بە ڕوونی

كاوە مەحموود

ماركسیزم و چینی كۆمەڵایەتی

بەشی شەشەم/ چینی ناوەند لە كوردستاندا

توێژینەوەی زانستی و قوڵ سەبارەت بە چینی ناوەند لە كوردستاندا پێویستی بە دەستنیشانكردنی بنەمایەكی میتۆدی ڕوون هەیە و، سوود لە سەرجەم ئەو توێژینەوە تیۆری و پراكتیكییەی لە كۆمەڵگای جیاوازی مرۆڤایەتیدا پێشتر و لە سەردەمی هاوچەرخدا سەبارەت بە چەمكی چینی ناوەند كراوە و، بنەماش بۆ كۆمەڵێك پێوەری تایبەت بە كۆمەڵگای كوردستان سەبارەت بە چۆنیتی دەستنیشانكردنی پێناسە و سنوور و شوناس و پێكهاتەی چینی ناوەند و ئەو فاكتەرانەی كارتێكردنیان لەسەر گەڵاڵەكردن و بوون  گوزەرانی ژیانی ئەم چینە هەیە دابنرێت و، تیایدا پشت بە ئاماری ورد و گۆڕانكاری بەردەوام لە ریزبەندی چینایتی لەسەر ئاستی كۆمەڵگای كوردستان رهاتۆتەكایەوە و، ئەو گۆڕانكارییە دەرەكییانەی لەسەر ئاستی جیهان لە سیستمی ئابووری جیهان ڕوویان داوە و، ببەسترێت.

لە سەرجەم ئەم توێژینەوانەی بۆ دستیشانكردنی چینی ناوەند كراوە ئاماژە بۆ پێوەری ئابووری كراوە و داهات تاك بنەمایەك بۆ دەستنیشانكردنی سنووری چینی ناوەند كراوە و، ڕەهەندی سۆسیۆلۆجی بۆ پێناسەكردنی چینی ناوەند فەرامۆشكراوە، بەڵام ئەم بنەمایە بێ ڕچاوكردنی ڕادەی خەرجی و توانای بەكاربردن و ڕەوش و ڕۆڵی كۆمەلایەتی، تابلۆی ڕاستەقینەی پێناسەی چینی ناوەند نادات و، جگە لە بابەتی ڕێژەی خەرجی خێزان كە ناكرێ فرامۆش بكرێت.

لە بەشی پێشتری ئەم بابەت (بەشی پێنجەم) ئاماژەم بە توێژی خوارەوەی چینی ناوەند كرد و زۆر لە توێژینەوەكانی ئەم بابەتش ئاماژە بۆ توێژی ناوەڕاست و توێژی سەرەوەی چینی ناوەند دەكەن. ئەم پۆلێنكردنە بۆ چینی ناوەند پشت بە ڕادەی داهات دەبەستێت و لە كۆمەڵگای ناسەقامگیردا بزوات و جموجۆڵێكی كۆمەڵایەتی بەردەوام لە ریزبەندی ئەم سێ توێژە و لە ریزبەندی خودی چینی ناوەند درووست دەكات.

بەشێك سەرەكی ئەم گۆڕانكارییانە لە بواری چینی ناوەند لە كۆمەڵگایەكی سەرمایەداری وابەست لەم سەردەمەدا وەك كۆمەڵگای كوردستان پەیوەندی بە سیاسەتی دەوڵەتەوە هەیە و، لە نموونەی كوردستانیش پەیوەندی بە سیاسەتی دەسەڵاتەوە هەیە و، بە ڕچاوكردنی پاشخانی مێژووی چینی ناوەند لە كوردستاندا بەتایبەتی ئەگەر باس لە ڕۆڵی سیاسی چینی ناوەند لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانی بكەین، كە سەرەڕای بوونی توێژ و چینی جیاوازی بەشداربوو لەم بزوتنەوەیە  و هەندێ جاریش باس لە ڕۆڵی سەرۆك خێل و كارتێكردنی خێزانی سیاسی دەكرێت، كە پشت بە پەیوەندییەكانی پێش سەرمایەداری دەبەستێت، وای دەبینم، كە هزری چینی ناوەند لە باشوردا ئاراستەی سیاسییانەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بوو. ئەم ئاراستەیە لە گوتاری سیاسی و بەرنامە و دروشم و شوناسی بزوتنەوەكە دیاربوو.

كاتێَك ڕاپەرین لە ئاداری 1991 سەردەكەوێت دەسەڵاتی نوێ لە كوردستاندا شەرعیەتی حوكمداری خۆی لە چوارچێوەی خواست و داواكاری سیاسی چینی ناوەند دەبینێتەوە و ئەم بابەتە لە داڕشتنی درووشمی سیاسی و خوێندنەوەی ڕەچەڵەكی چینایەتی ئەندامانی یەكەمین پەرلەمانی كوردستان لە 1992 دەردەكەوێت.

ململانێی حزبی و شەڕی ناوخۆ و گۆڕانكارییەكانی دوای 2003 ئەگەر بە گشتگیری تەماشای سەرجەم ئەم هۆكارانە بكەین، ڕەوشێكی نوێمان لە بواری ریزبەندی و گۆڕانكاری چینایەتیمان بۆ دەردەكەوێت.

دەسەڵات لە كوردستاندا لەو هەلومەرجە نوێیەدا بە دوو ئاراستە كاری كرد. ئاراستەی یەكەم پێویستی دەسەڵات بە پشتگیركردنێكی فراوان لەلایەن چینی ناوەند لە كوردستاندا و ئەمەش كاریكردە سەر فراوانكردنی پێكهاتە و قەوارەی چینی ناوەند لە ڕێگای دامەزراندن لەسەر بنەمای لیستی حزبی كە لە كۆتاییدا بێكاری دەمامكدراوی درووست كرد و، لەگەڵ داڕشتنی كۆمەڵێك یاسا و بڕیار سەبارەت بە پێدانی قەرزی خانوبەرە و قەرزی هاوسەرگیری و موچەی قوربانیانی دیكتاتۆری. لەم سەردەمەدا كۆمەڵێك یاسای گرنگ كە شوناسی مەدەنیانەی هەیە و لە بازنەی هزری چینی ناوەندە بڕیار درا و بۆ نموونە هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی و یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی و دامەزراندنی دەستەی مافی مرۆڤ و ژینگە و ئەنجوومەنی باڵای خانمان. ئەم ئاراستەیە لە نێوان ساڵانی 2003 تا 2014 بەردەوام بوو. ئاكامی ئەم ئاراستەیە فراوانبوونی پێكهاتەی چینی ناوەندی هێنایە كایەوە. لە بواری هزری سیاسییدا بیری سەربەخۆخوازی زیاتر چەسپا وكارتێكردتی خۆی لەسەر گەلاڵەكردنی درووشمی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان هەبوو و، پێم وایە هەر ئەم ئاراستەیەش هەنگاوی ریفراندۆمی هێنایە كایەوە.

ئاراستەی دووەم، كە لەگەل ئاراستەی یەكەمدا هاوكات بوو، بریتی بوو لە كاركردنی ناوەندەكانی بڕیار لە دەسەڵاتدا بۆ چەسپاندنی ئاراستەی سەرمایەداری بە بیانووی خۆگونجاندن لەگەڵ نیولیبرالیزم و سیاسەتی ڕۆژئاوا و كار بۆ قۆرخكردنی ڕەهەند و پێگەی سەرەكی چالای ئابووری كرا و، بەپلە هەنگاونان بۆ بەتایبەتكردن لە بواری چالاكی عەقاری و بیناسازی و گرێبەستن لەگەڵ كۆمپانیای توركی و ئێرانی و قۆرخكردنی بازرگانی و بواری پەیوەندییەكانی مۆبایل، نرا. لەم قۆناغەدا توێژی باڵای چینی ناوەند لە دەسەڵاتدا لە خزمەتی ناوەندە سەرمایەدارە گەشەسەندووە نوێكان بوو، كە سامان و توانای گشتییان بۆ بۆژانەوەی چینێكی نوێ لە دەوڵەمەندی نوێ و مشەخۆر بەكارهێنا.

پێوەری دیكەی دەستنیشانكردنی چینی ناوەند، كە پشت بە سەرمایەی كەلتووری و بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن دەبەستێت بە هۆی هەژموونی ناوەندەكانی دەسەڵات و بوونی ململانێی حزبی و بەكارهێنانی ڕاگەیاندن بە شێوازە جۆراجۆرەكانیەوە لەم بوارەدا، چینی ناوەند ئەو گریمانەی بۆ دانرابوو، كە هەڵگری پرۆژەی مۆدیرنەتە و مەدنیەت و سەقامگیركردنی ئازادی و دیموكراسی لە كۆمەڵگای كوردستان بێت، بەلارێدا برا و، ئەو ڕۆڵی تا ساڵی 2014 لەم بوارانە و لە ڕێگاگرتن لە سلەفەیت و كۆنەپەرستی دەیتوانی ئەنجامی بدات، بەربەستی نوێی بۆ درووست بوو.

كاتێك ڕۆڵی ناوندە سەرمایەدارە نوێكان لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر گەشەی كرد، سیاستەكان لە بواری بەتایبەتكردن لە كەرتی خوێندن و تەندروستی و سیاسەتە ئابوورییەكان حكومەت كە پشت بە ئابووری بەرخۆر (ریعی) دەبەستێت و ئەو ڕەوشە نوێیەش لە بواری سیاستی دراو لە عێڕاقدا و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و پشتبەستن بە هاوردەی كاڵا كە بە دۆلارە، سەرجەم ئەم هۆكارانە و بوونی ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر و بابەتی بودجە و نەبوونی موچە، بە تێكڕا كاری كردە سەر ڕەوش و پیكهاتە و شوناسی چینی ناوەند لە كوردستاندا.

ئەمڕۆ چینی ناوەند لە كوردستاندا بە شێوەی (سەعاتی لمی كۆن) دێتە بەرچاو، كە ئەو سەعاتە بۆ دەستنیشانكردنی كات هەڵدەگێڕێتەوە و لمەكەی تیایدا لەسەرەوە دێتە خوارەوە و چینی ناوەندیش بەتایبەتی توێژی خوارەوەوەی وەك ئەو لمە بۆ ناوەندی هەژاری دێتە خوارەوە و، كارتێكردنی تێكچوونی ڕەوشی چینی ناوەند لە بواری سیاسیدا مەترسیدارە و ناڕەزاییەكان سەبارەت بە ڕەوشی خۆی و ڕەوشی سیاسی كۆمەڵگای كوردستان بە گشتی بەرەو داواكاری ڕۆژانەی دوور لە گۆڕینی سیاسەتی ئابووری و بیركردنەوە لە گەشەسەندن و دوور لە ئامانجە سەرەكییەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دەبات و، هەلومەرجێكی ناجۆر دێتە پێشەوە، كە بەغدا بە فریادڕەس دا بنرێت و، ئەمەش هەر لە خزمەتی ئەو ناوەندە سەرمایەدارە مشەخۆر و دەوڵەمەند نوێكانە لە بازنەی دەسەڵات و لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتیش، كە هەر دوو بۆرژوای كۆلۆنیال لە كوردستاندا پێك دەهێنن و بەرژەوەندییان لەگەڵ سەرمایەدارە بیروكرات و مشەخۆر و دەوڵەمەندە نوێكانی دەسەڵاتدارانی بەغدایە.

لەم ڕەوشە نوێیەدا پاراستنی ئەركە نیشتمانییەكان لەەوەدایە كار بۆ نەهێشتنی هەژاری و جیاكاری كۆمەڵایەتی و پرنسیپەكانی عەدالەت بكرێت.     

 

وتاری نووسەران