
محه‌مه‌د فاتیح
بابه‌تی مۆدێرنیزم، له رابردو و ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت، برێكی گه‌وره‌ی وتار و نووسین وتوێژینه‌وه‌ی هزری جیاوازی له‌سه‌ردا نووسراوه.
له‌و نووسین و توێژینه‌وانه‌دا چه‌ندین ئاماژه و بۆچوونی جیاواز دراوه‌ته پاڵ چه‌مكه‌كه‌ی، ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ك ناكۆكی و جیاوازی له نێوانیاندا بگاته ئاستێك كه هه‌ر چه‌مكێك به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بسڕێته‌وه، دیاره ئه‌و باره‌ش هۆكاره‌كانی زیاتر په‌یوه‌ستن به ڕاده‌ی هۆشیاری و تێگه‌یشتن و بیروباوه‌ڕی نووسه‌ره‌كان.
مۆدێرنیزم (نوێخوازه‌ی) پرۆسه‌یه‌كی چه‌ند رووه، وا گریمانه ده‌كرێ كه گۆڕان له هه‌موو بواره‌كانی هزر و هونه‌ر و چاڵاكییه جۆرا و جۆره كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسییه‌كانی مرۆڤ بگرێته‌وه، له دیارده بنچینه‌ییه‌كانیشی (1):
شارستانێتی، پیشه‌سازی جیهانی، فێربوون، پراكتیزه كردنی دیموكراسی، ڕۆڵی كارای راگه‌یاندن- هتد، كه هه‌موویان وه‌ك ڕایه‌ڵه‌كانی تۆڕێك له سازان و رێكوپێكی ده‌رده‌كه‌ون و ده‌بنه هۆی پرسیار گه‌لێك، نموونه‌ی: ئه‌و دیاردانه ره‌گه‌زی سه‌ربه‌خۆن، یان ئه‌نجام و ده‌رهاویشته‌ی دیارده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ ره‌وته مێژووییه‌كه‌ی مۆدێرنیزمه:
ئه‌گه‌ر ویستمان ئه‌و ره‌وته مێژووییه‌ی مۆدیرنیزمه ده‌گرێته‌وه به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك بخرێته روو، ئه‌وا دژوارییه‌ك دێته‌پێش به‌هۆی جیاوازی له بیروبۆچوونی نووسه‌ر و مێژوونووسان، هه‌روه‌ها بیروڕاكانیان ده‌رباره‌ی دیارده‌كه.
به‌شێك له مێژوونووس و بیرمه‌ندان دیارده‌ی مۆدێرنیزمه ده‌گه‌ڕێننه‌وه (یان ده‌یبه‌ستنه‌وه) به رووداوه گرینگه‌كانی مێژووی ئه‌وروپا و جیهان، بۆ نموونه وه‌ك گه‌یشتنی زانسته‌كانی وڵاتانی یۆنان بۆ باكوری ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی دووازده‌هه‌م، یان دهی‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ساڵی (1836) كاتێ (گۆتنبرگ) ئامێری چاپی داهێنا (2).
نووسه‌رانی دیكه ده‌ركه‌وتنی مودێرنیزم بۆ رووداوه‌كانی چاكسازی ئاینی (له‌سه‌ر ده‌ستی مارتن لۆسه‌ر)(*-1) ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه له ساڵی (1513)ز بوو. هه‌ندێكی دیكه بۆ شۆرشی ئه‌مریكا له (1776) سه‌ره‌تای شۆڕشی فه‌ره‌نسا له (1789) ده‌گه‌ڕێننه‌وه، هه‌روه‌ها بیرورای دیكه هه‌یه كه مودێرنیزمه بۆ سه‌رده‌می رابوون (رینیسانس)(*-2) له ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێننه‌وه، كه دژ به دۆخی زانین و دواكه‌وتنی هه‌ر جۆره كه‌له‌پورێكی كۆن بوو.
به بۆچوونی چه‌ند بیرمه‌ندێك، مودیرنیزم له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڕێبازی(*-3) ئاینی (پرۆستانتی) ده‌ركه‌وتووه، كه وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێك بوو بۆ رێبازی كاسولیكی مه‌سیحی، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای رۆڵی زاناكان له بواری فیزیا و زانسته سروشتییه‌كان، وه‌ك: كۆپه‌رنیكس، گالیلۆ، نیوتن، یان شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌یله‌سوفه‌كانی ئه‌وروپا، وه‌ك: هوبز، بیكون، دیكارت، كانت، سپینوزا.
بۆیه ده‌كرێ بوترێت مودیرنیزم حاڵه‌تێكه، یان هه‌ڵقوڵاوی بارێكه یاخود كه‌لتورێكه ده‌كه‌وێته پێش ئه‌و باره‌ی كه دێت، حاڵه‌ته‌كه‌ش تایبه‌ت نیه به سه‌رده‌مێك یانیش ژینگه‌یه‌كی دیاریكراو.
مودیرنیزم له وڵاتانی ئه‌وروپا فره و په‌ره‌سه‌ندو بووه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی شارستانیه‌ت له كیشوه‌ره‌كه، ساڵانی (1910) بۆ (1930) به تێكرا به لوتكه‌ی مودیرنیزم داده‌نرێت، دوای ئه‌و ساڵانه هونه‌رمه‌نده مودیرینسته‌كان له ئه‌ڵمانیا (سه‌رده‌می هیتله‌ر) و له روسیا (سه‌رده‌می ستالین) بێده‌نگ ده‌كران و رووبه‌رووی چه‌وساندنه‌وه ده‌هاتن، له چه‌ند جێگایه‌كی دیكه‌ی ئه‌وروپا كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر به جوانناسی(*-4) ریالیزمی ده‌ستی پێكرد (3).
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین پرۆسه‌ی مودیرنیزم باكوری كیشوه‌ری ئه‌وروپای گرته‌وه و رێبازی پرۆتستانتی به‌دیهێنا، له ناوه‌ڕاستی كیشوه‌ره‌كه‌ش مودیرنیزمه له ژێر ناوی ته‌كنولوژیا ده‌ركه‌وت، به‌ڵام لای فه‌یله‌سوفه‌كان ئه‌و دیارده‌یه له قبوڵنه‌كردنی ده‌قه پیرۆزه ئاینییه‌كان و به‌كارهێنانی ئه‌قل له شوێنی‌دا به‌رجه‌سته بوو، له كۆتایشدا باشوری ئه‌وروپا كاریگه‌ری مودیرنیزمه‌ی كه‌وته سه‌ر و تێگه‌یشتن بۆ ده‌قه ئاینییه پیرۆزه‌كان و گۆڕینیان سه‌لمێنرا.
دیاره له ماوه‌ی سێ سه‌ده‌ی دواییدا، چه‌مكی مودیرنیزم له ته‌واوی كیشوه‌ری ئه‌وروپا ده‌ركه‌وت و بڵابۆته‌وه، كاردانه‌وه‌كانیش به‌سه‌ر وڵاتانی كیشوه‌ره‌كه ده‌ركه‌وت و بڵاوبۆته‌وه، كاردانه‌وه‌كانیشی به‌سه‌ر وڵاتانی كیشوه‌ره‌كه ده‌ركه‌وت كه لێره‌دا به كورتی چه‌ند دیارده‌یه‌كی ده‌خه‌ینه‌ڕوو(4):
1-بڵاوبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كه‌لتوری خه‌رجكردن و ژیانی ماددی، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی خێرا و به‌رزبوونه‌وه‌ی ره‌وتی تاكڕه‌وی له به‌رامبه‌ر پاشه‌كشه‌ی ڕۆڵی ئاین و ڕه‌وشت له ژیانی خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ داڕمانی به‌ها مرڤایه‌تییه باوه‌كانی وه‌ك رازی بوون و ساده‌یی.
2-زۆربوونی دیارده‌ی هه‌ستكردن به نامۆیی خود، هه‌روه‌ها پچڕپچڕ بوونی كه‌سێتی تاك به‌هۆی ئه‌و رووداوه گه‌ورانه‌ی به‌ره‌و رووی شارستانی رۆژئاوا بووه‌وه دوای ده‌ركه‌وتنی مودیرنیزمه، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی (یاسا زانستیه‌كان)(*-5) كه به هۆیه‌وه مرۆڤی باڵا ده‌ست ده‌ركه‌وت و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر زانسته نوێیه‌كان به‌ده‌ستهێنا.
3-زۆربوونی ڕێبازه‌كانی گومانكردن(*-6) له هه‌موو شتێ، دوای پاشه‌كشه‌ی رۆڵی مرۆڤ و زربوونی باوه‌ر به رێبازی رێژه‌یی و نه‌بوونی رێبازێكی ته‌واو راست و ره‌ها.
4-گواستنه‌وه‌ی رێبازی رێژه‌یی(*-7) بنه‌ماكانی شێوه‌یی بۆ هه‌موو بواره‌كان، (نموونه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێكی ئاینی)، بۆیه باوه‌رهێنان به مانای پێشوتر پاشه‌كشه‌ی كرد، هه‌روه‌ها تیۆری مردنی(*-8) دانه‌ر و (نووسه‌ر) رۆڵه‌كه‌ی كۆتایی هات.
5-پاشه‌كشه‌كردنی رۆڵی ئاین له كۆمه‌ڵگه، بۆیه بایولۆژیا ئه‌ركی بایه‌خدان به جه‌سته‌ی مرۆڤ هه‌ڵده‌گرێ، هه‌روه‌ها پیرۆزیش بۆ بواری جه‌سته گوازرایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی مودرنیزمه‌كان توانیان به‌سه‌ر دیارده‌كانی غه‌یب و جادوگه‌رییه‌كانی كڵێسه سه‌ركه‌ون.
6-به‌رزراگرتنی ئه‌قلانیه‌ت و پیاهه‌ڵدان به بیركردنه‌وه‌ی ئه‌قڵی، دانانیشی له به‌رامبه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ئاینی. ئه‌قلانیه‌ت بوو به رێبه‌ری مودیرنیزمه، به هۆی پشت به ستنی ته‌واوی به زانست، هه‌روه‌ها ئه‌قل و ده‌سكه‌وته هزرییه‌كانی بخرێته شوێن خودا، كاروباره گرینگ و ناوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگاش بگرێته‌وه.
هه‌وڵێك بۆ پێناسه‌كردنی مودیرنیزمه:
زاراوه‌ی زانستی ئامرازێكه بۆ زانین و گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدان، هۆكارێكی(5) بنچینه‌ییشه بۆ رێكخستن و پێشكه‌وتنی هه‌ر زانستێك، رۆڵێكی گه‌وره‌ش ده‌گێرێ بۆ بونیادنانی زانست و زانیارییه‌كان، كه پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنیان به‌ستراوه‌ته‌وه به راده‌ی فه‌راهه‌م بوونی وردی زاراوه‌كان.
زاراوه‌ی مودیرنیزم (تازه‌گه‌رێتی) یه‌ك له گرینگ‌ترین ئه‌و زاراوانه‌ن كه مشتومڕێكی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێ له بواری ره‌خنه و هزردا له زۆربه‌ی زمانه جیهانییه‌كان.
زاراوه‌كه زۆر لایه‌نی ئاڵۆزی و شاراوه‌یی و سه‌رلێ تێكچوون ده‌گرێته خۆی، له‌لایه‌ن زۆرێك له زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان كه‌متر تێگه‌یشتنی بۆ كراوه، زاراوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه گوزارشت له ویستی مرۆڤ ده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی بواره شاراوه و نه‌زانراوه‌كانی ژیان.
دیاره زاراوه‌یه‌ك به‌م گرینگی و هه‌ستیارییه، پێناسه‌كردنیشی گفتوگۆ و بێنه و به‌ره‌ی جیاوازی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، له‌م بواره كورته‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین چه‌ند پێناسه‌یه‌ك بخه‌ینه‌ڕوو، كه گوزارشت له بیروبۆچوونه جیاوازه‌كان بكات.
هه‌ر چه‌نده به‌شێك له توێژه‌ران بۆچوونیان وایه كه مودیرنیزمه جێگای پێناسه‌كردن نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆی له بنچینه‌دا فه‌لسه‌فه‌یه، له‌سه‌ر بنچینه‌ی گۆران و ره‌نگدانه‌وه‌و ناجێگیری پێكهاتووه.
(هابر ماس) یه‌ك له فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كانی تازه‌گه‌رێتی، بۆچوونی وایه، كه تازه‌گه‌رێتی پرۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه، بۆیه ناكرێ پێناسه بكرێت، پێناسه‌یه‌كی لۆژیكی ورد.
یه‌كه‌م: ره‌گ و ڕیشه‌ی زاراوه‌كه له ڕووی زمانه‌وه:
له رووی زمانه‌وه زاراوه‌ی مودیرنیزم (Modernism) كه له(6) زمانی ئینگلیزییه‌وه وه‌رگیراوه، به مانای تازه‌گه‌رێتی دێت و دژی هه‌موو دیارده و شتێكی كۆنه. له زاراوه‌كه چه‌مكی سێ وشه‌ی ئه‌وروپی تێكه‌ڵبوونه له یه‌ك وشه‌دا كه ئه‌ویش وشه‌ی مودیرنیزمه. ئه‌و سێ وشه‌یه‌ش بریتیین له:
نوێخوازی Modernism
نوێكردنه‌وه Moderniation
هاوچه‌رخی Modernity
ئه‌و به‌كارهێنانه نێوان ئه‌و سێ چه‌مكه‌ی تێكه‌ڵكردووه، هه‌رچه‌نده ئه‌و (7) سێ وشه‌یه له ڕووی مانا و ئاماژه‌كانیان جیاوازیان به ته‌واوی تیادا به‌دی ده‌كرێت.
نوێخوازی چه‌ند وشه‌یه‌ك وه‌رگیراوه و به‌كارده‌هێنرێت، وه‌ك: نوێخوازی، دادی(*-9) میتافیزیكی، لائیكی(*-10) ئاینی، سوریالیزم، سه‌رنج خوازی.
هه‌روه‌ها له وشه‌ی نوێكردنه‌وه، چه‌ند وشه‌یه‌ك وه‌رگیراوه، وه‌ك: داهێنان، په‌ره‌پێدان، گه‌شه‌پێدان، راپه‌رین، پێشكه‌وتن.
به هه‌مان شێوه له وشه‌ی هاوچه‌رخێتی، چه‌ند وشه‌یه‌ك وه‌رگیراوه، وه‌ك:
ڕه‌سه‌نایه‌تی، داهێنان، جیاكاری، كه به‌كارده‌هێنرێن.
دووه‌م: پێناسه‌ی مودیرنیزم وه‌ك چه‌مك:
1-فه‌رهه‌نگی فه‌ره‌نسی (perivobert) به‌م شێوه‌یه باسی پێناسه‌ی زاراوه‌كه‌ی كردووه: بزووتنه‌وه‌ییكه له‌ناو كۆمه‌ڵگای سیاسی سه‌ری هه‌ڵداوه، ئامانجی رازیبوون و قبوڵكردنی راڤه‌كردنێكی نوێیه بۆ: بیروباوه‌ره‌كان، رێبازه ئاینه نه‌ریتییه‌كان، ئه‌ویش به‌پێی تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی نوێ.
2-شۆرشێكی ترسناكی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر هه‌موو بوونێك له كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌و پێیه‌ی ئاڕاسته‌یه‌كی تازه له‌ناو كۆمه‌ڵگه په‌یڕه‌و بكات له بواره‌كانی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و چاڵاكییه ئه‌قڵی و هونه‌رییه‌كان، ته‌نها شێوازی مامه‌ڵه‌كردنیش بێت له كۆمه‌ڵگه‌دا.
3-كارل ماركس، پێناسه‌ی ده‌كات(8):
بریتییه له جۆره شێواز و سیستمێكی پسانه‌وه و دابرانی مێژوویی له قۆناغه جێگیره‌كانی وه‌ك: داب و نه‌ریته باوه‌كان كه هه‌ڵگری مۆركی گشتی زاڵبوونه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا.
4-ئاڕاسته‌یه‌كی نوێیه له ئازادی و ره‌فتار و ره‌وشت و هزر. هه‌روه‌ها(9) راپه‌رینێكه مۆركێكی جیهانی هه‌ڵگرتووه دژ به رابردوو. شۆڕشێكه له‌سه‌ر فۆرم، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له نه‌رێته كۆنه چه‌سپاوه‌كان، بزووتنه‌وه‌یه‌كه به‌ره‌و گۆران له هه‌موو شتێك‌دا، شێوازێكی نوێ و رێكخستنێكی تازه‌یه، داڕشتنه‌وه‌ی گۆرینی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كۆمه‌ڵگایه، ئامانجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چوارچێوه و رێكخستنه نه‌ریتییه‌كان، له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی ویسته‌كانی مرۆڤی ئه‌نارشیزم كه هیچ سنوورێكی نیه.
5-وێنه‌یه‌كی ده‌رده‌دار و لادانی مرۆڤه به‌ره‌و نوێكاری، هه‌وڵێكه بۆ ده‌رچوون (10) و ترازان له باوه‌ربوون به خودا، نقوم بوونه له تاریكایی و بێباوه‌ڕی، هه‌وڵێكه شاره‌زایی هه‌زاران ساڵی لادان و نه‌خۆشیه ده‌روونییه‌كان و ده‌مارگیری و ئاژاوه و گه‌نده‌ڵی سه‌ر زه‌وی كۆده‌كاته‌وه به زاڵبوونی ئه‌فیون و تلیاك و حه‌ب و مادده بێهۆشكه‌ره‌كان، هه‌موو ئه‌و دیاردانه هانده‌رن بۆ كاردانه‌وه‌ی ده‌روونی تووند و ناهۆشیارانه له بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و هزر و ره‌فتار كه له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌ڵچوون ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌وڵێكه بۆ رووخاندنی رابردوو و داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامی بێ پسانه‌وه، كه دڵه‌ڕاوكێیه‌كی مه‌ترسیداری بكوژی ئاینده و رابردوو ده‌گرێته خۆی، له‌سه‌ر شێوه‌ی هێرشێكی شێتانه به‌سه‌ر ئاین و زمان و كه‌له‌پور به گشتی، به هه‌ردوو حاڵه‌تی باش و خراپه‌ی، وه‌ك شۆرشێك به‌سه‌ر ژیاندا و به‌سه‌ر یاساكانی خودا له گه‌ردوون.
دیارده‌یه‌كه داڕمانی مرۆڤ به‌رجه‌سته ده‌كات تا خراپترین ئاست.
6-پێناسه‌كردنی مودیرنیزم له چه‌ند روویه‌كه‌وه:
أ-له ڕووی مێژووییه‌وه(11):
قۆناغێكی مێژووییه كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تییه‌كان له رێره‌وی مێژووییان پێی گه‌یشتوون. واته بریتییه له ده‌ركه‌وتنی شێوه و دیمه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگای نوێی جیاواز به پله‌یه‌كی دیاریكراو له رووی هونه‌ری ته‌كنیك و پێره‌وكردنی ئه‌قلانییه‌ت و كرانه‌وه‌یان.
مودیرنیزم وه‌ك دیارده‌یه‌كی جیهانی بریتییه له‌دره‌كه‌وتنی كۆمه‌ڵگای بورژوازی رۆژئاوایی تازه، ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی رابوون كه له ئه‌وروپا روویدا.
ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگا په‌ره‌سه‌ندووه پیشه‌سازییه‌كانی وا لێ‌كرد كه ئاستێكی به‌رز له په‌ره‌پێدان به‌ده‌ستبهێنن و بگه‌نه راده‌ی داگیركاری و ملكه‌چكردنی كۆمه‌ڵگاكانی دیكه.
ب-له ڕووی هزرییه‌وه:
بزووتنه‌وه‌یه‌كی روناكبیری هزرییه له‌ناو كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌كان ده‌ركه‌وت. كۆده‌نگییه‌ك هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مودیرنیزم به ته‌واوی په‌یوه‌ست ده‌كا به‌و بزاڤه رووناكبیرییه‌ی مرۆڤ ده‌كاته چه‌ق و سه‌رگه‌وره‌ی گه‌ردوون ئه‌و مرۆڤه پێویستی ته‌نها به ئه‌قله‌كه‌یه‌تی بۆ لێكدانه‌وه‌ی بارودۆخ یان به‌رێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا یاخود جیاوازی كردن له نێوان باش و خراپه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا زانست ده‌بێته بنچینه‌ی هزر.
جـ-له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه:
نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاوایی بخرێته شوێن نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه كۆنه‌كان.
د-له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه:
بریتییه له كۆمه‌ڵه كار و كردارێكی مرۆڤایه‌تی كه به هۆیه‌وه كۆمه‌ڵگا رۆژئاواییه‌كان له بارودۆخێكی مت بووی بێ جوڵه گوازراونه‌ته‌وه بۆ دۆخێكی پڕ جوڵه و شلێنی.
بنچینه‌كانی مودیرنیزمه:
بۆ دیاریكردنی بنچینه و بنه‌ماكانی مودیرنیزمه، توێژه‌ران بیر و بۆچوونی جیاواز ده‌خه‌نه روو، لێره‌دا به كورتی ئاماژه بۆ نووسینی سێ توێژه‌ر ده‌كه‌ین:
1-نائاینی، به واتای ده‌ستبه‌ردار بوون له سه‌رچاوه ره‌هاكان (12)، هه‌روه‌ها بنه‌ما نادیار و ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای لاهوت دیاری ده‌كرێن.
2-ڕه‌وتی مرۆڤایه‌تی مرۆڤ ناوه‌نده و جه‌مسه‌ری جوڵانه‌وه‌شه، مرۆڤ ئه‌و ئه‌قڵه‌یه كه ژیانی خۆی دروست ده‌كات و په‌ره‌ی به گوزه‌رانی ده‌دا و یاساكانیش داده‌نێ.
3-روانگه‌یه‌كی پێشره‌وانه‌ی ئه‌زمونگه‌ری دیكارتیزم(*-11)، كه باوه‌ڕی به نموونه‌ی پێشوو نیه، باوه‌ڕی به حاڵه‌تی جێگیری یان گه‌رانه‌وه بۆ سه‌رچاوه یاخود نموونه، یانیش بنه‌ما نیه، به‌ڵكو كاره‌كه ده‌گۆڕێ و تێپه‌ڕ ده‌بێت بۆ بوونیادنان یان روخاندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام.
4- ئه‌قڵانییه‌ت میتۆدێكی ئه‌قڵانی ره‌خنه‌گرانه، كه به‌رهه‌می ئه‌زموونه‌كانی جیهان ده‌گرێته‌خۆی، هه‌روه‌ها كراوه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو ره‌وته هزری و سیاسیه‌كان(13).
5-ئازادی، ده‌سه‌ڵات شه‌رعیه‌تی دیاریكراوی خۆی هه‌بێت، مافی بڕیاردان له كاروباری مه‌ده‌نیش بدرێته تاك بێ زۆرداری.
6-سكولاریزم، جیاكردنه‌وه‌ی ئاین له ده‌سه‌ڵات (14).
7-مێژووگه‌رایی، مێژوو پێگه و رۆڵی خۆی هه‌بێت، رووداوه‌كانیش به‌پێی میتۆدێكی ئه‌قڵانی لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
8-خوداگه‌رایی، تاك مافی كه‌مایه‌تی پێ بدرێت، رێگای پێ بدرێت متمانه‌ی به‌بیركردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت، مافی له موڵك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی هه‌بێت، ئه‌ركی به‌رپرسیارییه‌تی هه‌ڵبگرێت.
ئاسته‌كانی مودیرنیزم :
1-ئاستی سایكلۆژی(15):
گریمانه ده‌كرێت مودیرنیزمه گواستنه‌وه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری بێت له به‌هاو هه‌ڵوێست و پێشبینییه‌كان، كه‌سی هه‌ڵگری كه‌لتوری نه‌ریتگه‌ری، وا چاوه‌ڕوان ده‌كات كه سروشت و كۆمه‌ڵگا به‌رده‌وامی هه‌بێت به هه‌مان شێوه، ئه‌و باوه‌ڕی به تواناكانی خودی مرۆڤ نه‌بووه له هه‌موو جۆره گۆرانێك یاخود زاڵبونی به‌سه‌ر سروشت و كۆمه‌ڵگادا.
له به‌رامبه‌ردا پیاوی هاوچه‌رخ توانای گـۆڕینی هه‌یه و باوه‌ڕی پێیه‌تی، خاوه‌نی كه‌سێتیه‌كی بزوینه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ گۆران و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ژینگه‌كه‌ی خۆی ده‌گونجێنێ.
ئه‌و گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندنانه به شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی پێویستی به هاوڕییه‌تی و دڵسۆزییه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه، هه‌روه‌ها گۆڕینی هاوشێوه‌یی وه‌ك یه‌ك له‌گه‌ڵ گروپه به‌رجه‌سته و راسته‌وخۆكان (عه‌شیره‌ت، خێزان، گوند) به‌ره‌و گروپه گه‌وره و زیاتر تازه‌كان (چین، نه‌ته‌وه) له‌م باره‌شدا پشت به‌ستن به به‌ها گشتگیرییه‌كان زۆرتر ده‌بێت تا ده‌گاته به‌ها تایبه‌تییه‌كان.
2-ئاستی هزری:
مودیرنیزمه فراوانبوونێكی گه‌وره له زانین و تێگه‌یشتنی مرۆڤ په‌یدا ده‌كات، ده‌رباره‌ی ژینگه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها ئه‌و زانین و تێگه‌یشتنه‌ش فراوان و بڵاوده‌بێته‌وه له كۆمه‌ڵگا، له میانه‌ی گه‌شه‌كردن و باشكردنی ئاستی خوێندن و نووسین وهۆیه‌كانی راگه‌یاندن.
3-ئاستی دیموگرافی:
گۆران له شێواز و جۆره‌كانی ژیان، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ته‌ندروستی و تێكرای ته‌مه‌نی مرۆڤ، سه‌ره‌ڕای زۆربوون له جوڵه و كاری پیشه‌یی، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی خێرای دانیشتوانی شاره‌كان به پێچه‌وانه‌ی دانیشتوانی گوند.
4-ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی:
ته‌واوكردنی رۆڵی خێزان و كۆمه‌ڵه سه‌ره‌تاییه‌كانی دیكه كه هه‌ریه‌كه‌یان رۆڵی(16) خۆی ده‌بێت به شێوه‌ی چه‌ند گروپێكی رێكخراوی هۆشیار بڵاوبوونه‌ته‌وه، فه‌رمان و ئه‌ركه‌كانیان زیاتر پسپۆری ده‌بن.
دابه‌شبوونی نه‌ریتیانه‌ی پله و پایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌شێوه‌ی هاوشان و به‌رامبه‌ر یه‌ك له‌بوونیادێكی لق و په‌لدار، ئه‌وانه به‌خه‌سڵه‌تی (كه‌ڵه‌كه‌بووی نایه‌كسان) ده‌ناسرێن، كه ڕێگاش خۆشده‌كه‌ن بۆ حاڵه‌تی فره‌یی و زۆربوونی پله و پایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له بونیادێك هه‌ڵگرتووی خه‌سڵه‌تی (په‌رش و بڵاوی نایه‌كسانی) ده‌بێت.
5-ئاستی ته‌كنیكی-ئابووری:
دابه‌شبوونێك له كار و فرماندا ده‌بێت، پیشه ساده كه‌مه‌كان پاشه‌كشه ده‌كه‌ن، له به‌رامبه‌ر چه‌ند پیشه‌یه‌كی زۆر و ئاڵۆز، ئاستی شاره‌زایی و لێهاتوویی به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجراكێش به‌رز ده‌بێته‌وه، رێژه‌ی سه‌رمایه بۆ كاركردن زۆر ده‌بێت، له هه‌مان كاتدا كشتوكاڵ بایه‌خی كه‌متر ده‌بێت و ڕۆڵی لاواز ده‌بێت له به‌رده‌م دیارده‌ی بازرگانی كردن به به‌رهه‌مه كشتوكاڵیه‌كان.
بۆچوون و ئاره‌زووییه‌ك هه‌یه بۆ فراوانكردنی چاڵاكی ئابوری جوگرافی، له‌گه‌ڵ به‌ناوه‌ندێتی كردنی ئه‌و چاڵاكییه له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ویش به پێكهێنانی بازاڕێكی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌رامه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ سه‌رمایه و دامه‌زراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه.
6-ئاستی یاسایی-سیاسی (17):
لایه‌نه شاراوه‌كه‌ی مودیرنیزم بریتی ده‌بێت له جیاكردنه‌وه‌ی نێوان بازنه‌ی ژیانی گشتی و بازنه‌ی ژیانی تایبه‌ت.
په‌یوه‌ندی مودیرنیزم به سیاسه‌ته‌وه:
ئه‌وی تێڕوانینی وردی هه‌یه بۆ گۆران و په‌ره‌سه‌ندنه مێژووییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی(18)، تێبینی گۆران له قۆناغه مێژووییه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگاكان ده‌كات، سه‌رنج و بیروبۆچوونی تایبه‌تیشی لا كۆبۆته‌وه.
له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ده‌بینین كۆمه‌ڵگا له گێژاوی چه‌ندین روودا و پرسی جیاوازدا ده‌ژی، بواره جیاوازه‌كان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان (كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسی، كه‌لتوری) ده‌گرێته‌وه (19).
له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان ئه‌و گۆران په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م روویانداوه، قۆناغی پیشه‌سازییان تێپه‌ڕكردووه، به‌ره‌و قۆناغی كۆمه‌ڵگای زانیاری هه‌نگاو ده‌نێن به‌هۆی داهێنانه‌كانی وه‌ك: ئه‌نته‌رنێت و كۆمپیوته‌ر و ئامێره ژمارییه‌كانی دیكه.
هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیری، بوارێكی فراوانی ئازادی هاتۆته‌دی، ده‌رفه‌تی بۆ داهێنان و كار‌و چاڵاكییه مه‌ده‌نییه‌كانی خۆشكردووه.
هۆشیاری سیاسی دیارده‌یه‌كی گرینگی ئه‌م قۆناغه‌یه، ئه‌و هۆشیاریه لای هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه وا گریمانه ده‌كرێ كه ئه‌م بوارانه بگرێته‌وه (20):
1-دیدێكی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و كه‌لتوری (له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی و جیهانی).
2-تێگه‌یشتنی بابه‌تیانه بۆ بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و كه‌لتوری كۆمه‌ڵگا.
3-هه‌ستكردن به به‌رپرسیارییه‌تی ئه‌رێنی و بوونیادنه‌ر ده‌رباره‌ی بنه‌ما نیشتمانی و مرۆڤایه‌تییه‌كان.
4-ویست بۆ گۆرانی ئه‌رێنی له ژیانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا.
لێره‌دا بۆ باسكردنی په‌یوه‌ندی مودیرنیزم به سیاسه‌ته‌وه، ده‌كرێ ئاماژه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه بكه‌ین له دوو ڕووه‌وه (21):
یه‌كه‌م: گۆران و په‌ره‌سه‌ندن و بزاڤه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه له‌سه‌ر شێوازی پرۆسه داڕێژراون و هه‌موو فۆرمه بنچینه‌ییه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئه‌وانه‌ی خۆیان له چوارچێوه كۆمه‌ڵایه‌تییه كۆنه‌كان و ئابوری و سایكۆلۆژییه به‌سه‌رچووه‌كان ده‌نوێنن، ئه‌وانه تێكشكاو وداڕمان، بۆیه خه‌ڵكی ئاماده‌ی شێواز و جۆری تازه‌ی به‌شداریكردن و ره‌فتار ده‌بن له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی.
دووه‌م: گه‌شه‌كردنی ئابوری كۆمه‌ڵگایه‌ك، ئاماژه بۆ په‌ره‌سه‌ندنی تێكڕایی چاڵاكییه‌كانی ئابوری و به‌رهه‌مهێنان له كۆمه‌ڵگاكه.
مودیرنیزمه له رووی سیاسییه‌وه ئه‌م لایه‌نانه ده‌گرێته‌وه:
1-به ئه‌قڵانیكردنی ده‌سه‌ڵات، گۆرینی راده‌یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاته سیاسیه كۆن و نه‌ریتییه‌كان، هه‌روه‌ها ئاینی و خێزانی و تائیفی به ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی عیلمانی، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش:
أ-فه‌رمانڕه‌وایی به‌رهه‌می مرۆڤه، نه‌ك سروشت یان به‌خشینی خودا بێت.
ب-بوونی سه‌رچاوه و په‌ناگه‌یه‌كی مرۆیی، كه ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی كۆتاییه.
جـ-ملكه‌چی بۆ یاسادانراوه‌كان له سه‌رووی هه‌موو ئه‌ركه‌كان ده‌بێت.
د-سه‌روه‌ری ده‌ره‌كی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی فاكته‌ره كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
هـ-سه‌روه‌ری ناوخۆیی بۆ ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی، به مه‌به‌ستی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هێزه خۆجیی و هه‌رێمییه‌كان.
2-جیاكاری له نێوان ئه‌ركه سیاسییه نوێیه‌كان و په‌ره‌پێدانی بوونیاده پسپۆرییه‌كان بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ئه‌ركانه.
له‌م بواره‌دا رێگاكان كراوه ده‌بن بۆ شاره‌زایی بوون و لێهاتوویه‌تی تایبه‌ت به بواره‌كانی: سه‌ربازی، كارگێڕی، زانستی، به‌دوور له كاری سیاسی.
3-به‌شداریكردنی زۆرتر له سیاسه‌ت له‌لایه‌ن توێژه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به گشتی.
مودیرنیزمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری، كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت به‌سه‌ر سیاسیه‌ت و دامه‌زراوه سیاسیه‌كان، ده‌كرێ له چه‌ند خالێك كورتی بكه‌ینه‌وه (22).
1-پچر پچر بوونی گروپه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه نه‌ریتگه‌رییه‌كان، هه‌روه‌ها تێكدانی بنچینه‌كانی باری گوێڕایه‌ڵی بۆ ده‌سه‌ڵات.
2-هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دامه‌زراوه نه‌ریتگه‌رییه باوه‌كان، به‌ڵام پێویست ده‌كات دووباره جۆرێك له دڵسۆزی و پشتگیری نوێ دروست ببێته‌وه.
3-مودیرنیزمه، هۆشیاری چینایه‌تی له‌ناو توێژه نوێیه‌كان ده‌وروژێنێت، له‌ناو (تیره و عه‌شیره‌ت و، گروپ و رێبازه ئاینیه‌كان) هه‌روه‌ك له‌سه‌ر ئاستی كار و رێكخراوه‌كاندا.
4-قۆناغه یه‌كه‌مه‌كانی مودیرنیزمه به ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی ئاینی ئسوڵی (*-12) ده‌ناسرێت (له هه‌موو وڵاته‌كان له‌گه‌ڵ جیاوازییان).
مودیرنیزمه، به واتای هه‌موو توێژه‌كان: كۆن و نوێ، نه‌ریتگه‌ری و سه‌رده‌میانه، تێگه‌یشتنیان بۆ خودی خۆیان زۆرتر ده‌بێت، هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندی و داواكارییه‌كانیان... په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه. سه‌ره‌رای هۆشیاری زۆرتر له رووی په‌یوه‌ندی و رێكخستن و كاركردن وه‌ك چه‌ند هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه پێشتر له ئاستێكی نزمتر بوونه له رووی هۆشیاری و خۆناسین و رێكخستنه‌وه.
له قۆناغه یه‌كه‌مه‌كانی مودیرنیزمه، چه‌ندین بزووتنه‌وه‌ی ئاینی ئسوڵی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ركه‌وتوونه، وه‌ك: (بزووتنه‌وه‌ی ئیخوان ئه‌لموسلمین) له میسر، (بزووتنه‌وه‌كانی بوزی) له سیلان و بورما و فیتنام، هه‌روه‌ها هۆشیاری له‌ناو هۆز و تیره‌كانی ئه‌فریقیا... هتد.
5-خودی ئه‌و هۆشیارییه ڕه‌نگه بۆ گروپێك ببێته كۆسپێكی گه‌وره (23) له به‌رده‌م بوونی دامه‌زراوه‌ی سیاسی كارا كه چه‌ند توێژێكی فراوان له هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بگرێته خۆی.
ئه‌مه و شان به شان هۆشاری كۆمه‌ڵایه‌تی، دیارده‌ی لایه‌نگری گروپ ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێك ناكۆكی له نێوان گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ئه‌و دیارده‌یه ئه‌وا ململانێ سه‌رهه‌ڵده‌دات.
گروپه ره‌گه‌زی و ئایینه‌كان، ئه‌وانی له كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتگه‌ری به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و سه‌قامگیر له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌ژیان، هه‌ڵده‌چن و ململانێیه‌كی تووند‌و تیژ له نێوانیان رووده‌دات به هۆی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست گرتن و نایه‌كسانی.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان
1-صموئیل هانتنغتون-النڤام السیاسی لمجتمعات متغیرە-ترجمە سمیە فلو عبود-گ2/2015-دار الساقی –بیروت –ص45.
2-* شرقیه فچیلە-بن أحمد حلیمە –إشكالیە الحداپە-فی الفكر العربی المعاصر رسالە ماجستیر (2016-2017) جامعە عبدالحمید بن بادیس-الجزائر ص7
محمد محفوڤ-فی معنی الحداپە والمعاصرە-مقال عن شبكە الانترنت /2013.
3-توم بوتومور-فه‌رهه‌نگی هزری ماركسی –وه‌رگێڕانی د. ژیار فه‌لاح، هاوڕێ یوسفی-ده‌زگای ئایدیا-سلیمان 2020، لا1135.
4-د. علا‌و عزمی الشربینی-القول بین التحدیپ والحداپە والمعاصرە-كلیە العلوم الإنسانیە-مجلە التربیە بالمنصورە / المجلد /109 العدد/1، كانون الپانی (2020) ص299.
5- -تسنیم العامری –مقال www.lancatranslotor-org
-د. قارح سماح-التغییر الإجتماعی والتنشئه السیاسیه-مجله كلیه الاداب والعلوم الإنسانیه-العدد (2/3) 2008 –جامعە محمد خنچر /الجزائر.
6-منصور بگە-مصگلح الحداپە عند ادونیس –رسالە ماجستیر –ماجستیر-جامعە قاصد مریاح-ورفلە-كلیه الاداب -2012/2013-ص14-17.
(*-1) مارتن لوسه‌ر: قه‌شه‌یه‌كی مه‌سیحی ئه‌لمانی بوو، مامۆستای بابه‌تی لاهوت بووه. ساڵی (1483) له دایك بووه و ساڵی (1546)ز، كۆچی دوایی كردووه، بانگه‌شه‌ی رابوونی راگه‌یاند له كیشوه‌ری ئه‌وروپا، دژی به‌شێك له بڕیاره‌كانی كلیسه‌ی ڤاتیكان بوو.
(*-2) سه‌رده‌می رابوون (رینیسانس) (Rinascirnento) له‌كۆتایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپا سه‌ری هه‌ڵداوه، درێژه‌ی كێشاوه له نێوان سه‌ده‌ی (14) و سه‌ده‌ی (17) زاینی. قۆناغێكی گرینگ بوو له ژیانی مرۆڤایه‌تی، بریتی بوو له بزووتنه‌وه‌یه‌كی تازه‌گه‌ری و ژیانه‌وه‌ی شارستانیه‌تی كۆنی یۆنانی و لاتینی. گۆرانی قۆڵ له ژیانی كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌وروپا روویدا له بواره‌كانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری.
(*-3) رێبازی پرۆستانتی: یه‌ك له رێبازه‌كانی ئاینی مه‌سیحییه‌ته، بنچینه‌كه‌ی بۆ بزووتنه‌وه‌ی چاكسازی ده‌گه‌ڕێته‌وه له ئه‌وروپا به یه‌ك له‌دابه‌شبونه سه‌ره‌كییه‌كانی ئاینی مه‌سیحی داده‌ندرێت.
(*-4) ریالیزم: بزووتنه‌وه‌یه‌كی هونه‌رییه له‌نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه له وڵاتی فه‌ره‌نسا. به واتای وێنه‌گرتنی شت وپه‌یوه‌ندییه‌كان وه‌ك خۆی كه له جیهانی راستیدا هه‌یه. له سیاسه‌تیش تیۆری ریالیزمی به واتای شیكردنه‌وه‌یه‌كی واقیعیانه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی.
(*-5) یاسا زانستییه‌كان: كۆمه‌ڵه داتا و زانیارییه‌كه ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵه دیارده‌یه‌كی ژیان و سروشت له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی پێشبینییه‌كانی. ئه‌و زانیارییانه‌ش پشت به تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌به‌ستن.
(*-6) رێبازی گومانكاری: یه‌ك له گرینگ‌ترین رێبازه فه‌لسه‌فییه هزرییه‌كانه به شێوه‌یه‌كی گشتی. رێبازی ئه‌وانه‌ن كه پابه‌ندن به دیارده‌ی گومانه‌وه وه‌ك میتۆدێك. ئه‌وانه به‌رده‌وام راراده‌بن له نێوان سه‌لماندن و ره‌تكردنه‌وه.
(*- 7) رێژه‌یی: كۆمه‌ڵه بیروبۆچوونێكی فه‌لسه‌فییه، ئه‌و بانگه‌شه و داواكارییانه ره‌تده‌كاته‌وه ده‌رباره‌ی دیارده‌ی بابه‌تیانه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به بوارێكدا بێت. داكۆكی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان راستیه‌كان ده‌كات له هه‌ر بوارێك له‌لایه‌كه‌وه، هه‌روه‌ها دیدی چاو‌دێر یاخود ئه‌و سیستمه‌ی كه هه‌ڵسه‌نگاندن له میانه‌ی ده‌كرێ له‌لایه‌كی دیكه‌وه.
(*-8) تیۆری مردنی دانه‌ر (نووسه‌ر): وتارێك بوو له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گر و تیۆرزانی فه‌ره‌نسی (رولان بارت) كه له نێوان (1915-1918) ژیاوه. تیۆره‌كه‌ی ساڵی 1968 بڵاوكردۆته‌وه.
ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی: له‌و وتاره‌ی بارت گفتوگۆ ده‌رباره‌ی رۆڵی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نه‌ریتی ده‌كات له رووی واتا و ناوه‌رۆك و ده‌قه‌كانی ژیاننامه‌ی خودی، له ده‌قێكی وه‌رگێراودا.
به‌پێی تیۆرییه‌كه‌ی بارت، خوێندنه‌وه‌ی راست بۆ كاری ئه‌ده‌بی به پله‌ی یه‌كه‌م پشت به یه‌كه‌م سه‌رنج و ره‌فتاره‌كانی خوێنده‌وار ده‌به‌ستێت نه‌ك پشت له‌سه‌ر هۆگری و ئاره‌زووه‌كانی نووسه‌ر ببه‌ستێت. بارت ده‌رباره‌ی (دانه‌ر) نووسه‌ر دیدی بریتی بوو له وه‌ی كه سیناریۆ و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست نییه به‌و.
ئه‌م تیۆرییه ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه له نه‌هێشتنی یان نه‌مانی رۆڵی مرۆڤی نووسه‌ر، له‌گه‌ڵ پێدانی رۆڵی گه‌وره به زمان بۆ دیاریكردنی ئاماژه‌كانی ده‌قه‌كه.
سه‌رچاوه، صفا‌و یحیاوی، شه‌وه قرین، رسالە ماجستیر (مصگلح صوت المۆلف عند رولان بارت. كلیە الاداب واللغات-البویرە-الجزائر-2019 ص5.
7-مجمع اللغە العربیە-المعجم الوسیگ-دار المعارف-مصر/ 1972 ص160.
8-د. علا‌و عزیمی الشربینی-سه‌رچاوه‌ی پێحشوو.
9-عدنان علی رچا النحوی-نڤریە تقویم الحداپە-دار النحوی للنشر والتوزیع-گ 1/1992-ص135.
10-د. كریمە سلیمان الجدایە-الحداپە- نشأتها- تعریفها-موقف الاسلام منها مجلە كلیە الاداب-جامعە البلقا‌و التگبیقیە-مجلد 75 العدد 4 أكتوبر 2015، ص6.
11-عوچ القرنی-الإسلام والحداپە-دار هجر للنشر-القاهرە 1988
12-عدنان علی رچا النحوی-سه‌رچاوه‌ی پێش‌و.
13-د. عبدالله تركمانی –أسس الحداپە ومعوقاتها فی العالم العربی-مقال فی 20 أكتوبر/ 2005
www.ibn-rushd.org
14-د. عبدالله محمد الغدامی –رسالە ماجستیر-كلیە الاداب واللغات. جامعە محمد بوچیاف –المسیله -الجزائر-2016 ص28.
15-عبدالحلیم مهور باشه-الحداپە الغربیە وأنماگ الوعی بها فی الفكر العربی المعاصر-مجلە –تبین-العدد 23 –السنە/ 2018 ص104.
16-صموئیل هانتنغتون-النڤام السیاسی، المصدر السابق، ص46.
17-روبرت-أ-دال-من یحكم –نیوهایفن-منشورات جامعە بال 1964-ص85-86 (نقلا عن صموئیل هانتنغتون).
18-كارل دویتش-التحریك الإجتماعی والتگور السیاسی-المجلە الامریكیە للعلم السیاسی-أیلول 1961 ص94.
19-د. قارح سماح-التغییر الإجتماعی والتنشئه السیاسیه-مجلە كلیە الاداب والعلوم الإنسانیه -جامعە محمد خچیر-سكرە-الجزائر، العدد (2/3) 2008.
20-مقال عن مركز المستقبل 25/2/2020
www.annbaa.org
21-صموئیل هانتنغتون-سه‌رچاوه‌ی پێش‌و. ص50.
22-صموئیل هانتنغتون-سه‌رچاوه‌ی پێش‌و ص54.
23-تومتاس هودجكین رسالە-1957 ص42 له كتێبه‌كه‌ی (هانتنغتون) ئاماژه‌ی بۆ كراوه.
(*-9) دادیزم: رێبازێكه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی بڵابۆته‌وه ئامانجی، ئازادی ره‌ها و شۆرش به بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیه.
(*-10)لائیكی: نائاینی، جیاكردنه‌وه‌ی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌كان، له ئایین.
(*-11) دیكارتیزم: واته فه‌لسه‌فه‌ی دیكارت كه پشتی به ئه‌قل و میتۆدێكی زانستی به‌ستووه.
(*-12) ئوسولیه‌ت: زاراوه‌یه‌كی سیاسی هزرییه، داهێنانێكی نوێیه، ئاماژه بۆ دیدێكی ته‌واوی ژیان ده‌كات له هه‌موو رووییه‌كی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتوری به زۆریش سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاینه، یان رێبازێكی ئاینیه.
24-د. برهان غلیون، مجتمع النخبە-معهد الانما‌و العربی، گ1/1986 بیروت ص259.