هەژار هەورامی

چۆن زانیم تووشی شێرپەنجە هاتووم؟

بیست ودووی ئاگۆستی ساڵی پار(2022 ) لە گەڵ گرووپی شاخەوانی  ئێڤێرست ملمان لە شاخی سفین نا ، کاتێک لە هەورازەکە سەردەکەوتم، ترپەی دڵم وەک کچۆلەیەک کە بۆ یەکەم جار بڕواتە ژوانی دڵدار ، توندتوند لێیدەدا ،خەریک بوو بکەوم ، بەڵام چێژی گەیشتن بە لووتکە و ئامانج ڕاکێشی کردم چەند هەنگاوێکی دیکە هەڵگەڕام ، هەناسەم توند بوو ،ناچار دانیشتم ، كە بەڕێ كەوتینەوە هاوڕێ گوران بەرپرسی گرووپ كوڵەكەی لیی ئەستاندم وخستییە سەر شانی خۆی  ،ئاخر ئەویش هەستی بە پەككەوتنم كردبوو. دەمەو ئێوارە گەڕاینەوە مال .لەناو حەوشە شەكەت وماندوو لێ وەركەوتم ،وەتدەزانی شڵێوە وڕنۆ هاڕیویانم ، نەمهێشت خاو وخێزان بە ماندوویەتیم بحەسێن ، ئاخر میوانن هەبوو. كە چوومە ژوورەوە یەك لە میوانەكان كە تاڵ وسوێری ڕۆژگری چێشتبوو پێی وتم ئەوە چییە؟ بۆ وا ڕەنگت زەردهەڵگەڕاوە ؟ناساغ نیت ؟ بەغرورەوە(هەڵبەت غرورێكی ناڕاست)وتم نا نا نەخۆش نیم ،بەڵام شەكەتم، شاخەوانی مرۆڤ ماندوو دەكات.

ڕۆژێك دوواتر تووشی هەوكردنی ێ‌بسێز بووم .دوو سێ ڕۆژ زۆری ئازار دام ،بە جۆرێك چڵی دەوەشاند وەتدەزانی تەورداس بەر گوزینگ وئەژنۆت دەكەوێ . ئێوارەیەكیان دومەڵەكە زۆری هەوكردبوو، ئەوەندەی ئازاردام بەناچاری ڕووم لە دكتۆری تایبەتمەند كرد .ڕۆژی دووشەم بوو ،تێكۆشەری دێرین كاك لوقمانی مەلاقادر ناونیشانی ئەم دكتۆرەی پێدابووم ،كە گەیشتمە شوێنی دكتۆرەكە ،دەركەوانی شوێنەكە وتی ئەمڕۆ دكتۆر ئیش ناكات سبەی وەرەوە. بە تاكسی گەڕامەوە بۆ ماڵ .تەكان وشەكانی ڕێگا وخێرا ڕۆیشتنی تەكسیەكە و چەندجار لە تاسەكوتانی بوو بە خێر و بەرەكەت ، دومەڵەكە تەقیەوەوە وئێش وئازارەكە كەمی كرد . ڕۆژی دوواتر هاتمەوە لای دكتور،دووای كاتژمێرێك چاوەڕوانی نوبەم هات وچووینە ژوورەوە ،چیرۆكی دومەڵەكەم بۆی گێڕایەوە ،دووای پشكنینی دومەڵە ترووكاوەكە ، هاتەوە شوێنی خۆی ودانیشت. منیش وەك سەربازی تێكشكاوی مەیدانی شەڕ، بە گۆتەگۆت ولینگاو لینگ هاتمەوە بەرانبەری وخواروخێچ دانیشتم ،لێپرسیم، ڕەنگت زۆر زەردە ،نەخۆشی ترت نییە؟ ڕووی لە خێزانم كرد، پێی وت تۆ هەستت بەو حالەی نەكردووە ،دەبووا زووتر سەردانی دكتۆرتان بكردبایە،؟خێزانم لە وەڵامدا وتی ئەگەر ئێش وئازاری ئەم نەخۆشییە نەبووایە ئەم جارەش نەدەهات . زۆری باوەڕ بە دكتۆر و دەوا ودەرمان نییە. من قسەكەم پێی بڕی وتم دكتۆر،  ئەمان زۆرجار بەمنیان وتووە ناوەناوە سەردانی دكتور بكە ،بەڵام من گوێم نەداونێ، ئاخر دكتۆری ئێرە هەر سەردانی دەكەی ،بێ سێ ودوو  دەڵی بابم شێرپەنجەتە، شێرپەنجە !تێم ڕاما، بزەیەكی هاتێ ،ڕەنگدانەوەی بزەكەی لە مێشكمدا پەیغامێكی ترسناكی دەنەخشاند. خەریكی نووسین بوو بەڵام گوێشی بۆمن شل كردبوو . قسەكەی پێی بڕیم و وتی هەرئێستە بڕۆ ئەو پشكنینی خوێنە وئەو سۆنارە بكە ووەرەوە . ئەو ئێوارەیە سۆنار وپشكنینی خوێنەكەم بۆی هێنایەوە ، كە پشكنینی خوێنەكەی بینی چاوی چووە تەوقی سەری ،سۆنارەكەشی بینی زیاتر چووەخەیاڵەوە ،وتی خوێنت كەمیك كێشەی هەیە بەڵام دەبیت لە نەخۆش خانەی ژین پشكنینیكی تر بكەی وسبەی دەرئەنجامەكەی بێنیتەوە،هەر ئەو ئێوارەیە چوومە تاقیگەی  نەخۆشخانەی ژین ڕۆژی دوواتر دەرئەنجامی پشكنینەكەم بۆی بردەوە ،ژمارەی خرۆكە سپییەكانم لەم پشكنینەشدا یەكجار زۆر بوون ،بە بەراورد كردنی پشكنین وسونارەكان ، ڕەنگی گۆڕا خێزانم لیی پرسی دكتۆر چییەتی؟ نەخۆشییەكەی چییە؟بەوردی لەچاوەكانیم  دەنواڕی،  پرسیم دكتور چییمە پێم بڵی باشە ، خۆ شێرپەنجەم نییە، پێی خۆش نەبوو خێزانم بەو كارەساتە بزانێت، دەنگی بڵیند كرد وتی نانا بەڵام بێ گومان كێشە لە سیستەمی خوێنتدا هەیە. وتم دكتور من پێشمەرگە بوومە وكەسانی قارەمان  ونەترس دوست وهاوڕێم بوونە وكەمێك لە ئازایەتی وجوربزەی ئەوانیش دەڵاوەتە ناومێشك ودەروونی منیشەوە ،ئەوندەی خۆم بناسم نەترساوم لە زۆر شتان بە تایبەت نەخۆشی تەنانەت شێرپەنجە، كۆڕوناش 15 شەو ملی لە ملم نا بەڵام هیچی پێی نەكرا ، بە گشتی ئەگەر ترسنۆكیش بم هێشتا ترسم كەمترە لەوانەی كە نازانن مەرگ چییە و هێشتا لە جن دەترسن، هەمیشە لە ژیانمدا حەزدەكەم ئەگەر تووشی دوژمن ودوژمنایەتی هاتم ،دوژمنەكەم بناسم ، دكتۆر،گیانە،  حەز دەكەم دوژمنەكەم بناسم .ڕاستم پێی بڵێ تووشی شێرپەنجە هاتووم؟ دكتۆر چاوی لە خێزانم كرد زانی كە ئەو ئاگای لێێ نییە ولەو ناڕوانێت ، بە هێوری پێلوەكانی هێنایە یەك وچاوی داگرت وبە هەر دووك چاوی پیی ووتم بەڵێ بەڵێ تووشی شێرپەنجە هاتووی، بەڵام بە زار وتی نا نا ، دیارە تەجروبەی هەبوو دەیزانی چ هەواڵێكی ترسناك وتۆقێنەرە و ڕەنگە خاو وخێزانی نەخۆش زراویان بتۆقێ . وتی دەت نێرمە لای دكتۆرێكی باش، ئینشائەڵا هیچ نابێ ؟

لە سەر كاغەزێك نووسی برای خۆشەویستم دكتۆر  ... ئەم بەڕیزە ببینەوە و لە جۆری نەخۆشییەكەی ئاگاداری بكەرەوە .سپاس وڕێز. یەك دوو دێڕیشی بە ئینگلیزی نووسیبوو ،تاقەتی بەدووادا چوونیم نەبوو چۆنكوو ئیتر  بە هاتنەیەكی چاوەكانی دكتۆر و تێگەیشتنم لەوەی كە تووشی شێرپەنجە هاتووم ئەژنۆم هێزی جارانی نەمابوو. مردن لە هەموو كات  لێمەوە نزیكتر بوو و هەستم بە هەناسەی دەكرد. لە كاتی بەجێی هێشتنی دكتۆر توند توند دەستیم گووشی وپێم وت بۆ ڕیش هاتین سمێڵیشمان دانا ! پێكەنی . كاتێك هاتینە دەر لە ڕێگە نەرم نەرم خێزانم تێیگەیاند  ئەگەری ئەوە هەیە كە تووشی شێرپەنجە هاتبێتم ، هەڵبەت نەمان هێشت كوڕەكەمان بزانێت. بەو جۆرە تاریكترین وساماناكترین شەوی ژیانم دەستی پێیكرد.

بەیتە شێعرێكی حافزم هاتەوە یاد.بە ڕاشكاوی بانگی دیكردم ودەیوت:"چیرۆكی تۆش كۆتایی پێ هات. تۆش لە سەر سەكۆی ژیان سەمای خۆتت كرد،بەسە سەرچوپی بدە دەستی كوڕەكەت و واز بێنە". دڵم پڕ بوو، ئاو زایە هەر دوو چاومەوە ،هەنیسكم دەدا "ئاخر حافز گیانە ئەو منداڵە هێشتا پێویستی بە منە زوو نییە بە جێی بهێڵم. ڕەنگە نەتوانێت شریخە لە سەرچۆپی سەمای ژیان بێنێت، هێشتا منداڵە !بۆ شتێكی ترم پێی ناڵی ؟بۆ ناڵێی،مزگێنیان داومێ كە ڕۆژگاری خەمت نامێنێ ، وا نەماوە و واش نامێنێ . بۆ نا لێی ، ئەوەتا گزنگی هیوا لە پشت هەوری ڕەش دێتەدەر و شەوی تاریك دەتارێنێت .بۆ ئەمانە نالێی؟بۆ؟

حافزم بە جێی هێشت و بەحاڵ دەركەی حەوشەكەم پێكرایەوە .لە بەر ئەوەی ورەی خێزانم وكۆڕەكە نەڕووخێنم و گوێان لە هەنیسكم نەبێت بە دەنگی بەرز وتم خەمتان نەبێ بە شوێن هەموو شەوێكدا ڕۆژدەبێتەوە وبە شوێن هەموو نەخۆشییەكدا خۆشبوونەوە هەیە .من خۆش دەبمەوە ودووبارە تۆپێن دەكەین.دووبارە دەڕوینەوە ناو بەفراوەكانی پرژێ. توند كورەكەم لە ئامێزگرت وهەنیە ولاجانگیم ماچ كرد .هیشتا ترووسكەیەك لە ئۆمێد لە چاوەڕوانیمدا ما بوو ئاخر سبەی لە گەڵ مامۆستا هێمن  سەردانی دكتۆری تایبەتمەندی شێرپەنجەی خوێن دەكەین ،ئەی هاتو دكتۆر وتی كاكە شێرپەنجەت نییە ؟ بۆ هەرلە ئیستەڕا خۆم وخاو وخێزان بتاسێنم! ئەو شەوە وەك هەموو شەوەكان بوو بە ڕۆژ بەڵام ڕۆژێك كە ڕۆژی تێیدا هەڵنەهات ،تاریك وتنۆك بوو چەشنی شەو. شەوی ئەنگوستەچاو....

بە دووایدا دێت، دكتۆری تایبەت مەند  پێی ڕاگەیانم كاك ...تۆ تووشی شێرپنجەی خوێن هاتووی .

وتاری نووسەران