بەشی سێیەم، شەوی تاریك و بێ كۆتایی

نووسینی هەژار هەورامی

  لەزنجیرە چیاكانی زاگروس شەوی چلەی زستان(شەوی یەڵدا)درێژترین و تاریكترین و ساردترین شەوی ساڵە ،بەڵام ئەو شەوەی من شای شەوچلەكان بوو. دەزانن بۆ؟ئاخر یەكێك لە ناخۆشترین رووداوەكانی ژیانی مرۆڤ ،ئەوشەوە لە ژیانی مندا قەوما بوو، ئاگاداركرابوومەوە كە شێرپەنجە بە چەنگاڵی هەناوی هەڵكڕاندووم! ئەو نەخۆشییەی كە بە درێژایی مێژوو وبەتایبەت دووای شۆڕشی پیشەیی ملیونان مرۆڤی هەلاهەلاكردووە.كەسانی بەناوبانگ و گومناو ،شۆڕەژنی خانەدان وگەورەپیاوی خواپێداو، دانەدانە شێرپەنجە مراندوونی. لە خۆڕا نییە كە خەڵك ناوێرن ناوی بێنن . ئاخر شێرپەنجە، شێرێكە خاوەن دەسەڵات و خودان تاج و تەختیش لە چنگی دەرناچن .ئەوە نەبوو شای ئێرانیشی مراند.  لە بەشێك لە ناوچە كوردنشینەكان و بەتایبەت باشووری كوردستان پێی دەوترێ "نەخۆشییە پیسەكە ". كەس ناوێرێ بە گاڵتەش ناوی بێنێت.

  وەژوور كەوتین نقە لە كەسمانەوە نەدەهات  . هەر سێكمان بە چەشنی كەڵەشێری تاساو كە شەڕێكی قورسی دوڕاندبێت و چاوێكیشی لە سەر دانابێت ،تاساو و  دۆشداماو ،لە هۆڵلەكە هەڵكورمابووین . بە بیانووی پیاسەكردن لە حەوشە ،قەڵم و ساڵنامەكەمم دەست داێ و  لە ژوور وەدەركەوتم.

سێ جار وەك مەلەوان هەناسەی قووڵم هەڵكێشا . بەخۆمم گوتەوە كارەساتێكی قورس ڕووی لە خۆت و خاو و خێزانت كردوە. بە خۆمم وت هەژار ئێستا بە درێژایی ژیانت لە زانست و ئەزموون چیت كۆكردووەتەوە وچیت لە كەشكۆڵدایە هەڵی ڕێژە وبەكاری بێنە،ڕەنگە قولانچكەیەك لە هیوا وڕووناكیت بۆ بكاتەوە ..دووبارە سێ جار هەناسەی قووڵم هەڵكێشا . یەكەم پرسیارم ئاراستەی خۆم كرد . ئێستا دەبێت چ بكەم و چی بكەین ؟ كتێبە بەناو بانگەكەی لنینم هاتەوە یاد. "دەبێت چی بكەین". یەكێك لەو كتێبانە كە خوێندبوومەوە بەڵام هیچی لێی تێنەگەیشتبووم ،لە كتێب سووتانەكەی ساڵی 82 لە تاو تاریكپەرستان، دایكم سووتاندی . بەڕاستی ئەو پرسیارە بۆ هەموو كاتێك بە تایبەت لە تەنگانەدا پرسیارێكی پڕپێز وپڕبە پێستە دەبێ چ بكەین ؟ وەڵامێكی یەك دێڕیم بۆ  نووسیەوە .دەبێت پەنا بەرم بۆ چوارگۆشەی ئاوز(عقل) ،زانست(علم) ،ئەوین(عشق) وكار (عمل).ئەم چوار عینە زۆر جار لە پەڕینەوەی خورئاوەكانی ژیان بوونەتە بەردەباز بۆم.

پرسیاری دوویەمم ئاراستەی خۆم كرد باشە بۆچ من تووشی شێرپەنجە هاتووم ؟ خۆ من زۆر خۆمم دەپاراست ،دووكەڵی جگەرەوقەنە وقلیانم هەڵنەمژیوە، ۆدگا ،ویسكی و شامپاینم هەڵنەقوڕاندووە ، گوشتی سووتاو و شڕوشاتاڵی سوورەوكراوی ناو ڕۆنی هەڵقرچاوی سووتاوم نەخواردووە ، وەك حەسەن زیركیش كەڵەكەی چەپم ، لیو ئاڵ بە مست لینەداوە و وەرهەمم هەڵنەهێناوە . بۆ چی من ؟ هێشتا پرسیاری سێیەمم لە مێشكی خۆمدا نەنەخشاندبوو كە پرسیاری دوویەمم گۆڕی و كردمە ئەم پرسیارە ،باشە بۆچی من تووشی شێرپەنجە نەبم ؟ بۆ من كێیم ؟ مەگەر لە گۆی زەوی ناژیم ؟مەگەر لە ئێراق ناژیم كە چوارەمین وڵاتی هەرە پیسی گۆی زەوییە لە ڕوانگەی ژینگەییەوە ؟مەگەر زیاتر لە 80 هەزار كاڵا وشت ومەكی  درووستكراو لە ماكی كیمیاوی لە دەور وبەری من هەبوونی نییە؟مەگەر، مەگەر ...؟  وەڵامەكەیم بە ڕەستەیەك نووسیەوە ؟ كاكە هەژار خۆ تۆ لە شای ئێران و لە جان مك كین و لە والت دیزنی ولە سولیمان چیڕە وفەرهاد شەعبانی و كێی وكێی و ...  زیاتر نیت .ڕاستە تەمەنیان لە تۆ زۆرتر بوو بەڵام ئەوانیش تووشی شێر پەنجە بوون .ڕۆژانە لە سەرانسەری جیهان ورد ودروشت ،منداڵ ومەزن ،ژن وپیاو تووش دەبن ! خۆ خوێنی تۆ كەسك نییە وهی ئەوان سوور!

 پرسیاری سێیەمم هێنایە گۆڕێ وتم واتا من دەمرم ؟ لە گەڵ ئەم پرسیارە كزە لە جەرگمەوە هات ،وەك كارمامزێك پشیلە كێوی كەڵوەی لە قوڕگی گیر كردبێت و خۆی پێیدا شۆڕكردبێتەوە ،پشووم سوار بوو، سەرم قورس بوو، هەناسەم نەدەهات .چاوێكم لە حەوشە گێڕا ، دووبارەم كردەوە وتم واتا من دەمرم؟ئیتر گوڵە باخەكەی مام عوسمان بۆن ناكەم؟ ڕندۆك لە چاوانم هەڵوەرین ،هەستم كرد سەرم قورستر بووە، خەریك بوو بكەوم ،دوو سێ جاریتر هەناسەی قووڵم هەڵكێشا ، پێكەنیم ، پێكەنینێك نەتدەزانی گریانە یان پیكەنین . دەمری بە توون وبەتەوەس، چەندین ساڵە لە زیادە دەژی تۆ دەبووا لە ڕێپێوانەكەی ساڵی 78 بكوژرابایە ئەو كاتەی كاك حەبیبی مریشك فرۆش  وبراكەی ناسر كوژران ، خۆ تۆش لە سەر ئەو كوڵانە بووی،دەبووا لە شەڕی نەورۆزی خوێناوی بە گولەی كالیبر 50 (دوشكەی )كۆپترە كوبراكان بكوژرابایە ئەو كاتەی لەگەڵ كاك  ... نان وپەتاتەی كۆلاو وهێلكەتان دەبرد بۆ تەپی شێخ حەمە باقر ، دەبووا لە نشێوەكەی گوندی سویچ لە ساڵی 83 بكوژرابایە ، ئەو نشێوەی كە كەوتنە كەمینەوە وبە هەزار موسیبەت گەیشتینەوە شوێنی خۆتان، ئەویش بە هۆی ئازایەتی كاك مزەفەر و جەلال وسۆران بوو، ئەگینە چەند كەسێك دەكوژران .دەبووا بە بۆردوومانە كیمیاویەكەی بادینان بمردبایە ، یان لە ئەنفاڵەكان ، ئەی بۆ باسی وەرگەڕانی سەیارەكەت ناكەی بۆ باسی  كرۆنا وكارەباكە ناكەیت ، هەركام لەمانە تاك وتەنیا  بەس بوون بۆ كوشتنت ! ،پشیلەی حەوت گیان دڵنیا بە، بە مەش نامری . تەنیا دەبێت ورەت نەڕووخێت و ئەوەی لە مێشكتدا جاروبار وەك كرم مێشكت دەخوات ودەیخورێنێ ، زاڵ نەبێت بە سەرت دا . نابیت خۆت بكوژی .تۆ ماركسیستی(شیوعیت) و نابێت بكەویتە تۆڕی كافكا وكامۆ و هەدایەتەوە .

ڕاستە خۆكوشتن دەرمانە بۆ كۆتایی هێنان بە ڕەنج وزەبوونی و كەلەلابوون !ئەگەر خۆت بكوژی ڕەنجی شێرپەنجەت لە كۆڵ دەبێتەوە وخاو وخێزانیش ناخەیتە ناو تەنووری سووتێنەری ئاسەوارەكانی شێرپەنجەوە .بەڵام پەلە مەكە هێشتا دەرفەت هەیە . دەزانم ناتهەوێ ببیت بە گرگواری ناو كتێبی مەسخی كافكاوە.

چ بە خۆ كوشتن بێت چ بە شێر پەنجە ،دەرئەنجام هەر یەكە ،مردن. بەڵام ئاسەوارەكان جێاوازن  .دەبیت بە وردی ئەم ئالنگارییە هەڵبسەنگێنیت . ئاخر تۆ تەنیا خۆت نیت .ئاخر تۆ ماركسیستی .ماركسیستەكان لە هەموو شوێنێك وهەموو كاتێك باوەڕیان بە خۆكوشتن نییە. دووبارە هەناسەیەكی قووڵم هەڵكێشا ،درێژەم بە بیركردنەوەكەم دا بزانە ئاوز(عەقڵ) چۆنت ڕێنمایی دەكات ،تەنانەت ئەگەر قەستی خۆ كوشتنیش بكەی  ترسی ناوێت دەكریت پێش ئەوەی شێر پەنجە باڵ وپڕت هەڵوەرێنێت وبتكا بە سیسركەكەی ناو ڕۆمانە تراژیەكەی كافكاوە ،دەتوانیت  كۆتایی بە ژیانت بێنیت ،هەڵبەت لە حاڵەتێكدا كە ئاسۆت لێ هاتە یەك . وهیچ ئومێدێك نەما. سەرم قورس وقورس تر دەبوو و چوومە ژوورەوە ،نەم هێشت لە ڕاز ونیازم تیبگەن . شەوی بێ كۆتایی، مەرگ ،گریان ،ئاخ وداخ سەمفۆنیایەكی ناخ هەژێنیان دەژەند. ئەو شەوە خەو لەمە تۆرا بوو تا بە بەیانی لە ناو جێگا جینگڵمدا ،تاو نا تاو پرسیاری سێیەمم دەهاتەوە یادم، دەبێت من بمرم .ئەمانە بە جێ بهێڵم ؟ بۆ ؟ئاخر بۆ من ؟ ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات ڕوویدابوو، چاوی چاوم هەناسەكەم هەژار گیان هەر بە گاڵتە وجەفەنگ تووشی شێرپەنجە بووی .تووشی بەڵای خۆت بووی ، بزانم چ دەكەی سبەی ئێوارە بۆ دڵنیا بوون بڕۆە لای پسپۆری ئانكۆلۆژی . با دڵنیا بیت . تووش بووی یان نا؟

بە دووایدا دێت "چۆن بیری خۆكوشتنم هەڵوەشاند و بووم بە كێوێك لە  ورە و پێكەنین بە ڕووی شێرپەنجەدا "

وتاری نووسەران