پ.د بەهرام خدر مەولود، هەولێر، شوباتی 2025. هەروەها کاک دکتۆر بەهرام دەستنووسێکی حەفت لاپەڕەیی باوکی (مامۆستا خدر مەولود)ی خستە بەردەستم کە لە کاتی خۆی بەکورتی دەربارەی ژیاننامەی خۆی نووسیویەتی. زۆر سوپاسی بەڕێز د. بەهرام دەکەم. وا وێنەی یەکەم لاپەڕەی دەستنووسەکەش لەگەڵ ئەم بەشە بڵاودەکەمەوە.

 

 

 

 

 

 

 

وتاری نووسەران