سەلیم قادر

 

ئەگەر سەیری ئەم تابلۆ سیاسیە پڕ ئاڵۆزەی عێڕاق و ناوچەکە بکەین بەتایبەتی هەرێمی کوردستان دەبینین کە خەریکە ئەوەی لە ماوەی نیو سەدە لە تێکۆشان و قوربانی دان و چەندین شەهید و ڕووبارێک لە خوێن و ئەنفال و جینۆساید و وێران کردنی گوندەکانی کوردستان و دەربەدەری خەڵکی کوردستان . کە ئەزمونێکی وەکو ئەمڕۆی بۆ دروست بوو کە کورد خۆی حکومڕانی خۆی بکات . بەڵام بەداخەوە دیارە خۆمان و لەسەر دەستی خۆمان و زۆر بە ئاسانی بەرەو نەمان و لەناوبردن دەکەینەوە بۆچی لەبەرچی بەم شێوەیە بیر دەکرێتەوە ئەوە بۆچی سیاسەتێکی لەم شێوەیە پەیرەو دەکرێ لەلایەن حزبەکانی دەسەلات دا و حکوم بە دەست . بەداخەوە ئەم لایەنە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان نەک هەر حکومڕانی باشیان نەکرد بەڵکو وایان کرد کە تاکی کورد هیچ ئینتمایەکی بۆ نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ کوردستان نەمێنێ ئەمەش بەڕاستی زۆر ترسناکە بۆ چینی گەنجی ئەم ووڵاتە و نەوەی دواڕۆژ چونکە ئێمە لە ماوەی زیاتر لە ۳۰ ساڵە کە ساڵی ۱۹۹۱ وە خەریکی خۆبەڕێوەبەرین و نەمان توانی شتێکی وا بکەین کە تەواوی خەڵکی کوردستان و تاکی کورد ئەم حکومەت و حزبە کوردی و دەسەڵاتەی کە هەیە ئەزمونێکی دروست کردووە بە موڵکی خۆی بزانێ و داکۆکی و بەرگری لێ بکات و خۆشەویستی بۆی هەبێ . بەداخەوە هەر لە سەرەتای ئازادکردنی شارەکان دەستکرا بە فەرهود و تاڵان کردنی دام و دەزگاکانی ئەو کاتەی ڕژێم کە لە ڕاستی دا دەبوو هەمووی پارێزگاری لێ کرابایە  و دەست  کاری نەکرایە چونکە ئەمە موڵکی گشتی بوو نەک لایەنێک یان جەماعەتێک . هۆکارێکی تری سیاسی و هەڵەیەکی تری گەورە ئەوە بوو کە  ئەو حزبانەی کە وەکو حزبی یەکەم و دووەم خۆیان ناساند هەستیان بە بوغرای سیاسی کرد و هەڵسان بە هەڵوەشاندنەوەی بەرەی کوردستانی کە بەڕاستی ئەم بەرەیە بوو کە بووە هۆی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ و وەکو یەک گوتار و یەک هێز و بێ جیاوازی ئایدۆلێژی و ڕەنگ و بەهێز و بێ هێز نەبوو وەکو یەک تیم کار دەکرا بۆ سەرکەوتنی کوردستان کە بەڕاستی لە ڕێگای یەک ماڵی کوردەوە توانرا سەرکەوتنی گەورە و بێ وێنە تۆمار بکرێ و لەلایەن ووڵاتانی دەوروبەرەوە بە گرنگی و بایەخ پێدانەوە سەیر بکرێ و وردە وردە پاڵپشتی و پشتگیریان بۆ ئەم ئەزموون و هەرێمە دەست پێکرد کە تاکو ئەمڕۆ بەردەوامن لەسەری بەداخەوە ئێمە ئەم هەلەشمان لە دەست دەچێ و خەریکە ئەوانیش دەیانەوێ پشتمان تێ بکەن و لە پاڵپشتی مان پەشیمان دەبنەوە و ڕوو لە حکومەتی ناوەندی دەکەنەوە و مامەڵە لەگەڵ ناوەند دەکەن هەرچەند حکومەتی عێراق و ناوەندیە بە دڵی ئەوانیش نییە چونکە ئەوانیش وەکو ووڵاتێکی پڕ لە مەزهەبی و مێلیشیا و هەیمەنەی ووڵاتانی دراوسێ وەکو ئێران و تورکیا لەسەری و ئاڵۆزی لایەنە شیحی و مەرجەعیەکان لە نێوان خۆیان و گەندەڵی زۆر و بە هەدەردانی سامانی ووڵات نەبووە ئەو عێڕاقەی کە ئەوان خەونیان پێوە دیوە و ببێتە ناوەندێکی دیموکراتی لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام بە هەر جۆرێک بێت ئەوان وایان زانی کە هەرێمی کوردستان وەکو بەدیلی عێراق دەتوانێ ببێ بەم نموونە جوانەی دیموکراتەی لە ناوچەکە کاری زۆریان کرد و هەوڵی زۆریان دا یارمەتیان دا بەڵام دەسەڵاتی کوردی خۆمان لەبەر بیرکردنەوە تەسکی حزبی و ناکۆکی نێوانیان و دژایەتی کردنی یەکتر لەناوخۆدا و پشتگوێ خستنی لایەنە سیاسییەکانی تر لەناو بەرەی کوردستانی و هەوڵی لاواز کردنیان و لە قلب دانیان و لێبڕینی سەرچاوەی دارایییان و چەندین کاری تر کە بۆ خۆیان بە یاسایی و فەرمیان کرد و بۆ لایەنە سیاسییەکانی ناو بەرەی کوردستانییان نەهێشت و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەو ئەنجامەی ئێستای لێ بکەوێتەوە . ئێستاش ئەگەر ئەو بەرەی کوردستانیەی ساڵی ۱۹۹۱ زیندوو بکرێتەوە بە شێوەی پێشوو بەڵام بە جدی بێت نەک بۆ چەندین کۆبوونەوەیەک و بە ڕوکەش بەڵکو دەبێ هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان تێدا بەشدار بێ هەم لە بڕیاردان هەم لە دەسەڵات کە دروستکردنی حکومەتێکی ڕزگاری نیشتمانی کاتی پێک بهێنرێت و هەموو لایەنەکان بەشداری تێدا بکەن بێ جیاوازی نەتەوە و ئاین و ئایدۆلۆژی . دەبێ ئەم بەڕەی کوردستانی یە قەراری پێک هێنانی ئەم حکومەتە کاتییە بدەن و دروستی بکەن . ئینجا دەرئەنجامی دەبینین و لەم قەیران و مەترسیانە رزگارمان دەبێت .

وتاری نووسەران