
لەڕوانگەی چینایەتیەوە
عوسمان زیندانی
هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ وە خاوەنی پەرلەمانی خۆیەتی و بەسەدان یاسا و بڕیار و ڕاسپاردەی دەركردووە و پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستانی نووسیوەتەوچەند ماددەیەكی تایبەت كردوە بەمافی كار و بیمە و كاری سەندیكای بۆ كرێكاران بەڵام هێشتا ئەم دەستورە ،هەر ڕەشنوسێكی تۆزلێنشتوی سەر ڕەفە زەردهەڵگەڕاوەكانی ناو پەرلەمانە ئەسیرەكەی دەستی دەسەڵاتە،
ئەم حوكمڕانیە لەبەرئەوەی ڕوانگەی سیاسی بەرەو ئاراستەی سیستەمی سەرمایەداری بووە یاسایی وەبەرهێنانی دەركردوە بەبەرژەوەندی سەرمایەدارانی ناوخۆ و بیانی ، لەپاڵیشەوە حكومەت باج و ڕسوماتی بەرز كردۆتەوە لەسەر هاوڵاتیان بێ ئەوەی یاسای بۆ دەربچێت و پەرلەمانیش بێ دەنگ بووە لەم پێشێلكاریە و لەم پرسە گرنگە٠
بەڵام دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەماوەی ٣٠ ساڵدا ئامادە نەبوو یاسای نوێ بۆ كار و خانەنشین و دابینكردنی كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران دەربچێنێت ،سەرباری ئەوەی بەدەیان جار حزبی شیوعی كوردستان و چەپەكان و سەندیكاكان بەگشتی داوای دەركردنی یاسای كاری نوێیان كردوە و دەكەن، وبەسەدان چالاكی جۆراوجۆری جەماوەری و ئیعلامی و پەرلەمانی و سیاسی بۆ ئەنجام دراوە ٠
دواجار لە شوباتی ٢٠٢٣ دا پرۆژەی یاسای كاری نوێ دەرچوو ،بەڵام دوای چەندین مانگ لە چاوەڕوانی نەنێرا بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بۆ واژۆ كردن، ئەمە سەرباری دەیان تێبینی لەسەر پرۆژە یاساكە كە وەرنەگیرابو لەلایەن حكومەتەوە و پەرلەمانیش هەروا
تێپەڕاندبوو ٠بەڵام ئەم پرۆژە یاسەیەش وەكو ئەوانی تر بووە قوربانی بەرژەوەندیەكانی حزبە دەسەڵاتدارەكان وناتوانرێت بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. چینی كرێكار لەهەرێمی كوردستاندا دەبێت هەر لەسەر یاسای كاری ژمارە (٧١) ساڵی (١٩٨٧)بڕۆن و كار بەو یاسایە دەكرێت ،لەبەرئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق ( محكمەی اتحادی) ماوەی درێژ كردنەوەی پەرلەمانی كوردستانی بەنایاسای بڕیار لێداوە بۆیە هەر یاسایەكیش لەو ماوەیەدا دەرچوو بێت بەنایاسایی لەقەلەم دەدرێت وكاری پێ ناكرێت ، واتا ئەم هەوڵەی دوای (٣٠) سال داواكاری كرێكاران و هێزە چەپەكان و چەند ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی بوو بەمردووی لەدایك بوو ٠
ڕەخنەی واقعی و جدی ئەوەیە كە ئەم دەسەڵاتە بۆ سی ساڵ یاسایەك كە ڕەهەندێكی نیشتمانی و ئابووری و گشتگیری هەیە دوادەخات ؟
وەڵامی پرسیارەكە ڕوونە ئەم دەسەڵاتەی یەكێتی و پارتی لە مافی دەوڵەمەندان و سەرمایەدارانی ناوخۆ و دەرەكی بەولاوە كە شەریكە بەشی خۆیانن هیچ شتێكی تر هیچ مافێكی تریان بەلاوە گرنگ نیە ٠لەلایەكی ترەوە بۆچی هەلومەرجی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستانیان گەیاندۆتە ئەم دۆخە نالەبارە كە( محكمەی اتحادی)كەئەویش لە هەندێك لە بڕیارەكانیدا لەژێر كاریگەری دۆخی سیاسی ناوخۆ و دەركیدایە، هەر ڕۆژە و بڕیارێك و یاسایەكی هەرێم هەلبوەشێنێتەوە ،ئێ هەرخۆتان نین لەبەغداد سەرۆك كۆمارن هەر خۆتان نین جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانن هەر خۆتان وەزیر و گزیری دەسەڵاتی عێراق نین، بۆچی لەچوارچێوەی دەستوور و یاسادا هەنگاو هەڵناهێنن و بۆچی دۆخی ناوخۆیتان خستۆتە بارێكەوە كەخەلكی پێی خۆش بێت ئاوات بەڕابردووی ڕەشی حوكمڕانی بەعس بخوازن، یان هەوڵی گەڕانەوە بۆ ناوەندێتی عێراق بدەن ، چ ناوەندێكش كە سەرو بنی پڕ پڕە لە دواكەوتوی و ڕەگەز پەرستی و تاكڕەوی و گەندەڵگاری ٠
ئاخر لەم چلەی هاوینەدا یەك بەرمیل نەوت بە(١٥٠) هەزار دینار زیاتر بێت و مووچە دوابكەوێت وبەدەیان هەزار هاونیشتمانی بێكار بێت و چینی كرێكاریش دوای (٣٠)ساڵ لە چاوەڕوانی یاسایکن کە كاری نۆیان بۆ دەربچێت و ئەویش ببێتە قوربانی سیاسەت و بڕیارە هەڵەكانی پەرلەمان ٠
گەل بەگشتی و چینی كرێكاران بەتایبەتی لە نێوان دوڕێیانێكی حوكمڕانی شكستخواردوی عێراق و كوردستاندا دەبێ چی بكات، ڕوو لەكام بەرنامە بكات و بچێتە سەر ڕێگایی كام لەم دوو ڕیانە پڕ لەگرێوگۆڵی سیاسی و نەخشەی ستمكارانەی ئەم بۆرژوا مشەخۆرانە عێراق و كوردستان ٠
بڕوام وایە دەبێت جەماوەر بەگشتی و چینی كریكاران و توێژی مووچە خۆران پێكەوە بەیەك ئاراستەی گشتی بە سەربەخۆ لە هەژموون و دوور لە ڕێگای ئەوان ئاراستەی سێیەم هەلبژێرن كە بەرژەوەندی گشتی كۆمەڵگە و چین و توێژە زوڵملێكراوەكان ڕەچاو بكات ، بەرنامەی دژە سەرمایەداری دژە گەندەڵی و قۆڕخكاری دابڕێژن كە ژیانێكی هاوبەشی لە ئەرك ومافدا بۆ هەمووان دەستەبەر بكات ،نەك دوو چینی جیاواز و دژ بەیەك ، پاشان هەڵمەتی هۆشیاری و ئیعلامی ئەنجام بدرێت و نەوەی تازەش بەم چەمكە ئینسانیانە گۆش و پەروەردە بكەن ،تا دواجا لە پرۆسەیەكی بەبەرنامەدا كار و چالاكی سیاسی و جەماوەری ئەنجام بدرێت بەئامانجی ئاڵوگۆڕی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی كە بۆ چاكەی گشتی و بۆ دابین كردنی مافی مووچەخۆران و چینی كریكاران ڕێگە بگرێت و ژیانی كۆمەڵگە ڕێكبخات كەتێیدا چینی كرێكار بەیاسا و بە بەرنامە و كردەوە شاد بنبەمافەكانیان٠