
هەژارهەورامی
بەشی دەیەم(1)
هۆكارەكانی تووش بوونم بە شێرپەنجە
هۆكار وبەرهۆ(ئەنجام)
ئەزموونی ژیان بە باشی تێگەیاندووم كە هیچ شتێك بە بێ هۆ ناخوڵقێت ،لەوەش تێگەیشتووم كە هۆكار لە پێشەوەی بەرهۆیە ،ئەگەر چی دووبارە ئەو بەرهۆیە بۆ خۆی دەتوانێت ببێ بە هۆكاری شتیكی تر یان ڕووداوێكی تر . ئەگەر ئەمانە هەموویان ڕاست بن كە ڕاستن ،نەخۆشییەكەی منیش بە بێ هۆكار نەخوڵقاوە ،بە بێ هۆكار تووشی شێرپەنجە نەهاتووم . بۆ تێگەیشتن لە بەرهۆ دەبێ بە باشی لە هۆكارەكان بكۆڵیتەوە .
دیاردەیەك یان چەند دیاردە و پرۆسەیەك كە پێش دیاردەیەكی دیكە بوونیان هەیە ودەبنە هۆی درووست بوونی ئەو دیاردە تازەیە ، پێی دەوترێ هۆكار.
ئەو دیاردە و پڕۆسەیە کە بە هۆی بوون و کاریگەریی دیاردە و پرۆسەکانی ترەوە سەرهەڵدەدات، پێی دەوترێت بەرهۆ یان ئەنجام.
دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان هۆکار و بەرهۆ (ئەنجام)، دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان دوو دیاردە کە یەکێکیان خوڵقێنەر و ئەوی دیکەیان خوڵقێنراوە ، هەنگاوێکی گرنگە لە زانیاری وتێگەیشتنی مرۆڤدا وهەر وەها سەرکەوتنە بەسەر نهێنییە شاراوە وچارەسەرنەکراوەکانی سروشت و کۆمەڵگادا. فەیلەسوفی کۆنی یۆنانی، دیمۆكریت بە شانازییەوە دەیگوت : "ئەگەر هۆکاری ڕاستەقینەی تەنیا یەک دیاردە بدۆزمەوە ،پێم باشترە لەوەی كە ببمە پادشای ئێران".
هیچ شتێك لە خۆڕا وبە بێ هۆكار درووست نابێت وهەموو دیاردەیەك بە هۆی دیاردەیەكی دیكەوە درووست دەبێت .ناسین و بەکارهێنانی پەیوەندیی هۆکار و بەرهۆ(ئەنجام) لە هەموو بوارەکاندا زۆر گرنگە، تا هۆکاری دیاردەیەک نەزانرێت، ئەم دیاردەیە دەبێ بە راز وبە مەتەڵ وتشتانۆك، دەبێ بە دروستکەری خەیاڵ و وەهم، موعجیزە و خورافاتی لێ پەیدا دەبێت،سەرچاوەی ترسیش تێنەگەیشتنە لە نهێنی ونەناسراوەكان . دۆزینەوەی پەیوەندی هۆكار وبەرهۆ (ئەنجام) پەردە دەدڕێنێت، مەشخلی ئاگر لە ئەشكەوتی بێ بن وتاریك دادەگیرسێنێت. دۆزینەوەی هۆکار واتە تێگەیشتن لەوەی كە چۆن دیاردەیەك خوڵقاوە ، واتە زاڵبوون بە سەر ترس ونهێنی ونەخۆشیدا .
تا ئەو کاتەی کە هۆكاری درووست بوونی تراویلكە وسەرئاو ،مانگ وخۆرگیران ،باهۆز وڕنۆ ، ئەڕدهەژین و گڕكان ، هەڵكشان وداكشانی ئاوی دەریا ، نەخۆشییە درمی و كوشەندەكان نەزانرابوون، هەریەکەیان ڕاز ونهێنیەكی سەرسوڕهێنەر و ئەستوورەیەكیان هەبوو.
زانینی هۆکاری دیاردە سودبەخشەکان ڕێگەمان پێدەدات کاربکەین بۆ هاندان و خێراکردن و بەهێزکردنیان بۆ ئەوەی کاریگەری وئەنجامی مەبەستدار بخوڵقێنین یان بە پێچەوانەوە هەوڵبدەین بۆ خاوکردنەوە و بێ كاریگەركردن و لە ناوبردنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی لەدایك بوونی دیاردە زیانبەخشەکان.هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی رێگەنەدەین بەرهۆ وئەنجامە نەخوازراوەكان سەرهەڵبدات. .
نەخۆشی شیر پەنجەی منیش لە خۆڕا ولە ئاسمانەوە نەهاتووەتە خوارەوە .بەڵكۆ هۆكارەكانی لە دایك بوونی خانی تێكچوو وتێكشكاوەكانی ناو لەشی من بە هۆی هۆكار یان هۆكارگەلێكەوە بووە . دەبێت لە سەر زەوی و هەر لەم هەولێرە بگەڕیم بە دووای هۆكارەكاندا وچوون بۆئاسمان و بۆ دەرەوەی زەوی كارێكی گونجاو نییە،وكات دەفەوتێنێت.
من وڕەنجی شێرپەنجە
بەشی دەیەم)2(
هەژار هەورامی
هۆكارەكانی تووش بوونم بە شێرپەنجە
هۆكاری یەكەم ئارسنیك Arsenic
یەكێك لە مەترسییە هەر گرینگەكان كە هەڕەشە لە ژینگەی سرووشتی و ئینسانی دەكات پیس بوونی سەرچاوەكانی ئاو وخاكە لە ڕێگەی كانزا قورس وژەهراوییەكانەوەە. یەكێك لەو كانزایانە كە هەست دەكەم كاریگەر بووبێت لە تووش بوونم بە شێرپەنجەی خوێن كانزای ئارسنیكە . هەڵبەت ئەم گریمانەیە كە زیاتر پشت دەبەستێ بە داتا وزانیاری كتێبخانەیی،هیچ لابراتوارێكی(تاقیگە)ی پاتۆلۆژی وئۆرۆلۆژیك پشت ڕاستی نەكردووەوەتەوە،بۆیە تەنیا گریمانەیەكە بۆ تووش بوونم بە شێر پەنجە.
ئارسنیك کە ئۆکسیدیەکەی پێی دەوترێت "ژەهری مشك" و سولفایدەكەیشی پێی دەوترێت "زەرنیخ"، توخمێكی كیمیاوییە كە لە خشتەی مندلیفدا بە ( AS ) دەناسرێت ژمارەی ئەتۆمییەكەی 33 و لە رۆانگەی فراوانییەوە لە توێكلی زەویدا لە پلەی بیستەمدایە و لە ناو ئاودا پلەی چواردەیەمی هەیە و لە ناو جەستەی مرۆڤیشدا دوازدەهمین توخمە،هەڵبەت بە پێكهاتە جۆربەجۆرەكانیەوە .
ئارسنیكیش وەك زۆربەی توخمە كیمیاوییەكانی دیكە بۆ چەندین بابەت بەكار دەهێنرێت ، لە بەرهەم جوراوجورەكانی پیشەسازی(گۆڕینی ئلكتریك بۆ ڕووناكی، بەكارهێنانی لە نیمچە گەیەنەرەكاندا، لە درووستكردنی یاری ئاگرین و باروت وتەقەمەنی بەکاردێت). لە بواری كشت وكاڵ (لەكووتی كیمیاوی و ماكە قرەكەركان بۆ جروجانەوەر وئافەتی دار ودرخت) ولە بواری پزیشكی (بڕێکی کەم لەم توخمە لە چارەسەری نەخۆشیەکاندا بەکاردێت. بۆ نموونە سێ ئۆکسیدی ئارسنیک بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە شێرپەنجەی خوێنیان هەیە و شیوەدەرمانی ئەی تی ئار ئەی كاریگەر نییە لە چارەسەریاندا . یان بۆ چارە سەری سفلیس بە كار دێت.( ئەمە یەكێك لە گاڵتەكانی سرووشتە هەم دەبێت بە هۆی شێرپەنجە هەمیش شێرپەنجەی پێ چارەسەر دەكرێت).
وەك دەزانین هەركات ڕێژەی ئاسایی وسرووشتی هەر توخمێك لە توخمە كیمیاوییەكان لە ناو ژینگە وئاو وخۆراكی بوونەوەرەكان ولەوانەش مرۆڤ زیاد یان كەم بوو ،هاوسەنگی تێكدەچێت و زیانی لە سوودی زیاتر دەبێت.
پیس بوونی ئاوەكان لە ڕێگەی ئارسنیك لە ڕێگای سەرچاوەی سرووشتییەوە لە زیاتر لە 70 وڵات هەست پێكراوە، ئایا وڵاتی ئێراقیش یەك لەوانەیە ،ئایا هەرێمی كوردستانیش لە ناو ئەو جوگرافیای پیس بوو بە ئارسنیكەدایە یان نا ؟من نازانم . لانی كەم بابەت وباس وڕاپۆرتێكم سەبارەت بە بوون یان نەبوونی ئارسنیك لە ئاوی بیرەكانی هەولێردا كە زیاتر لە 15 ساڵە لە ئاوی ئەو بیرانە دەخۆمەوە ،نەدیتووە و نەمخوێندووەتەوە ونەمبیستووە . بەڵام گومان لەوەدا نییە كاتێك هەردوو وڵاتی ئێران وتوركیا هەبوونی ئارسنیكیان لە ئاوی ژێرزمینی خویاندا بە تایبەت لە بەشە كورد نشینەكانیان پشت ڕاست كردووەتەوە ،ئەگەری ئەوەش بە هێزە كە ئاوی ژێر زەوی باشووری كوردستانیش ئارسنیكی هەبێت .( هەڵبەت نابێت بترسین، زانستی ئەمڕۆ ڕێگای چارەی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە بینیوەتەوە ،بەڵام گرنگ ئەوەیە كێشەكە ببینینەوە ودان بە هەبوونیدا بنین وهەوڵی چارەسەری بدەین).
ئارسنیك لە ناو ئاودا مەترسییەكی مەزنە بۆ مرۆڤ چوونكۆ لە فۆرمێكەوە بۆ فۆرمێكی تر خۆ دەگۆڕێ! ئارسنات وئارسنیت دوو فۆرمی سەرەكی ئارسنیكن كە لە ناو ئاوی سەرزەوی وئاوی ژێرزەوی ،هەردووكیان بۆ زیندەوەرەكان وبەتایبەت مرۆڤ ژهراوی وكوشەندەن .
چۆن ئارسنیک دەچێتە ناو ئاوەوە؟
بەکارهێنانی پیشەسازی ئارسنیک دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەلایەن مرۆڤەوە بچێتە ناو سەرچاوە ئاوییەکان. جگە لەوەش ئارسنیک لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە دەچێتە ناو ئاوەوە لە ڕێگەی كار وكارلێك وسوان وتوانەوەی ئەو بەردانەی کە ئارسنیکیان تێدایە یان چالاکییەکانی ئاگرکوژێنەوە.
رێكخراوی جیهانی تەندرووستی و رێكخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریكا ئارسنات وئارسنیت بە هۆكاری خۆلقانی شێرپەنجە دەزانن .
ئارسنیک بە توانای (3+) ئارسنایت دروست دەکات کاتێک لەگەڵ گروپە سولفایدەکانی ناو پرۆتئین و ئەنزیمەکان كار وكارلێكیان دەبێت ،دەتوانێت زۆر ژەهراوی بێت. هەروەها بەردەوام کارلێکی لەگەڵ ئۆکسجینی ناو خانەکان دەبێت وئەمەش خانەکە تێكدەشكێنێت. ئارسنیک لە ناو خانەکاندا شێوەی جیناتەکان دەگۆڕێت و دواجار گۆڕانکاری لە(دی ئن ئەی)درووست دەكات. ئارسنیت لە ناو لەشی مرۆڤدا دەبێتە هۆی تێكدانی كار وچالاكی زیاتر لە 200 ئانزیۆمی گرینگ .
ئارسناتیش كە فۆرمێكی تری ئارسنیكە چوونكۆ پێكهاتەكەی زۆر هاوشێوەی فۆسفۆرە ،بە ئاسانی دەبێت بە جێگرەوەی فۆسفۆڕی ڕاستەقینە لە پێكهاتەی فۆسفاتی ناو لەشدا و بە تایبەت ناو مۆخی ئێسقانەكان . جگە لەمە ئارسنات چوونكۆ ناتوانێت ڕۆڵی ڕاستەقینەی فوسفات لە ناو خانەكاندا بگێڕێت ،دەبێ بە هۆی سوان ولەناوچوونیان.
جگە لەو دوو فۆرمە یەكێكی تر لە پێكهاتە كیمیاوییەكان كە ئارسنیك دەیخوڵقێنێت،گازی ئارسنە ،كە ژەهراوی ترین پێكهاتەی ئارسنیكە ، ئەم ژەهرە دەبێت هۆی كوشتنی خرۆكەسوورەكانی خوێن ولە كۆتاییدا بەركەوتوو تووشی كەم خوێنی دەكات .هەر وەها لە سەر پرۆتئین وئانزیۆمەكانیش كاریگەر دەبێت .ئارسنیك وپێكهاتەكانی هەندێك جار ڕێگەدەگرن لە كار و چالاكی دی ئن ئەی كاندا و ئەمەش خانەكان ئامادە دەكات بۆ تووش بوون بە شێرپەنجە. هەروەها كار دەكەنە سەر خانە بەرگریكارەكانی لەش كە بە خانەكانی تی ناسراون، دەبنە هۆی لاوازیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لە گەڵ نەخۆشییە میكرۆبی و وایرۆسییەكان.
تەنانەت ئەگەر ڕێژەی بەكارهێنانی ئارسنیك كە لە ڕێگای خواردن وخواردنەوەوە دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤیش كەم بێت ،هەمیسان دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی خرۆكە سوور وسپییە بەكەڵكەكانی خوێن . بە گشتی ئارسنیك یەكێك لە هۆكارەكانی درووست بوونی شێرپەنجەیە لەوانە شێرپەنجەی میزڵدان، خوێن، کۆئەندامی هەرس، جەرگ، سیەکان،
سیستەمی لیمفاوی،گورچیلە،پرۆستات،پێست.
جگە لە ئاوی بیرەكانی هەولێر كە بۆی هەیە ڕێژەیەك ئارسنیكی هەبێت و بەندەی بێ دەرەتانی ئاوخورەوەتان ،كە ڕۆژانە نزیكەی 2 لیتر لەو ئاوە نازدارەم خواردووەوتەوە ،هەندێ خواردنی دیكەشم خواردووە كە ئەگەری زۆرە رێژەیەكی بەرزی پێكهاتە وفۆرمە جێاوازەكانی ئارسنیكی هەبووبێت ،برنجی مەحموود وكەڵەشێر كە لە كێڵگەكانی بەنگلادش وهێندستان وپاكستانەوە و... دەهێنرێنە ناو هەرێمی كوردستانەوە ،ماسی سەلەمۆن ،كەلەرم وگوڵە كەلەرم ،و باقی میوە وتەڕەكانی تر كە ئەگەر بە ئاوێك ئاو دێری كرابن وئەو ئاوەش ئارسنیكی بوو بێت . بێ گومان كاریگەر بوونە لە تووش بوونی من بە شێرپەنجە .
ئەمە گریمانەیە، ئێوە یان هەر كەسێكی تر دەتوانێت هەڵە بوونی بسلمێنێت هەڵبەت بە ژمارە وبە پشكنینی ئاوی بیرەكان .خواردنەكان و دەرخستنی ئەوەی كە ڕێژەی ئارسنیكی ئەوانە كەمتر لەوەن كە مەترسیان هەبێت بۆ مرۆڤ و بۆ درووست بوونی شێرپەنجە لە مرۆڤدا.
لە كۆتاییدا مەتەڵێكی سنەیی هەیە دەڵێت: "هەسە خەسە هەر ئەمەسە". واتا ئارسنیك لە بناگوێتە . بڕۆیتە هەر كوێ گوی زەوی ئەم توخمە بە فراوانی لە دەووبەرتە وبەتایبەت لە ناو ئاوەكان وبەتایبەت ئاوی ژێر زەوی ..
ماویەتی