ئامادەكردنی: مەغدید حاجی

٭ لە بری پێشەكی:

 مامۆستا ئیسماعیل جگە لەوەی پەروەردەكارێكی دڵسۆز و بەڕێز و خاوەن كەسایەتییەكی جوانە لە شەقڵاوە، تاكو خانەنشینبوونی ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنی كردووە، خزمەتی منداڵە چاوگەشەكانی كوردستانی كردووە. بێگومان ئەم جۆرە مامۆستا دڵسۆزانە كە نموونەیان زۆرە لە كوردستاندا، دەبوو هەموو ساڵ وەزارەتی پەروەردە و یەكێتی مامۆستایانی كوردستان خەڵاتی ڕێزلێنان و ویسامی مرۆڤی مەزنیان پێشكەش بكەن، بەڵام بەداخەوە تەنانەت كە خانەنشیندەكرێن مافە یاساییە ڕەواكانی خۆشیان بەپێی پێویست و یاسا و لەكاتی خۆیدا، وەكو پاداشی خانەنشینی و مووچەی مانگانەیان پێ ڕەوا نابینن!!

  ٭كورتەیەك لە ژیانی مامۆستا ئیسماعیل:

 ــ ناوی تەواوی: ئیسماعیل یاسین عەزیز دەروێش حەمەد مەلازادە.

 ــ ناوی دایكی: خەدیجە مەحمود گاوان.

 ــ م. ئیسماعیل لە ڕێكەوتی 5-11-1961 لە شاری شەقڵاوە لەدایكبووە.

 ــ هەر سێ قۆناغی خوێندنی؛  سەرەتایی لە قوتابخانەی ڕزگاری و   ناوەندی لە قوتابخانەی كاوێس و بەشی وێژەیی  ئامادەییشی لە شەقڵاوە تەواوكردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1984-1985) لە پەیمانگەی مامۆستایان لە شاری هەولێر وەرگیراوە و بە دوو ساڵ تەواوی كردووە.

 ــ دوای تەواوكردنی خوێندن، شەڕی عێراق ــ ئێران هەر بەردەوام بووە، نەچووە بۆ سەربازی، تاكو دوای ڕاپەڕین هەر بە موتەخەلفی و فیراری لە سەرباز ماوەتەوە و ئامادەنەبووە بچێ ببێتە سووتەمەنی شەڕێكی دۆڕاو. 

 ــ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 كە سەردەمێكی نوێ لە باشووری كوردستان هاتە پێش و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا، مامۆستا ئیسماعیل بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 بە مامۆستا لە گوندی ماكۆسان سەر بە قەزای چۆمان دامەزراوە. تاكوو ساڵی 1997 لەم قوتابخانەیە بە هەردوو ئەركی مامۆستا و بەڕێوەبەر هەڵساوە، بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبووردەیی خزمەتی منداڵە چاوگەشەكانی ئەم گوندە دوورەی كردووە.

 ــ مامۆستا ئیسماعیل لە دوای قوتابخانەی ماكۆسان بۆ قوتابخانەی میراوەی سەر بە قەزای شەقڵاوە گوازراوەتەوە.

 مامۆستا ئیسماعیل بۆی نووسیوم و دەفەرموێ:" ..دوایی قوتابخانەكەمان  ــ میراوە ــ بە مامۆستا و قوتابی و بەڕێوەر هەموو بۆ گوندی شێخ مەموودیان گوازراینەوە بەهۆی دەستكردن بە نۆژنكردنەوەی قوتابخانەی میراوە. ماوەی سێ ساڵ لە قوتابخانەی شێخ مەمودیان ماینەوە!! دوایی من بۆ قوتابخانەی خۆشناوی هاوڕێی بنەڕەتی لەناو شاری شەقڵاوە گواسترامەوە. تاكوخانەنشین بوونم لە ڕێكەوتی 5-11-2024 لەم قوتابخانەیە مامەوە". 

  هەروەها مامۆستا ئیسماعیل دەڵێ: "لە زۆر خولی پەروەردەیی بەشداریمكردووە، دوایی وانەی ئینگلیزیم دەوتەوە و بوو بە پسپۆڕیم، لەبەر ئەوەی سەر بە حزبی دەسەڵات نەبووم، بۆ بوون بە سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی نەیانپاڵاوتووم"!

٭ خەباتی پیشەیی و سیاسی و باری كۆمەڵایەتی:

 مامۆستا ئیسماعیل هەڵگری بیروباوەڕی ماركسی و شیوعیەتە، واتا مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازە، لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی خەباتدەكات.

 مامۆستا ئیسماعیل هەر لە سەردەمی خوێندنی لە قۆناغی ئامادەییدا چۆتە ڕیزەكانی یەكێتی گشتی قوتابییانی كوردستان، لە ڕێگای ئەم ڕێكخراوە تێكۆشەرە داكۆكی لە مافەكانی قوتابییان كردووە. لە سەرەتای نەوەتەكانیش كە بە مامۆستا دامەزراوە، تاكو ئێستا وەكو ئەندام و خەمخۆرێكی ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان لە تەك هاوڕێیانیدا بەردەوام ئامادەیە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی مامۆستایان. 

 مامۆستا ئیسماعیل بەرپرسی لێژنەی ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایانە لە شەقڵاوە و ماوەی چەند ساڵێكیش ئەندامی لێژنەی باڵای ڕێكخراوەكە بوو.

 مامۆستا ئاكۆ ڕامز بەرپرسی كۆمیتەی شەقڵاوەی حزبی شیوعیی كوردستان، بەمجۆرەی خوارەوە لە ڕۆڵ و هەڵوێست و خەباتی مامۆستا ئیسماعیل دەڕوانێت: ".. مامۆستایەكی بە ئەزموون و چالاكە لە بواری پەروەردە و فێركردن، هەروەها لە هەمان كاتدا لە بواری چالاكی مەدەنی و ڕۆشنبیری و داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایان ڕۆڵی دیار و بەرجەستەیە، هەمیشە بەهەڵوێستە و دژی نا عەدالەتی و نا یەكسانی و گەندەڵی هەڵوێستی هەبووە . 

 جگە لەمە لەلایەنی كۆمەڵایەتی كەسایەتییەكی خۆشەویستە و سەر بە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەری شەقڵاوەیە.

 مامۆستا ئیسماعیل لە ڕووی ڕۆشنبیریشەوە ڕۆشنفكرێكی پشتبەستووە بە بیری چەپ و عەلمانیەت" ..

  هەروەها مامۆستا سەرهەنگ ئەنوەر سلێمان كە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سكرتێری ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان بوو، لە نزیكەوە مامۆستا ئیسماعیلی ناسیوە و كاری لەگەڵدا كردووە، بەم شێوەیە قسەی لە بارەوە دەكات : "مامۆستایەكی دڵسۆزو ئازا لە گفتوگۆ، زۆر لەسەرخۆیە، بەردەوام پشتگیری تەواو لە مافەكانی مامۆستایان دەكات چ بە نووسین یان بەشداری لە خۆپیشاندان و مانگرتن و گردبوونەوە. دەیان ساڵە دڵسۆزانە لە ڕێكخراوەكەمان وەكو مامۆستایەكی تێكۆشەر لە كارەكانیدا بەردەوامە، خاوەن هەڵوێستی جوامێرانەیە، لە زۆربەی كۆنفرانسەكانی ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایاندا بەشدار بووە" .

 ٭ باری كۆمەڵایەتی:

  لە ساڵی 1992 خێزانی پێكەوەناوە، لە ساڵی 1996 بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ بەڕێز تانیا عەبدوڵڵا مەحمود گاوان كردووە. كچێكیان هەیە و شووی كردووە و خاوەن دوو منداڵە، واتا مامۆستا ئیسماعیل بۆتە باپیر، بەڵام بە هیممەتی گەنجانە لە مەیدانە. هیوای تەمەندرێژی بۆ دەخوازین.

 سەرچاوە: مامۆستا ئیسماعیل خۆی، هەروەها هەردوو مامۆستای بەڕێز ئاكۆ ڕامز و سەرهەنگ ئەنوەر سلێمان. خۆشم بە ئەركی ئامادەكردن هەڵساوم.

 

 

وتاری نووسەران