
لە مامۆستا تێکۆشەرەکای کوردستان
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ لە بری پێشەکی:
ئێمە لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا مامۆستا ڕوخۆشمان ناسی ؛وەک مامۆستاو کادیرێکی چالاک و لێهاتووی ڕیزەکانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە شاری سلێمانی.
لە هەڵبژاردنەکانی گشتی مامۆستایاندا کە لە کۆتایی ساڵی1999دا لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو خۆی کاندید کردو دەنگی زۆری هێنا. هەروەها چالاکانە لە هەردوو کۆنفرانسی چوارەم و پێنجەمی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان بەشدار بوو. بەڵام بەداخەوە مەرگ ڕێگای نەدا لە شەشەم کۆنفرانسدا بەشداربێت کە ساڵی2001 لە شەقڵاوە گرێدرا، کۆنفرانس بە خەمباری لە دەستپێکدا دەقیقەیەک بۆ گیانی پاکی ڕوخۆش خان وەستا.
ــ ناوی تەواوی: ڕوخۆش ئیسماعیل لاو ئەحمەد.
ــ لە ساڵی1965 لە شاری قەڵادزێ لە دایک بووە.
ــ هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە قەڵادزێ تەواوکردووە.
ــ دوای تەواوکردنی ناوەندی لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی وەرگیراوە و ساڵی(1984-1983) تەواوی کردووە.
ــ یەکەم دامەزراندنی بە مامۆستا لە قوتابخانەی ژاراوا بوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بە ناڕەوا فەرمانی دەرکردنی لە وەزیفە دەرچووە بە بێ ئەوەی تاوانێک یان کارێکی نا یاسایی ئەنجام دابێت،تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێکی چالاک و هوشیارو هەڵگری بیروباوەڕی شیوعیەت بوو، لە ناو ئافرەتان و قوتابییاندا خۆشەویست بوو، سەر بە خێزانێکی شیوعی بوو..
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 کە ماڵیان گواسترابۆوە بۆ شاری سلێمانی، دەگەڕێتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەی ڕزگاری دەستبەکاربوو ،تاکو کۆچی دوایی لەم قوتابخانەیە خزمەی پێشکەش بە پرۆسەی پەروەردەو قوتابییان کردووە. هەمیشە وەک مۆمێک دەسووتا بۆ پێگەیاندنی قوتابیان و چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانیان و بەردەوام هەوڵی دەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابیان.
ــ لە دوای ڕاپەڕینی1991 وەکو ئەندامێکی چالاکی حیزبی شیوعی و کۆمەڵەی ئافرەتان ڕۆڵ دەبنێت و دەناسرێت.
ــ مامۆستا ڕوخۆش دەستی نووسینی هەبوو بابەت و وتارەکانی لە (ڕێگای کوردستان) و (بیری نوێ) و بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ئافرەتان و یەکێتی لاوان بڵاو دەکردەوە..ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش بوو.
ــ بەرنامەی (جیهانی ئافرەت )ی بۆ تەلەفزیۆنی ئازادی ئامادە دەکردو و بەرنامەی( گۆشە نیگا)ی لە ڕادیۆی ئازادی پێشکەش دەکرد.
ــ ئەندامێکی چالاکی لیستی پیشەیی مامۆستایان بوو، لێپرسراوی پەیوەندیەکان بوو لە سلێمانی.
ــ لە کۆمەڵەی هیوای خێر خوازیشدا ڕۆڵێکی دیاری هەبوو.نوێنەری کۆمەڵەی هیوا بوو لە ناوەندی هاوبەشی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان لە سلێمانی.
ــ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئەنجومەنی باڵای داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان بوو ،ڕۆڵی شیاوی گێڕاوە لە دامەزراندنی سەنتەری نەوا .
ــ هاوڕێ ڕوخۆش هەڵسوڕاوێکی ماندونەناسی ڕێبازی مارکسیزم لینینزم بوو، ئەندامی زۆربەی کۆنفرانسەکانی حیزبی شیوعی بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
ــ زۆر بە داخەوە ئەم مامۆستا دڵسۆزو خزمەتگوزارو بەتوانایە لە ڕێکەوتی 2000-8-12 بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
یادی بەخێر و هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی.
٭ زۆر سوپاس بۆ بەڕێز د. محەمەد پشدەری کە زانیاری پێویستی لەسەر ژیان و خەباتی مامۆستا ڕووخۆش بۆ ناردم.
چوارەم وێنە وێنەیەکی بە کۆمەڵی ئەندامانی پێنجەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانە کە ساڵی1999لە شاری سلێمانی گرێدرا، مامۆستا ڕووخۆشی تێدایە.
----------------