ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

٭ وتەی بەرایی:

 مامۆستا عوسمان خەیلانی، مرۆڤێکی بەڕێز و گران و سەنگینە، پەروەردەکارێکی دڵسۆزە، 39 ساڵی تەواو وەکو مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانە و یاریدەدەری بەڕێوەبەر خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی کردووە. لەتەک بەجێگەیاندنی ئەرکی پەروەردەیی مامۆستا، نیشتمانپەروەر و شیوعییەکی هەڵوێستنەگۆڕ بووە.

 ئێمە وەکو هاوڕێیانی مامۆستا عوسمان، ئەوە 34 ساڵی تەواوە کەم و زۆر لە دوور و نزیک، لە خەباتی پیشەیی و کۆمەڵایەتی مامۆستایان لەگەڵ یەکتر بەردەوامین.. مامۆستا عوسمان لەو 34 ساڵەدا وابزانم لە هەموو کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەدا بەشدار بووە. هەمیشە دڵی لای هاوڕێیانییەتی، دڵ و چاوی بە بینینی هاوڕێیانی دەگەشێتەوە.

 ئێمەش لێرەدا پڕبەدڵ هیوای چاکبوونەوەی تەواو و تەندروستی زۆر باش و تەمەندرێژی بۆ مامۆستا عوسمانی بەڕێز و خۆشەویست دەخوازین.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا عوسمان:

 ــ ناوی تەواوی: (عوسمان مستەفا حەمەدەمین خەیلانی) .

 ــ ناوی دایکی بەڕێزیان: (عائشە عەبدوڵلا ڕەسوڵ)ە

 ــ مامۆستا عوسمان لە ساڵی 1951 لە دێی (کەپەنک ڕەش) سەر بە شارەدێی دیبەگە ــ قەزای مەخمور، پارێزگای هەولێر، لە دایکبووە.

 ــ لە ساڵی1957 لە قوتابخانەی کۆزەپانکەی سەرەتایی چۆتە بەرخوێندن و لە ساڵی 1964 پۆلی شەشەمی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی 1965 لە دیبەگە چۆتە قوتابخانەی ناوەندی، پۆلی یەکەمی ناوەندی لە دیبەگە خوێندووە، ساڵی پاشتر چۆتە هەولێر و لە قوتابخانەی ناوەندی کۆماری وەرگیراوە و پۆلی سێیەمی ناوەندی لە ناوەندی کۆماری تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی 1969 لە ئامادەیی هەولێری کوڕان وەرگیراوە و لە ساڵی خوێندنی (1971 - 1972)  قۆناغی ئامادەیی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1972- 1973) لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان لە شاری هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی خوێندنی (1973-1974)دا تەواوی کردووە.

 ــ لە (14-5-1975)دا کراوە بە سەربازی ئیجباری و  شەش مانگ عەسکەری کردووە.

٭ ژیانی پەروەردەکاری و مامۆستایی :

 مامۆستا عوسمان مستەفا بۆ یەکەمجار لە ڕێکەوتی (6-11-1975)دا بە مامۆستا لە قوتابخانەی شێتنەی سەرەتایی سەر بە ناحیەی دیانا لە پارێزگای هەولێر دامەزراوە. چوار ساڵ لەم قوتابخانەیەدا وەکو مامۆستا و بەڕێوەبەر خزمەتی کردووە. لە ساڵی 1979 بۆ (قوتابخانەی ئافریان) لە ناحیەی هەریر گوازراوەتەوە. تەنیا شەش مانگ لە ئافریان ماوەتەوە، لەوێشەوە بۆ قوتابخانەی گوندی باشوور گوازراوەتەوە. لە گوندی باشوور بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواریشی کردۆتەوە. هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بوو.

 مامۆستا عوسمان لە ساڵی 1983 بۆ قوتابخانەی هەریری سەرەتایی گوازراوەتەوە. لەم قوتابخانەیەدا کراوە بە بەڕێوەبەر و شەش ساڵ زۆر بە دڵسۆزی خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی کردووە. دوایی هەر لە هەریر کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی (چالاک)ی سەرەتایی.

 مامۆستا عوسمان چ وەکو مامۆستا یان بەڕێوەبەر لە هەشتاکان تاکو ناوەڕاستی نەوەتەکان لە شاری هەریر پایتەختی خانزاد میری سۆران خزمەتێکی گەورەی پێشکەش بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن کردووە.

 لە ساڵی خوێندنی (1994-1995)دا هەر لە هەریر وەکو مامۆستا گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی شەڕەفخانی تێکەڵاو تاکو ساڵی 1996 لە هەریر ماوەتەوە .

 ئەوەی جێگای سەرنجە دەسەڵاتی کوردی و حزبی خۆماڵی!! مامۆستا عوسمانی لە ئیدارە لاداوە، چونکە سەر بە حزبی دەسەڵات نەبوو!!  سەیرکەن لە هەشتاکان دەسەڵاتی بەعسی فاشی مامۆستا عوسمانی لە ئیدارە لانەداوە چونکە کادیرێکی پەروەردەیی دڵسۆز و سەرکەوتوو و لەخۆبوردوو بوو، بەڵام دەسەڵاتی کوردی لایدەدات چونکە کۆمۆنیستێکی نیشتمانپەروەرە و لە حزبی دەسەڵات نییە!!

  مامۆستا عوسمان لە تشرینی دووەمی 1996گوازراوەتەوە بۆ شاری هەولێر و لە قوتابخانەی باداوەی سەرەتایی کچان دەستبەکار بووە، ماوەی 10 ساڵ وەکو یاریدەدەری بەڕێوەبەر و مامۆستا لەم قوتابخانەیەدا، لەم گەڕەکە میللییەی هەولێر خزمەتی کردووە.

 لە ساڵی 2006 گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی پۆڵای سەرەتایی تێکەڵاو، پێنج ساڵیش لەم قوتابخانەیەدا وەکو مامۆستا ماوەتەوە. دواجار بۆ قوتابخانەی (شوان)ی سەرەتایی گوازراوەتەوە و ئەم قوتابخانەیە دوا وێستگەی ژیانی مامۆستایی مامۆستا عوسمان خەیلانی بووە و لە ڕێکەوتی (1-7-2014) بەگوێرەی یاسای تەمەن خانەنشینکراوە.

 مامۆستا عوسمان لە ژیانی مامۆستایەتیدا لە چەند خولێکی پەروەردەیی و زانستی و خولی زمانی ئینگلیزی بەشدار بووە . لە ساڵی 1978 بۆ ماوەی دوو مانگ لە خولێکی زمانی ئینگلیزیدا لە شاری بەغدا بەشداریکردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مامۆستا خاوەن توانا و لێهاتوویی بووە لە بوارەکانی پەروەردە و زانستخوازی و فێرکردندا.

٭ خەباتی سیاسی و باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا عوسمان هەر لە تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵییەوە ئاشنایەتی لەگەڵ خەباتی سیاسی و چینایەتی و حزبی شیوعی لە کەندێناوە  پەیداکردووە.

 مامۆستا بۆمان دەگێڕێتەوە و دەفەرموێ: "هەر لە قۆناغی سەرەتایی خوێندن بووم لە دەشتێ، چەند کادیرێکی حزبی شیوعی دەهاتنە ماڵمان وەک خوالێخۆشبوان: (عەلی حاجی مەخموری، ئەحمەد عەوێنە، ئەحمەد باشە، مەلا عەباس بستانی) هەروەها (مام خدر ڕوسی) لە ژیان ماوە تەمەن درێژ بێت".

 عوسمان خەیلانی  لە ساڵی 1969 بۆتە ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابیيان و دەڵێ کارم لەم ڕێکخراوە  لەگەڵ ئەم تێکۆشەرە دێرینانە کردووە: ( شەهید ڕزگار محەمەد خەلیل ــ یادی بەخێر، مەحمود خدر ــ م. گۆران ــ یادی بەخێر، م. عەبدوڵلا شەریف ــ یادی بەخێر) هەروەها (بەکر کەریم و م. عومەر حاجی و م. سەباح جەجۆ) تەمەنیان درێژ بێت.

 هاوڕێ عوسمان خەیلانی لە ساڵی 1969 بۆتە ئەندام لە ڕیزەکانی حزبی شیوعيی عێراق.

 لە حەفتاکاندا کە لە سنووری قەزای ڕواندز مامۆستا بووە  پەیوەندی لەگەڵ ناوچەی قەزای ڕواندزی حزبی شیوعی هەبووە کە ئەوکات هاوڕێ مام خدر ڕوسی بەرپرسی ناوچەکە بووە.

 کە لە هەشتاکان و نەوەتەکانیشدا لە سنووری ناحیەی هەریر مامۆستا بووە  لە هەردوو بارودۆخی نهێنی و ئاشکرادا پەیوەندی لەگەڵ حزبی شیوعيی عێراق و دواتر کوردستان، لێژنەی قەزای شەقڵاوە  هەبووە، لە دوای ڕاپەڕین بۆتە بەرپرسی ڕێکخراوی هەریری حزبی شیوعی و ئەندامی ناوچەی شەقڵاوەی ئەم حزبە تێکۆشەرە .

 مامۆستا عوسمان تاکو ئێستا پەیوەندی لەگەڵ حزبەکەی بەردەوامە و حەفتانە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان دەخوێنێتەوە.

 مامۆستا عوسمان هەر لە نەوەتەکانەوە ئەندامێکی کارای ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانە، مامۆستا سەرهەنگ ئەنوەر سکرتێری ئەم ڕێکخراوە، لە بارەی خەباتی مامۆستا عوسمان نووسیویەتی و دەڵێ: " مامۆستا عوسمان پەروەردەکارێکی لێهاتووە، چەندین ساڵ لە هەموو چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەمان بەو پەڕی دڵسۆزی بەشدار بووە، لە زۆربەی کۆنفرانس و ڕێپێوان و گردبوونەوەکاندا بۆ داواکاری مافە ڕەواکانی مامۆستایان ئامادە و بەشدار بووە، هەروەها لە سەردانی و بەشداری لە بۆنەکاندا درێغی نەکردووە. هیوای لەشساغی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازین " .

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا عوسمان لە ساڵی 1978 ژیانی خێزانی لەگەڵ خاتوو ئامینە عەزیز پێکهێناوە. نۆ منداڵیان بووە سێ کچ و شەش کوڕ:

1- هێرۆ،1979..

2- ئاریان،1981، بەداخەوە کۆچی دوایی کردووە.

 3- ئاری،1982، کاسبە.

 4- ڕاستی ، 1983، کاسبە.

 5-ڕێدوان،1985، ژنی ماڵەوەیە.

 6- دیاری،1988، مامۆستای ئامادەییە، بەشی بیرکاری لە زانکۆی سۆران تەواوکردووە.

 7- گیڤارا، 1992، لە بەریتانیا دەژیت.

 8- دەریا،1999، کاسبە.

 9-دیلمان، 2004، خوێندکاری زانکۆیە، لە کۆلێژی زانست، زانکۆی کۆیە.

 لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی باش و تەمەندرێژی بۆ مامۆستا عوسمان و خاتوو ئامینەی هاوسەری و منداڵەکانیان دەخوازین.

وتاری نووسەران