
م.هێرش مه‌غدید
لە دوو دەیەی ڕابردوودا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کۆمەڵێک گۆڕانكاری گرنگ و بەرچاوی له بوارە جیاجیاکانی په‌روه‌رده‌دا ئه‌نجامداوە، هەڵبەت ئەوەش به مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشچوون و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و فێركردنی قوتابییان له ناوه‌نده‌كانی خوێندن‌و ده‌ربازكردنی له کلتوری چه‌قبه‌ستوویی و فێركارییدا.
دیارە بۆ بەدیهێنانی ئەم مه‌به‌سته‌ش ساڵانه لەلایەن کۆمەڵێک لیژنەی تایبەتمەند گۆڕانکاری بەسەر چه‌ندین په‌رتووكی خوێندندا دێت بەمەبەستی گونجاندنی پڕۆگرام و ڕەوتی په‌روه‌رده‌یی نوێ له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌مدا، بەڵام هێشتا سیستەمی پەروەردە لەوڵاتەکەمان ڕووبەڕووی چەندین ئاسته‌نگی جیاواز دەبێتەوە، چونکە ئەم سیستەمە لە هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە نوێکردنەوەی بنەڕەتی و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ هەیە بۆ گەیشتن بەکاروانی ستانداردەکانی نێودەوڵەتی.
هەڵبەت ژیری دەستکرد وەک یەکێک لە گرنگترین شۆڕشە تەکنۆلۆژیه‌کانی سەدەی بیست و یەک، دەرفەتی بێ وێنەی بۆ گۆڕینی ڕووی پەروەردە لە هه‌رێمی کوردستان دابین دەکات، چونکە ئەم تەکنۆلۆژیایە دەتوانێت پێداویستی و ئاستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی خوێندن بۆ هەر قوتابییەک ده‌سته‌به‌ربكات، هەڵسەنگاندنی خێرا و ورد ئەنجام بدات و، سەرچاوەی زانستی بێ‌سنوور بۆ قوتابییان و مامۆستایان پێشکەش بکات.
لە ڕووی پاراستنی زمان و کلتوریشەوە، ژیری دەستکرد دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی‌دا ببینێت لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمە فێرکارییەکانی زیاتر له زمانێك و دەستەبەرکردنی ناوەڕۆکی پەروەردەیی بە زمانی دایک، جێبەجێکردنی ئەم تەکنۆلۆژیایە له ناوه‌نده‌كانی خوێندن پێویستی بە ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان و، دابینکردنی ژێرخانی تەکنۆلۆژیای باش و ، سەرمایەگوزاری گەورە هەیە، هەروەها پێویستە ڕێکارەکانی پاراستنی داتا و ئاسایشی ئۆنلاین لە قوتابخانەکاندا به وردی جێبه‌جێ بکرێت.
من پێم وایە ئایندەی پەروەردەش لە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە چۆنیەتی وەرگرتن و بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆژیایە بۆ بەرەوپێشبردنی كوالێتی فێرکردن و ئامادەکردنی نەوەی داهاتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئه‌و بەربەست و ئاڵانگارییانه‌ی كه چاوه‌ڕوانكراوه بێته ئاراوه.