بەرزان عەلی

 سیحرێکی غەریب لە ڕۆحمدایە، دمجوڵێنێ، وەک ئەوەی مرۆڤێک لەنیو مندا دەستی بە جووڵە کردبێ، لە زەوییەکی باڵاکورتدا دەژیم، خەریکی شارێکی گەورەم.

 شاعیرێک لەڕۆحمدا دەنێژ تا خۆم ببم بە شاعیر، ئاخر شەقامەکان بەشی پیاسەی شاعیرەکان ناکەن.

 شاعیرەکان بوون بە عەشرەت، لەبری وشە، فیشەک دەخۆن. تەمم هەڵواسیوە، خەریکی شاردنەوەی دووکەڵێکم چەشنی هەو تا باران ببارێ، وەک شاعیرێک کتێبەکان دەخۆمەوە تا سەرخۆشیم بخەوێنم، تۆپەڵێ هەور دەخەمە نێو پێکەکەمەوە تا بیر لە مەزە نەکەمەوە، هەندێ سات بە هەوا برینەکانی جەستەم پاک دەکەمەوە، ناچارم دەرگاکە پاڵ بخەم، ناوێرم دەست لە پەنجەرەکە بدەم، دەترسم هەڵوەرێت و بۆم کۆنەکرێتەوە، خەڵکانێکی زۆر نانی دەستی ئەوان دەخۆن، کەچی من نانی دەستی خۆم دەخۆم، بەدەستی خۆم شیعر دەنووسم، لیباسی کتێبەکان دەشۆم، ئازار تەقەڵە لێ دەدەم، زەکەرم دڵخۆش دەکەم، نانەکان کە دەبوورێنەوە، بە ئاوی دەستی من پەرکەمیان نامێنێ، بە دەستی خۆم باوەش بە کتێبەکاندا دەکەم کە ڕۆژگارێ نووسەرەکانیان بێ باوەش بوون، هەندێک سات پێکەکەم بە گەرمی نۆش دەکەم، تا شەوگار بەشم بکات، دڵسافیم وەک منداڵ پێ دەکەنێت، داوای ژن ناکات،مشکێک بووە بە هاوڕێم، بە ئازادی دەسووڕێتەوە، کە بوو بە جرت، ئازادیی شێواندم، جرجەکان دەبێ بکوژرێن، بیر لەوە دەکەمەوە، واز لە خواردنی گۆشت بهێنم و ببمەوە بە مرۆڤ، دوێنێ شەو خۆم و پشیلەکەم ماسیمان خوارد، کاتێک چاوەکانیم بینی، لە تەریقیدا خەریکبوو شێت بم! هیتەرێک پاسەوانمە و ناهێڵێت سەرما تیرۆرم بکات، قەپۆزی بە هیچ پلاکێکی جوورەکەدا ناچێت، ناشمەوێ قەپۆزی بگۆڕم، دەترسم بمرێت، هەژاری نەیهێشت لە زانکۆ دڵداری بکەم، قژم بە جڵ بڕازێنمەوە، قوتابخانەیەک لەنێو ماڵەکەمدایە بێ مامۆستا، بێ خۆپیشاندان، تەنانەت پارەش نادەم، من لەوێدا بیر دەکەمەوە، شامپۆکانی حەمامی ماڵەکەم مانیان گرتووە، یەکێک لە شامپۆکان، لە مەراقی نەبینینی جەستەی من، بە کوێزانێک شادەماری خۆی بڕی و بوو بە کەف، هەر لەوێدا ناشم بە ڕووتی و فاتێحەی ئاوم بەسەردا خوێند، شەرمەزاری خاولییەکەمم، ماوەیەکی زۆرە باوەشمان بەیەکدا نەکردووە، بڕیاربوو هەفتەی جارێک یەک ببینین، بیرم چوو لە ژووانی هاویندا زستان ناوبینم، چەقۆکەم بیر بووە، چشنی دایکم عەبایەکی ڕەشی داوە بەسەر خۆیدا، چەقۆکەم لێوی پیر بووە، دەبێ نەشتەرگەریی لێوی بکەم، تا ماچی بیرنەچێتەوە، دەرگای حەوشەکەم هێندە خەواڵووە، تا دەست نەهێم بە ڕوومەتیدا ناکرێتەوە، شووشەی چراکەم لایەکی ڕەشبووەتەوە، پێدەچێت لەگەڵ ئاگر شەڕی کردبێ و بۆکسی بەرکەوتبێ ئەم دوو هاوسەرە، شووشەی چراکەم تیمار ناکەم، بۆ ئەوەی لە خۆم قۆزتر نەبێت، منداڵی چراکەم لە بەفر دەچێت، جیناتی وایە لەنێو حەوزی نەوتدا مەلە دەکات، سیحرێکی غتریب لە ڕۆحمدایە، وەک ئەوەی شۆڕشێک بەڕێوەبێت، شاعیربوون، یانی تۆ مەزنیت، دەتوانیت مردووەکان زیندوو بکەیتەوە، حەز لە تەنهایی بکەیت بۆ ئەوەی خۆت بدۆزیتەوە، لە بێدەنگیدا بژیت، بۆ ئەوەی دەنگت هەبێت، وەک شێوەکارێک، بەنێو سروشتدا پیاسە بکەیت و دەست لە ڕوومەتی شاخ بدەیت، دەست لە ئەستێرە بدەیت، شەوێک لە باوەشی مانگدا بخەویت، ئازار وەک مەلۆتکە بگریتە باوەش، چەشنی منداڵ ژیری بکەیتەوە، بۆ ئەوەی جواج بنووسیت، دەبێ کتێب بخۆیت و خۆت بشاریتەوە لە ژاوەژاو، ئەوەی شەوێک نەخوێنێتەوە، بەیانی باش قسە ناکات، بۆ شاعیربوون شەرمی ناوێ سواڵی وشە بکەیت، شاعیربوون وێرانکردنی جەستەی خۆتە بە کەتەری میهرەبانی، هیچ شاعیرێک خۆڕسک نانووسێت، ڕامبۆ ناڵێم، ژنەشاعیرە سیگارکێشان بە یاخیبوون تێگەیشتوون، پیاوەشاعیرەکان، بەر لە وشە حەز لە فشە دەکەن، بەدبەختی لێرەوە دەست پێ دەکات شیعر بنووسیت و شاعیر نەبیت، یاخود شاعیربیت و شیعر نەنووسیت، دایکم هێندەی کچێکی بیست ساڵان دەست دێنێت بە ماڵەکەیدا، ماڵەکەی هێندە پاکە خەریکە تێیدا دەخزێیت، کەچی دایکم بەبێ بەرماڵ نوێژ ناکات، بەرماڵی ژوورەکەم شیعرە، کەی بمەوێ نوێژی لەسەر دەکەم، نەخۆشم، دەبێ بۆ چارەسەر خۆم پڕ کەم لە گوڵ، گوڵ هەیە لەنێو گەرمادا دەمرێ، گوڵ هەیە لەنێو سەرمادا دەژی، پێویستم بە هەندێ تابلۆ هەیە تا لیزەر لە چاوەکانم بدەن و نەشتەرگەریی بۆ نەکەم، نامەوێ ژیان بێتە ژوورەکەم، پێدەچێت ژوورەکەم ژیان بێت، میرنشینی شارەکەم جیناتی عەزابە عەزاب، چەند گوناهن، مردووەکانیان بەقەدپاڵی شاخەکەوە ناشت، کەچی خۆیان لە بن سێبەری پێڵاوی مردووەکاندا دەژین.

وتاری نووسەران