
نوسینی : هاشم ساڵح
وەرگێڕانی : موعتەسەم ساڵەیی
لەم ماوەیەی دواییەدا كۆڕ و كۆبونەوە و كۆنگرە زۆر بوون لەبارەی فەلسەفە لەدنیای عەرەبیدا. لەنێویاندا ئەو كۆڕە گەورەیە بوو كە ( دار الزبیر ) گێڕای لە پایتەختی عومانی لەشاری مەسقەت. بەناونیشانی ( ژوانی ماڵی زوبێری فەلسەفی ) كە چەندین ڕۆشنبیری عەرەب تێیدا بەشدار بوون .
وەها باشە لەئێستادا ئەو پرسیارە بكەین: ئایا بۆچی ڕۆشنبیری عەرەب لەبارەی فەلسەفەوە دەدوێن ؟ بۆچیش پەنای دەبەنەبەر ؟ لێرەدا دەتوانم بڵێم بۆنموونە ڕۆشنبیری فەرەنسی و ئەڵمانی و ئینگلستانی پێویستییان بەو بابەتە نییە. ئەویش بەهۆیەكی ساكارەوە كە ئەویش لەماوەی چەند سەدەیەكەوەیە تێر بوونە لەبابەتی فەلسەفە و فەیلەسوفەكان. بەڵكو كایەی ڕۆشنبیرییان بەدرێژایی كات تەنراوە بەمشت و مڕی فەلسەفیی ئازاد لەبارەی كۆمەڵگا و سیاسەت و ئاین و بابەتیەلێكی تر. بەڵام ڕۆشنبیری عەرەب سەرقاڵە بەشتیەلێكی ترەوە كە پەیوەندیی نییە بەفەلسەفە و بگرە ناكۆكیشە لەگەڵ فەلسەفەدا. وها باشە لێرەدا پێكبێین لەسەر چەند كاروبارێك، كە ئەویش ئەوەیە بڵێین هیچ شتێكمان كەم نییە لەسەر بڕواداری و شوكرانەی خودا، بەڵكو هۆشمەندیی زانستی و فەلسەفیمان كورتی هێناوە. هەروەكو ئەوەی زانراوە كە شارستانییەت لەسەر دوو كۆڵەكە هەڵدەستێت: زانست و بڕواداری، یاخود ئاین و فەلسەفە. لەو دەمەوەی كە فەلسەفەمان فەرامۆش كرد، شارستانییەتمان داڕما و كەوتینە نێو چاخە داڕوخاوە درێژ خایەنەكانەوە. بۆنموونە ئێمامی غەزالی لەكتێبە ناسراوەكەیدا ( تهافت الفلاسفە ) لەساڵی ١٠٩٣ فەیلەسوفەكانی بەكافر ناوزەد كرد. هەروەها ئیبن خەلدون لەپاش ئەو لەكتێبی پێشەكیی بەناوبانگی ( المقدمە ) لەبەشی ( پاڵەوانانی فەلسەفە و گەندەڵیی شوێن كەوتوانی ) بەڕاشكاوانە دەڵێ ( زەرەر و زیانی بۆ ئاین زۆرە، پێویستە باوەڕی هەق بێژیی لەبارەیەوە ئاشكرا بكرێت ) سەرەڕای بلیمەتیی ئیبن خەلدون، لەباسكردنی كاروباری ئاوەدانی و زانیاریی كۆمەڵایەتی و وردبوونەوە لەشێوازی نەش و نمای شارستانییەت و پاشتر هەڵسانەوە و داڕوخانی. بەڵام ئیبن خەلدون لەپاش غەزالی دەستی هەبوو لەداگرتنی ئاستی فەلسەفە و بەڵكو حەرامكردنیشی، گەر نەڵێین بەتاوانبار كردنی و تەكفیر كردنیشی. لەڕاستیدا مایەی سەرسوڕمانە: لەلایەكەوە دەیبینیت بیرمەندێكی عەقڵانیی گەورەیە لەبواری شیكردنەوەی كاروباری سیاسی و دنیایی، بەڵام كاتێك بابەتەكە دەگاتە كاروباری باوەڕدارێتی، لێرەدا بەتەواوەتی عەقڵی پەكی دەكەوێت و دەبێت بەكەسێكی فەندیمەنتالیستی توندڕەو. ئێمەیش بۆمان نییە زیاد لەتوانای خۆی زۆری لێبكەین تاوەكو ئاستی وشیاریی سەردەمەكەی ببەزێنێت. پێویستە بۆ چەند سەدەیەكی تر چاوەڕوان بین، تا دەگاتە سەردەمی ئێمە، ئەویش بۆ ئەوەی بیرمەندێكی زەبەلاحی دیكە سەرهەڵبدات، تاوەكو ئەو بوێریەی هەبێت كە كاتی خۆی ئەو بیرمەندە گەورەیەی پێشوو نەیبووبێت. لێرەدا مەبەستم محەمەد ئەرگۆنە بەتایبەتی لەو كتێبەیدا كە بەناوی ( سەرفرازكردنی وشیاریی ئیسلامی: بەرەو دەرچون لەبەربەستە دۆگماییە داخراوەكان ) كە لەساڵی ٢٠١١ لەدارولتەلیعەی شاری بەیروت بڵاوبۆتەوە .
وەها باشە جارێكی تریش بگەڕێینەوە بۆلای ئیمامی غەزالی، كە زانایەكی زەبەلاح و كەسێكی شارەزای فەلسەفە بوو. بەڵام كەوتە هەڵەوە كاتێك یاساكانی هۆكارەكانی پەكخست. چونكی هەر كەسێك یاساكانی هۆكارەكان و سەبەبكاری لەكار بخات، ئەوا بەسوك و ئاسانی كایەی عەقڵانی دەسڕێتەوە و لەنێوی دەبات. بۆی هەیە هەر بەم هۆیەیشەوە بێت كە ئێمە سست و لاواز بووینە، خۆمان داوەتە دەستی چارەنووسی نوسراوو گرژین لەبواری ئازادیی كەسایەتی و ویست و ئیرادەی مرۆڤایەتی. پێمان دەووترێت هەموو شتێك پێش وەخت بەتەواوەتی نوسراوە، ئیتر گوایە بۆچی خۆت ماندوو دەكەیت و مێشكت دەخەیتەكار و دەتەوێت كاروبار بەرەو باشتر ببەیت ؟ بەڵام كولتوری ئیسلامیی مەزن پێمان دەڵێت بیر بكەوەو هەنگاو بنێ. بەتەنیا پشت و پەنا بەستن نییە، بەڵكو ئەو عەقڵە بخەینەكار كە خوا یێی بەخشیوین. دەتوانین بڵێین بەو هۆیەوە بوو كە غەزالی لێدانێكی ئازار بەخشی ئاراستەی بیر و عەقڵ و هۆش كرد لەگۆڕەپانی ئیسلامیدا. بەپێچەوانەوە ئیبن سینا ئەستێرەیەكی گەشاوە بوو لەمێژووماندا. هەروەها فارابی و مەعەڕی و چەند ئەستێرەیەكی دیكەیش. هەموویان بەتەواوەتی عەقڵیان دەخستەكار لەكاروباری ئاینیدا. بەشێوازێكی غەیبی و نەرێنی و داخراو و دەمارگیری نەیاندەڕوانییە ئاین. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بۆ كتێبێكی عومەر مەرزوق بكەم بەناونیشانی: ئیبن سینا یاخود ئیسلامی ڕۆشنگەری، كە لەساڵی ٢٠٢١ لەشاری پاریس بڵاوبۆتەوە. نموونەی شیعری مەعەڕیی هێناوەتەوە كە دەڵێ: شەریعەتەكان تەنگەژەیان خستە نێوانمانەوە، فێری چەندین جۆری ناحەزییان كردین :
إن ألشرائع ألقت بيننا إحنا
وعلمتنا أفانين ألعداوات
لێرەدا مەبەست لەشەریعەت تایفەگەرایی و مەزهەبگەراییە. ئایا شاعیر لەبارەی سەردەمی خۆیەوە دواوە یاخود لەبارەی سەردەمی ئێمەوە دواوە ؟ هەروەها مەعەڕی لەپارچە شیعرێكی تریشیدا دەڵێ: ڕاوێژ بەعەقڵ بكەو ئەودوای شتەكان پشتگوێ بخە. عەقڵ باشترین ڕاوێژكارە كە ماڵبات گرتویەتیە خۆی :
فشاور ألعقل وأترك غيره هدرا
فألعقل خير مشير ضمه ألنادي
هەموو ئەمانە دوڕ و گەوهەرن و نەدەبوو لەبیرمان بكردایە. لەڕێگای شاعیر مەعەڕیەوە دەتوانین شانازی بەسەر هەموو میللەتاندا بكەین، چونكی پێش وەخت كەسی تەكفیر نەكردووە، كەسیشی لەبەخشندەیی خودا بێبەش نەكردووە. هەروەها ئیبن عەرەبی و ئەودوای كەسایەتییە مەزن و بلیمەتەكانمان هەمان شتیان وتوەتەوە. شاعیر نەزار قەبانی ڕووی دەمی دەكاتە تاها حوسێن و پێی دەڵێ: چاویلكەكانت فڕێبدە تۆ نابینا نیت، بەڵكو ئێمەین دەستە و گرۆی نابیناكان :
إرم نظارتيك ما أنت أعمى
إنما نحن جوقة ألعميان
ئێمە خاوەنی یەكێك لەگەورەترین كولتوری ئاینیی مرۆڤایەتیین: كە ئەویش كولتوری عەرەبیی ئیسلامییە. بەڵام ئایا بەشێوازێكی فەلسەفیی عەقڵانیی پرشنگدار خوێندومانەتەوە، هاوشێوەی گەلانی ڕۆژئاوای پێشكەوتوو كە لەگەڵ كولتوری مەسیحیی خۆیاندا پێی هەڵساون ؟ ئایا گێژ و تەتەڵەمان كردووە بۆنموونە وەكو ئەوەی كە ئەرگۆن لەسۆربۆن كردی؟ یاخود هاوشێوەی فەزل ڕەحمان لەزانكۆی شیكاگۆ ؟ ئائەمەیە كرۆكی پرسیارەكە. لێرەدا ڕەوتێكی فەلسەفی هەیە بۆ تێگەیشتنی ئاین، هەروەها ڕەوتێكی كۆنباوی ئەفسانەییش هەیە كە سەردەمی بەسەرچووە. زۆربەی بیرمەندە ئەوروپییەكان گرنگییان بەشیكردنەوەی ئاین دەدا بەگۆشەنیگایەكی عەقڵانی و فەلسەفی و ڕۆشنگەری. ئەمەیش وەهای كرد قەوارەی تەوژمی تایفیی فەندیمەنتالیزمی لەلایان تەسك ببێتەوە، بەڵكو بەیەكجارەكی لەنێوبچێت. بەو شێوەیەیش كێشەی تایفی لەلایان ڕیشەكێش كرا. با لێرەدا نموونەیەكی گەورەی فەیلەسوفەكانی ڕۆشنگەری لەئەوروپادا بهێنینەوە: كە ئەویش ئیمانۆئێل كانتە، توانیی ئەڵمانیا ڕزگار بكات و دەمارگیریی مەزهەبیی كاسۆلیكی و پرۆتستانتی لەنێوبەرێت. ئایا كانت چۆن توانیی ئەڵمانیا ڕزگار بكات ؟ بەڵێ بەڕێگای دانانی كتێبێكی گەورە بەناوی ( ئاین بەتەنیا لەچوارچێوەی عەقڵ ) بەو مانایەی تێگەیشتنی ئاین لەدیدگای فەلسەفی و عەقڵانیی لێبوردەییەوە، نەك لەگۆشەنیگای فەندیمینتالیزمیی تەكفیری و برایەتیی مەسیحی و هتد .. لەوەدا بۆمان دەردەكەوێت كە كێشەی فەیلەسوفە ڕۆشنگەرییەكان بەڕەهایی ئاین نەبوو، بەڵكو تێگەیشتنی تاریك خوازیی دەمارگیری بوو بۆ ئاین. هەروەها كێشەی ئێمەیش بەتەنیا ئاین نییە، بەڵكو تێگەیشتنی هەڵەو توندڕەویی ئاینییە. بەهەرحاڵ فەیلەسوفەكانی ئەوروپا هەموو لاهوتییە مەسیحییە داخراوەكانیان هەڵوەشاندەوە، توانییان وڵاتەكانیان لەچنگی دەمارگیری ڕزگار بكەن. ئایا كێ دەڵێ گوایە فەلسەفە سوودی نییە ؟ یاخود كێ دەڵێ وتەی ڕۆشنبیران هاش و هوشی بەتاڵە و بەروپشتی بۆ نییە ؟ لەڕاستیدا بۆی هەیە تاكە كتێبێك سەرلەبەری دنیات بۆ ڕۆشن بكاتەوە بەڵام نەك هەموو كتێبێك ! دەشێ یەك كتێبی فەلسەفی دڕ بەتاریكی بدات. بەشێوەیەكی ئازاراوی لەئێستادا ئەم شتەمان كەمە لەدنیای عەرەبیدا. جەنگە مەزهەبی و تایفییەكان ئەوروپایان تۆقاند، بەڕادەیەك بەدرێژایی سێ سەدە كار و پیشەی ڕۆشنبیرەكانیان، بریتی بوو لەهەڵپەی هەڵوەشاندنەوەی فتواو بانگەوازی لاهوتی تەكفیری كە ئاگریان خۆشە دەكرد. لەئێستادا ئەو بابەتەیان بەلاوە گرنگ نییە، چونكی چارەسەر كراوەو چۆتە دووتوێی مێژووەوە. چیتر كێشەی تائیفی لەئارادا نییە لەنێوان كاسۆلیكی و پرۆتستانتی لەئەڵمانیا و فەرەنساو تێكڕای ئەوروپای ڕۆشن فیكری شارستانی. یەكێتیی نیشتمانییان توند و تۆڵەو هیچ ئوسوڵییەكی ئاینی بۆی نییە هەرەسی پێبهێنێت یاخود هەڕەشەی لیبكات. بەڵكو بەپێچەوانەوە ئوسوڵیی ئاینی خۆی ترسی لێ نیشتووە !
داخۆ بۆچی ئەڵمانەكان هەستیان بەئاسوودەگی كرد كاتێك كانت و هیگل پەیدا بوون ؟ هەروەها هەمان شت لەلای فەرەنسییەكانیش هاتە كایەوە كاتێك دیكارت و ڕۆسۆ و ڤۆلتێر پەیدا بوون. چونكی فەیلەسوفەكان پاڵەوانی هزروبیر و بوونن. هەر خۆیان لەتوانایاندایە دەلاقە و پەنجەرە لەدیوارە داخراوەكانی مێژوو بكەنەوە. هەر خۆیان توانای ئەوەیان هەیە هزروبیری تائیفیی كۆن و سواو هەڵبوەشێننەوە، جاڕ بدەن بۆ فیكری ڕۆشنبیریی نوێ، كە هەمووان لەئامێز دەگرێت سەرەڕای جیاوازیی ڕەگەز و تایفە و مەزهەبی. سەركردە سیاسییەكان لەپاش فەیلەسوفەكان سەرهەڵدەدەن نەك لەپێشیانەوە. چاكسازیی ئاینی دەكەوێتە پێش چاكسازیی سیاسی و ڕێی بۆ مەیسەر دەكات. بۆیە شۆڕشی ڕۆشنگەری پێش شۆڕشی سیاسی دەكەوێت. مۆنتسكیۆ و ڤۆلتێر و جان جاك ڕۆسۆ لەپێش شۆڕشی فەرەنسییەوە پەیدابوون نەك لەدوایەوە. پرسیارەكە لێرەدا لەوەدایە ئایا بۆچی بەهاری عەرەبی شكستی خوارد ؟
لەكۆتادا دەڵێین: فەیلەسوفەكانی ڕۆشنگەری توانییان لێكدانەوەیەكی نوێ بۆ ئاینی مەسیحی گەڵاڵە بكەن، ڕۆحیان خستەبەری میللەتی فەرەنسی یاخود ئینگلیزی یاخود ئەڵمانی. بۆنموونە پسمارك كە ئەڵمانیای یەكخست، پاش كانت و هیگل پەیدا بوو نەك لەپێشیانەوە ( ١٨١٥ ــ ١٨٩٨ ) لەئێستادا ئەڵمانیا یەكگرتووە بەهەردوو بەشی كاسۆلیكی و پرۆتستانتی. هەرگیز بۆی نییە جارێكی تر بگەڕێتەوە سەردەمی تایفی و مەزهەبیی دژ بەیەكە ناكۆكەكان، ئەویش لەئاكامی هۆیەكی ساكار: لێكدانەوەی ڕۆشنگەریی نوێ بۆ ئاین بەتەواوەتی سەركەوت بەسەر لێكدانەوەی تاریك خوازیی كۆن. پاش هەوڵ و كۆشش و چەند شەڕێكی سەخت سەركەوتنی بەدەستهێنا. هەر ئەمەیشە كە زۆرجار بانگەوازمان بۆی كردووە: بریتییە لەشەڕی یەكلاكەرەوەی خود دژی خود !
تێبینی :
ئەم بابەتە لەڕێكەوتی ٢٣ ــ ٥ ــ ٢٠٢٢ لەڕۆژنامەی الشرق الاوسط بڵاوبۆتەوە .