بە ڕوونی

كاوە مەحموود

ماركسیزم و چینی كۆمەڵایەتی

گرنگیدانی ماركس بە چەمكی چین و ئاماژەكردنی بەم چەمكە لە چەندین حاڵەتی جیاوازدا و، جەختكردنی لەسەر شوناسی پراكتیكی بەكارھێنانی، ئاماژەكردنە بەوەی ماركس تەماشای چەمكی چینی وەك دەستەواژەیەكی سۆسیۆلۆجی دابڕاو لە بواری ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و بوونی نایەكسانی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی بە ھۆی ململانێی چینایەتی نەكردووە و، بە پێچەوانەوە ئەم بابەتی بە دوو لایەنی گرنگی سۆسیۆلۆجیا بەستۆتەوە٠ یەكەمیان بابەتی بزواتی كۆمەڵایەتییە، واتا توانا و ئەگەری جوڵە لە ریزبەندی چینایەتی. دووەمیان بابەتی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییە، كە ئەمەش لەلایەكەوە بابەتی سەرەكی ماتریالزمی مێژووییە، كە بەشێكە لە فەلسەفەی ماركسیزم و لە لایەكی دیكەوە بەندە بە تیۆری مێژوو لای ماركس. ئەم میتۆدەی ماركس، كە ھەردەم بە كراوەیی و دوور لە دۆگما و بە ڕچاوكردنی تیۆری خۆی بۆ مێژوو  و دانەخراوەیی ژیانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووە، وای كرد تێڕوانین بۆ چەمكی چین لە لایەن تیورزانە گەورەكانی بواری سۆسیۆلۆجی دوای ماركس بە ڕچاوكردنی گۆڕانكارییەكان، بەرھەمی نوێیان سەبارەت بە چەمكی چین ھەبێت.

 یەكێك لەوانە ماکس وێبەرە، ( ١٨٦٤ - ١٩٢٠) كە كارتێكردنی ماركسی بەسەرەوە دیارە. وێبەر کۆمەڵناس و مێژوونووس و یاساناس و ئابووریناسی سیاسی ئەڵمانی بووە و، بە یەكێك لە گرنگترین تیۆریستەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای مۆدێرن دادەنرێت. بیرۆکەکانی بە قووڵی کاریگەرییان لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی هەبوو. هەرچەندە وێبەر وەک یەکێک لە شاسوارەكانی کۆمەڵناسی شانبەشانی ماركس و ئۆگست کۆنت و ئیمیلی دورکهایم ناسێندرا، بەڵام خۆی بە کۆمەڵناس نەدەزانی و زیاتر خۆی لە مێژوونووسیدا بینیەوە.

سەبارەت بە چین وێبەر لە کتێبی (ئابووری و کۆمەڵگا)دا تیشکی خستۆتە سەر فۆرمەکانی درووستبوونی گروپ.

بەپێی ڕای ویبر، كە باس لە چەمكی گروپەكان دەكات ئاماژە بە گروپکردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ماددی و، گروپکردن لەسەر بنەمای دەسەڵات دەكات، كە بەشێك لەو گروپانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ماددی بە درێژایی مێژوو درووست بووە و فۆڕمی جۆراوجۆریان گرتووە، بۆ نموونە  گروپ لەسەر بنەمای مەزهەبی خێزانییەکان، یان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی ماددی هاوبەش، یان بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی بازرگانی و قۆرخکاری لە بواری بەرھەمھێنانی كاڵایەكی دیاریكراو.

 هۆکارەكانی شێوازی ژیان و سەرچاوە ئابوورییەکان ڕۆڵی خۆیان لە بنیاتنانی گروپی كۆمەڵایەتی لە نێو یەك چیندا بینیوە.

ھەندێك لەو گروپانە جۆرە وزە و ڕەوابوون لەسەر بنەمای پیگەی ئاینی و خێڵەكی یان لە ئاكامی كاری وەزیفی و حزبایەتی وەردەگرن و لەم ڕێگایەوە پرستیژ و مەقام و دەسەڵاتیان وەرگرتووە.

نموونەی ئەم جۆرە گروپانە لە وڵاتانی سەرمایەداری وابەست و جیھانی سێیەم بوونی ھەیە.

ئەگەر بۆ بۆچوونەكانی ماركس سەبارەت بەم بابەتە بگەڕێنەوە، دەبینین، كە ماركس ئاماژەی بە توێژی كۆمەڵایەتی جوراجۆری نێو چینێكی دیاریكراو كردووە، و تایبەتمەندی ماركس لەوەدا بووە، كە تێكڕای ئەم دابەشبوونە بە چین و توێژی كۆمەڵایەتی لە سایەی پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و شێوازی بەرھەمێنانی سەرمایەداری و پاشماوەی شێوازەكانی دیكەی پەرەسەندنی قۆناغەكانی مێژووی مرۆڤایەتی بووە.

تێڕوانینی نوێ لە کۆمەڵناسیدا سەبارەت بە گروپە تەقلیدییەكان ئەوەیە، کە ئەگەر ئەم گروپانە هەبن، ئەوا گرنگییەکی لاوەکییان هەیە و ناگەنە ئاستێ چینێكی كۆمەڵایەتی تایبەتمەند.

ھەروەھا لە بواری توێژینەوە سەبارەت بە چەمكی چین گرنگە ئاماژە بە پیێر بۆردیۆ ( ١٩٣٠ -  ٢٠٠٢) بكەین، كە  کۆمەڵناسێکی فەرەنسی بوو، بۆردیۆ یەکێک بوو لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ژیانی کولتووری و فیکری لە فەرەنسا و یەکێک بوو لە تیۆرزانە نێودەوڵەتییە دیارەکانی کۆمەڵناسی هاوچەرخ و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە ھەبووە.

بۆردیۆ کتێبی میراتگرانی لە ساڵی ١٩٦٤ (لەگەڵ ژان کلۆد پاسێرۆن) و کتێبی وەچەخستنەوە لە ساڵی ١٩٧٠ (لەگەڵ هەمان نووسەر) بڵاوکردەوە.

 لە ساڵی 1979 ئەم نووسەرە كتێبە بە ناوبانگەکەی بە ناوی جیاكاری بڵاوكردەوە و لە کۆتایی تەمەنیدا چوونە نێو خۆپیشاندان لەگەڵ گروپی ناڕازی و مانگرتوودا دژ بە ڕەوشی ئابووری فەرەنسا.

بۆردێۆ پێی وابوو چین بە بڕی ئەو سەرمایە ئابووری و کولتوورییە دیاری دەکرێت کە خاوەنیەتی و کردەوەی خۆبەخشانە بەرهەم دەهێنێت.

گفتوگۆی نوێ لە کۆمەڵناسیدا سەبارەت بە چینی كۆمەڵایەتێ بە چەند چەمکێکی دیكەوە وابەست بوو وەك هەژاری، بێكاری، چینی ناوەڕاست، ڕۆشنبیران و پیشە و، ناوەڕۆكی ئەم ئاراستەیەش گەڕانەوەیە بۆ تێڕوانینی گشتگیرییانیەی ماركس سەبارەت بە چین.

لە ڕەوتە هاوچەرخەکان لە کۆمەڵناسیدا دوو قوتابخانەی نوێ ھەن، جۆن گۆڵدتۆرپ و ئێریک ئۆلین ڕایت.

ئەوان لەگەڵ قوتابخانەی مارکسیست هاوڕان، بەوەی کە پەیوەندی چینایەتی لە ژێر ڕۆشنایی پێگە لەناو سیستەمی بەرهەمهێناندا دیاری دەکرێت و پەیوەندی چینایەتی ڕۆڵێکی ناوەندی هەیە لە ژیانی تاکەکان و تێگەیشتن لە دیاردە سروشتییەکان، بەڵام باس لە هەندێک فراوانی لە دابەشکردنی چینەکان دەكەن و بەپێی ڕای جۆن گۆڵدتۆرپ  ٧ بۆ ٨ چین و توێژی کۆمەڵایەتی هەن.

گۆڵدتۆرپ ئاماژە بە بەرژەوەندی سەرەکی توێژینەوەکان لە بوارەکانی چینبەندی کۆمەڵایەتی، جووڵە و ماکرۆکۆمەڵناسی دەكات.  هەروەها لەسەر پرسە میتۆدۆلۆژییەکان دەنووسێت سەبارەت بە یەکخستنی توێژینەوەی تیۆری، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە پرسەکانی هۆکارگەرایی و جووڵەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی كرێكاری دەوڵەمەند.

نۆێترین توێژینەوەی سۆسیولۆجیستی لە بواری چین و توێژ و گروپی كۆمەڵایەتی كتێبە بەناوبانگەكەی گای ستاندنگە بە ناوی (پریكاریا مەترسدارترین چین).

نووسەر پێناسەی پریكاریا دەكات، كە گروپێكی کۆمەڵایەتی جیاوازە و ئەو ڕاستییە کۆیاندەكاتەوە، کە پێگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناجێگیریان ھەیە و لە پرۆلیتاریا دەچن بەو پێیەی جگە لە هێزی کاری خۆیان خاوەنی هیچی تر نین.

پریكاریا كۆمەڵیك توێژی کۆمەڵایەتین، کە هۆشیاری دەستەجەمعی و شوناسی چینایەتی سەربەخۆی خۆی گەڵاڵە نەبووە، واتە بۆ خۆی نەچووەتە بازنەی چینایەتییەوە و، ئەگەر بۆ ماركس بگەڕێنەوە پریكاریاچینێکی سەربەخۆ لە خۆیدا نییە، بەڵكو گروپی هەمەچەشنن، کە تا ڕادەیەك بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوشێوەیان هەیە و، تێکچوونی بارودۆخی ژیانیان لە ناوخودا بەهۆی سیاسەتی دەوڵەت و سیستەمی ئابووری جیهانییەوە یە.

 پریكاریا گروپی کۆمەڵایەتی بێبەشەکان پێكدەھێنن، کە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە پەراوێزخراون و، لە ماوەی یەک لە دوای یەکدا لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییانەی، کە کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی ئابووری و پیشەسازی جیهانی دروستکردوە و، لە ئەنجامی ئابووری بازاڕ و نیولیبرالیزم لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە و، بەهۆی وازهێنان لە سیاسەتەکانی خۆشگوزەرانی له ئەوروپا و، بەهۆی شکستی تاقیکردنەوەکانی گەشەپێدان و مۆدێرنیزاسیۆن لە وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە، بەفراوانتر لە ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەوە پەراوێزدەخرێن و ھەژاری وەك میراتێك بۆیان دەمێنێتەوە.

 

وتاری نووسەران