
ڕزگار ئەمین
ئەگەر تێبینی وتار و بیاننامەی زۆرینەی بەرپرسان و بەناو سەرکردەکانی ئەم وڵاتەی ناوی کوردستانە بکەین، بە قسەکانیاندا وا هەست دەکەیت لەو پەڕی هەستکردن بەرپرسیارێتیدان و هەمیسە واپیشاندەدەن دەستکەوتەکان موڵکی خەڵکەو ئەوان تەنها پارێزەی پاراستنی دەستکەوتەکانن!!هەروەها زۆرینەیان لە کۆتایی وتارەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن ، ئەوانیش مرۆڤن و هەڵەیان کردوە ، وەکو هەر مرۆڤێکی تر دەمرن و لە دەسەڵات نامێنن ، ئەوەی دەمێنتەوە وڵات و خاک و نیشتمانە، بۆ خەڵکی بەجێیدەهێڵن !
بەڵام لە واقیعدا ئەوەی خەڵکی ئەم وڵاتە بینویەتی و دەیبینێ ، ڕاستە ڕۆژێک دێت سەرکردەکان دەمرن ، یان تەمەنیان هەڵدەکشێ و لە گۆرەپانی دەسەڵات نامێنن ، بەڵام نەوە و نەوەی نەوەکانیان هەر بە هەمان عەقڵیەت و بەهەمان پلان و بە بیانوی شۆڕشکردنی باوباپیرانیان دەست بە سەر حکومدارێتی و خێر و بێری وڵات دەگرن و بەردەوام دەبن لە ژیانی پاشایانە، هیچ کات باوەر ناکەم هەرگیز لە خۆیان پرسیبێت ، چ جۆرێکی دزی ؟ چ جۆرێکی خیانەت ؟ ج جۆریکی جاشێتی ؟ چ جۆرێکی چەتەی و تاڵانی ؟ چ کاری دوور لە ئاکار و دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردەواری ماوە ، لە لایەن بەشێک لەو بەناو سەرکردەو نەوەو نەوەی نەوەکانیانەوە نەکرابێت ؟
زۆرینەی خەڵکی ئاسایی ئەم وڵاتەیش کە سەر و ماڵی لە پێناو سەرخستنی شۆرشدا دانا ، ئێستا لە دوا ڕۆژەکانی تەمەندا تەنها ۱۰۰ مەتر زەوی پێ ڕەوا نابینرێت! لە بەرامبەردا نەوەی نەوەکانی ئەوانیش خاوەنی دەیان و سەدان دۆنم زەوی و باخ و ڤێڵاو پرۆژەی بازرگانیین ، هەر ئەوەیش نا بە داخەوە کارێکی وایان کرد نەوەکانی ئێستای خەڵکی ئاسایی ئەم وڵاتە گلەیی ئەوە لە باو باپیران خۆیان دەکەن بۆ چی لە ڕابردودا نەبوونە بە جاش و پیاوی داگیران ! ؟ چونکە ئێستا دەبینن ژیانی نەوەکانی ئەو جاش و خۆفرۆشانە لە ژیان زۆرینەی ئەو خەڵکانە خۆشترە کە لە ڕابردودا لە پێناو سەرخستنی شۆڕش چەندین جار دەربەدەر و ماڵ وێران بوون و تەنانەت خۆێن و گیان بەخشیوە ، بۆیە بەداخەوە لەم وڵاتەدا نیشتمانپەروەری لای خەڵکی ئاسایی خەریکە دەبێتە دەستەواژەیەکی درۆینەی نەوەی نەوەی بەناو سیاسی و شۆڕشگێڕەکانی ڕابردو بۆ زامنکردنی زیاتری خۆشگوزەرانی خۆیان و نەوەکانی تریان لە ئایندەدا .