هۆشیاری عەبدولعەزیز 

  یەكێك لە مەترسییە هەرە گەورەكانی بەردەم داهاتووی هەر دەسەڵات و سێستەمێكی سیاسی، لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتی و ڕەوایەتیی مانەوەیەتی لە پێگەیەكی بێزراودا. واتا ڕەوایەتی مانەوەی سیستەمی سیاسی حوكمڕان راستەوخۆ بەندە بە متمانەی هاووڵاتییانەوە و دروستبوونی هەر قڵش و درزێكی بچووكیش لەو نێوانەدا گوماندەخاتە سەر پرۆسەی سیاسی و ئەو جۆرە حوكمڕانییەی كە لە كۆی كایەی گشتیدا بانگەشەی فۆرمێكی جیاوازی ئیدارەدانی كۆمەڵگە دەكات . 

بەپێی دید و تێڕوانینی زۆر لە شارەزایانی فەلسەفەی سیاسیش، متمانەی سیاسی دەشێ وەك گەورەترین هێزی پاڵپشتی جەماوەری وێنابكرێت و لەخۆیدا كاریگەریی گرنگی دەبێ لەسەر داهاتووی كۆمەڵگە و ئەو ڕەوتە سیاسییەی كە ئیدارەی دەوڵەت دەدات، پێچەوانەش كاتێك پارتێكی سیاسی حوكمڕان بەهۆی گەندەڵی و داچۆڕانی ئەخلاقی و سەرهەڵدانی ستەمكارییەوە گڵۆڵەی دەسەڵاتەكەی دەكەوێتە لێژی و توانای هیچ جۆرە بەرگرییەكی نامێنێ، دواجار وەك ئەزموونی وڵاتانی بەهاری عەرەبی و ئێستای نیپاڵی بەسەردێت و دەكەوێتە زبڵدانی مێژووەوە و تا ماوەیەكی زۆر درێژ و بەئەستەم دەتوانێ جارێكی تر لە كایەی سیاسی و پرۆسەی حوكمڕانیدا بەردەوامبێت و متمانەی سیاسی بەدەستبێنێتەوە وەك ئەوەی لە پێشتردا بەدەستیهێنابوو. 

هەر بۆیە كاتێك هاووڵاتی متمانەی بە دەسەڵات و حزب و ڕەوتە  سیاسییەكان و كارەكتەرە دەسەڵاتدارەكان و سیستەمی حكومڕانی نامێنێت،  لەخۆڕا نییە و پێیانوایە ئیتر شتێك نەماوەتەوە بەناوی خزمەتی گشتی و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانەوە و پێچەوانە ئەم نوخبە حوكمڕانە جگە لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و ئەنجامدانی ستەمكاری و كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگە و داگیركاری گشتی، چیتر هیچ بەها و نرخێكیان نییە و لە هەموو ئاكار و ئەخلاقێكی جوان داشۆراون. 

ئەم جۆرە تێگەیشتنەی هاووڵاتییان و كۆمەڵگە بەگشتی، تەنها لە شتی لاوەكی و ڕووداو و دیاردە وردەكانەوە سەرچاوەناگرێت، بەڵكوو تێگەیشتنێكە لە كەڵەكەبوونی دەیان و سەدان قەیرانی جۆراوجۆر و ناشایستە بە بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی خەڵكەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆكاری نەمانی متمانە لە نێوان كۆمەڵگە و دەسەڵاتدا. 

كاتێك ئەمە لە كۆمەڵگەیەك ڕوویدا، ئیتر هەموو شتەكان وەك ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێ، دەگۆڕێ بەئاراستەی دەسەڵات لە دۆڵێك و هاووڵاتی لە دۆڵێكی تر و هیچ نرخ و بەهایەك نامێنێتەوە بۆ بەرجەستەكردنەوەی متمانەی سیاسی نێوان ئەم دوو دۆڵە و دەگاتە ئاستێك،  كە فاكتەرەكانی بەخشینی ئەو متمانەیە بەیەكجاری لەنێوبچێت و هیچ نەمێنێتەوە، چونكە لێرە لەم كۆمەڵگەیە وێڕای هەموو مەترسییە دەرەكی و نێودەوڵەتییەكان و ئەو ڕووداوگەلە سیاسی و سەربازییانەی لە دەوروبەرماندا دەگوزەرێن، ئەحزابی حوكمڕان بەردەوامن لە ناشیرینكردنی سیاسەت و خراپ بە كارهێنانی سوڵتەی حوكمڕانی و تێكدانی ژینگەی سیاسی و  شێواندنی كۆمەڵگە و شەرمەزاركردنی ئیرادەی گشتی خەڵك و هیچ باكیان بە پرۆسەی گۆڕانكارییە ناوچەیی و جیهانییەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی كۆمەڵگە نییە و  ئەم حاڵەتەش سەر دەكێشێ بۆ مەترسی زیاتر و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی كۆمەڵگە هیچ جیاوازییەك نەماوەتەوە لە نێوان ئەوەی كە ئێمە هەین یان نین . 

واتە ئەحزابی حوكمڕان لە هەرێمی كوردستاندا بەجۆرێك متمانەیان شكاندووە، خەڵك متمانەی بە كۆی سیستەمی سیاسی لە نزمترین ئاستدا نییە،  كاتێك متمانەش بە سیستەمی حوكمڕانی تیاچوو، نوخبەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی و یاساییەكان هیچ بایەخێكیان نامێنێ و كۆتاییدێت. لەدەستدانی متمانە بەگشتی و لە دەستدانی متمانەی سیاسی بەشێوەیەكی تایبەتی مەترسییەكی گەورە و كوشندەیە و دەتوانێ زۆر بەخێرایی ژینگەی ژیان لەم قەوارەیەدا تێك و پێكبدات، هەر بۆیە بەشێك لە چاودێرانی سیاسی و پسپۆرانی ئەو بوارە پێیانوایە سیاسەتكردن لە هەرێمی كوردستاندا، هیچ خەسڵەتێكی زانستی سیاسی تیانەماوەتەوە و دەرهاویشتەكانیشی كێشە و حاڵەتی جۆراوجۆری لێكەوتۆتەوە، هەرچی خەڵكە گشتییەكەشە پێیانوایە سیاسەتكردن بەو شێوەیەی كە ئێستا دەگوزەرێت، تەنها ئاو لەژێرپێكردنە و درۆیەكی شاخدارە، ئامانجەكەی قازانجێكی بازرگانییە و هیچی تر. 

لە سیاسەتیشدا ئەگەر مۆراڵ و ڕاستگۆیی وەك پێویست نەبوو، ئیتر دەسەڵاتداران بەئارەزووی خۆیان یاری بە خەڵك و ئیرادەی گشتی دەكەن و كۆمەڵگەش تووشی جۆرێك لە داڕوخان و هەڵوەشاندنەوەی زیاتر دەبێتەوە، لە كاتێكدا لەهەلومەرجێكی وا هەستیاری ئەمڕۆی كوردستانیشدا، خەڵك پێویستیی بە ژیان و گوزەران و ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری گشتی هەیە، چونكە پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگە و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و سەروەریی یاسا و دابینكردنی پێداویستییەكانی گوزەرانی خەڵك دەكەوێتە ئەستۆی ئەو حكومەتەی كە دەسەڵاتی سیاسی لەدەستە و دەبێ بەباشترین میكانیزم مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكرێ، كە لە ئێستادا دەبینرێ. بێگومان نەمانی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات درز و قڵشی زۆر گەورەی تێكەوتووە و متمانەی هاووڵاتی بە دەسەڵات نەماوە، بەشێوەیەك هەرچی دەسەڵات دەیڵێت هاووڵاتی باوەڕناكات و بە نەیاری خۆی دەیبینێ و هەستناكات حزب و حوكمڕانی ئەم وڵاتە لە بەرژەوەندیی خەڵك و كۆمەڵگە پلان و نەخشەی سیاسی دادەڕێژن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەو تێگەیشتنە لە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات دروستبووە، گەورە و فراوان دەبێت، ئەمەش لە دەرئەنجامی كۆمەڵێك هۆكارەوە دروستبووە كە بەدرێژایی زیاتر لە چارەگە سەدەیەكە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا كار لەسەر زیاتر تێكدانی دەكات و نایانەوێ چارەسەری بكەن . 

بەكورتی، بێباكیی دەسەڵات لەم پرسە و نەخوێندنەوەی بۆ كێشە و ئاریشە گشتییەكە، تێگەیشتنی هاووڵاتی گەیاندۆتە ئاستێك هەستدەكات كێشەكان تەنها فاكتەرە دەرەكییەكان نییە و پەیوەندییی بەو بێباكییەوە هەیە كە دەسەڵات دەستی داوەتێ و تەنها خەریكی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەتی ،  كاتێك هاووڵاتی دەبینێت نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدار و كارەكتەرە مشەخۆرەكان لە ژیانێكی شاهانەدا دەژین و كێشە ئابوورییەكان كاریگەرییان لەسەریان نییە، لە كاتێكدا خەڵكی ئاسایی بەدەست نەبوونییەوە دەناڵێنن، هەستێكی قووڵی جیاكاری و ستەملێكراوی لا دروستدەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری لەدەستدانی متمانە، كاتێك متمانەش نەما، پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات دەبێتە پەیوەندییەكی دوژمنكارانە و ئەوەی لێ دەردەچێ كە ئێستا دەیبینین.

وتاری نووسەران