
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
پێشەکی: مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ یەکێکە لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا. لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانە و یەکێک لە خەمخۆر و دڵسۆزەکانی ئەم بوارە بوو. لە گۆڕەپانی سیاسەت و حزبایەتیدا، کوردپەروەرێکی ڕۆشنبیر و پێشکەوتنخواز بوو. گۆشکرابوو بە بیروباوەڕی میللەتپەروەری و کوردایەتی ڕاستەقینە.
مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ ڕووەکناس و گوڵزاردۆستێکی شارەزا و بەسەلیقە و ناودار بوو. لە ژیانی پێشمەرگایەتیشدا لە بواری کردنەوە و شیکردنەوەی جفرەی بێتەلەکانی دوژمن شارەزایەکی کەموێنە بوو، توانیویەتی لەم ڕووەوە خزمەت بە شۆڕشی کوردستان بگەیەنێت لە نیوەی یەکەمی دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا.
٭ چی لەبارەی ئەم مامۆستایە وتراوە؟
ڕەوانشاد مام جەلال تاڵەبانی لە نیسانی 2000دا، وتارێکی بەبۆنەی چلەی ماتەمینی مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە:".. ئیسماعیل سەرهەنگ خەباتگێڕێکی مەبدەئی بوو، پێشکەوتنخواز، باوەڕی بە خەباتی هاوچەرخی شێوە نوێ بوو، باوەڕی بە حزبایەتی و سەرەتاکانی حزبایەتی هەبوو. جگە لەوە پیاوێکی سادەی، خاکی، جەماوەری و خۆشەویست بوو.. زوو دەچووە ناو دڵی ناسیاوەکانییەوە.. پیاوێکی بێ تەماح و خۆنەویست بوو، بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین یەکێک بوو لە خەباتگێڕە گومناوەکانی کوردایەتی و شۆڕش، بەڵام لە دڵ و دەروونی ناسیاوەکانیدا، هەڤاڵەکانیدا لە مێژووی ڕاستەقینەی خەباتی گەلەکەماندا جێگایەکی دیاری هەبوو" ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە 2132 لە 29-4-2000
هۆمەر دزەیی، هونەرمەندی دیاری کوردستان، لە بارەی مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ دەڵێ: " .. ساڵی 1963بوو، لە پاریس گەڕامەوە بۆ کوردستان و بۆ ماوەی ساڵێک پێشمەرگایەتیم کرد، لەو ماوەیەدا ڕادیۆی دەنگی کوردستان، یەکەم ئێستگەی شۆڕشی کورد لە ئەشکەوتێکی بناری چیای گردەڕەش بەرامبەر گوندی عیساوێ دامەزرا. لەو ماوە کورتەی کە لە کوردستان بووم ئاشنایەتیم لەگەڵ پێشمەرگەی تا بڵێی ڕوحسووک و قسەخۆش و خۆشەویست ئیسماعیل سەرهەنگ پەیداکرد یادی بەخێر.
ئیسماعیل سەرهەنگ وێرای کەسایەتییە دڵڕفێنەکەی، وەک تەکنیککارێکی لێهاتوو ناوی دەرکردبوو، شفرەکانی سوپای عێراقی بەوپەڕی وەستاییەوە بۆ بەرپرسانی شۆڕشی کورد دەکردەوە". مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر، هۆڵی ئیسماعیل سەرهەنگ.
کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ و بنەماڵە تێکۆشەرەکەی و خەباتی لە بواری پەروەردە
٭ ناوی تەواوی: ئیسماعیل محەمەد سەرهەنگ حاجی
ــ ناوی دایکی: مەعاز محەمەد عەزیز هەرکی
ــ ئیسماعیل سەرهەنگ لە ساڵی 1920 لە شاری شەمزینان لە باکووری کوردستان لە باوەشی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لەدایکبووە.
ــ محەمەد سەرهەنگی باوکی یەکێک بووە لە هاوکارانی سمایل خانی شکاک.
ــ (محەمەد سەرهەنگ) یەک ناوە، بۆ پیرۆزی ناوی (محەمەد)یان خستۆتە پێشناوەکەی، سێ برا و سێ خوشکی هەبوون بە ناوەکانی: (ئەحمەد، فەریق، تۆفیق، ڕەعنا، زەهرا، عائشە).
ــ لە دوای تێکشکانی بزووتنەوەی سمایل خانی شکاک، محەمەد سەرهەنگ شەمزینانی جێهێشتووە و چۆتە ئەستەنبۆڵ، لەوێوە چۆتە بەیروت و لە بەیروتەوە بەخێزانەوە هاتوونەتە باشووری کوردستان و لە ناحیەی باتاس پارێزگای هەولێر نیشتەجێبوون. (باتاس گوندێکە لە تەنیشت ناحیەی هەریر کاتی خۆی لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا باتاس ناحیە بووە، سەر بە قەزای ڕواندز بووە، دوایی کە شەقڵاوە کراوەتە قەزا هەریر کراوە بە ناحیە و خراوەتە سەر قەزای شەقڵاوە).
ــ دیارە محەمەد سەرهەنگ لە بیستەکان هاتۆتە ناحیەی باتاس ئەو کاتەی سەید تەهای نەهری (1892-1939) کراوەتە قائمقامی قەزای ڕواندز. سەید تەها ناسیاوی و هاوخەباتیی لەگەڵ محەمەد سەرهەنگ هەبووە لە شەمزینان.
ــ محەمەد سەرهەنگ لە ساڵی (1961-1962) لە شاری هەولێر کۆچی دواییکردووە و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاک سپێردراوە. هەروەکو بەڕێز مامۆستا سالار سەرهەنگی نەوەی پێیڕاگەیاندم.
ــ ئیسماعیل سەرهەنگ دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی لە ساڵی 1938 لە خانەی مامۆستایانی لادێیی لە بەغدا وەرگیراوە، خوێندن تیایدا چوار ساڵ بووە، لە ساڵی خوێندنی (1941-1942) تەواوی کردووە.
ــ لە ساڵی 1942 بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی ڕانیەی سەرەتایی دامەزراوە.
ــ مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ لە ماوەی نێوان 1942 تاکو خانەنشینبوونی لە هەشتاکان، لەم قوتابخانانە بە ئەرکی پەروەردە و فێرکردن هەڵساوە: قوتابخانەی ڕانیەی سەرەتایی، هەریری سەرەتایی، جارێکی دی گەڕاوەتەوە بۆ ڕانیە، پاشان لە شاری هەولێر لەم قوتابخانانە مامۆستا بووە: (خالدیە، ئیبن خلکان، بۆتان، ئەربیل ئولا).
٭ خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و بەهرە و باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و ڕووناکبیر پێگەیشتووە، هەر لە سەرەتای گەنجێتیدا لە کۆتایی سییەکان و سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوودا کە لە بەغدا خوێندکاری خانەی مامۆستایان بووە، تێکەڵ بە بزووتنەوەی سیاسی و کوردایەتی بووە.
ڕەوانشاد (مام جەلال) لە بارەی کاروانی خەباتی سیاسی مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ فەرموویەتی: ".. هەر لە مەکتەبی (دار المعلمین)ەوە چۆتە کۆڕی تێکۆشەران و لە حزبی ڕزگاری کورد دا و پاشان لە پارتیدا وەک ئەندامێکی چالاک و بەجەرگ خەباتی کردووە، واتە ئەو جوامێرە هەر لە سەرەتاوە بە ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی حزبایەتیدا شانی داوەتەبەر ئەرکەکانی خەبات. لەناو مامۆستایان و لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا بێوچان و بێ سڵەمینەوە لە دوژمنان و ناحەزان خەباتی کردووە"..
کاک هیوا سەرهەنگیش لە بارەی خەباتی باوکی نووسیویەتی و دەڵێ: " لە سەردەمی لاوێتیدا پەیوەندی بە حزبی (هیوا)وە کردووە و دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامێکی چالاکی پارتی بووە، چەندین پلەی لێپرسراوێتی وەرگرتووە..
هەر لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1961 کە ئەو کاتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی هەریر بوو بەرپرسی ناوچەی پارتیش بوو، بۆتە پێشمەرگە و ماوەی حەوت ساڵ پێشمەرگە بووە.
لە داهێنانێکی دیی مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگدا کە خزمەتێکی زۆری شۆڕشی کرد، دانانی جفرەی نهێنی و کردنەوە و حەلکردنی جفرە و مۆرسەکانی دوژمن بوو، کە ئەمەش ڕۆڵی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لە ئاشکراکردنی پلان و هێرشەکانی حکومەت بۆ سەر بارەگا و هێزی پێشمەرگە لە هەموو بەرەکانی شەڕدا و سەرکردایەتی شۆڕش سوودێکی زۆری لەم شارەزاییەی مامۆستا سەرهەنگ وەرگرت" .
٭ مامۆستا سەرهەنگی گوڵناس!
مامۆستا ئیسماعیل بەنێو نهێنییەکانی سروشتیشدا ڕۆچووە و بۆتە ڕوەکناس و گوڵناسێکی شارەزا و کەموێنە.
لەم بوارەشدا کاک هیوا سەرهەنگ دەفەرموێ: "چالاکییەکانی لە دەگمەنەکان دەژمێردرێن، نەک بەتەنیا لە کوردستاندا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشدا، ئەرشیفەکانی دەزگای کشتوکاڵی لە بەغدا و مۆزەخانەی ڕوەکی زەعفەرانیە و نووسینەکانی (د. عەلی الراوی)، کە پسپۆڕی کشتوکاڵ بوو ئەو دەمە، گەواهی تەواو لەسەر دۆزینەوەی ڕووەک و گوڵناسیی مامۆستا سەرهەنگ دەدەن و سەرباری ئەوەی لە مۆزەخانەکانی ڕوەکی بەریتانیا و نەمساشدا چەندین ڕووەک و گوڵ کە لە چیاکانی قەندیل و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دۆزیوەتەوە بەناوی (سەرهەنگ) تۆمارکراون و لە گۆڤاری (FLORA OF IRAK) چاپی لەندەن بڵاوکراوەتەوە.
ئەو هەتا لە ژیاندا مابوو، باخچەی ماڵەکەیانی وەک تاقیگە بەکاردەهێنا، مامۆستایان و قوتابییەکانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵی سەردانیان دەکرد و سوودیان لێوەردەگرت.
لە ساڵی1957یش باخچەیەکی لە شاری ڕانیە دروستکردووە، دواتر باخچەکە بەناوی مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ کراوە.
٭ باری کۆمەڵایەتی
مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ لە ساڵی1944دا هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو سەبیحە محەمەد ساڵح شکاک کردووە و نۆ کوڕ و کچیان بووە، بە ناوەکانی: (هیوا، زیرەک، هوشیار، هۆگر، ڕاژان، نیشتمان، پڕشنگ، بێریڤان، ڕەوشەن)، هیوای تەمەندرێژی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ لە ڕێکەوتی 19-3-2000 لە شاری هەولێر کۆچی دواییکردووە.
یادی بەخێر و هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی.
سەرچاوەکان:
1- کاک هیوا ئیسماعیل سەرهەنگ.
2- کاک سالار سەرهەنگ برازای مامۆستا ئیسماعیل
3- مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر
4- نەجمەدین عەزیز سمایل، خۆم و ئەستێرە گەشەکان، بەرگی دەیەم.
5- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە 2132 لە 29-4-2000