
د. هەردی مێد-پاریس
له هه‌رێمی كوردستان زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، میدیا و به‌شێك له‌و ڕێكخراوه مه‌ده‌نیانه‌ی له سه‌ر ده‌ستگا سیاسیه‌كان كارده‌كه‌ن به شێوه‌یه‌كی بێ‌سنور و به‌ده‌ر له هه‌ر پێیودانگێك گرافیك، ئامار و ژماره به‌كار ده‌هێنن. بۆ ئه‌مان ڕاستی و دروستی كرده و فاكته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له ژماره‌دایه و ژماره بنه‌مای بابه‌تێتی و دروستی ڕه‌فتار و چالاكیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه. ئه‌م ڕه‌وته جگه له‌وه‌ی تێهه‌ڵچونه‌وه‌یه له پۆزه‌تیڤیزم و خلیسكانه بۆ نێو ڕوانگه‌یه‌كی چه‌وتی زانستی، هاوكات هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددیه بۆ شێواندنی واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌رده‌پۆشكردنی واقع. له راستیدا ژماره خۆی نوتقی نییه و توانای قسه‌كردنی نییه، به‌ڵكو هه‌میشه قسه‌ی پێده‌كرێت به مه‌به‌ست و مه‌رامی جودا. پاشان، ئه‌م ژمارانه به چ پێیوودانگ و ئامرازێك به‌رهه‌مهێنراون؟ چه‌ند پێوه‌ری زانستی و وردێتی له ئاماده‌كردنیاندا ڕه‌چاوكراوه؟
نمونه له‌م ڕووه‌وه یه‌كجار زۆرن، به‌ڵام گه‌ر ته‌نها ئاماژه به ڕاپۆرته‌كانی ڕێكخراوی په‌ی له سه‌ر چالاكیه‌كانی په‌رله‌مان بده‌م، ده‌توانم بڵێیم ژماره و داتا ژماره‌ییه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه سه‌رتاپای جێی هه‌ڵوه‌سته و قسه له سه‌ركردنه. بۆ نمونه، كاتێك ده‌ڵێت فڵان په‌رله‌مانتار له‌م وه‌رزه ئه‌وه‌نده‌جار قسه‌یكرده‌ووه، وه‌لێ فڵان هیچ قسه‌یه‌كی نه‌كردووه.لێره ژماره هیچ ئه‌رزشێكی نییه، گه‌ر نه‌زانین ئه‌و فڵان په‌رله‌مانتاره‌ی ئه‌وه‌نده جار قسه‌ی كردووه چی وتووه؟ ئایا ئه‌م به‌ڕێزه زانیاری نوێی بۆ گفتوگۆكان زیاد كردووه یان ته‌نها قسه‌ی هاوه‌ڵه‌كانی دووباره كردۆته‌وه؟
یان فڵان خول ئه‌وه‌نده یاسای ده‌كرده‌وه كه‌چی فڵان زۆر كه‌متر. لێره‌ش به هه‌مان شێوه گرنگی له ژماره‌ی یاسا ده‌رچوه‌كاندا نییه، به‌ڵكو له گرنگی و قورسایی ده‌ستگایی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیان.
له راستیدا، ژماره به بێ شرۆڤه و وه‌سفێكی ورد و تێكهه‌ڵكێشكردن و به‌راوردكردنیان، هیچ گرنگی و بایه‌خێكی نییه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ پۆزه‌تیڤیزم له هه‌رێم و سه‌پاندنی ژماره وه‌ك حه‌قیقه‌ت شیاوی تێڕامانه!