
4
هەژار هەورامی
هۆڵی چاوەڕوانی
نەخۆشكەوتن ئەزموونێكی تاڵە ،زۆربەی مرۆڤەكان تاقیان كردووەتەوە .گووشاری جەستەیی ودەروونی وێكڕا وەك بن هاڕودەست هاڕمرۆڤ دەهاڕن .منیان هاڕی بوو ! لەلایەك ئێش وئازاری ناسۆر بە هۆێ هەوكردن ونەبوونی هێزی بەرگری خوێنمەوە ،لە لایەكی ترەوە گووشاری دەروونی بە هۆی تووش بوونم بە شێرپەنجەوە تین وگوڕیان لێ ئەستاندبووم .
كە لەناوهۆڵی چاوەڕوانی دكتورم بینی هەر دووك ئێشەكم زیادیان كرد . هیچ چارەیەك نییە ئەم دەردەش دەبێت بچێژی .دەردی چاوەڕوانی بۆ بینینی دكتور.
بەراوەرد لە گەڵ هەندێك شوێن بەتایبەت لە بینا كەونەكان ،ئەم هۆڵە خراپ نەبوو ،بە ئەندازەی خۆی گەورە بوو ،ڕووناكیشی باش بوو .لە دوو لاوە فێنككەرەوەی كارەبایی لێ بوو ،كە دەچوویتە ژوورە لە لای چەپتەوە دوودەست ئاوی لێبوو، باڵابەرەكەش بەرانبەر دەست ئاوەكان بوو ،ئەگەر نەخۆشێك نەیتوانیبایە بە پلەكاندا سەركەوێت لە ڕێگەی باڵابەرەكەوە سەریان دەخست . بەرانبەرت مێزی ویزیتۆرەكە و لە پشت ئەویشەوە دوو دەركە دیاربوون كە لە سەر یەكیان ناوی دكتۆرێكی تایبەت بە ژنان وزاوزێ ونەزۆكی و منداڵی ناو بلوور و....، و لە سەر دەركەكەی دیكەش ناوی دكتۆری تایبەت بە نەخۆشیەكانی خوێن وبەرگری و خرۆكەی سوور وسپی و...نووسرابوو ،یەكیان ژن بوو وئەویترشیان پیاو .دوو ژووری دیكەش لە لای ڕاستەوە كە یەكیان تایبەت بوو بە ڕاگرتنی فایل نەخۆشەكان وكاروباری وەرگرتنی كێش ونەبز وگووشاری خوێنی نەخۆش ، ئەوی دیكەشیان ژووری دانیشتن وبینینی نەخۆش بوو لە لایەن دكتۆرەوە . هەر لە لای ڕاستەوە ،هۆلەكە زگیدابوو ولە ناو ئەو زگەدا بیست كورسیان جێگاكردبووەوە،. لە ناوڕاستی هۆڵەكەش ستوونێكی لێ بوو كە تەلفزیۆنێكیان پێدا هەڵواسیبوو، لە دەوربەریشی زیاتر لە بیست كورسی دانرابوو ،هەڵبەت ژمارەیەك لەو كورسیانە هی خێڵی زاوزێ بوو و باقیەكەشیان هی دكتۆری شێرپەنجە و نەخۆشیەكانی خوێن.
وەك بێچووە پشیلەیەك تازە و بۆ یەكەم جار هێلانی جێ هێشتبێت وبڕواتە جێگەیەكی نوێیەوە وهەموو شتێك بۆی تازە بێت وبە ترس ووشیاریەوە هەنگاو هەڵبگرێت و بەرانبەر بە هەمووشتێك هەستیار بێت ،من ومامۆستا هێمنیش بەو جۆرە بووین بە ئەسپایی هەنگاومان هەڵدەگرت . نەرم نەرم خۆمان گەیاندە ویزیتۆرەكە و نامە وپشكنین وسۆنارەكەمان كە دكتۆر شێروان پێی كردبووین هەر بە گوێرەی ئەو زانیاریانە منی تێیگەیاندبوو كە شێرپەنجەم هەیە ،خستەبەردەستی و چاوێكی پێیدا خشاند ونامەكەی بینی و پێی وتین:" باشە بەسەر چاو بەڕێتان دەكەین بەڵام دەبێت چاوەڕی بن ئەم نەخۆشانەی كە لەمێژە نوبەیان گرتووە وئەمڕۆ نوبەیان هاتووە، بەڕێكەین ئینجا ئێوەش دەبینێت . "هێمن لێی پرسی كاتژمێر 8 نوبەمان دێت .رێك وڕاست وەڵامی دایەوە نا ڕەنگە درەنگتر نوبەتان بێت .هەر لە نزیك مێزەكە دووكورسی بەتالێ لێی بوو لەوێ دانیشتین . ئەو دانیشتنە لە چوار ونیوەوە هەتا هەشتی خایاند .برینەكەم ئوقرەی لە بەر بڕیبووم .هەستاین چووینە دەرەوە ولە دووكانێكی تەنیشت مزگەوتەكە بیسكویت وئاومان كڕی وبەوجۆرە شیوی ئەو ئێوارەیەمان كرد. مامۆستا هێمن بۆ دیداری خودا وبەجێگەیاندنی نوێژی شیوان منی بەجێهێشت ئەو ڕووی لە مزگەوتەكە كرد و منیش شەلەشەل گەڕامەوە ژووری چاوەڕوانی.
چاوم دەگێڕا .كە دەركەم كردەوە ژنێكم بینی دەستی كچێكی دوو سێ ساڵانی گرتبوو بە دووی خۆیدا ڕایدەكێشا ،كچێكی لەویش گەورەتر فایل وسۆنارەكەی بۆ هەڵگرتبوو ،دیار بوو ئەویش شەریكە ئێش وئازاری دایكی بوو ، وەك ئەو ڕەنجت لە چاوەكانیدا دەدیت ،ئاخر هاتبوو بەڵكۆ یەكەم كەس بێت مزگێنی بدات بە بابی كە بابە بابە ئەم جارە زگی دایكم بێ بەرهەم نییە ،دكتۆر وتی كۆڕی تێیدایە كۆڕ! من ودووخوشكەكەم دەبین بە خاوەن برا ، برا، تێدەگەی !ئیتر وجاخت كوێر نابێتەوە و زاوا ماڵەكەت ناخوا .
لە بەشێكی زۆری ئەم كوردستانە بە شار وبەلادێیەوە هێشتا ژن لە ڕۆانگەی خواردن وجل وبەرگ وخەرجی ژیان وداو ودەرمانەوە گرێدراوی شووكەیەتی .كاتێك دەچێتە ناو بنە ماڵەی مێردەوە ،كەم دەسەلات ترین تاكی ئەو بنەماڵەیە، تەنیا ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات وپڵە وپایە وڕێز وكەرامەت، ئاوس بوونە بە كۆڕێك وپێشكەش كردنیەتی بەو بنەماڵەیە ،ئەگینە تەڵاق و ژن هێنانە سەر وەك مەقست بەردەوام گەردنی دەجوون ،بۆیە كۆر یەكسانە لە گەڵ بەردەوامی خۆشییەكانی ژیان لە داهاتوودا.
بە وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییە تاڵە "پڕ بە دڵ هیوام خواست ئەو ژنە وسێ كچكەی بێ هیوا نەبن ودكتۆر بە بینینی سۆنار ودەرئەجامەكەی هەوالێ خۆشیان بداتێ وبڵێ بەڵێ زگی ئەم جارەت كوڕە كوڕ. و بە بزەی شادییەوە لەو خەمخانەیە وەدەر كەوەن .
هەر لەهەمان كاتدا ویزیتۆرەكەی ئەم لا بانگی .....كرد ،كورێك وژنێك ژێر باڵی پیرە پیاوێكیان گرت وبەرەو ژووری دكتۆری ئانكۆلۆجیست بە ڕیكەوتن .فایلی پزیشكی ئەمان پێش خۆیان چووبووە خزمەتی دكتۆر . پیرەپیاو هێزی ڕێوەڕۆیشتنی نەما بوو بە هەر موسیبەتێك بوو هەنگاویان پێی هەڵدەهێنا ، ڕەق وتەق هەمووجل وبەرگەكەی خڕوفشۆل ببوون. گوێچكەكانی زۆرگەورەتر بوون لە دەم وچاوی ،دەم وچاوی تیكقوپابوون .بردیانە ژوور .ئەو هۆڵە هۆڵێكی سەیر بوو .لە لایەك ئاولەمەیەك بۆ ژیان پەلەقاژێ دەكرد و لە ڵایەكی تر پیرەپیاوێك لاقەفرتێ مەرگی بوو . ملیۆنان ساڵە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەم چیرۆكە دووبارە دەكاتەوە !لە لایەك لەدایك بوون ولە لایەكی تر مردن .
تازە دانیشتبووم ،كاك هێمنیش هاتەوە.چ بوو نوبەمان نەهات ؟ نا ئەم حاڵە من دەیبینم زۆر دەخایەنێت . هێمن كەوتە خۆی بۆ مژووڵكردنی من دەگەڕا بە شوێن شتێكدا بیكات بە هۆكاری دڵخۆشبوون وپێكەنینی من .شتی خۆی بینیەوە ،پیاوێكی 40 ساڵە كە بەساڵاچوویكی هێنابووە لای دكتۆر وبەڵام بەڕواڵەت وەتدەزانی بەساڵاچووەكە پیاوە خێل وخێچەكەی هێناوەتە لای دكتۆر ئاخر هێندێ جار ئەوەی ئاگای لە نەخۆشی درێژخایەن بە تایبەت نەخۆشی شێرپەنجەیە زووتر لە نەخۆشەكە دەمرێت ! تا ئێستاش توێژینەوەی زانستی ڕاست وڕەوانی لە سەر نەكراوە تاكۆ بزانن بۆچی ئەم كارەساتە ڕوودەدات . پیاوە جگە لەوەی چاوەكانی هەڵتۆقیبوون ،چاوێكی بۆ باكووری ڕۆژئاوای دەنواڕێ وچاوەكەی تریشی بۆ باكووری ڕۆژهەڵات . بەڵام زۆر چوست وچالاك بن باڵی بابی گرت وبەرەو دەست ئاوەكە بزواندی .....
كاتژمێر 12ی شەو بوو بانگیان كردین چووینە ژووری فایلەكانەوە ،خۆم كێشا و گووشاری خوێنیشیان دەسنیشان كرد وهەر لەڕێگای كەمپیۆترەوە بەڕێیان كرد بۆ لای دكتۆر . ئێمەیان ناردە ژووری دكتۆرەوە .
دكتۆر لە ناو ژوورەكە ،بە شووشە وجام خانووچكەیەكی بۆ خۆی درووست كردبوو ،هەڵبەت سەری نەگیرابوو هەر ئەوەش ڕێگەی دەدا دەنگی نەخۆش یان هاوڕێیەكەی ببیستێ. پێدەچوو لە سەردەمی كۆڕۆنا ئەو خانووچكەیە بونیاد نابێ .لە ترسی ڤایرۆسان . بە ئەندازەی جێگە دەستێك لە لای چەپی جامەكەی بەردەم دكتۆر دەرهێندرابوو ونەخۆش دەیتوانی لەوێیەوە بەڵگە ودەرمان وشتەپێویستەكان بدات بە دكتۆر . لە پشت سەریەوە كۆمەڵێك شەهادە وسپاس وپێزانین هەڵواسرابوو ،ئەگەر چی دوور بوون وچاوم هانای نەدەكرد بیخوێنمەوە بەڵام دڵخۆشی كردم ،بە خۆمم وت ئەگەر نیوەشیان ڕاست بێت ئەمە دكتۆری باشە . سلاومان كرد وسلاوی ئەستاندینەوە ، هەندێ پرسیاری سەرەتایی لێ كردم ئەگەر چی خۆم تا ئەندازەیەك عەرەبی تێدەگەیشتم بەڵام بۆ دڵنیا بوون مامۆستا هێمنم لە گەڵ خۆ بردبوو . هەر پرسیارە دووجار تێدەگەیشتم جارێك لە دكتۆر حاڵی دەبووم وجارێكیش هێمن وەریدەگێرا ودیسان حاڵی دەبووم . خۆ خواردنەوە كحوولیەكان ناخۆیتەوە ؟ نەخێر . سیگار ناكێشی ؟ نەخێر. نەخۆشی ترت هەبووە ؟ وەك شەكرە،گووشاری خۆێن . نەخێر . لە كەیەوە تووشی ئەم هەوكردنی ئاناڵ فستیۆل بوویتە ؟ نزیكەی دوو حەوتوو دەبێت . پێی ووتم هەستە بڕۆ سەر ئەو تەختە ڕاكشێ . هەستام چوومە سەر تەخت و لە سەر پشت ڕاكشام دەستی نا بە هێندێ شوێنی زگمدا ولەوانەش سەر جەرگ وسپڵم . دكتۆر ڕویشتەوە شوێنی خۆی و منیش هەستامەوە و چوومە تەنیشت هێمن وبەرانبەر دكتۆر دانیشتم .دكتۆر سێ ڕەچەتەی(نوسخە) بۆ نووسیم دوویان بۆ پشكنینی خوێن بوو و یەكیشیان سۆنار .وتی كە دەرئەنجامەكەتان وەرگرتەوە ،وەرنەوە لام . هەر ئەو شەوە چووینە تاقیگەی بایۆ ، كە چوومە ژوور یەك دووكەس لەوانەم ناسیەوە كە لە ژووری چاوەڕوانی بینیبوومن . ڕەچەتەی دكتۆرم دایە خانمێك ئەویش پێش هەموو شتێك نرخەكانی پێرست كرد و پێی وتین 470000 تێچووی یەكیانە وئەویتریشیان 160000 . پارەمان بۆی ژمارد وچوومە ژووری خوێن كێشان بۆ پشكنین . پێیان وتین سێ ڕۆژی تر وەرنەوە بۆ دەرئەنجامەكەی . ڕۆژی دوواتریش چووینە لای دكتۆری سۆنار ، هەر ئەو ڕۆژە دەرئەنجامی سۆنارەكەمان هێنایەوە بەڵام چاوەڕوانی دەرئەنجامی شیكاری خوێنەكە بووین . ئەو شەوە واتا شەوی 7/9/2022 مامۆستا هێمن زیاتر لە 8 كاتژمێر هاوڕێیەتی منی كرد لەم شوێنەوە بۆ ئەو شوێن ئەگەر چی خۆشی تازە نەشتەرگەری كردبوو بەڵام وەبەر خۆی نەهێنا وزیز نەبوو . درنگانی شەو كاتژمێر 2ی نیوە شەو منی گەیاندەوە بەر ماڵی خۆمان . هیلاك وماندوو دیسان شەوێكی تر وخەمێكی تر
كەژاوەی ژیانی پەنابەرێك لە بنچینەوە تەق ولەقە ، ڕێگاكانیش پڕ كەند وكڵۆ،قۆرتی سەرسووڕهێنەری تێیدایە!جار وباریش هەڵدێری سامناكی دێتەپێش،یەك لەو هەڵدێرە پڕلە مەترسی و ترسناكانە ئەوەیە لە ناكاو تووشی نەخۆشییەكی سەخت وپڕخەرج دەبیت ،شێرپەنجە یەك لەو نەخۆشیانەیە.كاتێك دكتۆری ئانكۆلۆژیست پێی راگەیاندم كاكە تووشی شێرپەنجە هاتوویت وچەند ساڵێكیشە لە گەڵتە ،سەیرە هەستت پێی نەكردووە . ئیتر بە ژنەفتنی ئەو وتەیە وەك ئەسپی شەكەت، برسی وتینوو كە 57 ساڵە كژاوە شەق وشڕی ژیانی سەخت ودژواری مرۆڤ بوون وكوردایەتی لە بزنە ڕێیەكانی ڕۆژهەڵات وباشووری كوردستان ڕادەكێشێت ، ئەژنۆكانم شڵ بوون .بۆ چەند چركەیەك چاوم نەهێمن ونەدكتۆری نەدەدیت "گوێشم هیچی نەدەبیست، ملیۆنان نێرۆنی عەصبی ڕاوستابوون . نە لە مێشكمەوە پەیامێك دەچوو بۆ ئەندامەكانی لەشم نەش پێچەوانە، هیچ پەیامێك بۆ مێشكم نەدەهات .جووڵەم لێ بڕا بوو ، وەك مشكێك كە لە ترسی كتك خۆی دەمرێنێت و بزاوتی نامێنێ ،منیش لە خەم یان ڕەنگە لە ترسی وشەی شێرپەنچە جووڵەم لە بەر بڕا بوو. مردوو دەبێ بە شیوەی ئاسۆیی ڕاكشابێ كە چی من بە پێەوە وبە شێوازی ستوونی مردبووم ،هەڵبەت بۆ چەندچركەیەك .
لە ناكاو وزەیەكی نادیار بەڵام بەهیز بەناو دەمارەكانی مێشكمدا كەوتنە ڕێ گەیشتنە سەر زمانم ، بە متمانە بەخۆیەكی سەیرەوە پرسیم ، لەمەوە بەدووا دەبێ چ بكەین ؟كاك هێمنیش چەند پرسیاری ئاراستە كرد ،كاتێك وتی توانای بەرگری لەشت لە ژێر سفرەوەیە وهیچ خانێكی سپی بەرگریكار لە لەشتا بە ساغی نەماون كە بەرگری لە جەستەت بكەن بەرانبەر بە نەخۆشییە وایرۆسی ومیكرۆبییەكان و دەبێ لە قەرنتینەدا بیت و نەچیتە ناو خەڵك ،كەسی زۆر لە دەورت نەبن .هێمن پرسی واتا ناتوانێت مامۆستایەتی بكات و وانە بڵێتەوە ؟ ئاخر دكتور بەڕێزیان مامۆستان لە پەیمانگە ؟ لە وڵامدا فەرمووی نا نا ،هەرگیز ،هرگیز . لە سەر لاپەڕەیەك كۆمەڵیك دەرمانی بۆ نووسیم وچەن پەڕی دوو پەڕەی دەیكەشی دامی بۆ پشكنینی خوێن وسنۆگرافی، و پێی وتین 15 ڕۆژ دوواتر وەرنەوە وپشكنینەكانیش لە كاتی خۆێیدا بكەن ووەرنەوە .
===================