مامۆستاو شاعیرو ڕەخنەگرو وەرگێڕو کەسایەتی نیشتمانپەروەر د. کەمال غەمبار(1937/ 30-12-2024) یادت بەخێر

مەغدید حاجی

  کاتژمێر شەشی بەیانی ڕۆژی 30-12-2024 دڵە گەورەکەی مامۆستا کەمال غەمبار لە لێدان کەوت و هەمان ڕۆژ لە شاری کۆیە بە خاکی باب و باپیرانی سپێردراو لە هەولێر پرسەی بۆ دانرا. بەداخەوە نەمزانیوە کۆڕی چلەی ماتەمینی بۆ سازکرابێت؟!!

 مامۆستا کەمال غەمبار تێکۆشەری چەپ و ئەدیبی نیشتمانپەروەری گەلەکەمان،لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا تاکو نەخۆشکەوتنی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا  ئەستێرەیەکی گەش بوو لە ئاسمانی ئەدەبیاتی گەلەکەمان ئەدرەوشایەوە. شاعیرو نووسەرو ڕەخنەگرێکی بوێرو بە توانابوو.. نووسینەکانی،کتێبەکانی چالاکییە ئەدەبییەکانی گەواهی دەری ئەم ڕاستییەن.

 کەمال غەمبار داکۆکیکارێکی سەر سەخت بوو لە مافەکانی مرۆڤ، لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، لە بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازی. هەر لە تەمەنی زووی گەنجییەوە بە بیروباوەڕی چەپ گۆشکرابوو. هەر لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی و کۆلێژ لە پەنجاکان و نیوەی یەکەمی شەستەکاندا،  لە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابییانی عیراق، چ لە هەولێر یان لە زانکۆی بەغدا لە کۆڕی تێکۆشاندابوو. کە کودەتای ڕەشی 8 ی شوباتی 1963 ڕوویدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حزبی شیوعی عیراق کردووە لە چیای ئاوەگرد نزیک شاری کۆیە. لە سەرەتای حەفتاکانیش وەکو مامۆستایەکی بە هەڵوێست و تێکۆشەر لە هەڵبژاردن و کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایاندا بەشدار بووەو دواتر لە ساڵی 1970 وەکو نوێنەری لیستی پیشەیی دیموکراتی بە سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای مامۆستایانی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1973 وەکو ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی سەندیکای مامۆستایانی کوردستان و عیراق لە بەغدا دەستبەکار بوو. لە دوای ڕاپەڕینی1991 کە ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان دەستی بە چالاکی کردەوە، لە یەکەم کۆنگرەی یەکێتی دیموکراتی مامۆستایانی کوردستاندا  کە لە تەممووزی 1992 لە شاری سلێمانی گرێدرا مامۆستا کەمال غەمبار بە سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە هەڵبژێردرا. لە پایزی 1992 کە نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە شاری هەولێر گرێدرا مامۆستا کەمال غەمبار ئەندامێکی چالاکی کۆنگرەکەبوو.

 لە کۆتایی حەفتاکاندا کە ڕژێمی ڕەفتار فاشی بەعس لە چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردو پەیوەندییەکانی لەگەل حزبی شیوعی هەڵگەڕایەوە، مامۆستا کەمال غەمباریش وەکو دەیان مامۆستای شیوعی و دیموکراتیخواز لە پیشەی مامۆستایی لادراو کرایە فەرمانبەر لە وەزارەتی دادو بۆ شاری بەسڕە دوور خرایەوە. دوایی کە گوازرایەوە بۆ شاری بەغدا لە ڕۆژنامەی (الوقائع العراقیە) کاری ڕاستکردنەوەی هەڵەی زمانەوانی ئەنجام دەداو لە هەمان کاتدا بەردەوام وتارو ڕەخنەو بابەتی ئەدەبی و شانۆیی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاو دەکردەوە.

 شایانی وەبیرهێنانەوەیە مامۆستا کەمال غەمبار لە ساڵی 1970 لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کوردەو ئەندامی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی نووسەرانی کورد بوو. بەردەوام بوو لە گەل یەکێتی نووسەران و هەمیشە ئامادەی کۆڕو چالاکییەکانی دەبوو.

 ئەندامی دەستەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عیراق و یەکێتی ڕەخنەگرانی عیراق و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ئەندامی یاریدەدەری ئەکادیمیای کوردی و سکرتێری ئەنجومەنی ئاشتی و هاوکاری لقی هەولێر بوو. لە چەند گۆڤارو ڕۆژنامە بە کوردی و بە عەرەبی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسین بوو.

 مامۆستا کەمال غەمبار لە حەفتاکانی تەمەنیدا هەردوو بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرای لە  بوارەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و فەلسەفەی ئەدەب و ڕەخنە بەدەستهێناوە.

 د. کەمال غەمبار دەیان کتێبی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ڕەخنەیی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بە چاپگەیاندووە. لە نووسین و وەرگێڕانی (10) کتێبی قوتابخانە بە کوردی و بە عەرەبی بەشدار بووە. وەکو وەرگێڕێکی بە توانا 12 کتێبی لە کوردییەوە کردۆتە عەرەبی و (10) کتێبی لە عەرەبییەوە کردۆتە کوردی. (6) کتێبیشی بە زمانی عەرەبی نووسیوە. دەیان لێکۆلینەوەی ئەدەبی لە بارەی شیعرو چیڕۆک و ڕۆمان و شانۆو هونەری شێوەکاری لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە. خاوەن چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانەو کتێبخانەیەکی تایبەتی گەورەشی لەدوای خۆی جێهێشت.

 یادی بەخێرو هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی. بێگومان ناوێکی نەمرە لە مێژووی گەلەکەمان و بەرهەمەکانیشی باشترین دیاری و یادگارین بۆ نەوەکانی ئایندەو کتێبخانەی کوردی و عەرەبی.

وتاری نووسەران