
محەمەد چۆمانی
لەمابەینی کڵاوسوور و کڵاوڕەش
پەرێشانین دەبینە میسلی گای بەش (حاجی قادری کۆیی)
١- ٣٣ساڵە هەرێمیان وەک گایەک لەبەینی تورکیا و ئێران بەشکردووە. هەر ئەو دوو وڵاتەش بە فڕۆکە و مووشەک دەمانسوتێنن، چاویان بەو ئەزموونە هەڵنایەت، ئەو وابەستەییە بە بەرژەوەندییەکانیان هەرێمیان کردە مەیدانی رمبازێنی کڵاوسوور
(تورکە عوسمانییەکان) و کڵاوڕەش (ئێرانی قاجاری). پاشماوەی دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی، هەر تەواوکەری ئەو دابەشکاریەیە، نەخشەکەی بەدڵی ئێران و تورکە، کە هەرێمێکی پڕ تەفرەقە و ئاشووب و بەهێز و یەکگرتوو نەبێت، لەوەشدا ئامانجیان پێکاوە. چارەسەری کێشەی ئەو هەرێمە لەبەغدایە، نەک تاران و تۆران.
٢- لەئاستی ناوخۆدا دوو زۆنی و گەندەڵی و تاڵانی و ململانێی بەرتەسکی حزبی و پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد، تا رادەیەکی زۆر شکستهێنان لەچارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵک، ئەو کەلێنە گەورانەن تورک و ئێران و میلیشیا کرێگرتەکانی عێراق، لێیەوە لە هەرێم دەدەن. ئەگەر پارتی و یەکێتی ئەوڕۆ خەمی ئەو قەوارەیانە، دەبێت هەرچی زووە ئاسەواری دوو زۆنی رەشکەنەوە، هەڵبژاردن ئەنجامبدەن، چاکسازی و پاکسازی بکەن، بەئیرادەوە رووبەڕووی گەندەڵی و دزی ببنەوە و حکومەتێکی بەمانا نیشتمانی پێکبێنن، دەنا مووشەکی ئێران و فڕۆکەی تورک و درۆن ئەو خاکە دەکاتە سووتماک.
٣- کاردانەوە و هەڵوێستی جەماوەر و شەقام لە هەمبەر دەستدرێژییەکانی ئێران و تورکیا، لەوپەڕی لاوازیدایە، ئەمەش هەر زادەی سیاسەتی پڕ هەڵە و پەڵەی حکومڕانییە، کە ئینتیماو هەستی نیشتمانی خەڵکیان خەفە کرد. تەنانەت تێگەیشتنێکیان بەرهەمهێناوە، لە دەلاقەی بیرکردنەوەی پارتی و یەکێتی و زۆنی زەرد و سەوز سەیری دەستدرێژی ئێران و تورکیا بکرێت، هەولێر مووشەک وێرانی بکات، خەڵکێک لەولا باکی پێ نەبێت و سلێمانی نەمێنێ خەڵێک لە هەولێر لای گرنگ نەبێت! ئەو ئەخلاق و ئەقڵییەتە نیشتمان دروست ناکات، تەنێ زۆن و حزب نەبێت!