
سەدیق سەعید ڕواندزی
پێ دەچێت حكومەتی هەرێم، لە بری دابینكردنی خزمەتوزاری گشتی لە كۆی سێكتەرەكانی ژیاندا، مەبەستی بێت ئەو سێكتەرانە، بە تایبەتی بكات و بە جۆرێك جیاوازییەك لە نێوان كەرتی حكومی و تایبەتی نەمێنێتەوە و ئیدی هاووڵاتیان لە سەر داهات و گیرفانی خۆیان، پێداویستییەكانییان دابین بكەن. لە كاتێكدا خزمەتگوزاری گشتی و دابینكردنی بۆ هاووڵاتییان، ئەركی سەرەكی هەر حكومەت و دەسەڵاتێكە، لە هەر شوێن و جێگەیەك بێت و هەر فۆڕمێكی سیاسی هەبێت. لێرەدا، مەبەستمە باس لە وێرانەیەك، بە ناوی خزمەتگوزاری تەندروستی لە نەخۆشخانە حكومییەكان بكەم، كە ئاخۆ چۆن و لە چ ئاستێكدایە. چەند ڕۆژێك لەمەو بەر، دوای ئەوەی بە هۆی كەوتنەوە دایكم تووشی شكانی حەوز بوو، چووینە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران و ئەوانیش وەك پیشەی هەمیشەییان، كە بچووكترین حاڵەت ڕەوانەی هەولێر دەكەن، ئێمەیان ناردە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی خۆرئاوا. لە كاتێكدا ئەو نەخۆشخانە گەورەیە بەو هەموو ستافەوە لە سۆران، ئەگەر نەتوانێت چارەسەری هەموو دۆخێكی تەندروستی هاووڵاتییان بكات، بوونی بۆ چییە؟ دوای ئەوەی چووینە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی خۆرئاوا و حاڵەتە تەندروستییەكەی دایكمیان بینی، پێیان ڕاگەیاندین كە پێویستی بە دانانی پلاتین هەیە و پلاتینیش لە نەخۆشخانە نییە و حكومەت گرێبەستی كڕینی هەڵوەشاندۆتەوە، بۆیە دەبێ خۆتان بیكڕن، هەر چۆنێك بێت، ئەوەی پێویست بوو لە جۆری پلاتینەكە، بە نزیكەی دوانزە گەڵا دابینمان كردوو ئەوان خۆیان هێنایان و ئێمە تەنها پارەكەمان دا. دوای دابینكردنی پلاتین، ئەمجارە گوتیان، ملیۆن و نیوێكیش هەق دەستی نەشتەرگەریەكەیە، چونكە دەبێ بە پارە بیكەن. نازانم نەخۆشخانەیەك حكومی بێت، پزیشك و كارمەندانی، فەرمانبەرانی حكومەت بن و موچە خۆری حكومەت بن، چۆن دەبێ لە بەرانبەر نەشتەرگەری پارە لە هاووڵانیان وەربگیرێت؟ بە هەر حاڵ، دوای ئەوە پسپۆڕی ئێسك و شكان، لە كاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ، تا كاتژمێری دوو و نیو، نەشتەرگەرییەكەی بۆكرد، نازانم بۆچی لە بەیانی و شەودا نەكرا؟ وەك هەر نەشتەرگەریەكی دیكە كە دەكران. لە كاتی تەواوبوونی نەشتەرگەریەكەشدا، دكتۆر بە بڕی چوارسەدوو بیست هەزار دینار چارەسەری بۆ نووسی، كە تەنانەت یەك دەرزیش لە نەخۆشخانە نەبوو، ئەوانیشمان لە دەرەوە كڕی ، ئەمە وێرای خەرجییەكانی دیكەی مانەوە و هاتووچۆ. بە كۆی گشتی، نزیكەی سێ ملیۆن و نیو دینار خەرجی ئەو نەشتەرگەریە لە سەرئێمە كەوت. لە كاتێكدا من مامۆستام و حكومەت بە دوو مانگ جارێك مووچەیەكم پێ نادات. چۆن دەبێ لە نەخۆشخانەیەكی وەك فریاكەوتن، خزمەتگوزاری تەندروستی بەو شێوەیە بێت؟ خزمەتگوزاری تەندروستی ئەوە نییە ژەمێك خۆراك، كانیۆلایەك بۆ نەخۆش دابین بكەیت، بەڵكو ئەوەیە پاڵپشتی ژێرخانی تەندروستی بكەیت و سەرجەم پێداویستییەكانی بۆ دابین بكەیت. لەو نەخۆشخانەیە، تەنانەت ئیكۆی دڵ نەبوو، لەدەرەوە و لە نەخۆشخانەی تایبەت كردمان. شریتی تیشك نەبوو، بەمۆبایل وێنەی تیشكمان پیشانی دكتۆر دا. فریاكەوتن، بە مانای بە هاناوە هاتن، بە مانای ڕزگاركردنی گیانی نەخۆش لە مردنێكی حەتمی، من سوپاسی كارمەندان و پزیشكان دەكەم، كە بە ڕاستی پشوو درێژ و ئارام و لە سەر خۆ بوون، بەڵام نەخۆش پێویستی بە پێداویستی ترە، ناكرێت ئەو ئەركە قورسە لە هەموو ڕووێكەوە بخرێتە سەر شانی هاووڵاتییان و ئەمەش دۆخی ژیان و گوزەران و مووچەیان بێت. ئەمە چیڕۆكی من و هەزارەهای وەك منە، كە ڕەنگە ڕۆژانە لە نەخۆشخانە حكومییەكان ڕووبەڕووی ببنەوە، كە ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، ئەوا هاووڵاتییان بۆچی نەچنە نەخۆشخانە ئەهلییەكان؟ دواجار دەڵێم هیوادارم هەموومان بە دەنگەكانمان لە هەڵبژاردن، سزای ئەو هێزانە بدەین، كە كادیر و پەرپرسەكانییان، بە سەدان ملیاردینار لە بانكەكان بۆ كڕینی ئوتومبێلی درع و خانوو لە فیچەر سیتیِ ڕادەكێشن، كەچی نەخۆشخانەكانیش بێ داو دەرمانن و فەرمانبەران بە دوو مانگ جارێك مووچەیەك وەرناگرن.
تێبینی: سەرجەم دیكۆمێنتەكانم بە گەواهیدەرەكانیشەوە لایە، بۆ زانیاری وەزیری تەندروستی.