
کرمانج زرار
کتێبی "بازیان مێژوو و گەشەسەندنی" بەرهەمی هەردوو نووسەر کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەدە. کتێبەکە گوزارشتە لە مێژوو و لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی ناوچەکە هەر لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ. بەرگوزارکردنی ئەم کارە، لەو کەڵکەڵەیە قوتاری کردم کە دەمێک بوو لە سەرمدا دەهات و دەچوو. دەمپرسی ئەم بازیانە پان و بەرینە، بەو ڕەشەخاک و پڕ هەمەجۆرییە، ناکرێ و ناشێ بێ چالاکیی مێژوویی و شوێنەواری بێت. ناکرێت مێژینەی ئەم خاکە هەروا پەرش و بڵاو بمێنێتەوە.
حاجی تۆفیق "پیرەمێرد"ی نووسەر و شاعیر دەڵێ: ئەگەر بتەوێت خەڵکی وشیاریان هەبێت، تەنها چارەسەر، ئاشنابوونیانە بە مێژووی ناوچەکەیان، تا بزانن ئەو خاکەی تێیدا دەژین پێشینانیان کێ بووە[1].
وا ئەمجارە، ئەم کتێبە کەوتە بەردەستمان بە قەبارەی ٥٥٠ لاپەڕە. لە بنەڕەتدا، کتێبەکە هەوڵی هەردوو نووسەرە. ماندوونەزانانە بە شوێن کۆکردنەوەی سەرچاوە و دەیان بیرەوەریی و بەسەرهاتی هەمەجۆردا گەڕاون. ڕەنجی ئەوان بە ڕوونی لەناوەڕۆکی کتێبەکەدا دیارە و قۆناغ بە قۆناغ و بابەت بە بابەت شیکراوەتەوە. ئەمە یەکەمین بەرهەمێکە لەسەر بازیان ئەنجامدرابێت کە بەم جۆرە پڕ زانیارییە لە دووتووێی کتێبێکدا پێشکەش بکرێت. ماوەی چەند ساڵێکە نووسەران سەدان سەعاتی خۆیان بۆ ئەم کتێبە تەرخان کردووە و سەردانی وڵاتانی وەک تورکیا و ئەردەنیان کردووە. وا من لای خۆم خوێندمەوە و موتاڵایەکم بۆ کردووە،ڕەنگە موتاڵاکە زۆربێت، بەڵام دەبوو وابێت.
جوگرافیا و ئاو و هەوا
سەرەتای کتێبەکە بۆ جوگرافیای ناوچەی بازیان تەرخانکراوە. دەرخەری ئەوەیە شوێنێکە تەواو گونجاوە بۆ ژیانکردن و قابیلیەتی کشتوکاڵ و چالاکیی مرۆیی هەیە. زۆر باس لەوە دەکرێت، لە کۆندا بازیان دەریاچەیەک بووبێت یان دەریاچەیەکی هەبووبێت. لەناو خەڵکیدا وا باوە ئاوی ژێر زەوی بازیان بارتەقای دەریایەکە. هەر ئەو باسە جوگرافییە لە کتێبەکەدایە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە بازیان لەم نێوەندەدا بەرز و نزمی شوێنەکە جیاوازیی پێداوە. بازیان لە ناوەندی گەرمیان و کوێستاندا بارێکی گونجاوی بۆ ڕەخساوە. کاریگەریی و گۆڕانە جوگرافییەکان ئاوی ژێر زەوی بازیانی چەند هێندە کردووە. سەرچاوە ئاوییەکانی بازیان بۆ خۆی جێگەی توێژینەوە و باسێکی سەربەخۆیە. بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ڕەگێکی کۆن و قوڵی هەیە لە ناوچەکەدا و تا ئەم ساتەش ئەو سەرچاوانە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.
ئەوەی گرفتی سەرەکییە کە بەم دواییانە دروست بووە ژینگەی بازیانە. هەڵکەندنی بیر بە بێ بەرنامە و پلان، یەکێکە لە کێشەکان. لەم چەند ساڵەی بێ بارانیدا، کەم ئاوی لە بازیاندا بووە بە دیاردە، ڕاستە ڕێژەی باران بارین کەم بووە، بەڵام سەرجەم ئەو بیرانەی بازیان بۆتە هۆکاری دەرهێنانی ئاوێکی لە ڕادە بەدەری ژێر زەوی ناوچەکە. کۆی ئەو ئاوەش بۆ خانووە پلاستیکییەکان بەکاردەهێنرێت کە ڕێژەیەکی ئاوی زۆری پێویستە. لە هەمان کاتدا، ناردنی ئاو لە بازیانەوە بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەم ئاوی دروستکردووە.
بازیان لە ڕووی کارگێڕییەوە
لەم کتێبەدا زۆر بە ڕوونی ئاماژە بە لایەنی کارگێڕی بازیان کراوە. من ناچمە سەر دێڕەکانی کتێبەکە لەو بارەیەوە، تەنها ئەوە گەڵاڵە دەکەم کە لەولاپەڕانەدا خوێندوومەتەوە.
مێژووی بازیان لە ڕووی کارگێڕییەوە بەندە بەو قۆناغانەوە کە دەسەڵاتی تێدا وەرگیراوە. ئەگەر لە مێژووەکە ورد ببینەوە، بازیان بە تێکڕایی نەکەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی یەک هێزەوە، بەردەوام لێرە و لەوێحوکمی بەسەردا کراوە. هەر ئەمەش بووە بە ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنی شارستانیەت لە بازیاندا. گۆڕانە خێراکانی دەسەڵات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازیان هەبووە. لە لایەکی ترەوە بوونی هەمەوەندەکان لە بازیاندا، کاریگەریی نەرێنیان لەسەر لایەنی کارگێڕی هەبووە. ئەمە بەو هۆکارەی ئەوان بوونەتە ڕێگر لە بەردەم کاروان و ئەو ڕێبوارانەی هاتووچۆیان کردووە. حکومەت ناچار بووە مەرکەز و بنکەکان چەند جارێک بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنووری بازیان. لێرەدا نابێت بازرگانی و کارگێڕی تێکەڵی یەکتری بکەین. لایەنە بازرگانییەکە هەر بەردەوام بووە بە سەرجەم ئەو قەیرانانەی هاتۆتە پێش، بەڵام بۆ لایەنی کارگێڕی جیاوازە، بوونی دەسەڵاتێکی نیوەیی لەوێدا کە ترسی لەسەر هەبووبێت، مانای لاوازی و شکانی ئەو دەسەڵاتەیە، بۆیە دەربەست بە گواستنەوە بووە. لەمەوە گەڵاڵەی گرنگتر لای من دروست بووە، تەنانەت پێش خوێندنەوەی ئەم کتێبەش، ئەو پرسیارەم بە خەیاڵدا هاتووە. ئەویش ئەوەیە، خاکی بازیان بە پیت بووە، بەڵام کەمیەتی خاکەکەی بەکارهاتووە. دیسان ئەوە دووپات دەبێتەوە، لاوازی لایەنی کارگێڕی، ڕێگای بازرگانی و بوونی هەمەوەند لە ناوچەکە لە ماوەیەکی دیاریکراودا، هەلومەرجی گونجاوی نەداوە بۆ نیشتەجێبوونی خەڵکی و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی زەویەکان.
مێژووی بازیان
بابەتی سەرەکی کتێبەکە بریتییە لە مێژووی بازیان، لەم لایەنەوە هەردوو نووسەر، هەوڵەکانیان چڕتر کردۆتەوە و گەیشتوون بەو سەرچاوە ڕەسەنانەی لە بارەی مێژووی بازیانەوە نووسراون. پێم وایە ئەم بەشەی کتێبەکە بۆ کەسانێک لە بازیان دانیشتوون، لە ماوەیەکی زۆر لەمەوپێشەوە، زوڵمێکە ئەگەر ئەو مێژووەی خاکەکەیان نەخوێننەوە، بزانن ڕابردووی ئەم ناوچەیە بەردەوام بەشێکی سەرەکی ململانێکانی نێوان دەسەڵات و حاکمە یەک لە دوا یەکەکانی بووە.
کاتێک لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی وەرگیرام. زانینی مێژووی ناوچەکەم لێ بووە خولیاو زۆر گەڕام بەشوێن ئەو سەرچاوانەی لە بارەیەوە نووسراون، زانیارییەکی نوێ و جیاوازم دەست نەکەوت. بەهۆی حەزی زانینم بۆ شوێنەوارەکان، بڕیارمدا بگەڕێم و بچمە ئەو گۆڕستان و شوێنە کۆنانە و ئەوانەش کە کنە و پشکنینیان تێدا کراوە. تێبینی چەند شوێنێک کۆنم کرد کە هیچ دەستێکی بەر نەکەوتبوو، چەند کەسێکی دانیشتووی ئەو شوێنەم دواند لە بارەیەوە. ئەوان چەندین زانیاریی گشتییان لەسەر شوێنەکە لە باپیرانیان وەرگرتبوو. قسەکانیان و شوێنەکە بەڵگەیەی تەواوکەری یەکتربوون. یەکێک لەو کەسانە لە کاتی زەوی کێڵاندا چەندین پارچەی گۆزە و شتی جیاوازی دۆزیبۆیەوە، بە سوپاسەوە لێم وەرگرت. منیش دەستبەجێ، چوومە زانکۆی سلێمانی و لە بەشی شوێنەوار نیشانی مامۆستایانی ئەو بەشەم دا و لە بارەیەوە چەند زانیارییەکی سەرەتاییان نووسی و لە مۆزەخانەی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی پاراستیان. داوام لێکردن سەردانی ئەو شوێنە بکەن، پێش ئەوەی مەترسی بکەوێتە سەر. بەداخەوە تا ئەم وەختە کەس ئاوڕی لێ نەداوەتەوە. هیوادارم هەر لەژێر ئەو خاکەدا بمێنێتەوە تا خەمخۆرانی خۆی ڕۆژێک کاری لەسەر دەکەن.
ئەمە نموونەیەکی سادەیە لە گرنگی و تایبەتی شوێنەوارەکانی بازیان. لە لایەکی ترەوە کاتێک مامۆستا ڕەفیق ساڵح بەڕێوەبەری بنکەی ژین سەرقاڵی ئامادەکردنی کتێبێک بوو لەسەر بەرهەمەکانی زانای کورد "تۆفیق وەهبی بەگ" داوای لێکردم کامێرایەک لەگەڵ خۆم ببەم و سەردانی ئەو شوێنانە بکەم کە تۆفیق وەهبی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ کردوون تا وێنەیان بگرم بۆ ناوەڕۆکی کتێبەکەی. یەکێک لەو شوێنە گرنگانە، گردی گۆپاڵە بوو. ئەم گردە لە بنەڕەتدا تەواوکەری کۆمەڵێک گردی دیکەیە کە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی تر. سەرەتای دروستبوونی ئەم گردانە زۆر ڕوون نین، هەندێک سەرچاوە دەیگێڕنەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و هەندێکی تر بۆ سەرەتای دەسەڵاتی عوسمانی لە کوردستان. ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارم لە بارەی ئەم گردانەوە، ئاخۆ چۆن دروست کراون و بۆ چ مەبەستێک بە کارهاتوون. کاتێک لە ڕێگەی کەرکووکەوە بەرەو هەولێر دەڕۆیت، تێبینی چەند گردێکی لەو شێوەیە دەکەیت. بە هەمان جۆر، کاتێک لە بازیانەوە دەڕۆیت بەرەو شارەزوور و دوورتر لە شارەزووریش، ئەم گردانە دەبینرێن. لە رێگەی مانگی دەستکردەوە لێی وردبوومەتەوە، چەندین خاڵی گرنگ لە کوردستاندا هەن، دڵنیام زۆرتریش هەیە و کاری لەسەر نەکراوە. سەرباری ئەوەی گردی گۆپاڵە چەندین شاخی لێ نزیکە، بەڵام ئەم گردە دەبینرێت، ئیتر بۆ مەبەستی چاودێری بازرگانی بەکارهاتووە یان تەنها خاڵێکی چاودێری بووە. بە هەمەحاڵ، دەرفەت هەبێت کار لەسەر ئەم گردانە دەکەم.هەروەها ژمارەی گردەکان لە کانی شایی زیاترن و چالاکیی مرۆیی لەوێ زۆرتر بووە بە بەراوردی دەربەندەکە. هەرچەندە بە بۆچوونی ئەمین زەکی بەگ، کۆنە شاری (ئۆزێ) دەکەوێت گردی گۆپاڵەوە.
ڕاستییەک هەیە، بازیان گۆڕانکاری گەورەی مێژوویی بەسەردا هاتووە، هەموو ئەوانە بەهۆی بازرگانی بەردەوامەوە بووە لە ناوچەکەدا.مێژووی کۆنی بازیان بە لەشکرکێشییەکانی ئاشورناسرپاڵ -ی دووەم بۆ سەر وڵاتی لۆلۆ و زاموا دەستی پێکردووە، میرنشینی داگارا دانیشتوانی بازیانیان پێکهێناوە. لە لایەکەی ترەوە، دوور نییە بازیان شوێنێک بووبێت بۆ بڵاوکردنەوەی بیری مەسیحیەت بەگوێرەی ئەو بەجێماو و جێ پەرستگایانە.
لە لاپەڕە ١٤٠ی کتێبەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە سوپاکەی زەینەفۆن لە لایەن کاردۆخیەکانەوە گەمارۆدراوە لە نزیک بازیان. لە ڕاستیدا سەرچاوەیەک نییە پشتڕاستی ئەوە بکات سوپاکەی زەینەفۆن و یۆنانییەکان لە نزیک بازیان گەمارۆدرابن. ئەو سوپایە بە مەرگە و دواتر دهۆک و زاخۆدا تێپەڕیون و هیچ ئاماژەیەک بۆ بازیان نییە.
بازیان گرنگ بووە بۆ میرەکانی بابان، بەگوێرەی هەڵکەوتەی ناوچەکە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی بە سلێمانی و ناوچەکانییەوە هەبووە. یەکێک لە ستراتیژییەتەکانی بابانەکان، هێنانی هەمەوەندەکانە لە لایەن ئەحمەد پاشاوە، لە بەرامبەر پێدانی زەوی. مەبەست لەم کارە، بۆ بەهێزی هەمەوەندەکان دەگەڕێتەوە لە شەڕدا. بازیان پێویستی بە چاودێری و بەرگری هەبووە لە بەرامبەر والییەکان و ئەو هێرشانەی کردوویانە بۆسەر ناوچەکانی قەڵەمڕەوی بابانەکان. بۆ ئەمەش هەمەوەندەکان باشترین ئەڵتەرناتیڤ بوونە کە ببنە لەمپەر لەبەردەم ئەو هێرشانەدا. ئەمەش سەرەتای نیشتەجێبوونی هۆزی هەمەوەندە لە بازیاندا.
وەک چۆن کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بەرەوپێشچوونێکی وای بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە دەسەڵاتی عوسمانی، بە بیانووی بوونی میرەکان، هیچ خزمەتگوزاری و هاوکارییەکی پێشکەش نەکردوون. بازیان لە سەردەمی عوسمانیدا هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆوە نەدیوە، لە کاتێکدا سەرە ڕێگە و شا دەماری بازرگانی ناوچەکە بووە. بەڵگەش بۆ ئەوانە، کەمترین شوێنەواریان لە کوردستاندا هەیە. هیچ پرد و ڕێگاوبان و خانوویەک نابینیت دروستکراوی عوسمانییەکان بێت. ئەوەش وەڵامێکە بۆ ئەوەی بازیان خاوەنی ئەو هەموو خاکە بە پیتە بووە، کەچی سوودی لێ وەرنەگیراوە. هەروەها سەردەمی عوسمانی هۆکاری دواکەوتنی کورد بووە، خوێندەواری تێیدا گەشەی نەکردووە.
سەبارەت بە کوشتنی کاپتن بۆند و کاپتن ماکانت، دەمەوێ زانیارییەک زیاد بکەم بۆ ئەم ڕووداوە. ئەم دوو کاپتنە لەگەڵ غەفووری خەجێ کە پیاوی بۆند بووە، لە لایەن کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەندەوە کوژراون لە بازیان. لە کتێبەکەدا وا باس دەکرێت پاش کوشتنیان، کۆڵۆنێڵ مینێت فەرماندەی هێزی لیڤی ناوچەی سلێمانی، بە هێزێکی گەورەوە ڕوودەکاتە تەیناڵ و لاشەی کوژراوەکان لەگەڵ خۆیدا دەباتەوە. بەڵام من لە باپیرەی خۆمم بیستووە واتا حاجی ئیبراهیم محەممەد لۆلۆ، ئەویش لە (مامە حەمە گول)ی بیستووە، کە مامە حەمە گول خەڵکی کڵاشکەرانە و ڕاسپێردراوە جەنازەی ئەو ئینگلیزانە ببەنەوە چەمچەماڵ، باپیرەم بەم شێوەیە لە مامە حەمە گولی بیستووە: "مام حەمە گول گوتی کاتێک ئەوانە کوژراون، جەنازەکانیان هێنراوەتە تەیناڵ، لەوێ دانراون و کەس نەبووە دووریان بخاتەوە، مامە حەمە گول و کەسێکی تری خەڵکی گوندی کڵاشکەران کە برای قادری حاجی سلێمان بووە، دەڵێت لاشەکانیان بۆ پێچاینە وڵاخەکانەوە، هەر دوو جەنازەکەمان بردە دەربەندی بازیان کە قشڵەیەک بوو، کابرای پاسەوانی قشڵەکەگوتی ئەمانە کێن؟ مامە حەمە گول گوتی ئەمانە کوژراون، وا کوێر بووین لاشەکەیان بۆگەنی کردووە، کابرای پاسەوان گوتی ئەم سەگبابانە فڕێ بدەن، وڵاخەکانتان ببەنەوە و ئەو جەنازانە فڕێ بدەنە شوێنێکەوە. هەر لەوێدا برقیەیان کرد بۆ چەمچەماڵ تا بێن جەنازەکان ببەنەوە".هەروەها مامە حەمە گول یەکێک بووە لەو کەسانەی بەشداری لە دروستکردنی مەرکەزی کۆنی تەیناڵ کردووە لە ساڵی ١٩٢٧ لەوێد و لە کاتی کارکردن قاچی شکاوە. مەبەستم بوو ئەو گەواهیە بنووسمەوە لێرەدا کە چۆن پاش کوژرانیان جەنازەکانیان ڕەوانەی چەمچەماڵ کراوەتەوە.
هەروەها وەک باپیرەم باسی دەکات، کەریم بەگ دوای ئەو ڕووداوە هەڵدێت بۆ پشتی سورداش، کاوێس ئاغا لەگەڵ کەریم بەگدا دەبێت و لاوکێک بۆ کەریم بەگ دەڵێت:
كەريمێ فەتاهـ بەگ، گەلێ ئەگيدا وەورۆ دەستهەلينانەكێ بكەن
بەلێ چ گاوا دەستێ خۆ بدەمە دارێ جامبێزارێ
بگرم شارێ كەركووكێ، شارێ بەخدايێ
یان دەڵێ:
چیایێ سورداشی، لەمن بێدار نابێت
لەشکری تورکان دوورە ئەما کورد خائینە
بەهەمەحاڵ، مێژووی بازیان بەشێکی وەرچەرخانی گرنگە لە مێژووی کورددا. تەنها ئارکیۆلۆژیا دەتوانێت شاهیدی ئەو مێژووە بدات، هێشتا دەیان شوێنەواری گرنگ لەم خاکەدا ماوە و دوور نییە دەیان نهێنی و مێژووی نەگێڕدراوەی لە خۆ گرتبێت. ئەوە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەیەکی جددی هەیە.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم، ئەم بەرهەمە ڕاستە زانستی نییە و لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەی هەردوو نووسەرە و ماوەیەکی زۆرە بەم کارەوە خەریکن، بەڵام تا ئەم ساتە تاکە کۆکراوەیە لە بارەی بازیانەوە هێندە پڕ زانیاریی و کرۆنۆلۆژیانە ڕووداوەکانی باس کردبێت، سەرباری ئەو ئامارانەی کە کۆکراونەتەوە لەم کتێبەدا و دەبێتە یاریدەدەری سەدان توێژەر و کار ئاسانییە بۆ ئەوانەی لە داهاتوودا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم ناوچەیە دەکەن. لە هەمووی گرنگتر چۆن بتوانین لە گەنجان و دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بگەیەنین هیچ شتێک هێندەی زانینی مێژوو ڕابردووی ناوچەکەیان گرنگتر نییە و با ئەو مێژووە سەرکەوتنی تێدا نەبێت، جیهان شانازی بە مێژووی خۆیانەوە دەکەن، کە پڕە لە نشوست و ئیهانەی مرۆڤایەتی. ئەوەی ڕوویداوە ڕوویداوە، عیبرەت لە مێژوو گەورەترین سەرمایەیە بۆ نەوەی تازە. ئەوەی ئەم دوو جوامێرە کردوویانە لەم کتێبەدا، شایەنی ڕێزن و دەبێت هان بدرێن زیاتر. دەزانم لە کاتی ئەم کارەیاندا دەیان بەربەست هاتووەتە ڕێگەیان و هیچ دووریش نەبووە قسەی نەرێنی تا ئاستێکی بردبێتن لە کارەکەیان سارد کرابنەوە. بەڵام وا خۆشبەختانە ئەم بەرهەمە گەیشتە جێی خۆی. ئەوانەی هاوکار و یاریدەدەری ئەم بەرهەمە بوونە، پێویستە سوپاسیان بکرێت، ئەوەش خەمخۆرییەکی ترە و هەستی بەرپرسیارانەیە تێیاندا.
ئەوەی ماوەتەوە لەسەر ئێمە و مانانە کە چۆن بتوانین و بزانین ئێمە کێین و ڕابردوومان چۆن بووە. بەڕاستی نەنگیە بۆ هەر کەسێک کە نیشتەجێی شوێنێک بێ و نەزانێت لەو ناوچەیەدا چی گوزەراوە و چۆن بەم سەردەمە گەیشتووە.
[1] ئارەزوو خواهیش، ژیان، ژ ٥٠٤، ٢٨ تشرینی دووەمی ١٩٣٦، ل٥.