ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 بەشی یەکەم:

 

 ٭ مامۆستا خدر مەولود بۆ ماوەی 30 ساڵی تەواو ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی پەروەردەو فێرکردن بوو لە شاری هەولێر.

 ئەم مامۆستا دڵسۆزە، یەکێکە لە بەڕێوەبەرە بەتوانا و لێهاتوو و شایستەکانی قوتابخانە لە ماوەی هەرسێ دەیەی چلەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا. لەو کاتەی یان لەو سەردەمەی مامۆستا و خوێندن بەهاداربوون خاوەن شکۆبوون !!

 لە ماوەی دیاریکراودا مامۆستا خدر (خدرە فەندی) هەروەکو وا ناودەبرا، وەکو بەڕێوەبەرێکی دڵسۆزی قوتابخانە، بەسەرکەوتوویی لە هەردوو بواری پەروەردەیی و کارگێڕیدا، یەک لە دوای یەک بەڕێوەبەری سێ قوتابخانەی ناوداری هەولێر بووە: (ئیبن خلکان، ئیبن مستوفی، ئەربیل ئولا). جگە لەوەی وانەشی وتۆتەوە بەتایبەتی وانەی زمانی عەرەبی.

  بەڕێز پ. د.  بەهرام خدر مەولود  دەڵێ: زۆر لە قوتابییەکانی باوکم کەسایەتی ناوداریان لێ دەرچووە، وەکو بەڕێزان: (عەزیز محەمەد، شەمسەدین موفتی، مەجید قادر، عاسم حەیدەری، مومتاز حەیدەری، جمشید حەیدری، دارا یەعقوبی، نافع یونس، عادل سەلیم، د. یحیی شێخۆ، د. عەبدولڕەزاق دەباغ، د. عومەر دزەیی، د. خورشید دزەیی، د.خالید دزەیی)..هتد 

 مامۆستای ناودار  (مەجید ئاسنگەر  1932-2012)، کە لە شەستەکان تاکو سەرەتای حەفتاکان بەڕێوەبەری خانەی مامۆستایانی هەولێر بوو، لە نزیکەوە مامۆستا خدر مەولودی ناسیوە، لە کاتی خۆی لەسەری نووسیوە و دەڵێ: "مامۆستا خدر لە بواری پەروەردە و فێرکردندا دەستێکی هەرە باڵای هەبوو، ئەم  چ  وەک مامۆستا چ وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی، بۆ ماوەیەکی زۆر پەروەردەکارێکی بەئەزموون و سەرکەوتوو بوو. پیاوێکی کارامە، چالاک، خاوەن ڕەوشتی یەکجار بەرز، دڵسۆز، ڕاستگۆ، دەستپاک، بەئیرادە لایەنگر و پەیڕەوکاری یاساو نیزام و ڕێکخستن، حەقبێژ و قسە لەڕوو، خەمخۆر و بەپەرۆش، لەسەر هەق هەمیشە بەجواب بوو، هەرگیز لەو ڕووەوە سازشی لەگەڵ کەسدا نەکردووە. ئەم مرۆڤە دەروون پاک و نەفس بەرزە هەرچەندە هەندێک توندە تەبیعەت و ناو بەناو تووڕە دەبوو. حەزی دەکرد لە ڕێگای قوتابخانە و خوێندن و زانستەوە گەلی کورد پێشبکەوێت و به مافەکانی خۆی بگات، هەر لەم بوارەدا بەسەدان ڕۆڵەی کوردی پێگەیاندووە و بەبیری زانستپەروەری و بڕوای پتەوی کوردایەتی ڕاستەقینە گۆشی کردوون، کە زۆربەیان لە ئاکامدا بوونەتە کەسایەتی دیار و ناسراوی هەولێر و لە کاروانی پێشڤەچوونی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە".

  کاک عومەر فەرهادی ڕۆژنامەنووسی ناوداری هەولێر، لە سەردەمی خۆی قوتابی مامۆستا خدر مەولود بووە، جگە لەمە کاک عومەر وەکو کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیری شار، شارەزایی باشی لەسەر مامۆستا خدر مەولود هەیە و بەمجۆرەی خوارەوە  باسی دەکات: "مامۆستای کۆچکردوو خدر مەولود جگە لەوەی مامۆستایەکی دڵسۆز بوو بۆ پیشەکەی، مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و ڕاستگۆ و قسە لەڕوو بوو، بەڵام کوڕە هەژارەکی مەرد بوو.

 مامۆستا وانەی زمانی عەرەبی پێ دەگوتینەوە، لە بابەتەکەدا شارەزاییەکی زۆری هەبوو، زۆر بەهێمنی دەرسی دەگوتەوە، هەر لە دەمی بەڕێزییەوە دەردەچوو دەچووە ناو مێشکی قوتابییەکانی.

 مامۆستا خدر لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی پەروەردەیی دڵسۆز بوو، هانی قوتابیانی دەدا بۆ خوێندن بەتایبەتی کوڕی خێزانە هەژارەکان زۆر جار بە قوتابیانی هەژاری دەگوت: کوڕم تەماشای کوڕە ئاغا و دەوڵەمەندەکان مەکەن، ئەوان بۆیان دەکرێ درێژە بەخوێندن بدەن لێرەش نا لە شوێنێکی دیکە، ئێوە باوکتان بە ماندوبوون بژێوی ژیانتان بۆ پەیدا دەکات، بخوێنن تا زووە بگەنە ئامانجتان و یارمەتی خێزانەکانتان بدەن " .

 ماویەتی

وتاری نووسەران