
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
وتەی بەرایی:
مامۆستا ئیحسان، یەکێکە لە جوامێرە جوانەکانی هەولێر، هەولێرییەکی ڕەسەن و کوردپەروەرە، نیشتمانپەروەرێکی ڕۆشنبیری چەپە. خاوەن خەبات و تێکۆشانە لە بوارەکانی پەروەردە و وەرگێڕان و فەرهەنگسازیدا.
ئیحسانەفەندی مرۆڤێکی هێمن و بەڕێز و ورە بەرزە. تەمەنی لە 80 ساڵی نزیکبۆتەوە بەڵام بە هیممەتی گەنجانە لە مەیدانە، دەنووسێ و کاری وەرگێڕان ئەنجامدەدات و فەرهەنگ ئامادەدەکات. زۆرینەی تەمەنیشی بە بواری پەروەردە بەخشیوە و یەکێکە لە مامۆستا سەرکەوتووەکانی زمانی ئینگلیزی لە شاری هەولێر.
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا ئیحسان:
ــ ناوی تەواوی: ئیحسان سابیر سەعید خەیات.
ــ ناوی دایکی: حەنیفە ڕەجەب ڕەشەید.
ــ لە ساڵی 1946 لە شاری هەولێر لەدایکبووە.
ــ خوێندنی سەرەتایی لە ساڵی خوێندنی 1959-1960 لە قوتابخانەی ئیبن مستەوفی لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر تەواوکردووە.
ــ خوێندنی ناوەندی لە ساڵی 1963 لە ناوەندی زازا لە شاری هەولێر تەواوکردووە.
ــ قۆناغی ئامادەیی لە ساڵی 1965 لە ئامادەیی هەولێر تەواوکردووە.
ــ لە ساڵی خوێندنی 1969-1970 بەشی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە.
ــ لە مانگی تشرینی دووەمی 1970 بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە دواناوەندی ڕواندز دامەزراوە.
ــ لە ساڵی خوێندنی 1971-1972 بۆ قوتابخانەی ناوەندی خەبات لە شاری هەولێر گوازراوەتەوە.
لە ساڵی خوێندنی 1973-1974 بۆ ناوەندی سەیداوە گوازراوەتەوە.
ــ لە ساڵی 1980 بۆ ئامادەیی هەولێر گوازراوەتەوە و تاکو 1997 لە ئامادەیی هەولێر مامۆستا بووە و لەم ساڵەدا بۆ ئامادەیی کوردستان گوازراوەتەوە.
ــ لە ساڵی 1990 بە ڕاپۆرتی پزیشکی کراوە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی هەولێر. بۆ ماوەی یەک ساڵ وەکو یاریدەدەری بەڕێوەبەر دەستبەکار بووە، ئینجا لەسەر داوای خۆی گەڕاوەتەوە بۆ مامۆستایی و وانەوتنەوە.
ــ دوای چل ساڵ خزمەتکردن لە بواری پەروەردەدا، لە ساڵی 2009 خانەنشینکراوە. دوای خانەنشینبوونیشی بۆ ماوەی ساڵێک وەکو خۆبەخش لە ئامادەیی کوردستان ماوەتەوە و لێپرسراوی کتێبخانەی ئامادەییەکە بوو.
٭ لە بارەی خەباتی پیشەیی و سیاسییدا، مامۆستا ئیحسان دەڵێ: بەدرێژایی ساڵانی خوێندنم لە زانکۆ لە شاری بەغدا بەپەرۆشەوە لایەنگری یەکێتی گشتی قوتابییانی عێراق بووم. (ئەم ڕێکخراوە لە حزبی شیوعی عێراق نزیک بوو)
٭ ڕۆڵی ڵە بواری نووسین و بڵاوکردنەوەدا:
مامۆستا ئیحسان هەر لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە خولیای خوێندنەوە و بواری ڕۆشنبیری بووە، دوایی بایەخی بە وەرگێڕان داوە لە ئینگلیزی بۆ عەرەبی. دەسپێکی نووسین و بڵاوکردنەوەی بۆ ساڵی 1975 دەگەڕێتەوە، لە هەفتەنامەی (بیری نوێ ــ الفکر الجدید) بەرهەمی خۆی بڵاو دەکردەوە. لە ساڵی 1976 ەوە بابەتی لە ئینگلیزی بۆسەر هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی وەرگێڕاوە.. لە دوای ڕاپەڕینی 1991 کە بواری ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان گەشەی کرد، مامۆستا بایەخی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی داوە. وایلێهاتووە بەرە بەرە بابەت بۆ گۆڤار و ڕۆژنامەکان بنێرێت، وەکو : (بیری نوێ، ڕێگای کوردستان، ئاوێنە، هاوڵاتی، ڕامان، نووسەری نوێ، مێرگ و ڕۆژنامەی خەبات). لە هەمان کاتدا خۆی سەرقاڵی کتێبدانان کردووە و توانیویەتی سێ کتێب بەچاپبگەیەنێت:
1- نۆبەرەی من لە خەرمانی وەرگێڕان و ئەدەبەوە؛ ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان،2012.
2- سێ کورتە چیڕۆکی بیانی، لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاون بۆ کوردی، 2014.
3- ترسناکترین یاری، چەند چیڕۆکێکی ئینگلیزین وەریگێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی.
مامۆستا ئیحسان (فەرهەنگی خەیات)ی ئامادەکردووە بۆ چاپ بریتییە لە ئیدیەمی ئینگلیزی ــ کوردی ــ عەرەبی، ڕەنجی زیاتر لە شەش ساڵییەتی.
٭ مامۆستا ئیحسان لە کاتی خۆی وەکو وەرگێڕ کاری لەگەڵ ڕێکخراوی UN و NGO کردووە.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا ئیحسان لە ساڵی 1979 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو ناهیدە عەبدولڕەحمان سەعید ئامێدی ئەنجامداوە. دوو کوڕ و کچێکیان هەیە (تەمەن درێژ بن):
1- دەرچووی کۆلێژی یاسا و ڕامیاری زانکۆی سەلاحەدینە.
2- گۆڤەند: دەرچووی کۆلێژی دەرماسازیی زانکۆی سەلاحەدینە.
3- ڕێکان، دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی سەلاحەدینە.
لە کۆتاییدا هیوای تەمەندرێژی بە تەندروستی باش بۆ مامۆستا ئیحسانی بەڕێز و خۆشەویست دەخوازین.
٭ سەرچاوە:
1- وەڵامەکانی مامۆستا بۆ پرسیارەکانم.
2- عەبدولڕەحمان مەعروف، ئینساکڵۆپیدیای نووسەرانی هەولێر، بەرگی یەکەم.