نووسینی هەژار هەورامی

نەخۆشی بەگشتی وشێرپەنجە بەتایبەت ڕەنجە ،ڕەنجێكی دڕ و سەخت.گرنگ نییە تۆ كێی ؟گزیری یان وەزیری ،شێخی یان دەروێشی ،سەرۆكی یان بنۆكی ،ئاغای یان سەپانی، سەرمایەداری یان كرێكاری ،زانای یان نەزانی .نەخۆشی وەك ڕەنجێك لە چركەساتی لە دایكبوونەوە هەتا مردن وەك سێبەر لەگەڵ مرۆڤە.نەخۆشی وتەندرووستی جمكن. رەنج وژیان هەوڵدانە و وەك لاولاو  لەیەك ئاڵاون .جۆری نەخۆشییەكان وجۆری ڕەنجەكان دەگۆڕدرێن ، كات وشوێنیان جێاواز دەبێت ،لە جۆرێكەو دەبن بەجۆرێكی تر ،بەڵام هەرگیز لەناوناچن .تەنیا لەگەڵ مردنە كە ئەوانیش دەمرن  . سەدان ساڵ لەمەوبەر سیدارتا (بودا) بەجوانی فەرموویەتی "ژیان ڕەنجە".

ڕەنج هاوزێ و هاوڕی و هاومەرگی مرۆڤە. ڕاستە ڕەنج لە گێژەنی ڕووباری خۆڕی ژیان لوولت دەدا و دەیهەوێ نوقمت بكا وبتخنكێنێ،بەڵام چەند شتێك لە ناكاو دەبن بە گوریسی نەجات و ناهێڵن نوقمت بكات . ئەوان ئێش وئازاری ڕەنجت بۆ كەم دەكەنەوە، بەجۆرێك دەتوانیت بەرگەی بگری . بنەماڵە ،هاوڕێ ،كتێب ،موسیقا ،حزب ، دراو،لەو شتانەن . 

 بنەماڵە لەم جیهانە  لانكەی ئارامی وئاسایشە.تەنیا بێكەسێك لەم وتەیە تێدەگات، یان كەسێك كە لە خانەوادەی دابڕا بێت.هاوڕِێش دەتوانێت هێوریت پی ببەخشێ و ڕەنجت كەمكاتەوە بەتایبەت ئەگەر هاوبیریش بن باشتر.لەم هەل ومەرجە سەختەی ئێستادا كە پێوەرەكانی هاوڕێیەتی لە بنچینەوە گۆڕاون و پارە بووەتە جێگرەوەی زۆربەی پێوەرەكان وكاتیش پەیوەستە بە پارەوە، كەمن ئەو هاوڕیانەی كە كاتی خۆیان ببەخشن بۆ كەم كردنەوەی ڕەنجی تۆ .دیتنەوەی  هاوڕێی باش وجێگای متمانە ئاستەمە، ڕەنگە ئەگەر بۆخۆت باش بیت و خاون هەڵوێستێكی باش وگونجاوبیت مرۆڤی باش وەكو هاوڕێ داڵدەت بدەن وببن بە ئاریكارێك بۆ دەربازبوونت لە مەرگەساتی نەخۆشی وڕەنج. 

كتێب ئەگەر لێی بزانی وتەتەڵەیان بكەیت وكتێبی گونجاوت دەست بكەوێ جێگرەوەی دەرمانە . ڕستەیەك لە ناو كتێبێكی باشدا دەتوانێ ببێت بە فریشتەی ڕزگاریت . كاتێك زمانم لە گۆ چووبوو ونەمدەتوانی بانگی منداڵەكەم بكەم ئەو گفتە جوانەی نیچەم هاتەوە یاد كە وتوویەتی ڕاستە ژیان ڕەنجە بەڵام دەبێت ڕووبەڕووی ببیتەوە وبیبەزێنی و تا ڕەنجێكی تر چێژ لە ژیان وەرگری . یان ئەوەی شاملوو كە دەلێ من نابێ بمرم كەسانێك چاوەڕێی من دەكەن دەبێت بۆ ئەوان بژیم .

موسیقا ئیتر مەپرسن چ بەرزە جێگایەكی هەبوو لە كەمكردنەوەی ڕەنج وئازاری نەخۆشییەكەم ،لە گەرمەی چنگەپرژێ لەگەڵ ڕەنج ومەرگا موسیقا وسروودی نیشتمانی وشۆڕشگێری بوون بە شەپۆل و منیان لەچەنگ گێژەنی مەرگ ڕفاند. 

و......هەڵبەت دراویش كەڵەگای مەیدان بوو ، باش بوو هاوڕێیە باشەكانم چ هاوكار و چ هاوبیر نەیان هێشت بۆ خۆی ببێت بە بەشێك لە ڕەنج وتێكەڵ بە نەخۆشییەك ببێت وئێش وئازار زیاتر بكات . 

بەدووایدا دێت ،بەشی دووهەم چۆن تووشی ڕەنجی شێرپەنجە بوووم

وتاری نووسەران