د.ساماڵ عرفانی 


 ئایا شەڕ کردن، لە سروشتی مرۆڤدایە یان پێوەندی بە کەلتوورەوە هەیە؟ واتە ئایا مرۆڤ لە زات و ناخی خۆیدا بوونەوەرێکی شەڕەنگیزە یان ئەوە بارودۆخی کەلتووری و کۆمەڵایەتییە کە وای لێدەکات شەڕ بکات؟ ئەمە لە کۆنترین پرسیارەکانن کە لە مرۆڤناسی شەڕدا باس کراون.  مرۆڤناسی شەڕ لقێکی زانستی مرۆڤناسییە کە هەوڵی ئەوە دەدا هەتاکوو تێبگات مرۆڤ بۆچی شەر دەکا، شەڕ لە کۆمەڵگە جیاوازەکان چ مانایەکی هەیە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و ڕەفتاری مرۆڤەکان چۆنە. لەم لقەدا تەنیا خودی جەنگ نییە کە شڕۆڤەی بۆدەکرێت بەڵکوو شیکاری بۆ کەلتوور، سیمبۆڵەکانی جەنگ، ستراکچەری هێز و دەسەڵات، شۆناس و ئەزموونی مرۆڤ لە جەنگیش دەکرێت. کەسێکی وەک تۆماس هۆبز، بیروڕای وابوو کە سروشتی مرۆڤ شەڕەنگێزە و هەر ئەوە کە دەڵێ: مرۆڤ گورگی مرۆڤە. لە بەرانبەر ئەو جۆرە ڕوانینە، کەسانێک هەن بۆ نموونە جان جاک ڕوسۆ، کە بەپێجەوانەوە پێیان وایە سروشتی مرۆڤ ئاشتیخوازە و ئەوەی وایکردووە لە مرۆڤ کە تووشی جەنگ ببێ کۆمەڵگە و خاوەندارێتی سامانەکانە.  دواتریش لە بیردۆزی مارکسی ئەم بابەتی خاوەندارێتی و بەچینایەتیکردن کۆمەڵگە و … دەبینین. 
مرۆڤناسان بە لێکۆڵینەوەکانیان دەریانخستووە کە  هەندێ کۆمەڵگە زۆر شەڕخواز و شەڕەنگێزن و هەندێ کۆمەڵگەش هەن کە هەرگیز شەڕ ناکەن کەواتە  کەلتوور ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەسەر جەنگ کردن لە مرۆڤدا.
زۆرجار، جەنگ تەنیا شەڕکردن لەبەرەی شەڕ و مەیدانی جەنگ نییە بەڵکوو زۆر بەقوڵی چووەتە نێو کەلتووری ئەو کۆمەڵگە تاڕادەیێک کە بووە بە بەشێک لە ستراکچەری کەلتووری کۆمەلگەکە و بۆتە هۆی دروستبوونی  ئوستوورەی جەنگ، هێما و ڕیچواڵی جەنگ، گۆرانی و پۆشینی تایبەتی جەنگ و جەنگاوەران. بۆ نموونە لە هەندێ لە هۆزەکانی ئەمازۆن یان ملانزی دەبینین کە جەنگ کردن ڕێگەیەکە بۆ بەدەست هێنانی شانازی، پلەی کۆمەڵایەتی بەرزتر. 
لە کۆمەڵگە مۆدێڕنەکان، کەسێکی وەک چارلز تیلی پێی وایە کە جەنگ ڕۆڵێکی بنچینەیی هەیە لە دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێڕن واتە دەوڵەت- نەتەوە.
 شرۆڤەکردنی ژیانی ڕۆژانە لەکاتی جەنگ، بیرەوەری و تراومای جەنگ، ژیانی خەڵکی مەدەنی، یان ئەوەی کە چۆن هێماکان شۆناسی گشتی دروست دەکەن یان چۆن هێماکان بەکاردەهێنرێن بۆ مانابەخشین بە جەنگ و …لە باسەکانی تری مرۆڤناسی جەنگن.
ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە مرۆڤ تاکە بونەوەرە کە جەنگی ڕێکخراوی بەرفراوانی هەیە. ئەگەر سەیری خزمە نزیکە بایۆلۆجیکییەکانی مرۆڤ بکەین کە لە نزیکترینەکانن بە مرۆڤ لە ڕووی بایۆلۆجیکییەوە، واتە شامپانزەکان و بۆنۆبۆکان، دەبینین لە ناو شامپانزەکاندا جۆرێک لە جەنگی ڕێکخراو تۆمارکراوە، هەرچەندە جەنگەکەی ئەوان بە ئاڵۆزی ئەوەی لە مرۆڤدا بەدی دەکرێ نەبووە. لەو جەنگەدا کە جەین گوودال، تۆماری کردووە دەستەیەک لە شامپانزەکان جەندینجار بە پلانەوە هێرش دەکەنە سەر دەستەیێکی تری شامپانزەکان و بەشێکیان دەکوژن. ئەوەی کە ئەم جۆرە جەنگانە لە جەنگەکانی مرۆڤ جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەوان، نە ئایدیۆلۆجی، نە کەرەستەی جەنگی، نە ڕێکخراوێکی سیاسی ئاڵۆز و نە نەرەیتیڤ یان ڕیوایەتی کەلتوورییان بۆ جەنگ هەیە. 
هەر لەهەمان کاتدا لە ناو خزمێکی تری مرۆڤ، واتە بۆنۆبۆکان دەبینین کە هیچ شەڕێک ناکرێ و گرفت و ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی یان سێکسی چارەسەر دەکەن. هەر بۆیە مرۆڤناسان لەو باوەڕەدان کە مرۆڤ لە ناخی خۆیدا هەردوو توانی هەیە هەم توانی شەڕەنگێزبوون و هەم توانی ئاشتی خوازی. مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە هەم دەتوانێ گەورەترین جەنگەکان (وەک جەنگە جیهانییەکان) ڕێک بخات و هەر مرۆڤیشە کە گەورەترین رێکخراوە جیهانییەکانی هاوکاری کردن و ئاشتی دروست دەکات.  لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێ خەڵکانێک کە نە هەرگیز بینیویانە و نە دوژمنایەتییەکی کەسی لەگەڵیان هەیە بکوژێت. 
لە سەرنجڕاکێشترین باسەکان لە بواری مرۆڤناسی شەڕ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە کە ئایا جەنگ بەرهەمی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی و دروستبوونی دەوڵەتە یان پێش ئەوەش لە کۆمەڵگە بەراییەکانی مرۆڤدا هەبوونی هەبووە؟
کۆنەوارناسان زۆرجار شوێنی کۆنیان دۆزیوەتەوە کە مردووەکان شوێنی برین و بڕین بە تیریان پێوە بووە، هەندێکیان دەست و پێیان بەسترابۆوە کە لە بەناوبانگترینیان شوێنێکە لە وڵاتی ئەمڕۆی کەنیا بە ناوی ناتاروک،  ئەو خەڵکانەی ١٠ هەزار ساڵ پیش لە ناتاروک دەژیان کۆمەڵگەی کشتوکاڵییان نەبووە بەڵکوو ڕاوچی و کۆکەرەوە بوون،  واتا بەشێوازی مرۆڤی بەرایی دەژیان. هەر بۆیە هەندێک لە مرۆڤناسان لەو باوەڕەدان کە ڕکابەری لەسەر سەرچاوە گرینگەکان واتە ئاو و خۆراک و هەروەها هەرێم، سەرچاوەی شەڕ بوون و هەر بۆیە هەر ەسەرەتاوە جەنگ بوونی هەبووە لە کۆمەڵگەی مرۆڤدا. 
لەبەرانبەردا بەشێک لە مرۆڤناسان پێیان وایە کە جەنگی ڕێکخراو، لە کۆمەڵگەی مرۆڤدا نوێیە و بەرهەمی شۆڕشی کشتوکاڵییە، لەبەر ئەوەی کە پێش شۆڕشی کشتوکاڵی، کۆمەڵگەکانی مرۆڤ بچووک بوون و سەرچاوەکانی خۆراک بەشی هەموانی دەکرد و ئەگەر لە شوێنێکیش خۆراک بەشی نەکردایە گرووپەکان کۆچیان دەکرد بۆ شوێنێکی تر نەک ئەوەی شەڕ و پێکدادان دروست بکەن. بەڵام لەدوای شۆڕشی کشتوکاڵی، خاوەنداری زەوی کشتوکاڵی، خەزن کردنی بەرهەمە خۆراکییەکان هاتە ئاراوە و کۆمەڵگەکان زۆر گەورەتر بوون و شارەکان و دەوڵەتەکان دروست بوون و هەڕەمی دەسەڵات دروست بوو و نایەکسانی ناو کۆمەڵگە زۆر زیاتر بوو هەر بۆیە بیانووەکانی جەنگ کردن واتە ڕووتاندنەوەی باغ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەرگری کردن لە هەرێم و پەرەپێدان بە هەرێم دروست بوون و ئەمانە هۆکاربوون بۆ جەنگ کردن.
لە کەنار ئەم دوو ڕوانینە جەمسەرییە، زۆربەی مرۆڤناسان ئەمڕۆ ڕوانینێکی نیووەندگیریان هەیە. ئەوان پێیان وایە بەڵێ لە ناو مرۆڤی بەراییشدا جەنگ و شەڕەنگێزی هەبووە بەڵام جەنگی گەورە و ڕیکخراو زۆرتر لەدوای شۆڕشی کشتوکاڵی و دروست بوونی دەوڵەتەکان دێنە ئاراوە کە ئەمە واتای ئەوەیە مرۆڤ هەر لە کۆنەوە توانای شەڕی هەبووە بەڵام جەنگ لە قەبارە گەورە لە دوای شۆڕشی کشتوکاڵی پەیدا دەبێت. 
لە نووسینی داهاتوودا دەپەرژینە سەر ئەوەی کە ئایا جەنگ، دیاردەیێکی نێرینەیە لە دونیادا؟ ئایا لە کۆندا پیاوانە بووە؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا