
خدر ئیبراهیم خدر
لەکاتێکدا نزیکەی سێ مانگە لە پانتاییەکی گەورەی ئەو وڵاتەدا دەرگای سەدان خوێندنگە و قوتابخانە کڵۆمداوە و، هەزاران مامۆستا و فێرکار وەک توێژێکی زیندوو و کارای ناو هەناوی کۆمەلگە شان بەشانی ژمارەیەکی زۆر لە وانەبێژ و فێرکار و کەسانی تری ناو چین و توێژەکانی کۆمەلگە، لەسەر شەقام و گۆڕەپانی شار و شارۆچکە و ئاوەدانیەکاندا ئامادەبوونیان هەیە و، بە یەکدەنگیەوە دەخوازن هەلوێدستێکی مەدەنی لەپێناو بەدەستهێنانی خواستە سەرەتایی و ڕەواکانی خۆیان و، بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانی تری ناو کۆمەڵگە دەرببڕن و، مەبەستیانە لەوڕێگەیەوە جۆرێک لە گوشاری مەدەنی لەسەر بەرپرسانی دەسەڵاتی کوردی دابنن تاکو بەوهێندە لە مومارەسەی فەرمانڕەوایەتیدا، لاموبالاتی و کەمتەرخەمی نەنوێنێت و، هاوشانی ئەو دڵسۆزی و خەمخۆرییەی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران بەگشتی لەپێناوی نیشتماندا بە کردەیی نیشانی دەدەن، هەقیان بۆ لەبەرچاو بگرێت . لەهەمانکاتدا یەک بە یەکی ئەو مامۆستا و وانەبێژانە لە دڵەوە خەمبار و بەئازارن کە ناتوانن وەک فێرکار و پەروەردەکارێک ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان ڕاییبکەن و، لەنزیکەوە ڕۆڵەکانی نیشتمان لەسەر پەروەردەیەکی درووست ڕابهێنن و، شان بەشانی ئەوەش ئەلف و بێی زانست و زانینی نوێیان لە قۆناغەکانی خوێندندا پێببەخشن .
ئەوەی کە وایکردووە ئەم توێژە دڵسۆزە نەتوانن خەون و خولیای پڕ لە دڵسۆزی و تامەزرۆیی خۆیان بۆ خزمەتی ڕۆڵەکانی کۆمەڵگە لەسەر ئەرزی واقیع پراکتیزە بکەن و، لە باخچەی ساوایانەوە تاکو دەگاتە قۆناغە بەرزەکانی تری خوێندن، لەناچاریدا دەرگای خوێندنگە و قوتانخانەکان کڵۆم بدەن و، بێئومێدبن لەوەی بەیانیان لە ڕێگەی وتنی ( بەیانی باش ) ەوە پێشوازی لە فێرخوازانی خۆشەویستی ئەو وڵاتەبکەن، بەداخەوە دەسەڵاتێکە کە بە ئەنقەست بێت یاخود نائەنقەست هێشتا لە بازنەی لاموبالاتی و کەمتەرخەمی و خەمساری نەهاتۆتە دەرەوە و، ئامادەنییە بە بەرتەقای خزمەت و دڵسۆزی ئەوان، ماف و هەقیان بۆ لەبەرچاو بگرێت . لەویش زیاتر، ئامادەنییە بەدەنگ خواست و داواکارییە ڕەواکانی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگەوە بێت، بە جیاوازی چین و توێژەکانییەوە کە مەبەستیانە هاوشانی پێویستیەکانی سەردەم، نیاز و خواستەکانیان بۆ بهێنرێتەدی و، ئەو دەستاوردانەیان بۆ فەراهەم بکرێت کە لە مومارەسەی ژیانی ڕۆژانەدا پشتی پێدەبەستن و، ناتوانن لەدەرەوەی ئەواندا ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ بەسەرببەن . بەتایبەتیش ئەو نیاز و خواستانەی پەیوەستن بە خزمەتگوزارییە سەرەتایی و هەنووکییەکان کە سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئەزموونی فەرمانڕەوایەتی خۆماڵیدا، هێشتا لە ئاستێکی وادانین لەبەرامبەریان ( ئۆخەی ) بوترێت .
بێگومان بەردەوامبون و درێژەکێشانی ئەو دۆخە نالەبارە کە لەئەمڕۆدا بەشێوەیەکی تایبەت لە بەشێکی گەورەی جوگرافیای ئەو وڵاتەدا لەئارادایە و، وەک پێدراوێکی سەپێنراو لەلایەن دەسەڵاتەوە تەرجەمەی واقیع کراوە، نەک هەر وادەکات دەرگای خوێندنگە و قوتابخانەکان بە کڵۆمدراوی بمێننەوە و، پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بووەستێت . هەروەها نەک هەر واشدەکات ژیانی هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا و وانەبێژ و خانەنشین بەرەو خراپتر بچێت و، ئاراستەیەکی تراژیدی وەربگرێت . بەڵکو لەوەش، وادەکات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕایەڵەکانی پێکەوەژیانی نێوان مرۆڤەکان زیاتر لێکبترازێت و، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە گیرۆدەی کێشە و گیروگرفتێکی وابکات کە لەڕووی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ئابوورییوە مەترسی جددی لەسەر ئێستا و داهاتوویان دروستبکات و، بەدژوار دابنرێت جارێکی تر لەگەڵ ژیانی واقییدا ئاشتبکرێنەوە .
١٥ / ١٢ / ٢٠٢٣