محمد فاتح

هه‌ولێر/ 2025

بەرایی:

هزرو بیروباوەڕەکان ڕۆڵێکی گرینگ و بنچینەیی دەگێڕن لە ڕێکخستن و له‌کاروباری کۆمەڵگاکان، بەشداری دەکەن لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکان و ڕێکخستنی کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتییان، سەرەڕای تووندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ئەندام و کۆمەڵانی ناو کۆمەڵگە و نێوان کۆمەڵگەکانیش.(١)

هزری ناسیونالیستی ڕۆڵی کارای گێڕاوە لە هۆشیارکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناو هەر کۆمەڵگەیەک، ئەو هزر و بیروباوەڕە، وەکو قۆناغێکی گرینگی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، کار لەسەر بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی و ئینتیما بۆ نەتەوە و نیشتمان دەکات، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی بەهاکانی هاوکاری و هەستی بەرپرسیارەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، هەروەها بەرهەڵستی حاڵەتی پاشکۆیەتی و بەربەرەکانیکردنی داگیرکاری.

دیارە چەمکی ناسیونالیزم کە لەسه‌روبەندی دیاردەی ڕابوونەوە (نێوان سەدەی 14-17) دەرکەوت، چەندین تیۆری لەسەر داڕرێژراوە.(*) ناسیونالیزم بە یەک لەو چەمکانە دادەنرێت کە تا ڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزە لە ڕووی مانا و ڕاڤەکردنیەوە، جیاوازی زۆر هەڵدەگرێت، ئەگەرچی خاوەن تەمەنێکی درێژ و مێژووییەکی پڕ بەسەرهات و ڕووداوی گرینگە.

لەم کورتە باسەی بەردەستە هەوڵدەدەین بە کورتی لە مێژووی سەر هەڵدانی ناسیونالیزم و پەیوەندییەکانی بە هزرو بیروباوەڕە سیاسییەکانی دیکە بکۆڵینەوە، سەرەڕای ئەو بیروبۆچوونانەی دەربارەی ئایندە و دواڕۆژی باسدەکرێت.

 

 

 

چەمکی ناسیونالیزم:

وشەی ناسیونالیزم، زاراوەیەکی سیاسیی نوێیە تا ڕادەیەک، وەرگێڕانی زاراوەی (Nationalism)ی فەرەنسییە، بۆچوون وایە بۆ یەکەم جار لە ناو کتیبەکانی زانستە سیاسییەکانی ئەورووپا لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەم دەرکەوتبێت.

زاراوەی ناسیونالیزم کاتێک دەرکەوت، دەربڕین بوو لە قۆناغێکی تایبەتی مێژووی ئەورووپا، ئاماژە بوو بۆ گردبوونەوە و یەکگرتنی نەتەوەیی، لەپێناو ڕزگاری و یەکێتی، هەروەک لە وڵاتی ئەڵمانیا ڕوویدا کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرداری ناپلیۆن و دواتر بەدیهێنانی یەکێتی ئەڵمانیا لە (١٨٧١) و پێشتریش یەکگرتنەوەی ئیتاڵیا لە (١٨١٥)ز.(٢)

 

پێناسه‌ی زاراوه‌ی ناسیۆنالیزم

دیاریکردنی پێناسەیەک بۆ زاراوەی ناسیۆنالیزم، هەموو لایەک لەسەری ڕازی بن، دەکرێ بڵێین کارێکی ئەستەمە، لەبەر چەند هۆیەک:(٣)

١- زۆرینەی زاراوە کۆمەڵایەتییەکان جیاوازیان لەسەر درووست دەبێت، بەهۆی جیاوازی بیروڕا، لەبه‌رئه‌وه‌ی لە چەند کۆمەڵگەیەکی جیاوازەوە دادەڕێژرێت و گوزارش لە ئەزمونی جیاواز دەکات.

٢- ڕێکنەکەوتنی بەرژەوەندییە سیاسییەکان و جیاوازی بارودۆخی ئەو وڵاتانەی خاوەن پێناسەکان تیایدا دەژین.

٣- ڕێبازە ئایدۆلۆژیاکان و جیاوازی لە نێوان تیۆرییەکان.

٤- جیاوازی توێژەران دەربارەی هۆکارەکانی پێکهاتنی نەتەوە.

لێرەدا بە کورتی چەند پێناسەیەک دەخەینە ڕوو:

أ- ناسیۆنالیزم، بارێکی ئەقڵییە، له‌م باره‌دا ملکەچی باڵای تاک وەک ئەرکێک بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی دەبێت.(٤)

ب- ئینتیما بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو و دەربڕینی خۆشەویستی و پەیوەست بوون پێوەی. ناسیۆنالیزم بەو واتایەش لە دوو ڕەگەز پێک دێت، ڕەگەزێکی بابەتیانە: کە بریتیە لە کۆمەڵە پەیوەستیەکی هاوبەش، ئەو پەیوەستیانە دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی گەلێکی دیاریکراو بە نەته‌وە دابنرێت لە ڕووی زانستییەوە، رەگەزی دووەم، مەعنەوییە: بریتیە لە چەند هەست و هۆشیارییەک کە لە دەروونی تاک دەخولقێت، ئەو حاڵەتەش بەهۆی پەیوەستییە بابەتیەکانەوە دەخولقێت.

لە هەندێ باردا زاراوەی ناسیۆنالیزم بەکاردەهێنرێرێت بۆ ناساندنی بزووتنەوە ناسیۆنالیزمەکان، بەکاریش دەهێنرێت بۆ ئەو بزووتنەوە سیاسییانەی داوای مافی نەتەوەیەک دەکەن، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی سیاسی بەدەست بهێنن.(٥)

٢- لە ڕووی سیاسییەوە زاراوەی ناسیۆنالیزم، چەند فاکتەرێکی مەعنەوی دەگرێتە خۆی کە کۆمەڵە مرۆڤێک کۆ دەکاتەوە لە چوارچێوەی فۆرمێکی سیاسی پێی دەوترێت یەکگرتنی نەتەوە، یانن (نەتەوە)، بەو کارەش پەیوەندی لە نێوان هەردوو (ناسیۆنالیزم و نەتەوە) پێکدێت، هەروەها لە نێوان نەتەوە و دەوڵەت (٦) وەک رێکخراوێکی سیاسی نوێنەرایەتی گەلێک دەکات لەسەر هەرێمێکی دیاریکراودا.

٣- فاکتەرە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزم لەلایەن بەشێکی زۆری نووسەر و شارەزایانی بەسەر دوو بەش دابەش دەکرێن، ئەوانیش بریتین لە:(٧)

یەکەم: فاکتەرە بابەتییەکان، وەک:

ـــــــ زمان، رەگەزی هاوبەش، هەرێم -خاک-، مێژووی هاوبەش، کولتوری هاوبەش، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، ئایین(بەشێک لە توێژەران نایسەلمێنن)

دووەم: فاکتەرە مەعنەوییەکان، ئەوانیش: هەستی نەتەوایەتی و ئیرادەیە.

 

 

 

سەرەتاکانی دەرکەوتنی بیرۆکەی ناسیۆنالیزم:

دەربارەی ئەم بابەتە دوو ئاڕاستە یان دوو بیر و بۆچوونی هەیە، کە بریتین لە:

+ ئاڕاستەی یەکەم:

هەستی نەتەوەیی دیاردەیەکی سرووشتییە، بەستراوەتەوە بە خودی مرۆڤ. لەگەڵ پێکهاتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەندێ لە خەسلەتە نەتەوەییە کۆنەکانی ئەو دیاردەیە لەگەڵ مرۆڤدا بوونی هەبووە.

+ئاڕاستەی دووەم:

دیاردەی نەتەوایەتی دیاردەیەکی نوێیە، لەگەڵ قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵگە، سەریان هەڵداوە گەشەیان کردووە، قۆناغ بە قۆناغ بە شێوەیەکی ڕێژەیی ڕووی لە پەرەسەندن کردووە.(٨)

هزری ناسیۆنالستی دەکرێ بەدواداچوون بۆ سەرەتاکانی  دەرکەوتنی بکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:

١- سەردەمە کۆنەکان، ئەگەر چی دیاردەکە وەک زاراوە بوونی نەبووە، بەڵام چەند خەسڵەتێکی لە چەند شارستانییەتێکی کۆن دەرکەوتوون، نموونەی:

* وڵاتی یۆنانی کۆن:

یۆنان بە یەکەم  ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیزمی دادەنرێت. لەو سەردەمە لەو وڵاتە هەستی پەیوەندی و ئینتیمایی هاوبەش لە نێوان شارە کۆنەکانی یۆنان بوونی هەبووە، کە دژی هۆزە بەربەرییەکان جەنگاون.(٩)

* وڵاتی میسڕ (سەردەمی فیرعەونەکان) هەروەها وڵاتی بابل لە عێڕاق.

لەو دوو وڵاتە و لە سەردەمی ئەو شارستانییەتیە کۆنانە، هەستی دەسەڵاتداری و پەیوەندی بە کۆمەڵگە شارستانییەکانەوە دەرکەوتووە. بەڵام بە پێی چەمکە نوێیەکەی ناسیۆنالیزمی نەبووە، ئەو هەستە و دەسەڵاتدارییە زیاتر مۆرکێکی ئایینی یاخود کارکردن لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتەیەک بووە.

٢- سەدەکانی ناوەراست:

لە کیشوەری ئەوروپا، هەندێ دیاردەی ئینتیما و ملکەچی بۆ ئایین (بە تایبەتی ئایینی مەسیحی)، یاخود ملکەچی بۆ سیستەمی دەرەبەگایەتی (شا-دەرەبەگ) بەهێز بووە.

بەڵام حاڵەتەکان خەسڵەتێکی کولتوری یا شوناسێکی ناسیۆنالیزمی ئاشکرای نەبووە.

٣- سەدەکانی (١٦-١٨)زایینی:

لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ناوەندێتی (لە فەڕەنسا و ئینگلتەرا)، هەستی نیشتمان پەروەری وردە وردە ڕووی لە پەرەسەندن کردووە.

بزووتنەوەی چاکسازی ئایینی لە کیشوەری ئەوروپا بووە هۆی جیاوازی لە نێوان دەوڵەتەکان، زمانە هاوبەشەکان (لەجیاتی زمانی لاتینی) لە کڵێسە و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەکارهێنراون.

٤- سەدەی نۆزدەهەم:

پاش شۆڕشی فەڕەنسا لە (١٧٨٩) هزری ناسیۆنالستی بە شێوەیەکی بەهێز بڵاوبۆتەوە، بانگەشەش بۆ سەروەری گەلان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی پەرەی سەند. لەو سەردەمە بزووتنەوە نیشتمانییەکان لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لەسەر بنچینە نەتەوەییەکان درووست بوونە.

دەکرێ سه‌دەی نۆزدەهەم وەك لە سەردەمی زێڕینی ناسیۆنالیزمی تەماشا بکرێت ئەویش لەبەر زۆر هۆکار لەوانە:

أ- دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم وەک بیرۆکەیەکی سیاسی کاریگەر.

ب- سەرهەڵدانی بزووتنەوە سیاسییە گەورەکان لە ئەڵمانیا (١٨٧١) و ئیتاڵیا (١٨٦١)، کە ئامانجیان یەکگرتنی بەشەکانی وڵاتەکانیان بووە.

ج- هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆریەتییە گەورەکانی ئەو سەردەمە: نموونەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا، ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسی.

د- دەرهەڵدانی شۆڕشە ناسیۆنالستەکانی ئەوروپا (١٨٤٨).

هـ- دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنالستی نوێ. له‌چه‌ند كیشوه‌رێك.

٥- جیهانی سێیەم:

نیشانەکانی هۆشیاری و هەستی نەتەوەیی لەو ناوچانەی دەوڵەتی عوسمانی داگیری کردبوون دەستی بە دەرکەوتن کرد، بە تایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەروەها دەرکەوتنی ڕابوون و بایەخدان بە کولتورو شوناسی نەتەوەیی.(١٠)

بە شێوەیەکی گشتی ، شارەزایان سەرهەڵدانی هزری نەتەوەییان بەسەر دوو قۆناغ دابەشکردووە، ئەو دوو قۆناغەش بریتین لە:

أ- قۆناغی یەکەم: پێکهاتنی نەتەوە (Nation) بە کاریگەری هۆکارە جیاوازەکان (ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی)، لەو قۆناغەدا، هۆشیاری و هەستی ئینتیما بۆ نەتەوە گەشەی کرد.

ب- قۆناغی دووەم: ئاسەوار و دیاردە ئەرێنییەکانی ئیرادەی نەتەوایەتی دەردەکەوێت، واتە دەرکەوتنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، کە ئاسەوار و خەسڵەتەکانی هەردوو قۆناغەکە دەگرێتەوە.(١١)

 

بیرۆکەی ناسیۆنالیزم پاش جەنگی یەکەمی جیهانی:(١٢)

ئەو یەکە سیاسیانەی (دەوڵەت) کە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیان لێ پێکهات لە نێوان هەردوو سەدەی (١٧-١٨) زایینی، ئەوانە ئەندامەتیان لە کۆمەڵگەدا بەهۆی هێزەوە بەدەستهێنابوو.دیارە ئەو حاڵەتەش وەک پێوەرێکی بنچینەیی لە سەدەی (١٩)ی زایینی لە نێوان دەوڵەتە گەورەکان ڕەچاوکراوە.

بەڵام ئەو جۆرە ڕێکخستن و ڕیککەوتنانەی لە کۆنگرەی ئاشتی (١٩١٩) بەدواوە بەڕێوە چوون و ڕەچاوکراون بۆ ئەوەی یەکەی سیاسییان لێ پێکبێت، ئەوانە پشتیان بە دوو گریمانەی دیکە بەست:

١- کۆمەڵە نەژادی و زمانەوانییەکان، ئەمانە مافی سەربەخۆیی سیاسییان دەبێت بۆ پێکهێنانی دەوڵەت، لەبەرئەوەی نەتەوەن.

٢- ئەو نەتەوانەی مافی ئەندامیەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان بەدەستهێنا، ئەوانە بە یەکسانی هاوشانی دەوڵەتانی دیکە بوون.

دیارە ئەو گۆڕانەش لە بنەمای هێزەوە بۆ ڕەچاوکردنی بنەمای (ماف)و چێ بەدوایدا هات، لە دانپیانان بە مافی بڕیاردان لە چارەنووسی نەتەوە،لەو داواکاریانە بوون کە سیاسەتمەدارانی چاکسازی کاریان بۆی دەکردبە درێژایی سەدەی (١٩)هەمدا.

بەڵام جێبەجێکردنی ئەو بنەمایە (وەک چاوەڕوان دەکرا) ئەو ئەنجامانەی بەدی نەهێنا کە هەوڵی بۆ دەدرا.

دۆخی هەڕەشە و جەنگ لە نێوان هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی هەر بەردەوامی هەبووە، لەو سەرو بەندەش چەند ڕەوت و ئاڕاستەیەکی هزری و سیاسی دەرکەوتن، ئەوانە ڕەخنەیان دەگرت و هێرشیان دەکردە سەر بیر و بۆچوونە نەتەوەییەکان، گرینگترین ئەو ڕەوتانەش:

أ- ڕەوتێک بانگەشەی بۆ دیاردەی-جیهانبینی(Univeralism) دەکرد، لە بیرمەندانی ئەو ڕەوتە (غوتە، شیلەر).

ب- ڕەوتی هزری سۆسیالستی، بە چەند شێوەیەکی جیاواز، بانگەشەی بۆ ململانێی چینایەتی دەکرد، هەروەک لە مانیڤیستی کۆمیونیستی مارکسدا هاتووە (کرێکاران نیشتیمانیان نییە).

ج- ڕەوتە نەتەوەییەکان:

بە درێژایی سەدەی بیستەم چەند ڕەوت و بیر و بۆچوونی جیاواز دەربارەی بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی دەرکەوتوون، بە کورتی ئاماژەیان بۆپ دەکەین:

* دوو جۆر ناسیۆنالیزمی دەرکەوتوون، ناویان لێنرا: ناسیۆنالیزمی ڕەسەن و ناسیۆنالیزمی دوژمنکارانە. جۆری یەکەمیان پەیوەستە بە ژیانی دیموکراسییەت، جۆری دووەمیشیان بە کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی جیهانی دەبەسترێنەوە.

* چەند نووسەرێکی دیکە کاریان بۆ دابەشکردنی ناسیۆنالیزم دەکرد، بەسەر دوو جۆری دیکە، ئەوانیش دابەشیان کردووە بەسەر ناسیۆنالیزمی لیبرالی و ناسیۆنالیزمی تەواوکاری.

بە بۆچوونی ئەو نووسەرانە، ناسیۆنالیزمی لیبرالی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا، لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ئەو جۆرە ناسیۆنالیزمە بڵاوبۆتەوە و پەلی کێشاوە بۆ وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها کیشوەری ئەفریقیا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. بەڵام ناسیۆنالیزمی لیبرالی پاشان ئاراستەکەی گۆڕا بەرەو ناسیۆنالیزمی تەواوکاری گشتگیر. ئامانجی ئەم جۆرەی دووەمی ناسیۆنالیزم تەنها کۆکردنەوەی هێزی نەتەوەیی و توانای سەربازی بووە.

*بیرۆکەیەکی دیکەی ناسیۆنالیزم دەرکەوت، لەسەر بنەمای (ڕەگەزی پاک)، لەبەرچاوترین نووسەر و بیرمەندانی ئەم جۆرە، بیرمەنده‌ نازییەکانی ئەڵمانیا بوون.

ئه‌و ئاڕاسته‌ نوێیه‌ پاڵیدا بە ژمارەیەکی گەورەی نووسەر و بیرمەندانی ناسیۆنالیزم کە ڕوو لە ئاڕاستەی فراوانخوازی (دەستڕۆیی و داگیرکاری) بکەن، وەک بەشێک لە سرووشتی ناسیۆنالیزم.

بەبۆچوونی هەڵگرانی ئەم ئاڕاستەیە ئەوەی له‌بەشێکی گەورەی بزووتنەوەکانی ناسیۆنالیزم ڕوویدا لە کیشوەری ئەوروپا، کارێک بوو دەبوایە هەر ڕووبدات، ڕەنگە لە هەموو سیستمە ناسیۆنالیزمەکانیش ڕووبدات، هەر کاتێک هێز و توانایان لەبەر دەست بێت.

 

ئاراستە هزرییە نوێیەکانی ناسیۆنالیزم:(١٣)

ئاراستە و ڕەوتە هزرییە نوێیەکانی ناسیۆنالیزم، بەشێکیان پاڵپشتی دیاردەکە دەکەن، بەشی دووەمیانیش بە دیدێکی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن. بەشێوەیەکی گشتی ئەو ئاراستە و رەخنەکانیش، ڕەنگدانەوەن بۆ پەرەسەندنی هزری کۆمەڵآیەتی و سیاسی جیهانی هاوچەرخ، لە دیارترین ئەو ڕەوت و ئاراستەنەش:

١- ئاراستەی لیبرالی نوێ:

ئەم بۆچوونە لیبرالیە بە چاوی گومانەوە تەماشای دیاردە و هزری ناسیۆنالیزم دەکات، بە تایبەتی کاتێ دەگۆڕێ و دەبێتە هۆکارێک بۆ دوورخستنەوە (یان پشتگوێخستنی) بەشێکی کۆمەڵ، یاخود پیادەکردنی ڕێبازی زاڵبوونی نەژادی.

ئاراستەکە بانگەشە بۆ بەهێزکردنی دیاردەی هاونیشتمانی جیهانی دەکات، هەروەها مافەکانی مرۆڤ لەسەرووی شوناسی ناسیۆنالیزمی بێت، جەخت لەسەر ئینتیما بۆ بەها هاوبەشەکان دەکات لە جیاتی ئینتیمای رەگەزی یاخود ئایینی.(١٤)

٢- ئاراستەی نەتەوەیی نوێ:

ئەم ئاراستەیە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دیاردەکانی: جیهانبینی، کۆچکردن، فرەیی کولتوری، دەرکەوت -بانگەوازی داکۆکیکردنه‌ لەسەر شوناسی نیشتیمانی و سەروەری و پارێزگاری سنوور-.

ئەم ئاراستەیە لەناو چەند حزبێکی ڕاستڕەوی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە هەڵکشاندایە.(١٥)

٣- ئاراستەی پاش مۆدیرنیزم:

ئاراستەکە بیرۆکەی شوناسی نەتەوەیی جێگیری لاپەسەند نییە، بۆچوونی وایە ناسیۆنالیزم بونیادێکی کۆمەڵایەتییە، دەگۆڕێت بە گۆڕانی سیستم و بارودۆخەکان. ئەم ئاراستەیە، جەخت لەسەر شیکردنەوەی رەخنەگرانە دەکات بۆ وتار و بیر و بۆچونە نەتەوەییەکان، هەروەها چۆن بەکاردەهێنرێت لە پێکهێنانی دەسەڵات و دەسەڵاتداری.

٤- ئاراستەی نێو نەتەوەیی-جیهانی-(Cosmopolitanism):

بانگەشە بۆ تێپەڕکردنی (یان وازهێنان) دیاردەی ناسیۆنالیزم دەکات، بەمەبەستی ئینتیما بۆ جیهانێکی یەکگرتوو.ئاراستەکە بۆچوونی وایە کەکێشەکانی جیهان وەک: ژینگە، هەژاری، جەنگەکان، پێویستیان بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە و سنووری ناسیۆنالیزم تێپەڕ دەکات.

٥- ئاراستە نوێیەکانی ناسیۆنالیزم:

ئەو ئاراستانە کار دەکەن بۆ ئەوەی پێناسەیەکی نوێی ناسیۆنالیزم دابڕێژرێتەوە، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان بگرێتەوە بێ دوورخستنەوەی هیچ کولتور و یان کۆمەڵێک. ئەو بۆچوونە نوێیە، جەخت لەسەر هاوکاری و تەبایی ناوخۆیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکات،هەروەها رەچاوکردنی کولتور و شوناسە جیاوازەکان بێ هەر جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەک.

٦- ناسیۆنالیزمی دیموکراسی:

لە خەسلەتەکانی ئەو ئاراستە نوێیەی ناسیۆنالیزم، ناوەڕۆکە دیموکراسییەکەیەتی کە دەبێتە کۆڵەکەیەکی بنچینەیی بۆ ڕابوونی نیشتمانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی. هەر بەهۆی ئەو شێوە سیستمەوە، هاوڵاتی لە کۆیلایەتی سیاسی و ترس رزگاری دەبێت، دەرفەتیش لەبەردەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کراوە دەبن، بۆ بەدیهێنانی داهێنانی داهێنان و رکابەری و بەرهەم هێنان، سەرەڕای بەهێزکردنی بەکاهاکانی نیشتمان پەروەری.

لە چوارچێوەی ئەو سیستمە، پێویست دەکات، ڕەچاوی کولتوری ئەتنی و مافەکانی مرۆڤ بکرێت، سەرەڕای پێڕەوکردنی فرەیی سیاسی و بەشداریکردنی چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە ژیانی سیاسیدا.

 

بیرو بۆچوونەکانی بیرمەند -ژان ژاک روسو- دەربارەی ناسیۆنالیزم:(*)

ئەو بیرمەندە رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە دەرکەوتن و شیکردنەوەی بیر و باوەڕە نەتەوەییە نوێیەکان، هەروەها چەندین کتێب و بابەتی دیکەی بڵاوکردۆتەوە.

لێرەدا بە کورتی پوختەی بیرو باوەڕەکانی ده‌رباره‌ی ناسیونالیزم دەخەینە ڕوو:

١- بیرۆکەی ئیرادەی گشتی:

رۆسو لە نووسینەکانی جەخت لەسەر سەروەری  گەل کردۆتەوە، باوەڕی وایە شەرعییەتی سیاسی لە ئیرادەی گشتی نەتەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو بیروباوەڕانە یارمەتیدەر بوون بۆ بەهێزکردنی ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت: نەتەوە وەک یەکیێتیەکی سیاسی توند و تۆڵ، سەرچاوەی شەرعییەتە، حاڵتەکەش رێگا خۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنالیستی.

٢- شوناسی کۆمەڵ و دیاردەی ئینتیما:

بەبۆچوونی رۆسۆ، هەستی ئینتیما بۆ کۆمەڵگەیەک پشت بە بەها هاوبەشەکان دەبەستێت، داب و نەریتەکانیش بناغەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنێت. ئەو بیرو بۆچونانە یارمەتیدەر بوونە بۆ یەکلاکردنەوەی بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی.

٣- قبوڵنەکردنی حوکمڕانی ڕەها (یان سەروەری میللی):

رۆسۆ لە میانەی رەخنەگرتنی لە سیستەمی پاشایەتیە رەهاکان و بانگەوازی بۆ جۆرێک لە حوکمڕانی کە هەڵقوڵاوی خواستی گەل بێت، ئەوا رێگای خۆشکرد لەبەردەم شۆڕشە نەتەوایەتییەکان، گەلانیش خەباتیان کرد بۆ رزگاربوون لە کولوینالیزم و سیسته‌مه‌ داگیرکارییە بیانییەکان.

٤- کارتێکردن لە شۆڕشی فەڕەنسا:

بیروباوەڕەکانی ڕۆسۆ سەرچاوەی هاندان و ئومێد پێدانێکی گەورە بوون بۆشۆڕشگێڕانی فەڕەنسا (لەو سەردەمە)، ئەوانی دروشمەکانی: ئازادی، یەکسانی ، برایەتیان بەرزکردبۆوە.

٥- رۆسۆ و پەروەردەی نەتەوەیی:

رۆسۆ لە کتێبەکەی -ئەمیل- داوای دەکرد هاوڵاتی لەسەر خۆشەویستی نیشتمانی و بەشداریکردن لە کاروباری گشتی پەروەردە بکرێت. دیارە ئەو بیر و بۆچوونەش بووە بەشێکی بنچینەیی لە هزری نەتەوایەتی نوێ.(16)

 

شیکردنەوەی مارکسیزم بۆ دیاردەی ناسیۆنالیزمی:

شیکردنەوەی مارکسیزم بۆ دیاردەی ناسیۆنالیزم لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت کە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی مێژووییە و پەیوەستە بە پەرەسەندنی کۆمەڵگە چینایەتییە سەرمایەدارییەکان.

لای مارکسییەکان دیاردەی ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی هەتا هەتایی یاخود سرووشتی نییە، بەڵکو بەرهەمی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە دیاریکراوەکانە.

هەر بە پێی بیر و بۆچوونی ژمارەیەکی گەورەی بیرمەند و نووسەران، ناسیۆنالیزم قۆناغێکی گرینگە لە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، بەڵکو قۆناغی پەرەسەندنە لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و لە حاڵەتی ئینتیمای کۆمەڵایەتی.(17)

لێرەدا بە کورتی دیدی مارکسیزم دەربارەی ناسیۆنالیزم دەخەینە ڕوو:

١- دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم لە ڕووی مێژووییەوە:(18)

بەبۆچونی مارکسییەکان، ناسیۆنالیزم بە شێوەیەکی ڕێژەیی وەک دیاردەیەکی نوێ دەرکەوتووە، هاوشان بووە لەگەڵ سەرکەوتنی سەرمایەداری، بەتایبەتی لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی لە نێوان سەدەی هەژدە و نۆزدەهەمدا.

پێشتر شوناسی کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکان پشتی بە: ئایین، خێزان، هۆز، یاخود ئینتیما بۆ هەرێمێك دەبەست، نەک نەتەوە وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو. دەوڵەتی ناسیۆنالیزمی نوێ پێکهات کاتێ چینی بوژانەوەی تازە پێگەیشتوو، پێویستی بە بازاڕی یەکگرتوو، زمانی هاوبەش بووە، ئەویش بۆ ئاسانکردنی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردنیان.

٢- ناسیۆنالیزم وەک ئامرازێک بە دەستی بورژوازییەت:

بە بۆچوونی هزری مارکسی، ناسیۆنالیزم ئامرازێک بووە بە دەستی چینی بورژوازی، بەکاری هێناوە بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر لە ژێر ئاڵاکەی، لە ململانێی لەگەڵ دەرەبەگایەتی بەکاری هێناوە. بەڵام پاشتر  ناسیۆنالیزم بووە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی ململانێی چینایەتی، واتە بۆ ئەوەی چینی کرێکار ئاگاداری چەوسانەوەی ڕاستەقینەی خۆی نەبێت لەلایەن بورژوازیەت.

٣- هەڵوێست لە ئاست نەتەوە چەوساوەکان:

هزری مارکسی لە شیکردنەوە کانیاندا، دان بە مافی گەلانی چەوساوە دەنێت، بە بڕیاردان لەسەر مافی چارەی خۆنووسین، سەرەڕای جیاوازی کردن لە نێوان نەتەوەی چەوساوە و نەتەوەی چەوسێنەر.

 مارکس و لینین هەردووکیان پشتگیری بزووتنەوەی نەتەوایەتییان کردووە کاتێ دژی ئیمپریالیزم یان داگیرکاری دەبێت، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی کە دژ کولونیالیزمە و ڕێگا لەبەردەم پەرەسەندنی ململانێی چینایەتی خۆش دەکات.

٤- لینین و ناسیۆنالیزم:

لینین لە چەندین نووسین باسی بابەتی ناسیۆنالیزمی کردووە، جەختیشی لەسەر بنەمای مافی چارەی خۆنووسین کردۆتەوە، وەک ڕێگا و ئامرازێک بۆ بەربەرەکانیکردنی ئیمپریالیزم. لەهەمان کاتدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە پاڵپشتی دیاردەی گۆشەگیری نەتەوەیی بکرێت، دووریش بێت لە تێکەڵ بوون لە خەباتی چینی کرێکاران.

 

 

 

ناسیۆنالیزم و ڕێبازە سیاسییەکان:(19)

لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا، زنجیرە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی سەریان هەڵداوە بێ پسانەوە، لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین و چەندین وڵاتانی دیکەش، ئامانجی خەبات و تێکۆشانیان چەسپاندنی شوناسی نەتەوەیی و سەربەخۆییان بووە.

ئەو بزووتنەوانە ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە گۆڕین و پێکهاتنی نەخشەی نوێی سیاسی جیهان، هەروەها بە تێکڕا پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ژیرانەیان هەبووە لەگەڵ حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان سه‌ره‌ڕای جیاوازییان، لەبەرئەوەی سەرکەوتنیان بە زۆری لە ڕووی توانا و چالاکیان، هەروەها درووستکردنی ژێرخاینان، پشتی بە ڕێکخراوە سیاسییەکان بەستووە.

بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کە بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، سەری هەڵداوە بۆ بەرگریکردن لەبەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، هەروەها بۆ بەهێزکردنی شوناس و کولتوری نەتەوەیی  و بەدیهێنانی سەربەخۆیی وڵات.

دیارە بەهۆی ڕێکخراوی سیاسییەوە لە هەر وڵاتێكداو له‌گه‌ڵ جیاوازی بیروباوه‌ڕیان  دەسەڵات ئاراستە دەکرێت و بەڕێوە دەچێت له‌لایه‌ن ئەو ڕێکخستنە سیاسییەوه‌، كه‌ چەندین حزبی سیاسی، دامەزراوەی ناحکومی، ڕێکخراوە یاسایی و کارگێڕییەکان دەگرێتە خۆی، کەواتە ڕێکخستنی سیاسی ئەو ئامرازەیە کە بە هۆیەوە ئامانجە نیشتمانیە نەتەوەییەکان دێنە دی هەروەها کاروباری دەوڵەتیش بەڕێوە دەچێت.

له‌م چوار چێوه‌یه‌دا، ئەو پەیوەندییە دیالێکتیکەی نێوان بزووتنەوەی نەتەوایەتی و ڕێکخستنی سیاسی ئاشکرا دەبێت.

بزووتنەوە سیاسییە ناسیۆنالیزمەکان بە زۆری وەک دەربڕینێکی کولتوری کۆمەڵایەتی دەست پێدەکات، بەڵام دەگۆڕێت و دەبێتە هێزێکی سیاسی ڕێکخراو، لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات و سەربەخۆیی وڵات کار دەکات.

لەو هەل و مەرجەدا پێویستی بزووتنەوەکە بۆ ڕێکخراوێکی سیاسی بەهێزتر دەبێت کە توانای دەربڕین و بەرجەستەکردنی ئامانجە نەتەوەییەکانی هەبێت.

ئەو پەیوەندییە ئاڵۆز و دیالێکتیکەی نێوان بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و حزبی سیاسی، چەند دەرئەنجامێکی لێ پەیدا دەبێت بە کورتی ئاماژەیان بۆ دەکەین.(20)

١- بەیەک گەیشتنی ئەرک و بەرژەوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

٢- گرژی و ناکۆکی لە هەندێ بارودۆخدا.

٣- وەرگەڕانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی بۆ حزبێکی سیاسی.

٤- بەکارهێنانی ڕەهەندی نەتەوەیی وەک ئامرازێک لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە.

 

پێگەو ڕۆڵی حزبی سیاسی لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی:

چەندین بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی حزبی سیاسییان پێکهێناوە، بەشداریان لە ئەنجومەنەکانی پەرلەمان یان حکوومەت کردووە، کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانە لە بزووتنەوە جەماوەرییەکەوه‌ بەرەو قەوارەیەکی سیاسی ڕێكخراو.

یەکەم: پێگەی حزبی سیاسی لە ژیانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی:(21)

أ- حزبی سیاسی دەبێتە نوێنەری ڕەوتی نەتەوەیی لە گۆڕەپانە سیاسییەکە بۆ دەربڕینی ئاواتەکانی و بەرجەستەکردنی شوناسە کولتورییەکەی.

ب- بەزۆری حزبی سیاسی دەبیتە نوێنەری شەرعی ڕەوتی ناسیۆنالیزم لەناو سیستمی سیاسیدا.

ج- حزبی سیاسی وەک ئامرازێک کار دەکات لە نێوان گەل و دەوڵەت.

دووەم: ڕۆڵی حزبی سیاسی لەناو بزووتنەوەی ناسیۆنالیزم:

١- بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی.

٢- هەستان بە کاری ڕێکخستنی سیاسی.

٣- کارتێکرنی لە سیاسەتە گشتییەکانی وڵات (لە ڕێگای بەشداری لە هەڵبژاردنەکان)

٤- بەرەنگاریکردنی داگیرکاری و پاشکۆیەتی.

٥- بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی.

٦- هەروەها ڕێکخستنی سیاسی دەتوانێت جۆری بزووتنەوەکە بگۆڕێت بە تێکەڵکردنی لەسیستمە سیاسییەکە، یاخود ئاراستەکردنی بەرەو ڕێکەوتن و چارەسەری ئاشتییانە، نموونەش لەسەر ئەو حاڵەتانە، وەک:

أ- بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی عەرەب، نموونەی حزبەکانی وەک: حزبی دەستووری لە تونس، بەرەی ڕزگاری نیشتمانی لە جەزائیر.

ب- بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی هیندستان، نموونەی: حزبی کۆنگرەی نیشتمانی.

ج- بزووتنەوەی زایۆنیزم لە فەلەستن، گۆڕاو بوو بە دەوڵەتی ئیسرائیل.

سەرەڕای چەندین نموونە لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین.

 

ڕۆڵی چینی ناوەڕاست لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی:(22)

ژمارەکی زۆری نووسەر و بیرمەندان، بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی دەبەستنەوە بە ڕۆڵی چینی ناوەڕاست لە کۆمەڵگەدا، ئەو ڕۆڵە بەهەمان شێوە کاریگەری ده‌بێت لە سه‌ر ڕێباز و هزرە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەویش بەهۆی چەندین هۆکار.

لە ڕاستیدا سەرەتاکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالستی، هاوشان بوو لەگەڵ سەرەتای زاڵبوونی چینی ناوەڕاست و بەهێزی شۆڕشەکانی (لە وڵاتانی ئەوروپا). واتە ئەو لەو کات و ساتانەی کە ئەو چینە کۆمەڵایەتییە بووە نوێنەری ئاواتەکانی کۆمەڵگە، بەرەو پێشکەوتن، ئەویش دوای کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی دەرەبەگایەتی دیارە حاڵەتێکی سروشتیش بوو کە سەرکردایەتییەکانی بزووتنەوە ناسیۆنالیزمەکان لەو چینە پێکبێن، کە یەکەم شۆڕشی ناسیۆنالیزمی (فەرەنسا ١٧٨٩) نموونه‌ی به‌رزی چینی ناوه‌ڕاست به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. بزووتنەوەی ناسیۆنالستی بۆ چینی ناوەڕاست جێگای بایەخ پێدانە لەبەر دوو هۆ:

١- ئەندامانی ئەو چینە خاوەن توانایەکی دارایی باش بوون. ئەوەش هۆکارێکە دەرفەتی خوێندن و پێگەیشتنی ئەندامانیان بۆ ئاسان بکات، چینی ناوەڕاست پشت بەو حاڵەتە دەبەستێت لە بواری کاری سیاسی و نەتەوەیی.

٢- هەر لە چوارچێوەی چالاکییە ئابوورییەکانیش، چینی ناوەڕاست بە زۆری هەوڵدەدات بازاڕی نەتەوەیی یەکگرتوو درووست بکات و لە ڕکابەری بێگانەش ڕزگاری بێت.

بە کورتی دەکرێت ڕۆڵی چینی ناوەڕاست لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی لە چەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:(23)

+ ڕۆڵی هۆشیاری و کولتوری و سیاسی.

+ بڵاوکردنەوەی بیر و باوەڕی نەتەوەیی.

+ کارکردن بۆ چاکسازی و گۆڕان.

+ بەشداری لە ڕێک خستنی سیاسی (حزبەکان – ڕێکخراوەکان – سەندیکاکان).

+ ئەم چینە ئامرازی پەیوەندی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکانە.

+ کاریگەری و کارتێکردنی لە بیر و باوەڕ و هزرە جیا جیاکان.

 

چەمکی پاش ناسیۆنالیزم:(24)

بابەتی پاش ناسیۆنالیزم، یان ئایندەی هزری نەتەوەیی، لەو بابەتە هزری و سیاسیانەیە کە بووە بە هۆی وروژاندنی مشتومڕی گەورە. دەرکەوتنشی پەیوەندی بە چەند گۆڕانێکی جیهانی هەیە، بە تایبەتی لە سێبەری دیاردەی جیهانبینی.

پاش ناسیۆنالیزم (Post-Nationalism) زاراوەیەکە بۆ ناساندنی قۆناغێک یان بیرۆکەیەک، بەکاردەهێنرێت بۆ قۆناغێک کە سنووری دەوڵەتی نەتەوەیی نەریتی تێپەڕ بکات. لەو قۆناغەدا شوناسی نەتەوەیی نابێتە تەنها بنچینە یانیش بنەما، بۆ ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی و تاک.

کەواتە لەو دۆخەدا تاکەکان رەنگە ببەسترێنەوە  بە چەند شوناسێکی فراوانتر نموونەی ئینتمای تاک بۆ (مرۆڤایەتی، یان ئایینی، یاخود هەرێمایەتی) یانیش شوناسێکی کولتوری، لە جیاتی ئەوەی لە چوارچێوەی یەک شوناسی نەتەوەیی قەتیس بێت.

دەرکەوتنی بیرۆکەی پاش ناسیۆنالیزم بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە:

١- دیاردەی جیهانبینی: بەهۆی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و کرانەوەی سنوورە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان(نموونەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا).

٢- زۆربوونی کۆچکردن و فرەیی کولتورەکان، دیاردەکە بوو بە هۆی لاوازی کولتوری نەتەوەیی یەکگرتوو لەناو چەند دەوڵەتێک.

٣- پێشکەوتنی شۆڕشی تەکنەلۆژیای زانیارییەکان.

٤- سەرنەکەوتنی چەند پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیزمی نەریتی، وەک جەنگی نێوان نەتەوەکان، یان ڕژێمە ملهوڕەکان کە لە ژێر ناوی ناسیۆنالیزم حوکمڕانیان دەکرد.

٥- بەجیهانیکردنی هۆکارە ئابوورییەکانی وەک: بازرگانی نێودەوڵەتی، ڕۆڵی کۆمپانیا فرە رەگەزەکان، سەرەڕای پەرەسەندنی ڕۆڵیان کە لە سەرووی سەروەری نیشتمانی دەوڵەت بێت، بە تایبەتی دامەزراوە جیهانییەکانی وەک:

یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیمانی باکوری ئەتلەسی.

 

دوارۆژی هزری نەتەوەیی:

سەرەڕای بەرەنگارییەکان بەڵام هزری نەتەوەیی لەناو نەچووە، بەڵکو ڕەنگە بەهێزتر بوو بێت لە چەند ناوچەیەک ئەویش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر دیاردەی جیهانبینی. نموونەی سەرکەوتنی ناسیۆنالستەکان و گەیشتنیان بە دەسەڵات لە چەند وڵاتێکی جیهان بەبەردەوامی.

بەڵام لەم ڕووەوە، چەند ئاراستەیەک یاخود رەوتێکی نوێ خۆی دەخاتە ڕوو:

أ- ناسیۆنالیزمی نوێی کراوە:

ئەو ئاراستەیە رێزی زیاتر له‌ خەسڵەت و تایبەتمەندییە کولتورییەکان دەگرێت نەک ڕێگری یان دژایەتی.

ب- دەرکەوتنی دیاردەی -پاش ناسیۆنالیزمی:

 واتە داهاتوویەکی پشت بەستوو بە بەشداری و هاوکاری نێوان چەند کولتورێكی جیاواز (نیشتمانی، مرۆڤایەتی، ژینگەیی) نمونەیی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

ج- گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمی توندڕەو:

ئەویش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر پشت گوێخستن و پەراوێز خستنی ئابووری یاخود کولتوری، نموونەیی، ئاراستە ئەتینەکان، پۆپۆلیزمەکان.

 

پەیوەندییەکانی نێوان ناسیۆنالیزم و دیاردەی جیهانبینی:

پەیوەندی نێوان ئەو دوو چەمکە پەیوەندییەکی گرژوکار لە یەکتر کردنە، لە یەک کاتدا، لێرەدا دەکرێ ڕووەکانی ئەو پەیوەندییە بەم شێوەیە روون بکەینەوە:

١- دژایەتی و ناکۆکی:

ناسیۆنالیزم داکۆکی لەسەر ئینتما و ملکەچی بۆ دەوڵەت یان نەتەوە دەکات، هەروەها کار بۆ پارێزگاری لە کولتور و سیاسەت و ئابووری هەرێمەکانی دەکات.

بەڵام جیهانبینی لایەنگری هەڵگرتنی سنووری نێوان دەوڵەتان دەکات، لە بوارەکانی ئابووری و کولتوری و پەیوەندیکردنەوە، دیارە ئەو کارەش دەبێتە هۆی هەڵوەرین و لاوازبوونی شوناسی نەتەوەیی هەروەها لاواز بوونی سەروەری دەوڵەت.

٢- کارتێکردنی ئاڵوگۆڕ:

جیهانبینی ڕەنگە هاندەر بێت بۆ بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی و بەرگریکردن له‌گەلان، ئەویش وەک کاردانەوەیەک دژی هەر جۆرە هەرەشەیەک یان پەراوێز خستنێک یاخود هێرشێکی کولتوری.

لە بەرامبەردا چەند دەوڵەتێک، ناسیۆنالیزم بەکاردەهێنن وەک ئامرازێک بۆ دیاریکردنی پێگەو بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی سیستمی نوێی جیهانی کە بەهۆی جیهانبینییەوە سەپاوە.

٣- تەواوکاری یان ململانێ:

بە پیی چەند تیۆرییەک، دەکرێ ناسیۆنالیزم خۆی لەگەڵ جیهانبینی بگونجێنێت ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆسەی (کرانەوەی هەڵبژێردراو). Selective Openness، ئەو پڕۆسەیە پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی دەکات سەرەڕای سوودوەرگرتن لە دەرفەتە جیهانییەکان.

بەڵام لە چەند خاڵێکی دیکە، ململانێیەکان ڕوودەدەن بەهۆی ڕووداوە دژ و ناکۆکییەکانی نێوان سیاسەتە نەتەوایەتییەکان، هەروەها بەهۆی فشارە جیهانییەکان، نموونەی ئاراستەی خۆپارێزی(Protectionism) دژ بە بازرگانی ئازاد.(25)

 

پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و سکیۆلاریزم:

عەلمانیەت(بە عەرەبی) لە وشەی (Secularism) وەرگیراوە، لە زمانی کوردیش هەردوو زاراوەکە (عەلمانیەت و سکیۆلاریزم) بەکار دەهێنرێت،کە وشەی -جیهان پەرستی- دەگەیەنێت.

ڕەگ و ڕیشەی وشەکە بۆ وشەی لاتینی (Saeculum) دەگەڕێتەوە.

سیکیۆلاریزم بۆ یەکەمجار لەلایەن فەیلەسوف(جۆرج هولیوک) ساڵی (١٨٥١) بەکارهێنراوە، پاشان لە کۆتاییەکانی سەدەی (١٩) و سەرەتاکانی سەدەی (٢٠) لە نووسینەکاندا بڵاوبۆتەوە.

مەبەست لە زاراوەکە بۆ یەکەمجار بە مانای (گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی کڵێسە بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی) بەکارهێنراوە.

عەلمانیەت بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە، ئاراستەیەک لە ژیان پێکدەهێنێت، بنەماکانی بریتین لە دوورخستنەوەی ڕۆڵی ئایین لە سیاسەت و لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی، هەروەها دامەزراندنی سیستمێکی بەهایی و رەفتاری دوور لە ئایین.

پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و سکیۆلاریزم، پەیوەندییەکی ئاڵۆزە و لە گۆڕاندایە، بە پێی ڕەوتی مێژوویی و کولتوری هەر دەوڵەتێک، دەکرێ ئەو پەیوەندییە لە چەند خاڵێك کورت بکەینەوە:

١- بەیەک گەیشتنەوەیان لە چەند ئامانجێک:

ناسیۆنالیزم هەوڵدەدات نەتەوە یەکبگرێت لە چوارچێوەی شوناسی نیشتمانی، سکیۆلاریزمیش کاردەکات بۆ جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی بێلایەنی دەوڵەت لە ئاست ئایینەکان.

هەردوولا کار بۆ لاوازی ڕۆڵی ئایین دەکەن لە بوارە گشتییەکان لە پێناو بەدیهێنانی یەکگرتنی نیشتمانی، بەتایبەتی لەو دەوڵەتانەی ئایین یاخود تائیفەکان تیایدا فرەو چالاکن.

٢- جیاوازی لە سەرچاوە و بنەما هزرییەکان:

ئینتما بۆ نەتەوە لای ناسیۆنالیزم سەرچاوە و بنەمایە (رەگەز، زمان، کولتوری هاوبەش).

بەڵام سکیۆلاریزم بنەمای بێلایەنی دەوڵەت بەرامبەر ئایین سەرچاوەیەتی، رەنگە ناسیۆنالیزم ئایین وەک بەشێک لەشوناسی نەتەوەیی دابنێت، بەڵام سکیۆلاریزم ئایین بە کار و خەسڵەتێکی تایبەت دەزانێ بۆ تاک.

٣- چەند نموونەیەکی مێژوویی:

+ تورکیا: لەسەر دەستی موستەفا کەمال کۆماری تورکیا دامەزرا، عەلمانییەت بووە ئامرازێک بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی ناسیۆنالستی نوێ لەو وڵاتە.

+ فەڕەنسا: سکیۆلاریزم کۆلەكه‌یەکی بنچینەییە لە شوناسی کۆماری فەڕەنسا.

+ لە چەند دەوڵەتێکی عەرەبی: پێکدادان و ململانێ لە نێوان ناسیۆنالیزمی عەرەب و ئایین ڕوویداوە، بۆیە ناسیۆنالیزم بووە پاڵپشتیەک بۆ سکیۆلاریزم.

٤- ململانێ و بەیەکەوە ژیان:

لە هەندێ بار و دۆخدا دەکرێ ناسیۆنالیزم و سیکۆلاریزم دژبەیەک بن، ئەگەر لایەنی ناسیۆنالیزم مۆرکێکی ئایینی هەڵگرت، وەک: ناسیۆنالیزمی هیندۆسی لە هیندستان.

لەچەند بارێکی دیکەدا، دەکرێ ناسیۆنالیزم و سیکۆلاریزم بەیەکەوە بژین لەم حاڵەتەدا سیکۆلاریزم دەبێتە ئامرازێک بۆ بەهێزبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر بنچینەی نائایینی.(26)

 

کۆتایی:

بیر و باوەڕی نەتەوەیی، ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە ژیانی کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکان. بیر و باوەڕی نەتەوەیی کاریگەریی قوڵی دەبێت بەسەر زۆر لە ڕەگەزەکانی پێکهاتەی نەتەوە، وەک: زمان، کولتور، ئینتمای نەتەوەیی، هەروەها لەسەر ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوە سەرەڕای ڕۆڵی کاریگەری لە گۆڕانە سیاسییەکانی ناو هەر کۆمەڵگه‌یه‌ك.

هزری ناسیۆنالیستی ڕۆڵی جەوهەری دەگێڕێت لە بزووتنەوەکانی ڕزگاری نیشتمانی و بەربەرەکانی کردنی داگیرکاری و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی، هەروەها هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ هاوکاری و یەکگرتنی کۆمەڵگەو دژایەتی دەرەکی.

لێرەدا بە کورتی هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو هزرە دەکەین بە دەرخستنی هەندێ لایەنی ئەرێنی و نەرێنی:

أ- لایەنی  پۆزەتیڤی (ئه‌رێنی):

١- بەشداریکردن لە یەکگرتنی گەل، لە چوارچێوەی بەهاکانی مێژووی هاوبەش، هەروەها کارکردن بۆ بەهێزکردنی هەستی ئینتمای نیشتمانی.

٢- ڕۆڵێکی کارا دەگێڕیت لە بەربەرەکانیکردنی کۆلوینالیزم و ڕووبەڕوو بوونەوەی هەژموونی بیانی لە وڵاتانی جیهانی سێهەم.

٣- دەکرێ هاندەرێک بێت بۆ ڕابوونی ئابووری، کولتوری، ئەگەر ویستێکی بەکۆمەڵی لە پشت بێت لە پێناو بونیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی.

٤- کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەکان، لەگەڵ جەختکردن لەسەر چارەنووسی هاوبەش.

ب- لایەنی نێگەتیڤی(نه‌رێنی):

١- گۆڕان و وەرچەخانی بەرەو بیروباوەڕی توندڕەوی و دژایەتی نەتەوە و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکە.

٢- هەندێ جار دژی کرانەوەی کولتوری و فرەیی دەوەستێت.

٣- داکۆکیکردن و زیادەڕۆیی لە بایەخدان بە ڕابردووی نەتەوە.

دەکرێ ئەو حاڵەتە هۆکارێک بێت بۆ پشت گوێخستنی بەرەنگارییەکان و دەوورکەوتنەوە لە کاری داهێنان و بەیەکەوە ژیان.

٤- هەندێ جار بەکاردەهێرێت وەک بیانوویەک بۆ زۆرداری یان سەپاندنی دەسەڵاتێکی ملهوڕی، لەژێر ناوی پاراستنی یەکگرتوویی نیشتمان.

 

 

 

سەرچاوەکان:

١- نشوء الدولة القومية المركزية والإنتقال إلى الدولة المتعددة الانتماءات – بحث – جميل رشيد

www.alawset.nt

* چەندین تیۆری جیاواز داڕێژراوە لەلایەن بیرماندانەوە دەربارەی سەرچاوەی ناسیۆنالیزم و پێکهاتەکانی، لەوانە:

تیۆری ئەڵمانی، (تیۆری ڕەگەز و زمان).

تیۆری فەڕەنسی، (تیۆری خواست و ویست).

تیۆری ئایینی، (ئایین بنچینەی نەتەوەییە).

تیۆر و بۆچوونەکانی مارکسیزم، (فاکتەری ئابووری و ململانێی چینایەتی).

٢- الفکر القومي عند د.زکي نجیب محفوظ، د.نجاخ محسن – دار الفتح للاعلام العربي، ط/1-1999 – القاهرة – ص25.

3- قضاء القومية و اثرها على العلاقات الدولية – مثنى أمين – مركز كردستان للدراسات الايتراتيجية – السليمانية/2003 – ص12.

4- سەرچاوەی پێشوو – ص12.

٥- الموسوعة العربية الميسرة – محمد نصار – جزء/5 – المكتبة العصرية بيروت – 2009 / ص2604.

6- القاموس السياسي – جزء/2 – أحمد عطية الله – القاهرة/1987 ص942

7- موسوعة علم السياسة – د. ناظم عبدالواحد – ط/1 – 2009 – الأردن – ص294.

8- القومية والمذاهب السياسية – د.أحمد عبدالكريم – ط/2 – 1972 – القاهرة – ص449.

9- تاريخ الحركات القومية – جزء/1 – د.نورالدين حاطوم – ط/1 – 1979 ص318.

10- گۆڤاری بیاڤ – ژمارە/١٥ – نیسان/٢٠٠٤ – بابەتی محەمەد ڕەزا ل٢٠.

11- الشعوب والقومیات منذ عام (1780) أی – جی- هوبز بوم ترجمة مصطفی حجاج- ط7، 2003، ابوظبی

+ الاستعمار والمذاهب الاستعمارية ، بحث، محمد عوض محمد /1957 – القاهرة.

12-  سەرچاوەکانی:

+ أ. هـ . كار – كتاب – القومية وما بعدها.

+  هـ . كون – كتاب – فكرة – القومية.

+ ف. هـ . هارتمان – كتاب علاقات الأمم.

نقلا عن كتاب – القومية والمذاهب السياسية – مصدر سابق- ص28-30-41.

13- سەرچاوەکانی:

+ أمكانية أحياء الفكر القومي العربي كشروع نهضوي – رسالة دكتورا – جمال حمزة – جامعة بيروت – نيسان/2025.

+ الفكر القومي بين المتطلبات التجديد والعودة إلى المنابع الأصلية – بحث د.نافع حسن – جامعة سبها.

www.sebhau-edu.ly

14- اللبرالية والقومية – هيذر بانجل – بحث – 2019.

www.nabionalaffairs.com

15- سؤال القومية في الفكر العربي المعاصر – دراسة.

www.asip-cerist-dz

 

16- سەرچاوەکانی:

+ جان جاک روسو – بحث – دينا مصطفى – تموز/2019.

www.maurdoo3.com

+ جان جاك روسو – موسوعة ستانفورد للفلسفة

www.hekmah.org

17- نشوء الدولة القومية المركزية – مصدر سابق.

18- سەرچاوەکانی:

+ مجلة الشرارة عدد يوم – 31/كانون الثاني/2001.

www.marxy.com

+ معجم الشيوعية العلمية – دار التقدم – موسكو/1985 – ص240-212

19- القومية والمذاهب السياسية – د.أحمد عبدالكريم – مصدر سابق – ص280-287

20- الأحزاب و الحركات والتنظيمات القومية في الوطن العربي – اشراف: محمد جمال باروت – مركز دراسات الوحدة العربية – بيروت – ط/1-2012 – ص961.

21- مفهوم الفكر القومي وعناصرها الأساسية – محمد أمين – بحث.

www.zthar.com

٢2- سەرچاوەکانی:

+ لینین – الاعمال المختارة – جزء/1 – دار التقدم – موسكو ص624

+ القومية والمذاهب السياسية – مصدر سابق – ص20.

23- سەرچاوەکانی:

+ مجلة أفاق أجتماعية – العدد/7 نوفمبر 2024 – دورية تصدر في مصر – موضوع د.سامح فوزي – ص66.

+ صراع الحلقات الوسطى والاوليفارشية الجديدة – مجلة الأداب والعلوم الأجتماعية – الجزائر – المجلد/19 – العدد/1 – 2022 – موضوع/ناصر الدين باقي.

24- سەرچاوەکانی:

+ گۆڤاری سەرچاوە – ژمارە/٥ – ئایاری ٢٠١٠ – د.بورهان یاسین ل٢١.

+ الفكر القومي العربي – محددات وأفاق – المركز الثقافي للبحوث و التوثيق.

www.markazthakafisaide.org

25- سەرچاوەکانی:

+ دیاردەی بەجیهانیبوونی – عومەر رەسول – چاپی/١-٢٠١١ هەولێر ل٥٧٢.

+ العولمة مقابل القومية – لوك دون – بحث/اكتوبر -2023.

www.theedlector.com

26- سەرچاوەکانی:

+ هرطقات/2 – جورج طرابيشي – دار الساقي ط/2/2011 – بيروت ص 199.

+ العلمانية – طارق عزيزة – جزء/1 – 2014 دمشق ص29-33

+ القومية والعلمانية – د.عدنان زرزور – مؤسسة الرسالة – بيروت/1992 ص127.

وتاری نووسەران