
پەیوەندیی بونیادیی نێوان سەرمایەداری و کۆچی نێودەوڵەتی
هاشم نعمە......وەرگێڕانی : رەنج مەجید
پێشەکی
کۆچی دانیشتووان ئەوەندەی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی کۆنە و لە ئەنجامی چەندین هۆکاردا ڕوودەدات، وەک گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی بژێوی ژیان، ڕوودانی کارەساتی سروشتی، گۆڕانی کەشوهەوا، جەنگ و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینی و تائیفی. هەروەها لە ئەنجامی فاكتەرە ئابوورییەکانی وەک بێکاری و گەڕان بەدوای کار و ژیانێکی باشتردا و بەهۆکاری سیاسی و بەتایبەت سەرکوتكردنی سیاسی و فیکری و دەستبەسەرداگرتنی ئازادییەکانی ژێر دەسەڵاتی ستەمكار و دەسەڵاتی دیکە. بەڵام گواستنەوە لە قۆناغی فیوداڵییەوە بۆ سەرمایەداری لە ئەوروپا بەتایبەتی و فراوانبوونی سەرمایەداریی جیهانی، بەتایبەتی کۆلۆنیالیزم، ژمارەی کۆچبەرانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد، جا چ لە ئاستی کۆچی ناوخۆدا بێت، وەک کۆچی لادێ - شار یان شار- شار، یان لە ئاستی کۆچی نێودەوڵەتیدا. هەروەها شێواز و ڕەوتەکانی کۆچکردن جیاواز بوون و کاریگەرییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، دیمۆگرافی و کولتوورییە هاوبەشەکانیان ئاڵۆز بوون، جا چ لەو وڵاتانەی کە کۆچبەران دەنێرن یان وەریاندەگرن.
سەرهەڵدانی سەرمایەداری، بەتایبەتی لە قۆناغی بازرگانیدا، پەیوەست بوو بە دۆزینەوە جوگرافییەکان لە سەدەی شانزەهەمدا، هەروەها ئەو کۆچکردنە زەبەلاحانەی کە لە ئەنجامی ئەم دۆزینەوانەوە، لە ئەوروپاوە بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا جیهانی نوێ، ئەمریکا، ئوسترالیا و نیوزلەندا ئەنجام دەدران. ئەم کۆچکردنانە لە قۆناغی سەرمایەداریی پیشەسازیدا بەردەوامبوون، کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازیدا لە بەریتانیا سەریهەڵدا، بەڵام دوای ئەو گەشەسەندنە ئابوورییەی، کە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە شەستەکاندا بەخۆیانەوە بینی، کۆچکردن لە ئەوروپاوە بۆ جیهانی نوێ خاو بووەوە، تەنانەت بووە شوێنێکی سەرەکی بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە دەهاتن، بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوەوە لە ئەنجامی قووڵبوونەوەی نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێوان ئەو وڵاتانە و وڵاتانی پێشکەوتوودا.
لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر پەیوەندیی بونیادیی نێوان سەرمایەداری وەک سیستەم و کۆچ، بەتایبەتی کۆچی نێودەوڵەتی و میکانیزمەکانی کارکردنی، كە چۆن سیستمی سەرمایەداری هەلومەرجی کۆچکردن دەخوڵقێنێ و بەردەوامی پێدەدات و چۆن كۆچكردن بەشداری لە بەردەوامبوونی سەرمایەداریدا دەکات. هەروا قسە لەسەر ئەو لایەنە تیۆرییە دەکەین، کە زەمینە بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتن لەم پەیوەندییە خۆش دەکات، هەروەها لە کۆچی زۆرەملێ دەکۆڵینەوە، بازرگانیكردن بە کۆیلە، جەنگ و کۆچ، نیولیبرالیزم و کۆچ، نیولیبرالیزم و کۆچی میسری وەک نموونە و لە کۆتاییدا کاریگەرییەکانی کۆچ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا.
لایەنی تیۆری
کارل مارکس لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئاماژەی بەوەدا کە بۆرژوازی (چینی پیشەسازی)، لە گەڕان بەدوای قازانج و دەرهێنانی زیادە لە پرۆلیتاریا (چینی کرێکار)، ئاسۆی جوگرافیای خۆی فراوانتر دەکات، وڵاتانی پەراوێزیش بەرەو سیستەمەکەی، وەک دابینکەری دەستی كاری هەرزان و کەرەستەی خاو ڕادەکێشێت، ئەمەش لە ڕاستیدا بەشێوەیەكی بەرفراوان لە ڕێگەی ئیستیعماركردنی ڕاستەوخۆی زۆرێک لە وڵاتان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، بە تایبەت وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ڕوویدا.
مارکس هەروەها ڕایگەیاندووە، کە لە پڕۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا، کێشەی هەڵسەنگاندنی کار پەیوەندی بە گۆڕانی تەکنیکییەوە هەیە، کە "سوپایەکی یەدەگ"ی کرێکاری بێکار، یان "دانیشتووانی زیادەی ڕێژەیی" دروست دەکات و ململانێی چینایەتی زیاتر دەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین گۆڕانی تەکنیکی گۆڕاوێکی چارەنووسسازە لە دروستکردنی هەلومەرجی کۆچ لەسایەی سەرمایەداریدا لە ڕێگەی دروستکردنی كاری زیادە. هەر لەبەر ئەمەشە کە ژمارەیەكی زۆری كرێكاری کۆچبەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبنە هێزی زیادە و بەدوای کار و بارودۆخی ژیانی باشتر لە وڵاتانی ئاماژەبۆكراودا دەگەڕێن.
لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هێزی کار بەهای زیاتر دروست دەکات، کە بۆ جێگرتنەوەی هێزی کار لە بازنەیەکی بەرهەمهێنانی کاڵادا بەکاردەهێنرێت و هەمیشە فراوانتر دەبێت. مارکس کەڵەکەبوونی سەرمایەداری لە میانی هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنان و فراوانکردنی بەهای زیادە، بە هێزی بزوێنەری سەرمایەداری دەزانێت. بۆیە لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە کۆچی کرێکاران فاکتەری ناڕاستەوخۆیە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵای سەرمایەداریدا و ڕۆڵێکی سەرەكی لە کەڵەکەبوونی سەرمایەداری و لە مۆدێلی ناوەندی – ئیمپریالیستی کەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا دەگێڕێت، بەو ڕادەیەی کە دەستی كاری کۆچبەر و چالاکییە ئابوورییەکانی بەشدار لە پرۆسەکانی کۆچکردندا بەشدارن لە کەڵەکەبوونی سەرمایەدا، کۆچکردن دەبێتە بەشێکی گرنگی هێزی بزوێنەری سەرمایەداری، بەم شێوەیەش پەیوەندیی بونیادیی نێوان سەرمایەداری و کۆچی نێودەوڵەتی ڕوون دەبێتەوە.
فراوانبوونی سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا لەگەڵ کۆچی هەردوو جۆر هێزی كاری کارامە و ناشارەزادایە، بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە بەرهەمهێنانی بەها لە مۆدێلی ناوەندی و ئیمپریالیستی کەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا بگێڕێت، بۆیە سەرمایە بە جیهاندا دەگەڕێت و بەدوای هەلی وەبەرهێناندا دەگەڕێت و کرێکارانیش بۆ گەڕان بەدوای کارێکی باشتر و لەبارتركردنی بارودۆخی ژیانیاندا دەجوڵێن. بەڵام کرێکاران لە جوڵەی خۆیاندا زیاتر لە سەرمایە ڕووبەڕووی بەربەست دەبنەوە. سەرمایە تەنها ناچێتە وڵاتانی دەرەوە، بەڵکو کرێکارانیش لە وڵاتانی دەرەوە رادەكێشێت، بەم شێوەیەش پرۆلیتاریای کرێکاری و خەباتی چینایەتی لەسەر ئاستی جیهاندا بەردەوام دەکات.
زۆرجار چەمکی "وەرگرتن - راکێشان" بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی کۆچکردن بەکارهێنراوە، کە پەیوەندی بە کۆچی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە لە کۆمەڵگە پیشەسازی و گوندنشینەکاندا. لەسەر بنەمای ئەم چەمکە مرۆڤەکان کۆچ دەکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە هەلی کاریان باشترە لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەواندا. لە بەرنامەی توێژینەوەی لێژنەی گۆڕانی جیهانی و جوڵەی دانیشتوواندا، ئەم چەمکە لە هەندێک ڕووەوە بە بەسەرچوو، و زۆر سادە دادەنرێت بۆ لێكدانەوەی کۆچکردن، کە پەیوەندی بە بارودۆخی دارایی و چالاکییەكانی بەرهەمهێنانەوە هەیە. هەروەها جوڵەی دانیشتووان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە بەکاربردن، کات بەسەربردن، گەشتیاری و گەڕان بەدوای شێوازێکی ژیانی نوێدا سەریهەڵداوە، تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتانی پێشکەوتووشدا، ئەمەش دەتوانرێت بۆ ئەو کۆچە بگەڕێنرێتەوە، کە پێی دەوترێت كۆچی خانەنشینان، بەتایبەتی بۆڵاتانی ئەوروپی - وڵاتانی دەریای ناوەڕاست، کە زۆرجار وەرزییە.
کۆچکردن پرۆسەیەکی دووانەی گواستنەوەی ئابووری لەخۆدەگرێت، لە لایەکەوە دەستی کار لە کۆمەڵگا ڕەسەنەکانەوە بۆ ئابوورییە پێشکەوتووەکان دەگوازێتەوە، لە لایەکی دیکەوە حەواڵە و کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەلایەن کۆچبەرانەوە بە پێچەوانە دەگوازێتەوە، کە بەشداری لە دووبارە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی کۆچبەران و خێزانەکانیان و کۆمەڵگاکانیان دەكات. ئەم سیستەمە دووجەمسەرییە لە حەواڵەی ئابووری، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری کۆچبەر لە شوێنەکانی سەرچاوە بە بەرهەمهێنانەوەی سەرمایە و ئابووری لە کۆمەڵگاکانی مەبەستدا دەبەستێتەوە، هەر بۆیە بەشداری لە بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداری وەک سیستەمێکی ئابووری بەرهەمهێن و جیهانی دەکات.
لە حاڵەتی یەکەمدا کاتێک کرێکاری کۆچبەر بەشداری لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەکات، دەبێتە بەشێک لە جیهانگیرییەکەی. لێرەدا گرنگی ئەوان لەوەدایە، کە نوێنەرایەتی هێزێکی کار دەکەن، کە بەشدارییەکەی هەم لە میکانیزمەکانی بازاڕی کار و هەم لە بەرهەمهێنان و گەشەی ئابووریدا لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا دیارە و بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی ئەو زیادە ئابوورییەی، کە پێویستە بۆ پاراستنی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەی پەرەسەندوو. لە حاڵەتی دووەمدا، گواستنەوەی دارایی سندوقێکی كرێیە، کە ئەرکی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کارە، کە پێویستە و بەردەستە بۆ گەشەکردن و کەڵەکەبوونی سەرمایە. ئەم هێزی کارە لە وڵاتانی هەناردەكاری کۆچبەراندا بەتایبەت وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا دەبێت.
هەروەها کۆچکردن لە کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار بۆ سەرمایە بەشدارە، بەتایبەت ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی، کە بەردەوامی بە کۆچکردن بە يةك ئاراستە دەدەن و لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە تێچووی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار لە ڕێگەی پارە گواستنەوە بۆ خێزان و کۆمەڵگەی ڕەسەن بەشداری دەکەن و ئەمەش لە کۆمەڵگاکانی وڵاتە گەورەکانی هەناردەكاری كرێكارانی وەک میسر، مەغریب، تونس و چەند وڵاتێكی دیكەدا بەڕوونی دیارە.
کۆچی زۆرەملێ
1- بازرگانیكردن بە کۆیلە
بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دیاردەیەکی نامرۆڤانەی کۆنە، کە پەیوەستە بەو دابەشبوونەی، کە لە کۆمەڵگاکاندا بەسەر چینە خاوەندارەكان و چینەکانی دیکەی بێبەش ڕوویدا. ئەمەش لەلایەن چەند گەلێکی ئەوروپیەوە، وەک ڕۆمانەکان، گەلانی ئاسیا، وەک عەرەب، تورک، فارس و هیندییەکان ناسرابوو. کەسانێک هەن پێیانوایە کۆیلایەتی و بازرگانیكردن بە کۆیلە نوێنەرایەتی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەکەن، کە لە ئێستادا پەیڕەو دەکرێت.
کارل مارکس و فرێدریک ئەنگڵس لە دیارترین ئەو کەسانە دادەنرێن، کە ئارەزووی لێکۆڵینەوەیان لە سیستەمی کۆیلایەتی لە کۆمەڵگا کۆنەکاندا هەبووە، بەو پێیەی ئەوەیان روونكردەوە، کە شارستانیيەتی مرۆڤ لە قۆناغێکدا پشتی بە کاری کۆیلایەتی بەستووە بۆ تێپەڕاندنی سیماکانی کۆمۆنەی سەرەتایی، کە بە نەبوونی خاوەندارێتی تایبەت ناسرابوو.
دوای ئەوەی کۆلۆنیالیستە پورتوگالی و ئیسپانییەکان دەستیان بە کۆنترۆڵکردنی دەوڵەمەندترین سامانە سروشتییەکانی ئەمریکا كرد، خێرایی بازرگانیكردن بە کۆیلە لە سەردەمی مۆدێرنەدا هاندانی زۆری بەخۆوەبینی، بە تایبەت لە ڕۆژئاوای ئەفریقیاوە تا ئەمریکا و کاریبی. وێڕای بوونی ناكۆكی زۆر سەبارەت بە قەبارەی ئەم بازرگانییە، بەڵام ناودارترین خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن، کە ساڵانە نزیکەی دوو هەزار کۆیلە لەرێگەی كەشتییەوە لە سەدەی شانزەهەمدا بۆ ئەمریکا دەگوازرانەوە. ئەم ژمارەیە لە سەدەی حەڤدەهەمدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، كە بەهۆی پەرەسەندنی کێڵگەكانی شەکر لە بەرازیل و کاریبیدا گەیشتە بیست هەزار كۆیلە لە ساڵێکدا. ئەوەش سەلمێنرا كە سەدەی ١٨ جیاواز بوو لە کۆیلایەتیدا و ژمارەی ساڵانە لە سەرەتای ئەو سەدەیەدا بۆ ٥٥ هەزار و لە کۆتاییدا بۆ ٨٨ هەزار كۆیلە بەرزبووەوە. دوای ئەوەی بازرگانیكردن بە کۆیلە لە دەریای ئەتڵەسی لە سەدەی نۆزدەهەمدا کۆتاییهات، لە نێوان ١٠-١٢ ملیۆن ئەفریقی لە کێڵگە و کانەکانی ئەمریکادا بەكۆیلە كران و مەزەندەش دەكرێ، كە لە نێوان ١٥-٢٠ ملیۆن ئەفریقی لەرێگەی زەریای ئەتڵەسیدا گواسترابنەوە، هەندێك خەمڵاندنی دیكەش هەن ژمارەکە بۆ ٥٠ ملیۆن بەرز دەکەنەوە، هەرچەندە ئەم ژمارەیە ڕەنگە زیادەڕەوی تێداكرابێت، ئەگەر گەشەی زۆر خاوی پەرەسەندنی دانیشتووان لەو ماوەیەدا لەبەرچاو بگرین.
جگە لەوەش، ڕەنگە تا دە ملیۆن کەس لە باکوور و ڕۆژئاوای ئەفریقا قوربانی بازرگانیكردن بە کۆیلە بووبن، کە ئەم بازرگانییە سەرەڕای نایاساییبوونی، تا سەدەی بیستەم بەردەوام بووە لەكاتێكدا ئەم ناوچانە ملکەچی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بوون.
کۆیلایەتی بۆ ماوەی سێ سەدە، گرنگترین هەناردەکردنەكانی ئەفریقای پێكدەهێنا، کە لەلایەن پورتوگالی و هۆڵەندی و فەرەنسی و سویدی و دانیمارکییەكانەوە پراکتیزە دەکرا. لە سەدەی حەڤدەهەمدا بازرگانیكردن بە ڕەشپێستەكان، بوو بە بابەتێکی دانپێدانراو و جۆرێک لە چالاکیی بازرگانی، ئەمەش لە لێدوانەکەی دارت ماوس، وەزیری کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا لە ساڵی ١٧٧٥دا بەروونی دەردەكەوێت، کە تێیدا دەڵێت: "ناتوانین ڕێگە بە کۆلۆنیەکان بدەین، تا هەر ڕادەیەک، بازرگانییەک بوەستێننن یان بەرەنگاری ببنەوە، كە بەمشێوەیە قازانجی بۆ گەلەكەمان هەبێ". هەرچەندە دواتر بەریتانیا بەپێی یاسای ساڵی ١٨٠٧ بازرگانیكردنی بەکۆیلە قەدەغە کرد، بەڵام ئەمە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە وڵاتانی دیکە ئەم بازرگانییەیان پەیڕەو دەكرد.
ڕەشپێستەکان خراپترین مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا، تەنانەت لەو ناوچانەی کە بە زۆر بۆی گواسترابوونەوە، لەوێدا بە دڕندەیی و جیاكاری ڕەگەزی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا. لە ئەمریکای باشوور بارودۆخیان باشتر بوو، کە تێیدا تێکەڵ بە دانیشتووان دەبوون، بەڵام لە ئەمریکای باکوور ئەمە ڕووی نەدا و لەگەڵ زەوی و زاردا كڕین و فرۆشتنیان پێدەكرا. لە ساڵی ١٧٠٥دا یاسایەك بۆ خاوەندارێتی ڕەشپێستەکان دەرچوو، و بە بەشێک لە موڵک و ماڵی کەسی دەزانران، تاوەكو لە ساڵی ١٨٦٥دا دوای شەڕی ناوخۆی نێوان باکوور و باشوور لە ئەمریکا یاسای کۆیلایەتی هەڵوەشایەوە، بەڵام جیاکاری ڕەگەزی لە دژیاندا بەتوندی بەردەوام بوو تا لەم دەیانەی دواییدا لەئەنجامی خەباتی بێوچانیان بۆ رەتكردنەوەی جیاكاری و پشتیوانیكردنیان لەلایەن هێزە پێشكەوتنخوازەكانی ناوخۆ و دەرەكیدا، رێوشوێنەكانی جیاكاری رەگەزی دژ بە رەشپێستەكان سووكتر كرا.
ڕاپۆرتی ئیندێکسی کۆیلایەتی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئێستادا بەدەست کۆیلایەتی مۆدێرنەوە دەناڵێنن، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا بە پەنجا ملیۆن کەس دەخەمڵێنێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو گرووپانەی زۆرترین بەرکەوتەی کۆیلایەتی مۆدێرن بوون، بريتين لە ژن و منداڵ و کۆچبەران.
ڕاپۆرتەکە دووپاتی دەکاتەوە، کە کرێکارانی کۆچبەر بە بەراورد لەگەڵ کرێکارانی ناوخۆییدا، سێ هێندە زیاتر بەرەوڕووی کاری زۆرەملێ دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی بەرزی هەژاریی لە ڕادەبەدەر و کۆچی زۆرەملێ، لە هۆکارەکانی کۆیلایەتی مۆدێرنن و دەرکەوتووە کە ئەم دوو هۆكارە بەشدارییەکی بەرچاویان لە زیادکردنی مەترسییەکانی پەیوەست بە کۆیلایەتی مۆدێرنەوە کردووە.
هەروەها سیاسەتی توندی کۆچبەریی وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپی، کە بووەتە هۆی ئەوەی کۆچبەران و ئاوارەکان بەرەوڕووی مەترسی زیاتری ئیستغلالکردن ببنەوە.
شێوازەکانی كڕین، كە حکومەت و کۆمپانیا دەوڵەمەندەکان پەیڕەوی دەكەن، ئیستغلالکردن لە وڵاتانی کەمدەرامەتدا، کە لە هێڵی پێشەوەی زنجیرەکانی دابینکردنی زانستیدان، خراپتر دەکات.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر "دزەکردنی کۆیلایەتی مۆدێرن دەکاتەوە بۆ ناو ئەو پیشەسازییانەی کە لە کەرتی نافەرمیدا کاردەکەن و ژمارەیەکی زۆرتر لە کرێکارانی کۆچبەر دادەمەزرێنن و لەو ناوچانەدا هەڵکەوتوون، کە چاودێری حکوومەت تياياندا سنووردارە. بەم شێوەیە دەبینین کە دوای قەدەغەکردنی کۆیلایەتی لە شێوازە تەقلیدییەکانیدا، لە چوارچێوەی ڕەوتی سیستەمی سەرمایەداری و میکانیزمەکانی کارکردنیدا، شێوازی دیکەی کۆیلایەتی سەریانهەڵدا.
2- جەنگ و کۆچ
بەو پێیەی جەنگ یەکێکە لە ئامرازەکانی سیستەمی سەرمایەداری بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسی و ئابووری و فراوانکردنی کاریگەری و بازاڕەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا، دەبێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ کۆچی کرێکاران و لێشاوی پەنابەراندا هەبێت، نموونەی زۆریش هەن کە دەتوانرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە بهێنرێنەوە.
پێشتر لە مێژووی ئەمریکادا تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، هیچ گروپێکی کۆچبەران نەیانتوانیوە جەخت لەسەر داواكاریی مێژوویی لەسەر ناوچەیەكی ئەمریکا بكەنەوە، وەكو ئەوەی مەکسیکی و مەکسیکییە ئەمریکییەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە.
زۆربەی ناوچەكانی تەکساس، نیو مەکسیکۆ، ئەریزۆنا، کالیفۆرنیا، نیڤادا و یوت، بەشێک بوون لە مەکسیک تا لە ئەنجامی شەڕی تەکساس لە ساڵی ١٨٣٥- ١٨٣٦ و جەنگی ئەمریکا - مەکسیک لە ساڵی ١٨٤٦- ١٨٤٨ لەدەستیاندا و هێزەکانی ئەمریکا چوونە نێو مەکسیک و پایتەختەکەی و نیوەی خاکەکەیان بە ئەمریکاوە لکاند، هەربۆیە مەکسیکییەکان ئەم ڕووداوانە لەبیر ناکەن.
بۆیە بە پێچەوانەی کۆچبەرانی دیکەوە، هەست دەکەن کە مافی تایبەتییان لەم ناوچانەدا هەیە، لەبەر ئەوەشە كە ژمارەی کۆچبەرە مەکسیکییەکان لە ئەمریکا گەیشتووەتە ملیۆنان کەس، جا کۆچبەرانی رێكخراو بن، یان ئەوانە بن، كە بە ناڕێكی كۆچیان كردووە. رەنگە ئەم نادادپەروەرییەش یەكێك لە هۆکارەکانی لاوازی تێکەڵبوونیان بێت لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەمریکیدا.
یەکێک لە بیرۆکەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم بۆ ئیتاڵیا، کەمکردنەوەی دانیشتووانی گێرەشێوێن بوو، واتە ئەوانەی داوای مافی کارکردنیان دەکرد، لەرێگەی هاندانیان بۆ كۆچكردن. پارەی پلانی مارشاڵی ئەمریکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەریاوانی بازرگانی ئیتاڵی بۆ زیادكردنی ژمارەی کۆچبەرە ئیتاڵییەکان بەکارهێنرا، کە دەتوانرا ساڵانە ببرێنە دەرەوەی وڵات. هەروەها ئەو پارەیە بۆ ڕاهێنانی کرێکارانی ئیتاڵی بەکارهێنرا، تاوەكو لای وڵاتانی دیکەوە باشتر قبوڵ بکرێن. بۆیە کۆنگرێسی ئەمریکا پلانەکانی پەسەند کرد بە ئامانجی گواستنەوەی کۆچبەران لە ئیتاڵیاوە بۆ شوێنەکانی جیهان جگە لە ئەمریکا. پڕۆژەی مارشال، ئەمریکای باشووری هەڵبژارد، کە چەند ناوچەیەكی تاڕادەیەک کەمتر پێشکەوتووی هەبوو، و بەرازیلیش لەپێشەوەی ئەو وڵاتانەدا بوو، كە لە ساڵی ١٩٥٠دا ئەم یارمەتییانەی وەرگرت.
لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ و عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا و دەستێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئەوروپا لە شەڕی سوریادا، بووە هۆی کۆچی زۆرەملێی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، کە لە مێژووی تازەدا بێهاوتا بوو، كاتێك ملیۆنان پەنابەر رژانە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمەکە و بووە هۆی روودانی گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی - ئابووری وڵاتانی ناوچەکەدا، بۆیە سەیر نییە ئەگەر بڵێین ناوچەی عەرەبی ئاستێکی بێ وێنەی کۆچی نێودەوڵەتی بەخۆوەبینی. لە ساڵی ٢٠٢١دا، وڵاتانی عەرەبی میوانداری زیاتر لە ٤١ ملیۆن کۆچبەر و پەنابەریان کرد و هەر لەو ماوەیەشدا ژمارەی کۆچبەرانی وڵاتانی عەرەبی گەیشتە نزیکەی ٣٣ ملیۆن کەس، کە لەسەدا ٤٤یان لە ناوچەی عەرەبی نیشتەجێن.
نیولیبرالیزم و کۆچبەری
نیولیبرالیزم زۆر "لەناوبردنی داهێنەرانە"ی بەدوای خۆیدا هێنا، نەک تەنها بۆ چوارچێوە دامەزراوەییەکانی پێشوو، كە بریتی بوون لە (ئاڵنگاریی فۆرمەکانی تەقلیدی سەروەری دەوڵەت)، بەڵکو دابەشکردنی کار، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، خزمەتگوزارییەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی، پێكهاتە تەکنەلۆژییە جۆراوجۆرەکان، شێوازەکانی ژیان، بیرکردنەوە و وەچەخستنەوە، پەیوەستیوون بە خاک و داب و نەریتی هەست و سۆزداری، كە ئەمە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، چونکە ئایدۆلۆژیایەکە ئامانجی ئەوەیە جیهان بەپێی ڕوانگەی خۆی لە قاڵب بدات و بە میترۆپۆلیسەوە بیبەستێتەوە.
نیولیبرالیزم لە هەڵوێستیدا سەبارەت بە کۆچ، بەدەست كۆمەڵێك کێشەوە دەناڵێنێت. دێنیس کانتربێری لەمبارەیەوە دەڵێت: "سەرمایەداری نیولیبرال بە دوو مەیلی دژبەیەک دەڕوانێتە کۆچی هاوردە، كە بریتییە لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی کۆچ و لە هەمانکاتدا سنووردارکردنی. ئەو نموونانەی تیشک دەخەنە سەر ئەم دژایەتییە بریتین لە کردارەکانی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە سنووردارکردنی کۆچدا، كە بەشێك لە وڵاتانی هەژاری ئەفریقیا و ئەمریكای لاتینی و ناوچەی دەریای كاریبی و چەند ناوچەیەكی دیكە دەكەنە ئامانج، لەهەمان كاتیشدا هانی كۆچی رێكخراو دەدەن". دەشڵێت: "ڕەهەندێکی دیکەی دژایەتییەکە ئەوەیە، کە سەرمایەداریی نیولیبراڵ پشتیوانی لەکۆچی ڕێکخراو دەكات، کە تەنیا ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە، کە پارەیان هەیە و لێهاتوویی وشارەزایی بەرزیان هەیە بۆ وەرگرتن لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا".
نوام چۆمسکی ئاماژە بەوە دەکات، کە پەیامبەرانی لیبرالیزمی ئابووری بیریان لەوە نەکردۆتەوە، کە ڕێگە بە "جوڵەی ئازادی هێزی کار لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بدەن"، وەكو یەکێک لە بنەماكانی ئازادی بازرگانی، کە ئادەم سمیس جەختی لەسەر کردووەتەوە. ساموێل هەنتینگتۆن دەڵێت: لە جیهانی هاوچەرخی ئێمەدا گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی گەلان لە کۆچەوە دێت. وڵاتان دەتوانن بە یەکێک لە سێ ڕێگا، یان تێکەڵەیەک لەوانە ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە ببنەوە، كە بریتین لە: کۆچێکی کەم یان هیچ، کۆچکردن بەبێ تێكەڵبوون، یان کۆچکردن بە تێكەڵبوون. جێی ئاماژەیە ئەم سێ شێوازە تاقیکراونەتەوە، بەڵام ئەنجامەکانیان هەموو جارێك لەگەڵ پلانەكانی وڵاتانی پێشکەوتوودا یەكانگیر نەدەبوو.
بەڵگەی زیاتر لەسەر دووفاقیی نیولیبرالیزم بەرامبەر بە کۆچ هەیە بەشێوەیەك، كە هێڵێکی هەڵەی سەرەكی لەسەر پرسی کۆچ بۆ نیولیبرالیزم ڕاپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی بوو لەساڵی ٢٠٠٩دا، مشتومڕ لەسەر ئاراستە نوێیەکان و بیرکردنەوە لە کاریگەرییەکانی گەشەپێدانی کۆچ لە سایەی سەرمایەداری نیولیبرالیزمدا. ئیسرائیل و ئەمریکا هەنگاوی خراپیان بۆ دروستکردنی دیواری جیاکردنەوە بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی کرێکارانی کۆچبەری فەلەستینی و ئەفریقی و مەکسیکی ناوە، لە کاتێکدا یەکێتی ئەوروپا ملیۆنان یۆرۆی لە لیبیا وەبەرهێنا، بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە چاودێری دەریای ناوەڕاست بکات، تاوەكو کرێکارە کۆچبەرە ئەفریقییەکان نەتوانن لە یەکێتی ئەوروپا نزیك بكەونەوە.
کانتربێری دەڵێت، "سیاسەتەکانی ڕێکخستنی پێکهاتەیی نیولیبراڵ، وڵاتانی تازەپێگەیشتووی ناچارکردووە، کە بەشداری بەناو عەقڵانیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارکردنیان. سیاسەتی کۆچ ئێستا جۆرێکە لە عەقڵانیکردن، بەڵام هەموو وڵات دەگرێتەوە نەک دەزگایەكی دیاریکراوی دەوڵەت، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ، كە سیاسەتە نیولیبراڵییەکان تا چ رادەیەك دەستوەردان و پێشێلكاری لە سەروەری وڵاتاندا دە كەن.
دامەزراوە سەرمایەداریيەکان بۆیان دەرکەوت کە جوڵەی جیهانی سەرمایە بەهەمان شێوە پێویستی بە جوڵەی جیهانی کار هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەر شوێنێک بێت بەکاری بهێنێت. بانکی نێودەوڵەتی باس لە هەژاران دەکات و دەڵێت، چارەسەری کێشەکانیان چوونە ناو بازاڕی جیهانییە، لە کاتێکدا ئامانجی ئەو یارمەتیدانی جوڵەی جیهانی سەرمایەیە بۆ دروستکردنی بزووتنەوەیەکی جیهانی هاوشێوە، لە شێوەی دەستی کاری نێودەوڵەتی هەرزان، کە بە ئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازرێتەوە و سەرمایە بتوانێت لەگەڵ خۆیدا بۆ هەر شوێنێک بیبات کە خۆی بۆی دەچێت. ئەگەر بانکی نێودەوڵەتی هیوای ئەوە بخوازێت کە ڕووبدات، ئەوا یارمەتیدەر بووە لە دروستکردنی پرۆلیتاریایەکی جیهانی، هەر ئەمەشە کە لە واقیعدا ڕوودەدات.
رەنگە جوڵەی دانیشتووان لە ساڵانی داهاتوودا بەهۆی فراوانبوونی کەلێنی ڕێژەی گەشەی دانیشتووان لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو، و وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا بەردەوام بێت. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی بیرۆکەی "بێ سنوور"، كە لەبنەڕەتدا بەهۆی جیهانگیرییەوە ڕوودەدات و ناهاوسەنگییەکی تازەی لە نێوان وڵاتانی دەوڵەمەند و وڵاتانی هەژاردا دروستکردووە و جگە لە ناهاوسەنگی کۆن و نوێ لە ساماندا، ناهاوسەنگییەکی دیمۆگرافیش سەریهەڵدا. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە بازاڕی کاردا بە ئاراستەی پێچەوانە، کە خواست لە هەندێک کەرتدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە دابینکردن، ئەمەش ئەوەیە کە لە زۆرێک لە وڵاتان، بە تایبەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا، وەک ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەو... هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی دیكە روودەدات.
لەگەڵ جیهانگیریدا فۆڕمی نوێی نایەکسانی کۆمەڵایەتی دروست بووە، کە نە لەگەڵ فۆرمەکانی تەقلیدی وەدەرنانی کۆمەڵایەتی، یان لانیکەم درێژەدان بە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکان، یان پێش مۆدێرنەکاندا ناگونجێت. لە جیهانگیریدا هەژاری و دەستی كاری ناجێگیر دروست دەبێت، لەم حاڵەتەدا کۆچبەران دەرئەنجامی دوورخستنەوەیان لە بازاڕی کار (بێکاری، سوپای یەدەگی پیشەسازی و هتد) نین، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەرئەنجامی ئەو شێوازەن، کە بەهۆیەوە خراونەتە نێو جیهانی کارەوە، بە تایبەتی وەک هێزی کاری کۆچبەر. بابەتەكە ئەوەیە کە ئەوان کرێکاری لاواز، یان زۆر لاوازن، کە تێکەڵ بە کەرتە ئابوورییە دینامیکییەکان كراون. وردتر بڵێین ئەمە پرۆسەیەکی دژبەیەكە، کە لە هەمانکاتدا هاندەری تێكەڵكردن و وەدەرنانی کۆمەڵایەتییە. لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێگەی کەمینەی کۆمەڵایەتی (دۆخی کۆچبەران) چیتر مەترسیی وەدەرنانی ئابووریی مەزەندەكراوی ئەوان پێکناهێنێت، بەڵکو مەرجی پێویستە بۆ یەکگرتنی لاوەكی و لاواز. بەم شێوەیە سیستەمی ئابووری جیهانی سەرمایە و کەڵەکەبوون و گەشەی ئابووری لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانەوەی دۆخی نایەکسانی کۆمەڵایەتی بێکۆتایی بەرهەم دەهێنێتەوە، کە لەم حاڵەتەدا بنەمای ئیستغلالکردنی هێزی كاری كۆچبەرە و فاکتەری دروستکردنی بەردەوامبوونیەتی.
پێویستە لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوە بکەین، کە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئامرازی نوێی بۆ قووڵکردنەوەی دابەشبوونی باکوور و باشوور لە کۆمەڵگا دەوڵەمەندەکاندا بە شێوەیەکی زەقتر ڕەخساند.
لە سەروبەندی مانگرتنی کرێکارانی کارە گشتیەکان لە ئەڵمانیا لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٢دا، سەرۆکی کۆمپانیای دایملەر بێنز هۆشداریدا لەوەی، کە ڕەنگە وەڵامی کۆمپانیاکەیان بۆ مانگرتنەکە، گواستنەوەی کارگەکانی ئۆتۆمبێلی مێرسیدس بێت بۆ شوێنێکی تر، ڕەنگە بۆ ڕووسیا، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەستبوونی كرێكاری ڕاهێنراو و خوێندەوار و تەندروست و گوێڕایەڵ، ئەمەش پرۆسەیەکی ڕوونی ئیستغلالکردنە، بە پێدانی مووچەی کەمتر بە كرێكارانی رووسیا، بەراورد بە هاوتاکانیان لە ئەڵمانیا.
نیولیبرالیزم و کۆچی میسری بەنموونە
ئەو بنەما نیولیبراڵانەی کە بەزۆر بەسەر وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا سەپێنران، ئەنجامی کارەساتباریان لەسەر ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافیدا لێكەوتەوە. یەکێک لە کاردانەوەکانیشی گەشەی ڕەوتی کۆچی ناوخۆیی بوو، بەتایبەتی کۆچی لادێ بۆ شار و کۆچی دەرەکی، دیارترین نموونەی ئەمە لە ناوچەی عەرەبیدا میسرە، بەوپێیەی گەورەترین وڵاتی عەرەبییە کە کرێکاری کۆچبەر هەناردە دەكات، جا چ لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا بێت یان نێودەوڵەتی. وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2020دا 57.9 ملیار دۆلار حەواڵەیان لە کۆچبەرەکانیان وەرگرتووە، کە دەکاتە 8%ی حەواڵەی جیهانی، میسریش لە پلەی یەکەمی جیهانی عەرەبیدا بوو، كە لەو ساڵەدا 29.6 ملیار دۆلاری وەکو حەواڵە وەرگرتووە.
سەختییە ئابوورییەكانی نیولیبرالیزم و پێداویستییە ئابوورییەکانی، كە ئامانج لێی سنووردارکردنی ئەرکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتە، گۆڕانکاریی چینایەتیی زیاتری لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتە نیشتمانییەكان بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی کۆچی زۆرەملێی بەکۆمەڵ بە هۆکاری ئابووری و سیاسی و ئەمنی. ئەم دۆخەش لەسەر وڵاتانی عەرەبیدا جێبەجێ دەكرێت، کە ئەم ڕێبازەیان پەیڕەو کردووە، لەوانەش میسر.
میسر وەكو نموونەیەکی پێشكەوتوو بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان جێبەجێكردنی نیولیبرالیزم و کۆچ دادەنرێت و مۆدێلێکی ناوچەیی بوو بۆ چاکسازی نیولیبراڵ و حکومەتی میسر لە سەردەمی حوسنی موبارەک سەرۆک کۆماری میسردا وەک یەکێک لە (10) حکومەتە سەرەکییەکانی جیهان لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە پۆلێن كرابوو.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، ئازادکردنی ئابووری فشارێکی بەردەوامی لەسەر زۆربەی میسرییەکان دروستكرد و کاریگەرییەکانی بەپێی پێگەی ئابووری - کۆمەڵایەتی جیاواز بوون. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم سیاسەتەش، بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی کۆچی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوو.
فشارە توندەکانی سەر دانیشتووانی گوندنشین کە لە ئەنجامی چاکسازی نیولیبراڵەوە دروست بوو، بەشداریی یەکلاکەرەوەی لەم بزووتنەوە دانیشتووانانەدا کرد و لەمبارەیەوە توێژینەوەیەک سەبارەت بە کۆچی بێ بەڵگەنامەی منداڵان لە ناوچەی دەلتای میسر لەلایەن ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵانی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم پەیوەندییەی پشتڕاست كردەوە.
پڕۆژەی توێژینەوەکە لەسەر ئەو گوندانە بوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، بێ یاوەر هەوڵی پەڕینەوەیان لە دەریای ناوەڕاست بۆ ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی دەدا، توێژەران گوتەی گوندنشینانی (ئەلعیون)ی سەر بە پارێزگای (بحێرە)يان لەمبارەیەوە وەرگرتووە و بۆیان دەرکەوتووە، کە کرێی هەر دۆنمێک زەوی بۆ ٦ هەزار جونەیهی میسری بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی پێشتر تاڕادەیەک بە 500 جونەیهی میسری جێگیر بووە. هەروەها نرخی پەینی كیمیاوی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، هاوکات نرخی ئەو بەرهەمە میسریانەی کە هەناردە دەكرێن، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.
ئێستا وای لێهاتووە پرۆژەی گەشەپێدان لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە بە شێوەیەکی نەرێنی سەیر دەکرێت و دەرئەنجامەکەشی ئەوەیە کە گەنجان تادێت کاری کشتوکاڵی جێدەهێڵن و ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە زەوییە بەردەستەکان بۆ کشتوکاڵ بەشێوەیەکی بەردەوام کەم دەبنەوە و پرۆژەی بیناسازی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا جێبەجێدەكرێن، بەمەش بەرهەمی کشتوکاڵی کەم دەبێتەوە.
کاریگەرییەکانی کۆچ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا
کۆچی نێودەوڵەتی بۆتە بەشێکی گرنگ لە دیمەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کە کۆچبەر وەردەگرن، بۆیە کاریگەری قووڵ لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگاکانی ئەو وڵاتانە لە چەند ئاستێکدا دروست دەكات.
ئەم زانیاریيانەی خوارەوە ئەو ڕۆڵە ناوەندییە نیشان، دەدەن کە کۆچی نێودەوڵەتی لە پێکهاتەسازی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا دەیگێڕێ. دیمۆگرافیای ئەم کۆمەڵگایانە شکستی پێکهاتەیی ڕوون لە بەرهەمهێنانی هێزی کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو هەلی کارانە نیشان دەدات، کە گەشەی ئابووری دینامیکی ئەم کۆمەڵگایانە ڕۆژانە پێویستی پێیەتی. لە بەرامبەر ناهاوسەنگیی بنەڕەتیشدا لە نێوان میکانیزمە دیمۆگرافییە ناوخۆییەکان و گەشەی ئابووریدا، چارەسەر لەوەدابوو كە پەناببرێتە بەر کۆچی بەلێشاوی کرێکارانی هاوردە، بە پلەی یەکەمیش لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوەوە، کە لە دۆخێکی دیمۆگرافیی جیاوازدا دەژین.
دەروازەی جیاواز لە بازاڕی کاردا لە چوارچێوەی جەمسەرگیری پیشەکاندا دەكرێنەوە، کە لە ئەنجامی جیهانگیری ئابوورییەوە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا سەرهەڵدەدات و زۆرجار باشترە کرێکاری کۆچبەر بناسێنرێت، کە لە زۆر حاڵەتدا بێ بەڵگەنامەن و ئامرازی پێویستی کۆمەڵایەتی و سیاسییان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و دانوستان لەسەر بارودۆخی نائەمنی کار و سەقامگیرییەکەی، کە لەم بەشانەی بازاڕی کاردا زاڵن.
هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی تێکەڵبوونی ژنان لە ژیان و کارە گشتیەکاندا، هەروەها ڕزگاربوونی لە كۆت و بەندە کۆنەکان، کە ژنانیان بە کاری ناوماڵەوە بەستبووەوە، گەشەی ئابووری بەکاربردنی تازە و شێوازی دیکەی ژیان بەهێز دەكات و تاکگەرایی و پرۆسەکانی گۆڕانکاری، کاریگەری لەسەر ڕۆڵی ماڵ و خێزاندا دروست دەكەن.
ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانە دەرفەت بۆ پەرەسەندنی تێکەڵبوونی کرێکارانی کۆچبەر، چ ژن و چ پیاو، لەم چالاکییە جۆراوجۆرانەدا دەڕەخسێنن، کە پەیوەستن بە بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی دانیشتووانی ڕەسەن. بۆیە دەتوانین بڵێین کۆچی نێودەوڵەتی لەم ڕوانگەیەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەردەوامیدان بەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتووری و دیمۆگرافییانەی، کە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی ئەمڕۆی پێ جیادەكرێنەوە. بۆ نموونە، چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووان، وەک خزمەتگوزارییەکانی ناوماڵ، وەكو ئەرکی ژنانی خۆجێیی نامێنێت و دەبێتە کارێکی کاڵایی، کە لەلایەن کۆچبەرانەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەپێی ئەو مەرجانەی کە نەرمی نوواندن لە کار و هەڵوەشاندنەوەی بەربەستەكانی ڕێکخستنەوەی گرێبەستەکان لە کۆمەڵگاکانی دوای پیشەسازیدا دەیسەپێینێ.
ئێمە دەزانین ئەم وڵاتانە بەدەست کەمییەکی بەرچاوی کرێکارانەوە دەناڵێنن لەم بوارەدا، هەروەها لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی و بوارەکانی دیکەی وەک تەکنەلۆجیا، کە لە هەندێک وڵاتدا، وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا، پێویستی بە پەسەندکردنی سیاسەتی ئەوتۆ هەبووە تا بتوانن وەرگرتنی کرێکاری کۆچبەر و پێدانی مافی نیشتەجێبوونیان بۆ ماوەیەکی درێژ پەسەند بكەن. لە ئەڵمانیا ساڵانە سەدان هەزار کەس خانەنشین دەبن و ئەگەر گۆڕانكارییەك نەكرێت، وەزارەتی کاری ئەڵمانی پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٣٥ حەوت ملیۆن کرێکار کەم ببێتەوە، کەمیی فەرمانبەرانیش لەسەر حیسابی خۆشگوزەرانی و توانای کێبڕکێی پیشەسازی ئەڵمانیا دەبێت و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمبوونەوەیەش، ئەڵمانیا دەیەوێت ساڵانە ٤٠٠ هەزار کرێکاری دیکە لە دەرەوەی وڵاتەوە ڕابکێشێت. بۆیە چارە نییە و دەبێ پشت بە کۆچبەرانی هاوردە بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووەوە ببەسترێ، کە بەهۆی لاوازیی ئابوورییەکانیان، هێزی کاری زۆریان هەیە.
بەڵام کێشەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، كە وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن لەسەر سیاسەتێكی یەکگرتوو رێكبكەون، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەكانی ڕاستڕەوی توندڕەو، کە کۆچ و بیانییەکان وەک کارتی براوەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن و بەشێك لە حکوومەتەکانی ئەوروپا دوودڵن لە گرتنەبەری سیاسەتێکی ڕوون دەربارەی پرسی كۆچ و هەندێ ڕێوشوێنی شەرمنانە لەم لایەنەدا دەگرنەبەر.
لە لایەکی دیکەوە، دیدگا تیۆرییە تاکەکەسییەکانی دوای قۆناغی پیشەسازی جەخت لەسەر شلەژانی ناسنامە کۆمەڵایەتی - فەرهەنگییەکان دەکەنەوە و چەندین ڕەهەندی ئاماژەی کۆمەڵایەتی - فەرهەنگی و جۆرەکانی تری تێكەڵبوون پێشنیار دەکەن. کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان تادێت پێویستیان بە ناسنامەی نەتەوەیی تایبەت، ئاراستەی سێکسی، یان باری هاوسەرگیری نییە، حەز و ئارەزووی ئایینی یان ڕەفتارە خێزانییەکان کە پەیوەندییەکی نزیکیان بە یەکەوە هەیە. لە ڕاستیدا لە زۆرێک لە نموونەکاندا، ئەم ڕێبازانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە یەک ڕەوتی باڵادەست (یان تەنانەت دوو یان سێ ڕەوتی تایبەت) هەیە و تا ڕادەیەکی زۆر کەمتر تایبەتمەندییە ئاساییەکانی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەردەبڕن. ئەم ڕێبازە ڕەنگدانەوەی واقیعی دۆخی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپایە، بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە هەمەجۆریی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەهۆی بەردەوامی پێکهاتەی کۆچبەری هاوردەوە پەرەدەستێنێ.
لە کۆتاییدا بەڵگەی بەهێز لەسەر پەیوەندیی بونیادیی نێوان سیستەمی سەرمایەداری و کۆچی نێودەوڵەتی هەیە، بەو پێیەی بیرۆکەی گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لە کرێکارانی کۆچبەر بۆ وڵاتی رەسەنی خۆیان، بە دووبارە داڕشتنەوەی پیشەسازییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەستراوەتەوە. ئەمەش بیرۆکەیەکی نوێ نییە، بەڵكو لەلایەن زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانەوە قسەی لەسەر کراوە، بەر لەوەی کۆچ بە فەرمی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە دوای ساڵی (١٩٧٤)ەوە ڕابگیرێت.
لەمبارەیەوە لەمانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1973 لەراپۆرتێكدا كە پێشكەشی ئەنجوومەنی ئەوروپا كرابوو تێيدا هاتووە: "ئەو پیشەسازییانەی لە وڵاتانی پێشكەوتوودان، بەتایبەتی ئەو پیشەسازییانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی کۆچبەریان دامەزراندووە، پابەندن بەوەی هەوڵبدەن کارگە لە وڵاتانی هەناردەکاری دەستی کاردا دابمەزرێنن لەسەر ئەو بنەمایەی، کە بەرهەمهێنانی ئەم کارگانە پەیوەست نییە بە هێزێکی کاری تایبەتمەندەوە. لەو وڵاتانەدا كرێی كار لە چاو وڵاتەکانمان كەمترە، ئێمە پێمانوایە کە پلانە پێشنیار کراوەکە دەتوانرێت بۆ هەندێک پیشەسازی بەدەست بهێنرێت بێ ئەوەی جۆری دووەمیان تووشی هیچ زیانێک بێت". بەڵام ئەم بیرۆکەیە پەرەی نەسەند تا سەرەتای ساڵی ١٩٧٤، دوای ئەوەی لە ئەنجامی قەیرانی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتانی پێشکەوتوو، بەتایبەتی لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لە قەیرانەكە، لە ڕێگەی داڕشتنەوەی پیشەسازییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا درا.