بەشی چوارەم 

 هەژار هەورامی

دكتوری ئانكۆلۆجیمان بینی

شەوەكەی لەگەڵ مامۆستا هێمن هەماهەنگیم كردبوو كە عەسری رۆژی دوواتر هاوڕیەتیم بكات وبمبات بۆ لای دكتور،هەر ئەو بەیانیەش لە رێگای هاوڕێكمەوە ناونیشانی شوێنی دكتۆرەكەم بە باشی  وەرگرت بوو ، مامۆستا هێمن لە بەڵێن وكات زۆر هەستیارە ،كەم كەسی وام بینیوە ،هەمیشە وەك  باڵشویكەكانی چاپخانە ئیسكرا  حیساب بۆ چركەیەكیش دەكات . كە كاتژمێر بوو بەچوار ، هۆڕنی لێدا منیش ئامادە بووم خێزانم وكوڕەكە دەیانەویست لە گەڵم بێن ،ڕازیانم كرد كە نەیەن ،چوونكۆ ئەگەری ئەوەی هەبوو هەتا درنگانی شەو بمێنینەوە .بە رێكەوتین ، لە ئاوێنەكەوە چاوم لیان بوو حەزیان نەدەكرد بڕۆنە ژوورو لە چاو ونم كەن لەوە دەترسان   كۆتاڕۆژەكانی ژیانی من بێت، ئیتر هەلی ئەویان بۆهەڵنەكەوێت  دەستم بۆ ڕاوشێنن ومالئاوائیم لە گەڵ كەن . 

لە ڕیگە مامۆستا هێمن هەوڵیدەدا دڵنەوایم بداتەوە ،ترسی لە چاوەكانی مندا خوێندبووەوە ،بەڵام توانای پێشبێنی نەبوو و نەیدەزانی كاردانەوەی من چ دەبێ لەوكاتەی  دكتۆر بڵێت بەڵێ كاكە هەژار دكتور شێروان راستی وتووە وبەڕێزت تووشی شێرپەنجە هاتووی . لە خەیاڵدا بووم "بە بینینی منداڵێك كە لە باوەش دایكیدا خەوی لێكەوتبوو ،حەسوودیم پێی برد لەبەر خۆمەوە وتم ،بنوو هەتا بۆت دەكرێ چێژ وەگرە لە ئامێزی پڕهەست وسۆزی  دایكت بنوو . منیش وەك تۆ زۆرچلان لە باوەشی دایكم نووستووم ،بەلام دڵنیام لەو كاتانە كە باسكەكانی خۆی كردبووە لانكە بۆ من ، نەیدەزانی تووشی ئەم هەموو بەڵایە دەبم ،ئێستاش لە قەبر بزانێت كوڕەكەی لە غوربەت ودوورە وڵاتی تووشی شێرپەنجە هاتووە، كفن دەدڕێنێت ، قەبر هەڵدەتەكێنێت وخۆی دەگەینێتە لام . ئاخر كێێ هەیە وەك دایك تۆی خۆش بوێ ؟ لێوی خۆم گەست ،لە خۆم تووڕە بووم ؟ لە خۆمم پرسی ئەی باشە ڕاستە لە سەر وبەری دووا نەخۆش كەوتنی، زۆرت  ئاگات لێی بوو، بەڵام ئەوە نەبوو هەڵاتی  وبە جێیت هێشت ؟بۆ چی ؟ نا نا ئاخر ئەو خۆی پێی وتم : "بڕۆ بە جێم بهێڵە، نامەوێت جارێكی تر بە چاو بسراوی بمهێنە دیتنی تۆ لە زیندان ،بڕۆ لە هەر كوێك خۆت بگریتەوە لە زیندان باشترە  بڕۆ رۆڵەی شیرینم ،با ئەم سەگ وسووتكانە ئەسیرت نەكەن و ئەشكەنجە وعەزابت نەدەن ."

دوواین بزەی دایكمم هاتەوە بیر ئەو كاتەی لە نەخۆشخانە  لە لای بووم و وتم دایكە ماڵەكەو چووڵ كردووە ،بە تەنێ حەز ناكەم گوێ لە شریتی دەروێشە بێخان ولانەكە  بگرم ،پێكەوە بین تامێكی تری هەیە. دەروێشە بێ خان ولانەكە  بە خەیامی دەوت .ئاخر زۆر جار چوارینەكانی خەیامم گوێ دەگرت و دایكیشم لابەلا گوێ بۆ شل دەكرد، چون هەژار موكریانی بە زمانێكی شیرین ورەوانی كوردی وەریگێڕابوو،دایكم نەیدەزانی خەیام فارسە هەر بەكوردی تێگەیشتبوو! زۆری حەز لە یەكێك لە چوارینەكانی  خەیام بوو ئاخر ئەویش بەشی خۆی ئەوەندەی ڕەنج ومەینەتی ژیان چێشتبوو خەیامی بە دەمڕاستی خۆی دەزانی. 

. چاو بەستی فەلەك دەستی بڕیم كوێرانە ، خستمیە جەهندەمێك ناوی ژیانە .

دەردی مە ئەگەر نەهاتووان بیزانن ، ڕووناكەنە ئەم خێمە شڕەی خەم خانە .

 هێشتا چوارینەكەم تەواو نەكردبوو منداڵەكە وەخەبەر هات لام وایە  ئەو پەیغامە ناخ هەژێنەی خەیام رایچەڵكاند ! بە چاوە گەشەكانی پێوتم تازە منیش هاتم وهاتنیشم بە دەستی خۆم نەبوو، ئەگینە نەدەهاتم . كێ دەزانێت ئەو بە چی وچۆن وكەێ ولە كوێ دەمرێت ؟  

من لە ترۆمبێلەكە دابەزیم ، كاك هێمنیش سەری سەیارەكەی كرد بە یەكێك لە كۆڵانەكانی بەرانبەر دا و لەوێ ڕایگرت . چاومان لە ناو نیشانەكە كرد ڕاستە بۆ خۆیەتی .سەركەوتین بۆ قاتی یەكەم . كە دەركەی ژووری چاوەڕوانیمان كردەوە ،دەتوت چوویتە ناو ماڵێك تازیەی لێیە،زیاتر لە سی كەس دانیشتبوون .هەموو چەشنێكی تێیدا بوو ژن ،پیاو ،منداڵ، گەورە ،كورد عەرەب  ،توركمەن مەسێحی موسڵمان. پارادۆكسی خۆشی وناخۆشیم  بۆخوڵقا .باشە شەریكت زۆرن بە تەنیا نیت ئەم هەموو خەلایەقە هاتوونەتە لای ئەم دكتورە بێگومان بەشێكیان شێرپەنجەیان هەیە، بڵێت ونەڵیت . چارەنووسی تۆش وەك ئەوان . لە لایەكی ترەوە پێم ناخۆش بوو وتم ئەم هەموو نەخۆشە ماڵ نەوێرانم .ماڵ نەوێرانم. نامەی پێناساندنی دكتورمان بردە لای ویزیتۆرەكەی،وتی:" باشە بەسەر چاو بەڕێتان دەكەین بەڵام دەبێت چاوەڕی بن ئەم نەخۆشانەی كە لەمێژە نوبەیان گرتووە وئەمڕۆ نوبەیان هاتووە، بەڕێكەین ئینجا ئێوەش دەبینێت . "

وتاری نووسەران