
دکتۆر فوئاد زەکەریا
وەرگێڕانی: سامان عەلی
بەدڵنیاییەوە دکتۆر مستەفا مەحموود مرۆڤێکی بە بەختە، چونکە وەک نووسەر و بیریار، ناوبانگێکی میللیی بەرینی پەیدا کردووە، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساندووە، کتێبەکانی ببنە کتێبە هەرە باو و بەربڵاوەکان لەسەر ئاستی هەموو جیهانی عەرەب.
لەو ناوبانگە میللییەشیدا، لەبەردەم زۆرینەی خەڵکدا شێوەی ڕاڤەکارێکی ئایینیی و دانایەکی فەیلەسووف و زانایەکی شارەزا و پڕ زانیاریی وەرگرتووە، ڕاستە ناوبراو لە کایەی ڕاڤەکردندا هەموو پیاوانی ئایینیی پسپۆڕ ڕازی ناکات، چ ئەوانەی خاوەنی ڕوانگەیەکی کۆنەپارێزن یاخود ئەوانەی کراوە و ئازادیخوازن، لە بواری فەلسەفەشدا کەسێکی پسپۆڕ نییە، ئاسانە بۆ هەر کەسێک کە لەو بوارەدا کار دەکات، کەموکووڕیی زانیاریی و لاوازیی لۆژیکی ئەو لەو بوارەدا بۆ بدۆزێتەوە، لە کایەی زانستیشدا وا دیارە زانستەکەی لە ساڵانی قۆناغی سەرەتای خوێندنی پزیشکییەکەیدا گیری خواردووە، بڕێک خوێندنەوەی خێرای هەندێک کتێبی ئێجگار سادە و سەرپۆتی بۆ زیاد کراوە.
واتە کورت و کرمانج، لە هیچ کام لەو سێ بوارەدا، پسپۆڕانی هیچ یەک لەو بوارانە قایل ناکات. بەڵام قایلکردنی پسپۆڕان کەی گرنگە ئەگەر زۆرینەی خەڵکەکە بڕیاری خۆی لە بەرژەوەندیی ئەو دابێت و ئەوی کردبێتە سەرچاوەی هەرە جێی متمانە و بگرە تاقانەی خۆی لە تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی ئایین و فەلسەفە و زانست؟
خوێنەری دیندار سەرسام دەبێت کاتێک لای دکتۆر مستەفا مەحموود ڕاڤەیەکی موتوربەکراو بە دەستەواژە و دەربڕینی فەلسەفی و زاراوەی زانستی دەبینێت. خوێنەری عەوداڵی دانایی ژیان و فەلسەفەی ژیانیش سەرسام دەبێت کاتێک فەلسەفەی لە چوارچێوەیەکی ئایینیی و زانستیدا پێشکەش دەکرێت. ئەو خوێنەرەش کە ڕاستییەکانی زانست ئامانجێتی، سەری دەسوڕمێ کاتێک ئەو ڕاستییانەی ئارایشتکراو بە بڕێک دادوەریی و بڕیاری فەلسەفی و پاڵپشتکراو بە هەندێک دەقی ئایینی پیشان دەدرێت. بەو جۆرە دکتۆر مستەفا مەحموود "چێشتێکی مجێور"ی هزریی پێشکەش دەکات، هەموو چێژە جیاوازەکان ڕازی دەکات.
تازەترین کتێب ئەو "چێشتی مجێوری هزر"ە پیشانی داین، کتێبێکە سەبارەت بە "مارکسیزم و ئیسلام"، ماوەیەکی دوور و درێژ پلەی یەکەمی کتێبە هەرە بەربڵاوەکانی لەنێو ئەو لیستانەدا گرتبوو کە ئەو ڕۆژنامانە بڵاوی دەکەنەوە پێشوازییان لەو کتێبە کرد و بە پیر بڵاوبوونەوەیە چوون و چەندین جار لاپەڕەکانی خۆیان بە چەند هەڵبژاردەیەک لەو بۆچوونانەی تیایدا هاتوون ڕازاندەوە. هەڵبەتە من بۆ چرکەیەکیش گومانم لەوە نییە ئەو بڵاوبوونەوە بەرفراوانە ڕاستییەکی بێ چەند و چوونە، بەڵام ئایا گوزارشت لە بەهایەکی ڕاستەقینە دەکات کە ئەو کتێبە هەیەتی، یاخود لە جۆری بڵاوبوونەوەی فیلمی "بەمبەت کەشر"ە لەسەر حیسابی "مۆمیاکراو" ، یاخود بڵاوبوونەوەی ڕۆمانە پۆلیسییەکانی "ئاجاسا کریستی"یە بە بەراورد بە شاکارەکانی شکسپیر؟ ئەوە ئەو شتەیە کە من لە دێڕەکانی داهاتووی ئەم نووسینەدا هەوڵی وەڵامدانەوەی دەدەم.
وتەیەکی خودی دکتۆر مستەفا مەحموود خۆی دەبێتە خاڵی دەستپێکردنم. دکتۆر دەڵێت: "ئەوە لاوازیی قورئان نییە قورئان میتۆدێکی سیاسی دەستنیشان نەکردووە و، دەستوورێکی دیاریکراوی نیگار نەکێشاوە، بەڵکو ئەوە یەکێکە لە بەڵگەکانی هێز و پەرجووی قورئان. چونکە خودا ویستی ڕێگای هەوڵدان و بەکارهێنانی زانستەکان و هەڵهێنجانی میتۆد و داوەریی و بڕیارەکان لە هەلومەرجە گۆڕاوەکانەوە کراوە بێت بەبێ ئەوەی مرۆڤەکان بە زنجیری میتۆدێکی ئاسمانیی چەقبەستوو و دیاریکراوەوە کۆت و پێوەند بکات. هەر بۆیە قورئان لە بابەتی سیاسەت و داوەریی کردن و بڕیارداندا، تەنها بە دەرکردنی بڕێک ڕاسپێریی و ئامۆژگاریی گشتی بەسی کردووە کە بە درێژایی سەردەمەکان تایبەتمەندیی تاهەتایی و نەگۆڕانیان هەیە و، گوتویەتی داوەریی کردن و بڕیاردان بەو ڕاسپێریی و ئامۆژگارییانە دەبێتە دادوەریی کردن و بڕیاردانێکی نموونەیی" (ل١٨).
ئەوە دەقی قسەی دکتۆر مستەفا مەحموودە لە پەرەگرافێکدا کە بەتەواویی بەبێ لێ بڕین وەرم گرتووە تاکو نەگوترێت قسەکانیم لە بەستێنی خۆیان دەرهێناوە و دابڕیوە، دەشمەوێت لەو پەرەگرافەوە قسەکردنم لەسەر کتێبەکەی دەست پێ بکەم، قسە کردنێک، بەو جۆرەی دواتر خوێنەر خۆی دەبینێت، لە لۆژیکی خودی کتێبەکەی خۆیەوە هەڵهێنجراوە. چونکە من نامەوێت بۆچوونێکی تایبەت سەبارەت بە بابەتەکە بخەمە پێشچاوی خوێنەر، بەڵکو ئەرک و کارەکەم لە پەردە لادان لەسەر ئەو لایەنانەی دژوازی و لاوازییدا قەتیس دەبێت کە دەشێت لەنێو کتێبەکەدا هەبن.
هەر کتێبێک پێی وا بێت قورئان میتۆدێکی سیاسی دەستنیشان نەکردووە و دەستوورێکی دیاریکراوی نیگار نەکێشاوە، دژایەتیی بۆچوونێکی تر دەکات هەڵگرانی (کە لە وڵاتەکەماندا ژمارەیان زۆرە) جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە قورئان دەستوورێکی تەواو و تێر و تەسەل و میتۆدێکی سیاسیی تەکووز و پەیڕەوێکی ئابووریی گشتی تێدایە. من بەش بە حاڵی خۆم، نامەوێت یەکێک لەو دوو بۆچوونە پەسەند بکەم، بەڵکو ویستم هەر لە سەرەتاوە ئەو دژایەتی و بەرهەڵستییە تۆمار بکەم کە دکتۆر مستەفا مەحموود دژایەتی و بەرهەڵستیی ئەو بۆچوونە دەکات و دەچێتە سەنگەری ئەو کەسانەوە کە دەڵێن دەقی ئایینی ژمارەیەک بنەما و پرەنسیپی گشتی تێدایە، بەڵام وردەکاریی کاروبارەکانی دونیا و سیاسەت و ئابووریی، بۆ هەوڵ و تەقەللای مرۆڤەکان بەجێ هێڵراوە.
بەم پێیە ئەوەی نووسەر لەو پەرەگرافەدا دەیڵێت، لەم ئەنجامە بێ چەند و چوونەوە سەر دەردەکات: وردەکاریی داوەریی و بڕیارە ئایینییەکان مۆرکێکی ڕێژەییان هەیە، ئەوەی کە تاهەتاییە تەنها و تەنها بنەماکانن، پێویستیشە ئەو وردەکارییانە لەگەڵ گۆڕانی سەردەم و ژینگە و دۆخەکاندا بگۆڕێن، بە مەرجی وەک خۆی هێشتنەوە و دەستکاریی نەکردنی ئەو چوارچێوەیەی بنەما گشتییەکان پێکیاندەهێنن. ئەوەش وای لە نووسەر کردووە جەخت لەسەر گرنگیی "هەوڵدان و کۆشش کردن و بەکارهێنانی زانستەکان و هەڵهێنجانی میتۆدەکان و داوەریی و بڕیارەکان لە هەلومەرجە گۆڕاوەکان" بکاتەوە، نەک هەر ئەوەندە و بەس بەڵکو هێرشێکی توندیشی کردووەتە سەر ئەو بۆچوونەی باوەڕی بە چەسپاویی داوەریی و بڕیارە ئاسمانییەکان سەبارەت بە وردەکاریی کاروبارەکان هەیە، ئەم هێرشەشی لە بەکارهێنانی هەندێک دەربڕینی توندی لە نموونەی ناوهێنانی میتۆدی ئاسمانیی چەسپاو بەوەی میتۆدێکی "چەقبەستوو"ە و ناوزەدکردنی پابەند بوون بە وردەکارییەکانی ئەو داوەرییە بەوەی "کۆت و پێوەند کردنە" دەردەکەوێت.
ئەوەی سەرەوە، بۆچوونی خودی دکتۆر مستەفا مەحموود خۆیەتی، من نە هیچم بۆ زیاد کردووە و نە هیچم لێ قرتاندووە. بەڵام ئەو چەشنە بۆچوونە گومانی تێدا نییە ئەم پرسیارە دروست دەکات: "ئەگەر بڕیار و داوەرییە ئایینییەکان تەنها لە چوارچێوەی شتە گشتییەکاندا قەتیس بن و وردەکاریی و بەشەکان بۆ هەوڵ و کۆششی ئەقڵی مرۆڤ بەگوێرەی هەلومەرجە گۆڕاوەکانی مرۆڤ بەجێ بهێڵن، ئێمە ئەو وردەکارییانە لە کام سەرچاوەوە هەڵبهێنجین؟ گومانی تێدا نییە دەبێت لە سەرچاوەیەکی دونیاییەوە بێت و، پێویستە خەڵک ئەو چوارچێوە گشتییە پڕ بکەنەوە کە داوەریی و بڕیارە ئایینییەکان دەستنیشانی دەکەن، پڕکردنەوەیان بە هۆی ناوەڕۆک یاخود کرۆکێکی وەرگیراو لە ڕاستیی ژیانی گۆڕاوی خۆیان کە لە هزر و کۆششێکی مرۆییەوە ئیلهامی وەرگرتبێت.
بە دەربڕینێکی تر، دەقی قسەکەی دکتۆر مستەفا مەحموود خۆی ئەو ئەنجامە دەدات بە دەستەوە کە باوەڕی ئایینیی، لەو ڕووەوە کە سەرچاوەیەکە بۆ یاساڕێژیی و یاسادانانی کۆمەڵایەتی، بەسندە یاخود خۆبەس نییە، بەڵکو پێویستییەکی بەردەوامی بە پەیڕەوێکی مرۆیی هەیە تەواوی بکات و ئەو بۆشاییانەی پڕ بکاتەوە کە تیایدا هەن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ئەنجامێکی ترە قسەکانی نووسەر دەیدەن بە دەستەوە.
ئەگەر مارکسیزم وەک میتۆدێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی میتۆدێک نییە دکتۆر مستەفا مەحموود قایل بکات، ئەگەر ئیسلامیش، بەو جۆرەی بە قسەکانی دکتۆردا دەردەکەوێت، پێویستی بە تەواوکارییەکی مرۆیی هەیە بە هۆیەوە ئەو وردەکارییانە تەواو بکەین کە نابێت دەقی ئایینی خۆی پێیانەوە سەرقاڵ بکات، کەواتە ئەو تەواوکارییە لە کوێوە بهێنین؟ ئەو میتۆد یاخود پەیڕەوە چییە کە ئێمە دەتوانین بەگوێرەی وی، ئەو بەشانە هەڵبهێنجین کە نابێت تیایاندا "متۆدێکی ئاسمانیی چەقبەستوو و دیاریکراو" "کۆت و پێوەندمان" بکات؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە نووسەری کتێبەکە وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵکو سەبارەت بەو پرسیارە گرنگە، بۆشاییەکی گەورەی بەجێ هێشتووە، خوێنەر نە دەزانێت چۆن پڕی بکاتەوە، نە دەزانێت چ ئاراستەیەک بگرێتە بەر، نە دەزانێت ڕێنوێنی بە کام میتۆد بکات، ئەگەر بیەوێت ورد و درشتی کاروباری ژیانی خۆی ڕێک بخات.
دکتۆر مستەفا مەحموود لەسەر ڕەخنەکردنی مارکسیزم زۆر ڕۆیشتووە و هەرچی چەکی پەلاماردەری هەیە ئاراستەی کردووە و قیناویترین دەربڕینی لە دژی بەکارهێناوە.. ئەگەر ئەوەش بۆچوونی ئەو بێت سەبارەت بە مارکسیزم، هیچ کەس ناتوانێت ئەو مافەی لێ زەوت بکات کە سەبارەت بە پەلاماردانی هەیەتی، بەو مەرجەی لەو هێرشەیدا لەگەڵ خۆیدا نەکەوێتە دژوازییەوە، دەنا ئەو کات چەندین هەڵەی گەورە لە تێگەیشتن لەو فەلسەفەیەدا دەکات. بەڵام من، پاش ئەوەی کتێبەکەیم خوێندەوە کە بازاڕە عەرەبییەکانی تەنیوە، پێم وایە لەلایەک کتێبەکەی کەوتووەتە نێو دژوازییەکی توندەوە و لەلایەکی ترەوە بە شێوازێک کە جێی داخە بە هەڵە لە مارکسیزم تێگەیشتووە.
با لە سەرەتادا بە دژوازییەکان دەست پێ بکەین..
لەو کاتەدا کە دکتۆر مستەفا مەحموود قین و ڕقی خۆی بەسەر مارکسیزمدا لە هەموو ڕووەکانییەوە هەڵدەڕێژێت، دەبینین هەوڵێکی تاقەتپڕوکێن دەدات تاکو بیسەلمێنێت ئیسلام هەموو ئەو بنەمایانەی تێدا هەن کە مارکسییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. فەرموون با ببینین خۆی لەو بارەیەوە چی دەڵێت:
"ئەگەر لە ئیسلام ورد ببینەوە، کانیاوێک لەو بیروباوەڕ و ڕاستییانەی تێدا دەبینین، لە ڕووی پێشکەوتن و هاوچەرخییەوە بەر لە هەردوو ڕژێمەکە کەوتوون.. دەبینین هەموو ئەو شتانەی ئێمە لە سۆشیالیزمی زانستییدا بە تازەیان دەزانین، شتانێکی کۆنن بە قەدەر کۆنیی سیانزە سەدە لە مێژووی ئیسلام. چونکە کاتێک ئیسلام هات هەر لە سەرەتاوە بنەمای یەکسانیی لە دەرفەت و دەستەبەری ڕادەیەک لە سنووری بۆ تاک و بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ئازادیی تاک لە قازانج و مافەکانی کۆمەڵ و بنەمای موڵکایەتیی تایبەت و موڵکایەتیی گشتی (کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت) و بنەمای دەستوەردانی دەوڵەت لە ئابووریدا چەسپاند کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە ئابووریی ئاراستەکار ناودێری دەکەین، هەروەها بنەمای دەستگرتن بەسەر موڵک و سامانی چەوسێنەران بۆ خزمەت و بەرژەوەندیی هەژاران و ستەمدیدەکانی جێگیر کرد". (ل٦٧).
پاشان دکتۆر مستەفا مەحموود ئەو بنەمایانە دەژمێرێت کە لە سەردەمی ئێستاماندا پێمان وایە داهێنانی سۆشیالیزمی زانستین: چونکە ئیسلام ڕێ بە چینایەتی نادات، ئیسلام جیاوازیی لەڕادەبەدەر لە سەروەت و ساماندا دەداتە دواوە، سامانی مرۆی زەنگین ڕەوا نییە ئەگەر لە کۆمەڵدا تاکە هەژارێک هەبێت نان نەبێت بیخوات، بەڵکو ئیسلام، بە بڕوای نووسەر، لۆژیکی دیالەکتیکی ئاشنا بووە و بەکاریهێناوە" (ل٧٠-٧١).
ئەوانە هەمووی قسەی جوان و سەرنجڕاکێشن، بەڵام ئایا دکتۆر مستەفا مەحموود قەت بیری لەوە نەکردووەتەوە ئەو قسانەی چی دەدەن بە دەستەوە؟ وا دەکات ئەو هەڵمەت و هێرشە توندەی دەیکاتە سەر مارکسیزم هیچ نرخ و واتایەکی نەمێنێت و بگرە لەگەڵ ئەو باوەڕە ئایینییەیدا یەک نەگرێتەوە کە لە لاپەڕەی کتێب و وتارەکانی دەچۆڕێن. چونکە ئەگەر ئیسلام هەموو ئەو بنەمایانی تێدا هەبن کە مارکسیزم لەپاش ئەو بە ماوەیەکی زۆر بانگەشەی بۆ کردوون، ئەوکات هێرشکردنە سەر مارکسیزم و بانگکردنی بەو وشە و دەربڕینانەی سەگ بۆنیان پێوە ناکات، هیچ نرخ و مانایەکی نامێنێت، بەڵکو لەم دۆخەدا ئەوپەڕی دەتوانرێت بەوە تۆماتبار بکرێت فەلسەفەیەکی نوێ نییە، ئەوەش، وەک دەبینین، هەڵەیەک نییە شایانی ئەوە بێت کە لە پایدا ناشیرینترین جوێنی پێ بدرێت و خراپترین ناتۆرە و ناوی لێ بنرێت.
بەڵکو ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە دکتۆر مستەفا مەحموود دەیڵێت، ئەوکات ئەو هێرش و پەلامارەی دەیکاتە سەر مارکسیزم، دەبێتە بەڵگەیەک لە بەڵگەکانی لاوازیی باوەڕ و مۆلەقیی ئایین، چونکە ئەو فەلسەفەیەی زۆرێک لە بنەما ئایینییە باڵاکانی تێدا هەن، ڕاست و شیاو نییە پەلامار بدرێت، بەڵکو ئەرکی سەر شانی هەر دیندارێک، ئەگەر بە ڕاستیی دیندار بێت، ئەوەیە لەبەر بوونی ئەو بنەمایانە لە مارکسیزمدا، پاکانە بۆ مارکسیزم بکات، چونکە لە چەندین خاڵی بنەڕەتیدا لەگەڵ ئیسلامدا کۆک و هاوڕایە و لە هەندێک خاڵی تردا لەگەڵیدا ناکۆکە. مادامەکی نووسەر سەلماندووشیەتی پرسە سەرەکییەکانی نێو مارکسیزم پێشتر ئیسلام بانگەواز و بانگەشەی بۆ کردوون، تەنها ئەوە بەسە بەرامبەر بە مارکسیزم ڕێزێک لە ناخیدا دروست بکات، مادامەکی تا ئەو ڕادەیە لە ئایینەکەیەوە نزیکە کە لە قووڵایی دڵی خۆیدا باوەڕی پێیەتی.
بەڵام من دەمەوێت لێرەدا وەک ئینسافێک ئەوە تۆمار بکەم بڵێم ئەو دژوازییە تەنها تایبەت نییە بە دکتۆر مستەفا مەحموود، بەڵکو ئەم ساڵانەی دوایی بڵاوبوونەوەی لێشاوێک لەو کتێبانەی لە میسر و لە چەندین وڵاتی تری عەرەبییدا بە خۆوە بینی، باسی سۆشیالیزمباوەڕیی ئیسلام دەکەن و هەموو بنەما سەرەکییەکانی نێو سۆشیالیزم بۆ ژمارەیەک سەرچاوەی ئیسلامی دەگەڕێننەوە، پاشان زۆر توندوتیژانە پەلاماری مارکسیزم دەدەن. ئەمەش ئەو شتەیە کە من سەری لێ دەر ناکەم، چونکە لۆژیکی ساغ و تەندروست ڕێ بە خاوەنی ئەو کتێبانە دەدات تەنها یەکێک لەم دوو شتە بکەن: یان پەلاماری مارکسیزم بدەن (ئەوەش مافێکی ڕەوای خۆیانە ئەگەر بیانەوێت) و جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە ئیسلام پێچەوانەی هەموو بنەماکانی مارکسیزمە و هیچ کام لەو بنەمایانەی تێدا نین کە مارکسیزم بانگەشەیان بۆ دەکات، یان دەبێت جەخت لەسەر سۆشیالیزمباوەڕیی ئیسلام بکەنەوە و ڕێز لە مارکسیزم بنێن لەبەرئەوەی لایەنی کەم هەندێک لەو بنەمایانەی تێدا هەن کە پێشتر ئیسلام بانگەشە و داوای کردوون. بەڵام کاتێک دێن دژایەتیکردنی سەرسەختانەی بنەماکانی مارکسیزم و جەختکردن لەسەر ئەوەی ئیسلام بەر لە مارکسیزم بانگەشەی بۆ ئەو بنەمایانە کردووە پێکەوە کۆ دەکەنەوە، ئەوە شتێکە نە هیچ ئەقڵێک دەیبڕێت و نە لە هیچ لۆژیکێکیشدا جێی دەبێتەوە.
ئێستا با لە مشتومڕەکەماندا هەنگاوێکی تر بچینە پێشەوە و بپرسین: ئایا دکتۆر مستەفا مەحموود و هەر نووسەرێکی تریش کە ئەو ئاراستە و ڕێگایە دەگرێتە بەر، دەیتوانی لەنێو ئیسلامدا نموونەی ئەم بنەمایانە: ڕی نەدان بە جیاوازیی چینایەتی، دەستوەردانی دەوڵەت لە ئابوورییدا، بدۆزێتەوە، ئەگەر مارکس خۆی و بێجگە لە مارکس لەو بیرمەندانە کە بانگەشەیان بۆ ئەو بنەمایانە کردووە پەیدا نەبوونایە؟ دکتۆر مستەفا مەحموود بە شێوازی "گەڕانەوە بەرەو دواوە" ئەو بنەمایانەی دۆزیوەتەوە و پێی وایە پێشتر لەوێ لە ئیسلامدا هەبوون، بەڵام چاوەڕوانی کەسێک بوون پەردەیان لەسەر هەڵبماڵێت. بەڵام کاتی دۆزینەوەیان نەهاتبوو تا ئەو دەمەی بیرمەندێکی سادە لە بەندە گەداکانی خودا لە نموونەی من و تۆ دۆزییانەوە، تەنها ئەو کاتیش دکتۆر مستەفا مەحموود و نووسەرە هاوشێوەکانی لەنێو دەقی ئایینییدا دۆزییانەوە. بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە لەڕاستییدا هیچ کەس باسی سۆشیالیزمی لە ئیسلامدا نەکردووە تەنانەت بەشێوەیەکی سادەش تەنها لەپاش سەرهەڵدانی سۆشیالیزم نەبێت. هاوکات دەقی ئایینیی لەنێو ئەو جڤاکە ئیسلامییانەدا کە لەبەر بڕێک هۆکاری "دونیایی" ڕووت قینیان لە سۆشیالیزمە، بە هیچ جۆرێک بەو شێوەیە ڕاڤە ناکرێت هەڵگری واتای نەهێشتنی چینەکان یاخود دەستگرتن بەسەر موڵک و سامانی دەوڵەمەندەکان لەپێناو بەرژەوەندیی هەژاران یاخود دەستوەردانی دەوڵەت لە ئابووریدا و ئاراستەکردنی لەلایەن خۆیەوە بێت.
ئێمە شتێکی نوێ ناڵێین ئەگەر پێمان وا بێت هەر سەردەمەو دەقی ئایینیی بە گیانێکی هەڵهێنجراو لە بارودۆخەکەی خۆی و ئەو قۆناغە لە پێشکەوتن کە پێی گەیشتووە "دەخوێنێتەوە". ئەگەر دەقی ئایینیی هەموو شتێک لە ڕابووردوو و ئێستا و داهاتووی مرۆڤەکانی تێدا پارێزراو و هەڵگیراو بووایە، ئەوکات مرۆڤەکان چی تر پێویستیان بە هەوڵدان و بیرکردنەوە و زانست نەدەبوو و تەنها بە خوێندنەوەی دەقەکە و دەقاودەق جێبەجێکردنی بەسیان دەکرد. هەر بۆیە ئەو بۆچوونەی پێی وایە هەرچی شتێک مرۆڤ لە ئێستا و داهاتوودا پێویستی پێیەتی لەنێو دەقی ئایینییدا هەیە، بۆچوونێکە داوا لە مرۆڤەکان دەکات بۆ خۆیان بە چوار مشقی دابنیشن و هیچ نەکەن و پێش نەکەون و هەوڵ بۆ داهاتوویان نەدەن.
دەمەوێت بڵێم من لەو خاڵەدا بە تەواوی هاوڕای ئەو بۆچوونەم دکتۆر مستەفا مەحموود لە یەکەم پەرەگراف کە لەم وتارەمدا لە کتێبەکەیم وەرگرت گوتویەتی. بەڵام ئەو شتەی من جەختی لەسەر دەکەمەوە و تیایدا لەگەڵ ئەو و خاوەنی ئەو هەوڵە زۆرانەدا ناکۆکم کە بە هەمان ڕێچکەدا دەڕۆن، ئەوەیە مادامەکی دانایی خودایی ویستویەتی دەقی ئایینیی ببێتە پاڵنەرێک بۆ مرۆڤ تاکو کار بکات و زیاتر بەرەو لوتکە هەڵبکشێت، ئەوە هەوڵدانی مرۆڤە لە هەر سەردەمێک لە سەردەمەکاندا کە توانای ئەوە بە مرۆڤ دەدات لەنێو دەقێکی ئایینییدا چەندین واتای گۆڕاو و پێشکەوتوو بدۆزێتەوە، بەم پێیە بوونی دەق ڕێگر نییە لەوەی مرۆڤەکان لە بیرکردنەوەیاندا بەشێوەیەکی سەربەخۆ ڕێ بکەن. بەکورتی، دکتۆر مستەفا مەحموود شایانی ڕێزلێنانە بۆ ئەو تەقەللایەی داویەتی و بەر لە ئەویش دەیان کەسی تر داویانە تاکو لەنێو دەقی ئایینییدا چەندین بنەمای سەرەکیی نێو سۆشیالیزم بدۆزێتەوە، بەڵام نە ئەو و نە کەسی تری بێجگە لە ئەو دەیتوانی ئەو دەقە بەشێوازێکی سۆشیالیستییانە ڕاڤە بکات ئەگەر سۆشیالیزم لە شوێنێک لە دونیادا و بە هەوڵی مرۆڤێکی وەک من و تۆ سادە پەیدا نەبووایە.
لە کۆتاییدا دەگەمە ئەو تێبینییەی ڕەنگە گرنگترین شت بێت لەنێو ئەو کتێبەدا سەرنجمی بە لای خۆیدا ڕاکێشا، ئەو شتەش نزمیی ئەو ئاستەیە تیایدا مشتومڕ سەبارەت بە بابەتی مارکسیزم کراوە و نووسەر هاتووە ژمارەیەک لەو کڵێشە ئامادە و حازر بەدەستانەی دووبارە کردووەتەوە کە لایەق بە هیچ لێکۆڵەرێک نین بیەوێت لە بابەتەکەدا قووڵ ببێتەوە. لێرەشدا دەگەمە ڕەخنەی دووەمم کە پێشتر ئاماژەم بۆ کرد ئەویش بەدحاڵیبوونە لە مارکسیزم، پاش ئەوەی لە قسەکردن لەسەر ڕەخنەی دووەم کە دژوازییە لە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەدا تەواو بووم.
لەو نووسینە بازاڕیی و ئاستنزمانەدا کە لەسەر مارکسیزم نووسراون، ئەو گوتەیە بەربڵاو و باوە کە دەگوترێت مارکسیزم فەلسەفەیەکە مرۆڤ دەکاتە بەندەی پارە و ماتەریال، هەروەها وا باوە بەوە ڕەخنە دەکرێت دەگوترێت لەنێو مرۆڤدا شتێک هەیە لە پارە و ماتەریال گرنگترە و مرۆڤ تەنها بە نان ناژی و هزری مارکسی تەنها ددان بە شتی ماتەریالیدا دەنێت و هەرچی پاڵنەرە ڕۆحی و بەها ئاکاریی و بنەما واتاییەکانە بە لاوەیان دەنێت. خاوەنی ئەو لێکدانەوە بازاڕییانەش یان خەڵکانێکن ئەو شتانە دەجوونەوە و دەڵێنەوە کە پێشتر لە هەندێک کتێبی بێنرخدا خوێندویانتەوە، بێئەوەی بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بەشێوازێکی زانستی خۆیان ماندوو بکەن، یان خەڵکانێکن بەرژەوەندییەکیان لەو شێواندنەدا هەیە. جێی داخە دکتۆر مستەفا مەحموود لەنێو نووسینەکانیدا شوێن ئەو ئاراستەیە کەوتووە و هەوڵی نەداوە بە قووڵی لەو بابەتە گرنگ و زیندووە بکۆڵێتەوە، بەڵکو بە دوور دەزانرێت تاکە سەرچاوەیەکی بنچینەیی مارکسی خوێندبێتەوە، چونکە ئەگەر بەو جۆرەی بکردایە، کتێبەکانی پڕ نەدەبوون لەو پێشداوەریی و داوەرییە خێرایانەی بوونەتە بنێشتە خۆشەی بن ددانی خەڵکانێکی ساویلکە و نیاز خراپ.
وەک پێشتریش گوتم، نووسەر مافی خۆیەتی ڕەخنەی مارکسیزم بکات، بەڵام ئەگەر ئەو ڕەخنەیەی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ دانەمەزرابێت، دەگۆڕێت بۆ چەکێک بە ڕووی خۆیدا هەڵدەگەڕێتەوە و خۆی دەپێکێت. لە وڵاتانی خۆرئاوا ڕەخنەکارانی مارکسیزم زۆرن دژایەتی مارکسیزم دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکی ئەوەندە قووڵ مشتومڕی لەبارەوە دەکەن شایانی ڕێزە، بەڵام چیرۆکی ئەوەی مارکسیزم شوێن شتە ماتەریالییەکان کەوتووە، بالۆرەیەکە تەنها لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا دەگوترێتەوە و خەڕەکێکە تەنها بۆ ئەو گەلانە دەڕێسرێت کە ئاستێکی نزمی ڕۆشنبیرییان هەیە، بەو هیوایەم ئێمە لە ڕیزی ئەو گەلانەدا نەبین.
مارکس، لە ڕوانگەی دکتۆر مستەفا مەحمووددا، بڕوای بە "ئاژەڵایەتیی مێژوو" هەیە (ل٣٠)، لە جڤاکە سۆشیالیستییەکاندا "لەوە تێ ناگەن کە مرۆڤ تەنها سک و غەریزە نییە" (ل٧٤)، هاوکات "هەڵەی هزری ماتەریالی ئەوەیە پێی وایە سێ ژەم خواردنی چەور و خەرجی و پۆشاک و دەرمان، دەشێت دڵنەواییەکی بەس بێت بۆ مرۆڤێک دەزانێت بۆ ئەوە لەدایک بووە تاکو بمرێت" (ل١١).
هەروەها لە هەموو لاپەڕەیەک لە لاپەڕەکانی کتێبەکەدا نووسەر ئەو تێکەڵکردنە باوەی وشەی "ماتەریالیزم" کە مارکس و ئێنگڵس وەک ناوێک ڕێبازەکەی خۆیانی سەبارەت بە فەلسەفە و کۆمەڵ و مێژوو پێ ناودێر دەکەن لەگەڵ هەوڵدان بۆ پارە و کەوتنە دوای ژیانێکی ئاژەڵییانە و خەمی تێرکردنی سک و غەریزەکان دووبارە دەکاتەوە.
ئەگەرچی من پێم وایە دەتوانرێت لە زۆر ڕووەوە ڕەخنەی مارکسیزم بکرێت، بەڵام ئەو ڕەخنەیە بەتایبەتی زۆر لە ڕۆحی مارکسیزمەوە دوورە، بەڵکو مارکسیزم لە بنچینەدا تەنها بۆ دژایەتیکردنی کەوتنە شوێن قازانج و پارە پەیدا بووە، بێجگە لە پەلاماردانی چاوچنۆکیی و چڵێسیی سەرمایەدارییش کە مرۆڤی کردووەتە ئاژەڵێک پارووە نان لە دەمی برای مرۆڤی دەڕفێنێت، هیچ پاڵنەرێکی تری نەبووە. هیچ شێواندنێکیش بەقەدەر ئەو شێواندنە دوور نییە لە ڕاستییەوە کە ناوی "ماتەریالیزم"، کە مارکسیزم وەک ناوێک لە خۆی ناوە، لەپێناو بڵاوکردنەوەی ئەو باوەڕەدا بقۆزرێتەوە و بەکاربهێنرێت کە مارکسیزم داوا لە مرۆڤ دەکات هێندە ڕا بکات بە شوێن پارەدا هەناسەی خۆی سوار بکات، چونکە ئەوە کتومت ئەو شتەیە کە مارکسیزم لەبارەیەوە ڕەخنەی سەرمایەداریی دەکات.. هەر ئەویش وای لە مارکسیزم کرد هەوڵی لەناوبردنی ڕژێمی سەرمایەداریی بدات و ڕژێمێکیی سۆشیالیستیی مرۆڤدۆستانەتر بکاتە شوێنگرەوەی.
جەنابی دکتۆر مستەفا مەحموود، سەبارەت بەم دەستەواژەیە دەڵێیت چی: "مرۆڤ بەو ڕادەیە دەوڵەمەندە کە هەیە، نەک بەو ڕادەیەی کە هەبووە"؟ دەزانیت ئەوە گوتەی کێیە؟ ئەوە گوتەی کارڵ مارکسە، لەنێو کتێبی "سەرمایە"کەیدا وای گوتووە کە گەورەترین کتێبێتی. ئەی سەبارەت بەم دەربڕینە ڕات چییە کە باسی دۆخی کرێکار دەکات لە کۆمەڵی سەرمایەدارییدا: "کرێکار لە کارەکەیدا بوونی خۆی ناسەلمێنێت بەڵکو ڕەتی دەداتەوە، هەستیش بە بەدبەختیی دەکات نەک بە ئاسوودەیی و ڕەزامەندیی، ئازادانەش پەرە بە توانا جەستەیی و دەروونییەکانی خۆی نادات بەڵکو جەستە و دەروونی خۆی تێکدەشکێنێت.. لە ئەنجامی ئەوەشدا مرۆڤ هەست دەکات تەنها لە ئەرک و فەرمانە ئاژەڵییەکانیدا ئازادانە ڕەفتار دەکات.. واتە لە خواردن و خواردنەوە و زاووزێ کردندا. هەرچی لە ئەرک و فەرمانە مرۆییەکانیشدایە (واتە لە کارکردن و بەرهەمهێناندا) تەنها هەست بە ئاژەڵایەتیی خۆی دەکات. بەو جۆرە ئاژەڵیی دەبێتە مرۆیی و مرۆییش دەبێتە ئاژەڵیی"، دەزانیت ئەوە قسەی کێیە؟ ئەوە قسەی مارکسە لە "دەستنووسە فەلسەفی و ئابوورییەکان"دا کردوویەتی.
ئەو ڕەخنەیەت بیستووە کە مارکس ڕەخنەی بیرۆکەی قازانج لە ڕژێمی سەرمایەدارییدا دەکات، ئاخۆ دەزانیت لە جیهانی ئەمڕۆدا یەکەم شت کە سەرمایەداریی بە هۆیەوە بەرگریی لە خۆی دەکات ئەوەیە کە پاڵنەری قازانج (واتە دەستکەوتی ماتەریالی) لای مرۆڤ پاڵنەرێکی بنەڕەتییە؟ من نامەوێت بەرگریی بکەم یاخود پەلامار بدەم، بەڵکو تەنها ئەم ڕاستییە گشتییە دەسەلمێنم: مارکسیزم لە بنەڕەتدا تەنها و تەنها بۆ قەڵاچۆکردنی بنەمای قازانجی ماتەریالی وەک پاڵنەرێک بۆ کارکردنی مرۆڤ لە ڕژێمی سەرمایەدارییدا پەیدا بووە.
ئاخۆ هیچت سەبارەت بەو شیکارییە بیستووە کە مارکس بۆ بیرۆکەی "بە شت بوون"ی دەکات؟ مارکس لەنێو ئەو شیکارییەدا دەڵێت مرۆڤ لە ڕژێمی سەرمایەدارییدا بووەتە "شت" دەفرۆشرێت و دەکڕدرێت و نرخەکەی لە بازاڕی خستنەڕوو و خواستدا بەرز و نزم دەکات، ئەوە تەنانەت لەسەر هەست و سۆزە مرۆییەکانیش ڕەنگیداوەتەوە"، ئەوانیش بە هەمان شێوە وەک ئەو کاڵایانەیان لێ هاتووە کە لە بازاڕدا دەخرێنە ڕوو و سواوە، چاوچنۆکیی دایپۆشیوە و مەبەست و بەرژەوەندییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە. شیکارییکردنی ئەو دیاردەیە بەشێکی زۆر لە کتێبە سەرەکییەکەی مارکسی داگیر کردووە، پێت وا نییە پێویستە شتێک لەوە بخوێنیتەوە بەرلەوەی لەنێو خەڵکدا کتێبێک سەبارەت بە مارکسیزم بڵاو بکەیتەوە؟ ئەگەر خوێندوشتەتەوە، چۆن ڕات بینی قسەڵۆک و داوەریی سواو سەبارەت بەوە بجوویتەوە و دووبارە بکەیتەوە کە مارکسیزم بانگەشە بۆ تێرکردنی سک و پڕکردنی گیرفان دەکات، لە کاتێکدا نووسینەکانی مارکس پڕن لە بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤایەتیی بۆ مرۆڤ و ڕزگارکردنی لە باڵادەستیی پاڵنەرەکانی بازاڕ کە لە ڕێزی مرۆڤ کەم دەکەنەوە و دەبنە ڕێگر لەوەی گوزارشت لە خۆی بکات.
ڕاڤە و لێکدانەوە بازاڕییە باوەکان، لەسەر بناغەی تێگەیشتنێکی ڕووکەشانە لە دەستەواژەی لە نموونەی "ماتەریالیزمی دیالەکتیک" و "ماتەریالیزمی مێژوویی" و "لێکدانەوەی ئابوورییانەی مێژوو" دامەزراوە. بەڵام ئەو لێکدانەوە ئابوورییانەیەی مێژوو، سنووری خۆی هەن کە خاوەنی ئەو لێکدانەوانە نایزانن. چونکە مێژوو لە دیدی مارکسدا، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ مێژوویەکی "چینایەتی" بووە، لەو چەشنە مێژووەشدا دەبێت ئەوە پاڵنەرە ئابووریی و ماتەریالییەکان بن بەسەر مرۆڤدا باڵادەستن. بەڵام کاتێک مرۆڤ قۆناغی چینایەتی تێدەپەڕینێت و ئەو مێژووە "ڕاستەقینە"یە دەست پێ دەکات کە تیایدا هەموو دەرکەوتنەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە پایەماڵ دەکرێت، ئەوکات هیچ بوارێک بۆ لێکدانەوەی ماتەریالییانەی دیاردە مرۆییەکان نامێنێت، لەبەرئەوەی ئەوکات مرۆڤ بەسەر باڵادەستیی پاڵنەرە ماتەریالییەکاندا زاڵ بووە و ئامانجی بووەتە ئەوەی بەهرە و توانا مرۆڤاییەکانی خۆی باڵا بکات، لە سەردەمێکی لەو چەشنەشدا، مێژووی ماتەریالی هیچ واتایەکی نامێنێت.
بە دەستەواژەیەکی تر، ئەو قۆناغەی مارکسیزم خەونی پێوە دەبینێت و بەوپەڕی هێزی خۆی لەپێناو بەدیهێنانیدا تێدەکۆشێت، قۆناغێکە لێکدانەوەی ماتەریالییانەی مێژوو بەسەریدا جێبەجێ نابێت. بەڵام لە قۆناغی ڕابووردوو و ئێستادا، کە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە تیایدا بەربڵاو و باوە، هەر پاڵنەرە ماتەریالییەکان جڵەوی ڕەفتار و فەلسەفە و هەڵسوکەوت و هونەرەکانی مرۆڤیان لەنێو دەستدا دەبێت، واتە ڕۆح وەک خۆی هەر بە کۆتکراوی کۆتەکانی ماتەریال دەمێنێتەوە.
ئەو لێکدانەوەیە واتای ئەوە دەگەیەنێت لێکدانەوەی ماتەریالی بەسەر قۆناغی "داڕمان"ی مرۆڤایەتیدا جێبەجێ دەبێت ئەگەر بشێت ئەو دەربڕینی "داڕمان" کە دەربڕینێکی ئایینییە، بەکاربهێنم، بەڵام لە قۆناغی "ڕزگاربوون"دا، چی تر ئەو لێکدانەوەیە هیچ واتایەکی نامێنێت، چونکە ئەو بناغەیەی لەسەری دادەمەزرێت و کە دابەشکردنی چینایەتیی مرۆڤەکانە، چی تر بوونی نامێنێت.
ڕەنگە ئەو بۆچوونە مارکسییانەیە زیاد لە پێویست خەیاڵیی بێت، لەوانەشە هەڵەی زۆری تێدا بێت، یاخود یەکێک بێت لەو پێشبینییانەی بەدی نەهاتووە.. هەموو ئەوانە دوور نین و ڕێیان تێ دەچێت و، من یەکەم کەسم ددان بەوەدا دەنێم مارکسیزم بەری و خاوێن نییە لە هەڵە و، ئەوانەی بەو جۆرە لە داوەرییەکانی دەڕوانن وەک ئەوەی لە ئاسمانەوە دابەزێنرابن، زیانی زۆریان پێ گەیاند، هەروەها من یەکەم کەسیشم ددان بەوەدا دەنێم زۆرێک لە پراتیکەکانی مارکسیزم بڕێک لە شێواندنی تێدا هەن کەم نین. بەڵام ئەوانە شتێکن و شێواندنی ڕاستیی زانستیی فەلسەفەیەکیش شتێکی ترە. هەر کەس سەرچاوە بنچینەییەکانی خوێندبێتەوە و گەڕابێتەوە بۆیان، ئەستەمە بتوانێت بەڵێ بۆ ئەو لێکدانەوە بازاڕیی و سواوانە بکات.
ئەرکی نووسەری دڵسۆز بەرامبەر بە خوێنەرەکانی کە متمانەی خۆیانی پێ دەبەخشن و لەو شتانەدا دەیکەنە ژێدەر و سەرچاوەیەک بۆ خۆیان کە خۆیان بە تەنها ناتوانن بیانزانن، ئەوەیە لەگەڵیاندا ڕاستگۆ بێت و لە بریی ئەوان ئەرکی گرانی گەڕان و لێکۆڵینەوە و کنەکردن بگرێتە ئەستۆ و، پێویستیی ئەوان بۆ زانین لەپێناو سەپاندنی بڕێک بۆچوونی کەموکووڕ یاخود شێواودا نەقۆزێتەوە، یاخود لەپێناو پەلەکردن لە نووسینی هەر شتێکدا کە بە خەیاڵدا دێت، پشتئەستوور بەوەی چاپخانەکان چاوەڕوانن و خوێنەریش مسۆگەرە.
ئەوە وەک نووسەرێک و وەک ڕۆشنبیرێک و وەک موسوڵمانێک ئەرکی سەر شانی تۆیە دکتۆر مستەفا مەحموود کە لەگەڵ خوێنەرانتدا ڕاستگۆ بیت و زانیارییەکانیان دڵسۆزانە و لە سەرچاوە ڕاستەقینەکانیانەوە بۆ بگوازیتەوە، لەپاش ئەوە چۆنت پێ خۆشە ڕەخنەی مارکسیزم بکە، مادام بەو ڕادەیەی پێویستە تاکو ڕاستگۆیانە گوزارشت لە بۆچوونەکانی بکەیت خوێندوتەتەوە.
دواجار ئاواتێکم هەیە دەخوازم تۆ بۆم و بۆ خوێنەرە زەوەندەکانتی بهێنیتە دی، ئەویش ئەوەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان (کاری چاکەش تا زوو بکرێت چاکترە) کتێبێک سەبارەت بە "سەرمایەداریی و ئیسلام" بنووسیت، تاکو وێنەکەت لای خوێنەر، وەک بیرمەندێک کە تەنها ئیسلام سەر دەخەیت نەک ئەم یاخود ئەو باوەڕی تر، تەواو کامڵ ببێت. من بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەو کتێبەت دەکەم، تەنها تکاشم، دیسان لەم دۆخەدا، ئەوەیە دەرفەتی تەواو بدە بە هزری سەرمایەداریی تاکو لە ڕێگای سەرچاوە بنچینەییەکانییەوە گوزارشت لە خۆی بکات، بۆ ئەوەی هیچ کەس تۆمەتبارت نەکات بەوەی زوڵمت لە سەرمایەداریی کرد، وەک چۆن ستەمت لە مارکسیزم کرد!
