لەتیف ئەمین

 مرۆڤ و پەروەردە

بەشی نۆیەم: کاتگێڕی

 ئەگەر زەمەن لە تەمەن جیا بکەینەوە، هیچ بۆ تەمەن نامێنێتەوە. هەر بەشێکی کات لە ژیانماندا تێپەڕێت و بڕوات، بەشێک لە تەمەنمان لەگەڵ خۆى دەبات.  کات ڕاناگیرێ، هەڵناگیرێ، پاشەکەوت ناکرێ، گل نادرێتەوە. کات بۆ هەموو کەسێک بە یەکسانى فەراهەم کراوە. 

(کاتم نییە) ئەو ڕستەیەیە، کە زۆرجار گوێمان لێ دەبێت. دەپرسین کەى ئەو ئیشە ئەنجام دەدەی؟ دەڵێ: کاتم نییە. دەپرسین، بۆ ئەو کارەت تەواو نەکردییە؟ دەڵێ: لەبەرئەوەى کاتەکە بەش ناکات. بۆ درەنگ هاتى؟ دەڵێ: هەر ئەوەندە پێڕاگەیشتم. کەى کارە تەواونەکراوەکانت تەواو دەکەى؟ دەڵێ: نازانم، هەتا کاتم هەبێ. بۆ ناخوێنیتەوە؟ دەڵێ: خوێندنەوە کاتی دەوێ. بۆ وەڵامى ئەو پرسیارانە دەڵێم: نەخێر، کاتت هەیە، بەڵام نازانى چۆن کاتەکانت ڕێک بخەى. کاتت هەیە، بەڵام نازانى چۆن پلان و بەرنامە بۆ خۆت دابنێی. کاتت هەیە، بەڵام ڕەنگە شارەزاییت لە کارگێڕى کاتدا نەبێت. کاتى تەواوت هەیە، بەڵام نازانى چۆن سوود لە کاتەکەت وەربگرى. کاتت هەیە، بەڵام ئامانجت نییە. کات هەمیشە هەیە، بەڵام ئەوە ئێمەین فێل لە خۆمان دەکەین، بیانووى جۆراوجۆر بۆ خۆمان دەهێنینەوە، لە بەرپرسیارێتى ڕادەکەین.  لەڕاستیدا، کێشە لە نەبوون و کەمى کات نییە، کێشە لە کورت و درێژى کات نییە، کێشەکە نەبوونى پلان و ڕێکخستنى ئیش و کارەکانمانە، کێشەکە نەگونجاندنى کارەکانمانە لەگەڵ کاتەکانمان. ناچاڵاکى و سستى و بێ دیدگایی ئێمەیە بووەتە هۆى بەفیڕۆچوونی کاتەکانمان. گەنجێک ئامادەیە ڕۆژانە چەندین کاتژمێر چاوی لەسەر شاشەی مۆبایلەکەی لانەبات، بێئەوەی سوودێکی زانستی و مەعریفی لێ ببینێ، کاتی خەو و خواردنیشی بەهۆیەوە تێکدەدات، کەچی هەر دەڵێ کاتم نییە.

کارکردن بە هەڕەمەکییانە و بەبێ سیستەم و ڕێکخستن، شتێکى زۆر ئاساییە لە کۆمەڵگەی ئێمە. دەستبەتاڵى و هیچنەکردن و دانیشتن و قسەکردن، پیشەی هەمیشەیی و خۆشترین ساتەکانى ژیانە لەلای زۆرینەی مرۆڤی ئەم کۆمەڵگەیەی خۆمان! نازانن چۆن بەرنامەى ژیانیان دابنێن، کەى دەخەون و کەى هەڵدەستن؟ دیارنییە! هەمیشەش گلەیی دەکەن و ئەم دەستەواژەیە بەکاردێنن(کاتم نییە). چارەسەرى هەموو ئامانە، لە کارگێڕى کاتدایە، لە دابەشکردن و ڕێکخستنى کاتەکاندایە، بۆئەوەى بتوانین بە سەرکەوتوویى ئەرک و ئیش و کارەکانمان جێبەجێ بکەین. 

کات گرنگترین و بە بەهاترین سەرمایەى مرۆڤە، نە دەکڕدرێت، نە دەفرۆشرێت.       

پێشکەوتنى هەر کۆمەڵگەیەک، پەیوەستە بە ڕادەى گرنگیدانی تاکەکانی بە کات. بۆ زانینى ئاستى ڕۆشنبیرى و هۆشیارى هەر کەسێک، گرنگە دید و تێڕوانینى بزانین سەبارەت بە کات. هەمیشە مرۆڤە دانا و زانا و بیریارەکان، کات لەلایان شتێکى زۆر گرنگ و پیرۆزە. داهێنەر و بلیمەتەکان، ئەستەمە کاتەکانیان بەفیڕۆ بدەن. مرۆڤە ئامانجدار و خاوەن پەیامەکان، نایانەوێ چرکەیەک لە ژیانیان تێپەڕێ بێئەوەى سوودى لێ ببینن. مرۆڤى چاڵاک و کارا، دەزانێ چۆن سوود لە کاتەکانى وەردەگرێ، دەزانێ چۆن لە کەمترین ماوەدا، زۆرترین چاڵاکى ئەنجام دەدا. 

بەداخەوە، لە کۆمەڵگەى کوردیدا، تا ئێستا ئەوەى گرنگى پێ نادرێت و هیچ بەهایەکى نییە، کاتە. لێرە، ئەوەى شایەنى خەم بۆخواردن نییە، ئەوەى مایەى داخ و حەسرەت و نیگەرانى نییە، بەفیڕۆدان و لەدەستچوونى کاتە. ئەم کێشەیە پەیوەندى بە پەروەردەى خێزانەکان و قوتابخانە و مامۆستاکان و دەزگاکانی تری کۆمەڵگەوە هەیە، کە لە ئێستا و ڕابردوودا، نەیانتوانیوە کۆمەڵگە لەسەر ئەوە ڕابێنن و پەروەردە بکەن، کە گرنگى بە کات بدەن، کە کاتبەفیڕۆدان و کاتکوشتن لەلایان ببێتە شەرم و شوورەیی و تاوان. 

ناوەندەکانی خوێندن لەڕێگای مامۆستایان و پەروەردەکارانەوە، دەتوانن ڕێزگرتن لەکات و ڕێکخستن و بەهەندوەرگرتنی ئەم بابەتە بکەنە کلتوور لەنێو کۆمەڵگە، بەڵام پێویستە سەرەتا لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى مامۆستاى پەروەردەیی و سەرکەوتوو، گرنگیدانیەتى بە کات. مامۆستاى چاڵاک و کارا، بۆ جێبەجێکردنى پلانەکانى و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى، تەواوى ئەو کاتەى کە بۆى دیارى کراوە، بە لێزانى و لێهاتوویی، پڕى دەکا لە چاڵاکى و دەستکەوت. مامۆستای ڕاستەقینە هەمیشە دەبێ وەک قوتابییەک بۆ بەدەستهێنانی زانست و زانیاری نوێ، بەردەوام هەوڵی خۆبەرەوپێشبردن بدات. ئەمەش بە هەوڵ و ماندووبوون دەبێت و تەرخانکردنی کاتی پێویستە. 

مامۆستاى ڕاستەقینە و پەروەردەیی، کات بەلایەوە یەکێکە لە هەستیارترین بابەتەکان، ئەو ویژدانى ڕێگەى پێ نادات کاتى وانەکانى بەفیڕۆ بدات، ڕەوشتى ڕێگەى پێ نادات سستى و کەمتەرخەمى لە وانەگوتنەوەدا بنوێنێ. خۆدزینەوە و خۆخافلاندن و خۆبێئاگاکردن، لە تایبەتمەندى مامۆستاى پەروەردەیی و ڕاستەقینەنییە. بەفیڕۆدان یان کەمکردنەوەى هەر خولەکێک بەهۆی درەنگچوونەپۆل و خۆسەرقاڵکردن، بەبێ هیچ پاساوێک و بە بەردەوامی، ئەوە جۆرێکە لە گەندەڵى، ئەوە بردن و بەکارهێنانى چەند خولەکێکى مافى قوتابییە بۆ بەرژەوەندى تایبەتى. مامۆستایەک، بە خاوەخاوە و لەسەرخۆ و بە تەمبەڵى بچێتە پۆلەوە، چۆن ویژدانى ئاسوودە دەبێ؟! مامۆستایەک، نەتوانێ یان نەیەوێ، ئەو ئەرکەى کە پێى سپێردراوە جێبەجێی بکات، چۆن دەروونى ئارام دەبێت؟!  مامۆستایەک، کات بەلایەوە گرنگ نەبێ، بێگومان دیارە ژیان و ژیار و پێشکەوتنى کۆمەڵگە و وڵاتەکەشى بە لاوە گرنگ نییە. ئەگەر مامۆستا نەبوو بە نموونە و ڕابەرێکى جوان، بۆئەوەى قوتابییەکانى لاسایی بکەنەوە، کارەساتە!. مامۆستایەک هیچ پلان و بەرنامەیەکى بۆ ژیانى خۆى نەبێ و نەتوانێ کاتەکانی خۆی ڕێک بخات، چاوەڕێى ئەوەى لێ ناکرێ نەوەیەک پێبگەیەنێت، کە گرنگیدان بە کات لەلاى ببێتە کلتوور و بە فیڕۆدانى کات لەلاى ببێتە تاوان و نەنگى. مرۆڤ دەبێ گرفتەکانى دواکەوتن و درەنگگەیشتن و بەفیڕۆدانی کات لەبەرچاوى بێت، کە ئەنجامی زۆر نێگەتیڤ و خراپی لێ دەکەوێتەوە لەڕووی ئاستی زانستی و هۆشیاری و ڕۆشنبیری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و چەندین کۆسپ و کێشە و گرفتی دیکەی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت.

وتاری نووسەران