
نەعمان عومەر
نەتەوە و نەتەوایەتی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی مێژوویی و سیاسی چارەگی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیستە بەگشتی. ئەم دیاردەیە پێناسی جیاوازی بۆکراوە و هەر بیریارێک کۆمەڵێ بنەمای داناوە بۆ شوناسی ناسێۆنالیزم. هەندێک نەتەوە بە کلتوور و هەستی ئەتنی و خەیاڵی هابەش و ترادسیۆن و شتی واوە دەبەستنەوە، بەعزێکیش بەخوێن و پشتاوپشت و تیرە و تایفەوە، واتە بەخوێنەوە گرێیدەدەنەوە، کەسانێکیش بە جوگرافیا و ئابوورییەوە پەیوەستیدەکەن، بیریاری واش هەیە بە بیرۆکە و هزرەوە گرێیدەداتەوە، بەڵام پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە ئاخۆ نەتەوە و هەستی نەتەوایەتی لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت و کاتێک گرووپیکی کۆمەڵایەتی خۆی وەکوو گرووپێکی هاوبەشی نەتەوەیی خۆی مانەڤێست دەکات دەیەوێت چی بڵێت، ئاخۆ باس لە دابڕان، یا پەیوەندی دەکاتەوە؟ لە ڕاستیدا دیاردەی نەتەوایەتی ناوەڕۆکێکی سیاسی و کلتووری و فەرهەنگی مێژوویی هەیە، بۆیە زۆر جار دەوترێ زمان و خەیاڵی هاوبەش و مێژووی پێکەوەبوون و هەست و حکایەتی هاوبەش شوناسی نەتەوەیە، واتە ئەم کۆمەڵە خاڵە هاوبەشە هەوێنی نەتەوایەتییە، بەڵام بەدیوی ئەودیویشدا، ئەم ڕەگەزە هاوبەشە نەتەوەییانە کە ڕەگەزی هاوبەشی گشتی دیاردەی ناسۆنالیزمە، لەهەمان کاتدا خاڵی جیاکردنەوەی گرووپێکی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە لەیەکتری، واتە ئەنگێزەی نەتەوایەتی لەلایەک لەسەر پەیوەندیی هاوبەش لەنێوان گرووپێکی ئینسانی دروستدەبێت، لەلایەکی تر وەک کۆمەڵێ خاڵی جیاکەرەوەیە لە گرووپێکی کۆمەڵایەتی تر. واتە نەتەوایەتی لەسەر بنەمای دوو خاڵی ناکۆک دروستدەبێت، دابڕان و پەیوەندی .
پەیوەندیی نێوان کۆمەڵێکی مرۆیی لەگەڵ جیاوازیی لەگەڵ پێکهاتەیەکی کۆمەڵاتی تر، هەرچی پەیوەندیشی بە ڕەگەزەکانیشەوە هەیە، لەشوێن و هەلومەرجێک بۆ شوێن و جوگرافیایەکی تر جیاوازە. بۆنموونە هەندیک جار هەستی نەتەوایەتی لای گرووپێکی کۆمەڵایەتی دروستدەبێت، کە نە جوگرافیای هاوبەشی هەیە نە زمانی نەتەوایەتی، هەروەها کەتوار پێماندەڵێت کە بەدەگمەن جوگرافیایەکی دیاریکراو دەبینیتەوە کە یەک نەتەوە و زمان و گرووپی کۆمەڵایەتی تیادا بژێت. لەولاشەوە نەتەوە هەیە زمانی نەتەوەیەکی تری کردۆتە فەرمی، بۆ نموونە کەنەدا و ئوسترالیا کە هەردووکیان بە ئینگلیزی دەدوێن، جگە لەوەش زۆرجار یەک نەتەوە ئایینیی جیاوازی هەیە، بۆیە فاکتەری هەستی نەتەوایەتی زۆر خاڵ دەگریتەوە لەسەرووی هەموویانەوە جیاکاریی سیاسی، کە ئەم دیاردەیە لەگەڵ مۆدیلی نوێی دەوڵەتداری و ئیدارەی سیاسی لۆکاڵی سەریهەڵدا، واتە پرۆسەی بەنەتەوەبوون پرۆسەیەکی مودێرنە و لەگەڵ شێوازی نوێی ئینتیما سەریهەڵدا. پێش مودێرنە و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەکانی ڕومانی، ئیسپانی، یابانی، ساسانی و عوسمانی هتد... شتێک نەبوو بەناوی کێشە و هەستی نەتەوایەتی، ئەوکات بۆ نموونە شوناسی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عەرەب و کورد و تورک، شوناسێکی ئایینی بوو، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئیمپراتۆریەتانەی کۆسپ بوون لەبەردەم گەشەکردنەکانی گۆڕانکاری، شێوازی نوێی پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، کە بەهۆی سەرهەڵدان و نەشونماکردنی هێزەکانی
بەرهەمهێنان هاتبوونە ئاراوە، فاکتەکان پێویستی شێوازی ڕێخستن و ئیداری نوێی سیاسی هێنایەئاراوە، شێوازێک کە بتوانێت، هاوکاربێت بۆ گۆڕانکاریی هاوسەنگ لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئابووری و گەشەکردنی هۆشیاری سیاسی و دۆزینەوە زانستییەکان، کە بەسەریەکەوە قۆناغێکی نوێی جیهانبینی و ئینتیما و ڕێکخستنی سیاسیی هێنایەئاراوە، کە خۆی لە دەوڵەتی نوێی نەتەوەیی بینییەوە. بەم شێوەیە نەتەوە و مودێرنە دووانەی یەک قۆناغن، ئەویش قۆناغی سەرمایەداری و شێوازی نوێی بەرهەمهێنان و یەکخستنی سنووری جوگرافیای سیاسی و ئابووری و یەكخستنی پەروەردە و زمان و پێوەری کێشان و چارەسەری نوێی پزیشکی و هتد، بۆیە دیادەی نەتەوایەتی دیاردەیەکی سیاسی و نوێی هاوچەرخی قۆناغی سەرمایەدارییە، پێش سەرهەڵدانی سەرمایەداری، گرووپی ئەتنی بچووک بوونی هەبووە، وەک کۆمەڵەی مرۆیی، ئوممە، بەڵام ئەم گرووپانە خولیا و هەستی نەتەوایەتییان نەبووە، بۆیە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بۆ خوین و پشتاوپشت، بۆ ڕەوایەتیدان بە کێشەی نەتەوایەتی و گەڕانەوەی بۆ سەرزەمینی پێش مۆدێرنە بۆ خۆجیاکردنەوە و وەرگرتنی ڕەسەنایەتی و یۆتۆپیای داتاشراو نەک فاکتی بەرجەستە. بەواتایەکی تر گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکی کۆن و خۆێن و پشتاوپشت، ئەوەندەی چیرۆکی خەیاڵییە بۆ کۆکردنەوەی عەوام، ئەوەندە ڕاستی سەلمێندراو نییە، بۆ نموونە دەوڵەتی ئەمریکا لەڕووی مێژووییەوە تازەیە و لە چەندین گرووپی ئەتنی جیاواز پێکهاتووە، کەچی بەهێزترین دەوڵەتی نۆییان پێکهێنا. لەم بوارەدا دەکرێت چەندین نموونە بێنینەوە بیسلەمێنن کە دیاردەی نەتەوایەتی بەو ئاڕاستە ڕاسیستییە و جیاکاری و ئوسوڵیە، کە زۆرێک لە بزووتنەوە ناسێۆنالیستەکان ئیدعای بۆ دەکەن ڕاست نییە، چونکە زۆربەی هەرەزۆری دەوڵەتە نەتەوایەتییەکاندا، زیاد لە پێکهاتەیەکی قەومی و ئایینی و زمانەوانی تیادا دەژیت، نەتەوە هەیە چەندین ئایین و زمانی جیاوازی هەیە بۆیە جەختکردنەوە لەسەر دیاردەی دابڕان و جیاکاری
ڕاسیزم، نازیزم و فاشیزم بەرهەمدێنێت، بەپێچەوانەشەوە کارکردن لەسەر پەیوەندی و لێبوردن و پێکەوەژیان، دیموکراسی و گەشەسەندن و ئاشتی بەرهەمدێنێت، لە مێژووشدا هەردوو نموونەکە بیندراون، فەرەنسا و ئینگلتەرا نموونەی تۆلێرانس و دیموكراسی بوون، ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش نموونەی ڕاسیزم فاشیزم، بۆیە هەر دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر بنەمای رەگەزپەرەستی و توندڕەوی و دەمارگیری دروستبێت، ناتوانێت ئاشتی و پێکەوەژیانی سروشتی بنیادبنێت، هەرئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی دووەمی جیهان، کە ئەڵمانیای نازی هەڵیگیرساند، بۆیە پێشتگیری و تێکۆشان بۆ مافی نەتەوایەتی نابێت بە دیدگایەکی ئایدیۆلۆژی و توندڕەو و ڕاسیست بێت، بەڵکوو پێویستە بەشێوەی زانستی کۆمەڵناسی و مێژوویی و لەچوارچێوەی یاساکانی نیودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مافی مەدەنی و ئینسانی بێت، بەم شێوەش دەوڵەتی نەتەوایەتی نابێتە دەوڵەتی پێکهاتەیەکی دیاریکراو، بەڵکوو دەوڵەتی هاووڵاتی و هاوشاری دەبێت، بەمەش ئاوێزانبوونی کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی گەل (شعب) جێگای دروستکردن و پێکهێنانی دەوڵەت و نەتەوەی سەردەست و ژێردەست و ئایدیۆلۆجی نەتەوەیی توندڕەو دەمارگیر دەگرێتەوە، بەم شیوەیە نەتەوە و نەتەوایەتی وەک دۆخی سروشتی پەرەسەندنی کۆمەڵگە و ئاراستەی مێژوو دەبینرێت، لەبری ئایدیای دابڕان و ڕق و قین و دوژمنایەتی و شەڕی پێکهاتەکان، فەلسەفەی ئاوێزانبوون و پەیوەندی و کارلێککردنی هاوسەنگ لەدایک دەبێت و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیان بەرقەرار دەبێت.