
یەكەم: داخران و كرانەوە لە بەریتانیا
ئاكۆ عەلی
دوای 14 ساڵ لەدابڕانی ، ستارمەری سەرۆكی پارتەكە توانی پارتی كرێكارانی بەریتانیا بەهێزو شكۆوە بگەڕێنێتەوە دەسەڵات لەو وڵاتەدا .لەباكوری وڵاتیشەوە جیرمی كۆربین سەرۆكی پیشووی هەمان پارت(كرێكاران)جارێكی دیكە توانی سەركەوێت بۆ نێو ئەنجوومەنی گشتی وڵاتەكەی.
ستارمەر و كۆربین،دوو دۆست لەرابردوو ، دوو نەیار لە ئێستادا دوو پەندو وانەی گرنگن بۆ بزوتنەوەی چەپ لەم رۆژگارەدا ونابێت هەروا بەەەئاسانی تێپەڕێت.
هەردوو هاوڕێ تا ساڵی 2019 كۆك بوون لەسەر بەهێزكردنی رەگ وریشاڵی چەپ لەنێو پارتی كرێكارانی بەریتانیادا و سیاسەتەكانی بە ئاڕاستەیەكدا ببن كە خزمەتی چین وتوێژە هەژارونەدارەكانی ئەو وڵاتەو پەنابەران و پشتگیری گەلانی چەوساوە بەتایبەت فەلەستینییەكان بكەن.بەڵام ستارمەری سەربە رەوتی ترۆتسكی و ئەلتەرناتیڤەكانی سۆسیالیستی ئاڕاستەیەكی دیكەی گرتەبەر لەوەی كۆربین.چونكە كۆربین زیاتر كاری بۆ پتەوكردنی پێگەی چەپ لەنێو حزبدا دەكرد و هانی زیاتر بوونی ئەندامگیری دەدا ، دەیویست لەباڵی موحافیزكارو راستڕەوی ناو پارتی كرێكاران بدات ،بەوەش ئەوەندەی خەریكی كاری ناوخۆیی حزبی بوو ،ئەوەندەی خەریكی باڵ باڵێن و ململانێ ناوخۆییەكانی نێو حزبەكە بوو،ئەوەندە گرنگی بە دەرەوە و ململانێ لەگەڵ پارتی پارێزگاران و دەسەڵات نەدەدا،هەر ئەوەش وایكرد كە لەكۆتایی سەردەمی كۆربیندا پارتی كرێكاران رووبەڕوویی شكستی مێژوویی ببێتەوەو هەر ئەوەش وایكرد لە پارتی كرێكاران دووربخرێتەوە تا ئەو ئاستەی كە نەتوانێت بەناوی حزبەكەشەوە خۆی هەڵببژێرێت!
بەپێچەوانەوەستارمەر لەوەتەی 2019 كە سەركردایەتی حزبەكەی وەرگرتووە كار بۆ ئەوە دەكات كە ململانێ ناوخۆییەكان تێپەڕێنێت،یەكێتی ناوخۆیی بە هەبوونی باڵە جیاجیاكانی نێو حزبەكەی بپارێزێت و تیشك بخاتە دەرەوەی حزبەكەی بۆ ئەوەی بتوانێت كۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی پارێزگاران بهێنێت.لەوەیشدا دوای 5 ساڵ توانی سەركەوتو بێت.سەركەوتنێكی كە زۆر بەئاسانی توانی بەسەر پارتی پارێزگاراندا سەركەوێت و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی ببات.
ستارمەر سەركەوتوو بوو لەوەی ململانێی ناوخۆیی حزبی تێپەڕێنێت.سەركەوتوو بوو لەوەی شكست بە پارتی پارێزگارانبهێنێت.بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەوەی كۆربین بشكێنێ! ئەو و هاوەڵەكانی توانیان كۆربین لە حزب دووربخەنەوە،بەڵام نەیانتوانی لەنێو بازنەی هەڵبژاردنەكەیدا رێگری بكەن و خەڵك دەنگی نەداتێ!چونكە كۆربین لە باكوری وڵاتەكەیدا زیاتر لە 24 هەزار دەنگی هێناوە،بەوەش وەك سەربەخۆیەك دەچێتە نێو ئەنجوومەنەكەوە.سەرەتایەكی نوێتر لە ململانێی نێوان كۆربین و ستارمەر دەستپێدەكات.بەڵام ململانێیەك لەرووی دەنگەوە كۆربین تیایدا دەدۆڕێت، لەڕووی هەڵویسَت و فیكرەوە ستارمەر تیایدا دەدۆڕێت!
ململانێی نێوان كۆربین و ستارمەر ئەزموونێكە دەكرێت چەندین پەند و وانەی لێهەڵهێنجێنین.كە لێرەدا هەوڵدەدەم هەندێكیان بوروژێنم:
1-ئایە حزب ئامانجە یان دەسەڵات؟ لەلای كوربین حزب بە پلەی یەكەم و دەسەڵات بە پلەی دووەم هات.بەپێچەوانەوە لەلای ستارمەر دەسەڵات بەپلەی یەكەم و وڵات بەپلەی دووەم و حزب بە پلەی سێیەم.تەنانەت لە وتارەكانیدا ستارمەر زیاتر دەیگوت ( وڵات بە پلەی یەكەم،دوای ئەو حزب دێت).نەخۆشی ململانێی ناوخۆیی و باڵ باڵێن یەكێكە لە نەخۆشییە حزبییە باوەكان بەتایبەتی لەنێو حزبە چەپەكاندا رەگ وریشاڵی زۆرە.كاریگەری زۆر خراپی هەبووە لەسەر توانا و ناو وناوبانگی حزبەكان و زیانی گەورەی گەیاندووە.كۆربین نەك هەر نەیتوانی لەباڵ باڵێن لەنێو حزبەكەدا سەركەوتوو بێت،بەڵكو خۆی و لایەنگرانی حزبەكەیان دۆڕاند!نەك هەر نەیانتوانی ململانێی نێو حزبەكە ببەنەوە،بەڵكو دەسەڵاتیشیان لەدەرەوەی حزبەكە دۆڕاند لە ساڵی 2019 دا و تووشی شكستێكی مێژوویی بوون.
بەپێچەوانەوە ستارمەر حزبی كردە ئامراز،بۆ گەیشتن بەدەسەڵات .كە ئامانج دەسەڵات بێت،ململانێی ناوخۆیی و جیاوازیی ناوخۆیی گرنگ نین و شایەنی باس نابن.كە ئەوەش رێگە دروستەكەیە.حزب نە قوتابخانەیە و نە ماڵە،حزب ئامرازێكی تێكۆشانە بۆ گەیشتنە دەسەڵات.ئەوەی ئەم هاوكێشەیە بەدروستی تێبگات دەتوانێ بەكاری بهێنێت.ئەوەی دی كە ئەركی ماڵ و قوتابخانە دەخاتە سەر ئەستۆی حزب.ئەوە لە ئەركی تەاوی حزب تێنەگەیشتووە.یانیش ئەوەی ئەو باسی دەكات كە حزب ماڵ و قوتابخانەیە ئەوە حزبێكە لەدەسەڵات پاڵی لێداوەتەوە و نیازی نیە چۆڵی بكات!
2-ململانێی ناوخۆیی وباڵ باڵێن: نەخۆشییەكی باوی حزبە ئایدیۆلۆژییەكانە،لەنێویاندا حزبە چەپ و شیوعییەكان كە زیانی گەورەی پێگەیاندوون لە رابردوو ئێستادا.ئەزموونی پارتی كرێكاران راگرتن و كۆتایهێنان بوو بەو ململانێیە ،چونكە تووشی شكستی مێژوویی كردن لە 2019دا.هەر بۆیە دابڕانیان دروستكرد لەگەڵ سەركردایەتی ئەو باڵ باڵێنە كە سەرۆكی حزب لەو كاتەدا بەڕێوەی دەبرد كە جیرمی كۆربین بوو.هەر ئەوەش وای كرد لە 2019 وە ئەو حزبە كار بۆ هەڵبژاردن بكات و سەربارەی دەركردنی كۆربین و هاوڕێكانی بەڵام توانیان سەركەوتوبن لە هەڵبژاردن.هەر بۆیە لە سیاسەتدا ناكرێت تۆ هەم شەڕی ناوخۆی حزب بكەیت و هەم شەڕی دەرەوەی حزب و بشتەوێت سەركەوتوو بیت.بێگومان ئەوانەی لەنێو حزبدا شەڕی باڵ باڵێن و لەدەرەوەی حزب شەڕی هەڵبژاردن دەكەن بێگومان هەردوو شەڕەكە دەدۆڕێنن،وەك ئەوەی چۆن كۆربین لە كاتی سەركردایەتی پارتی پارێزگاران هەردووكی دۆڕاند!
3-روانین بۆ سیاسەت و خوێندنەوەی واقیعی سیاسی وڵات. خوێندنەوەی دەرفەت و بەربەستەكان گرنگە لەهەموو كات وساتێكدا.ئەوەی كۆربین دەیویست بیكات،هێشتا زۆری مابوو هەم لەناوخۆی پارتی پارێزگاران و هەم لە كۆی وڵاتی بەریتانیادا تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا.هەر بۆیە نەك نەیتوانی خەونەكانی وەدی بهێنێت،بەڵكو حزبەكەشی توشی قەیران كرد و ئەو دەرفەتەی هەیبوو لەنێو حزبدا ئەویشی لەدەستدا.بەپێچەوانەوە ستارمەر زۆر بەوردی لەو راستییانە تێگەیشتبوو،دەیزانی چی دەكات و چۆن نەخۆشییەكە دەبڕێت و چۆن سیاسەت دەكات و چۆن دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی ئەو وڵاتەو تیایدا سەركەوتوو بوو.
4-لەڕووی بەها و پرەنسیپەكانی فیكر و ئایدیۆلۆژیاوە قسەو باس زۆرە لەسەر ستارمەر كە بەها چەپ و سۆسیالیستییەكانی لە دەستداوە.ئەوەیان ئێستا لە دەسەڵأتدا بەدەردەكەوێت. بەڵام بێگومان كۆربین ئەگەر نەشیتوانی لەنێ, حزب و دەسەڵاتیشدا پرەنسیپ و بەها فیكرییەكانی جێبەجێ بكات ،ئەوە جارێكی دیكە متمانەی لە باكوری لەندەن وەرگرتوو گەڕایەوە نێو ئەنجوومەنەكە. واتە هێشتا ئەگەر لە شوێنێكی كەمیشدا بێـت،كۆربین دەتوانێت داكۆكی لەهزر و بۆچوونەكانی بكات،هەر لەوێشەوە لەنێو ئەنجوومەنەكەدا دەبێتە نەیارێكی سەرسەختی لایەنگرانی ستارمەر و دەسەڵاتەكەی،بەڵأم بێگومان ئەمجارەیان شەڕی دەنگ و زۆرینەو كەمینەیە هەمیشە كەمینەكان لەو شەڕانەدا براوەنین!ئەوەی لەو هاوكێشەیەش تێنەگات،هەمیشە گۆشەگیر دەبێت و ناتوانێ كۆی هاوكێشەی وڵات و بەرەوپێشەوەچوونەكان ببینێت!
شەڕی ناوخۆیی وباڵ باڵێن و دۆگاما بوون،نەخۆشییە كۆن و نوێیەكانی چەپن..دەربازبوون لێی دەتخاتە سەر رێگەی سەركەوتن.
لە بەشی دووەمدا میشلۆنی فەڕەنسا جێی باسمان دەبێت.