
عەدنان ساڵح
یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسێ دیارەکارانی ئەمڕۆی ململانێی نێودەوڵەتی دۆسێی غازى سروشتیە ، ئەمەش تەنها پەیوەست نیە بەعێراق و هەرێمى کوردستانەوە، بەڵکو پرسێکی نێودەوڵەتی زەقە و لە هەمووکاتێکدا کاریگەری خۆی هەیە لەسەر کێشمەکێش و ململانێکان و زۆرجاریش وەک کارتی فشار مامەڵەی پێدەکرێ بەتایبەت لەم هەڵومەرجەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کوردیش بەشێکی دانەبڕاوە لەو دۆخە و ڕەنگە یەكێك لەدیارترین نیشانەكانی هاتنەكایەی ئەو فشارانەی سەر هەرێمی کوردستانیش کە چاوەڕوانکراو بو ڕوبدەن، دەستبردنبێ بۆسێكتەرێكی هەستیاری وەک غازی سروشتی، كە نەك هەر وڵاتانی هەرێمی لەسەری لە ململانێدان، بەڵكوو هەردوو جەمسەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشی هێناوەتە یەک و بوەتە گەورەترین كێشە لە نێوانیاندا
لەدەستپێکی جەنگی روسیاو ئوکرانیادا لەشوباتی 2022، لەپاش هەنگاوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ فشارخستنە سەر روسیا بەکۆمەڵێک بڕیار کە دیارترینیان ئابڵوقەی ئابوری بوو بۆ سەر سێکتەرە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە
ئەم پرسەی جوڵاند و وایکرد بوتین وەک کارتێکی هەرە بەهێز دەست بۆ وزە (نەوت، گاز)ی سروشتی بەرێ لە بەرامبەر ئەو وڵاتانەی کە لەمیحوەری شەڕدابوون، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپی کە بەشێکی گەورەی گازی سروشتیان لە لایەن ڕووسیاوە بۆ دابین دەکرا.. ڕێک لەو سەروبەندەدا کە پرسی وزەو دابینکردنی "نەوت، گاز"و هەوڵدان بۆجێگرەوەی ڕوسیا. پرسێکی هەرە هەستیاربوون وئەتوانم بڵێم تاڕادەیەک جیاوازی نەبوو لەگەڵ ئەوەی کە بەچەک و تەقەمەنی هاوکاری ئوکراین ووڵاتانی ناتۆ بکرێت لەلایەن هەر وڵاتێک کە دەست بۆبابەتێکی لەوشێوە ببات بەرامبەر بەوڵاتێکی زڵهێز لەهاوشێوەی ڕوسیا..!؟ کە (هیج وڵاتێکی خاوەن وزە ڕاستەوخۆو بەئاشکرا هەڵوێستێکی لەوشێوەی نەنواند)
سەرۆکی حکومەتی هەرێم زۆر بەئاشکراو لەمیدیاکانەوە، لەپاش چەند سەردانێکی بۆ قەتەرو ئیمارات و سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا. جاڕیدا کە لەغیابی روسیادا ئەوان ئەتوانن بەشێکی وزە (گاز)ی سروشتی ئەوروپا دابێن بکەن.!؟
شەڕی کەیسە یاسایەکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت وگازەوە سەری هەڵدا و هەنگاوی یەکەمیش لە دادگای نێوبژیوانی پاریس ودادگای فیدڕاڵی لەبەغدا وە دەستی پێکرد و گەیشتە ئەو ئاستەی کە دواجار هەرێمی کوردستان شکستێکی گەورەی بەرکەوت وکەیسەکەی دوڕاند لەهەناردەکردنی نەوتی سەربەخۆ و مەلەفی نەوت وگازی هەرێم بەتەواوی لەلایەن بەغداوە کۆنترۆڵ کرا و ئەو دەرئەنجامەی لێکەوتەوە کەحکومەتی هەرێم تەنانەت توانای دابینکردنی موچەی فەرمانبەرەکانی نەبێت وچاوی لەدەستی بەغدابێت بۆئەوە مەبەستە.
لەمەشدا ئاشکرایە جوڵاندنی ئەم مەلەفە لەم بارودۆخەدا و فشارەکانی سەر هەرێم لەلایەن بەغداوە کەتا هەنوکە بەردەوامیان هەیە بە پشتی کێ و چۆن جوڵا و کێ خستیە ناوچوارچێوەی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەوە ، چونکە دەستبردن بۆ مەلەفێکی ئاوا هەستیاری پڕ کێشە لەو کاتەدا کە ڕووسیا لەبەرامبەر هێزی ناتۆ لەشەڕێکی سەختدایە بۆخۆی گەورەترین مەترسی بوو بۆ سەر هەرێم و پرسی سەربەخۆی ئابوری و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی ، لە کاتێکدا هەموان دەیانزانی کە هەندێک لێدوانی نالۆژیکی بەرپرسانی هەرێم لەم قۆناغەدا پێویست نیەو لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمایەتی و زلهێزەکانی جیهانی یەکانگیرنابن و ڕەنگە کاریگەری سلبی هەبێ لەسەر دۆخی هەرێم و کارەساتێکی نەخوازراو بخولقێنێ لە داهاتوو کە بەرئەنجامەکەی زۆرجیاواز نابێت لەدۆڕاندنی جەنگێک.
ئەو بابەتە زۆر دورو دڕێژەو قسەوباسی زۆر هەڵدەگرن. بۆیە لێرە بەنوسینێکی کورت ناتوانین بەتەواوی خاڵ بخەینەسەر پێت وقسە لەسەر فاکتەرو ململانێ نێوخۆیەکانی هەرێم بکەین کە لەم دوو خاڵەدا ئاماژەیان پێدەکەم..؟
1. بەگەواهی پسپۆران و شارەزایانی بواری وزە لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێم هیچ لۆژیکی نیە لەم هەڵومەرجەدا و بەگومان بوون هەرێم بتوانێ بەپێی پێویست گازی ناوخۆیی دابین بکات ، چ جای ئەوەی بتوانێ ببێتە جێگرەوەی بەشێکی گازی روسیا بۆ ئەوروپا.؟
ـ2. هەڵکەوتەی جوگرافی کێڵگە گازیەکان و بونی دوئیدارەی لەهەرێمی کوردستان و هەژمونی وڵاتانی هەرێمایەتی بەسەر هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە و جوڵاندنی هێزێکی جیاواز لە حزبەکەی سەرۆکی حکومەت کە هاوبەرژەوەندی یەکێک لە وڵاتە ئیقلیمیەکانە بۆخۆی لەمپەرێکی بەهێزە لە بەردەم لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و ڕێگە نادرێ کورد بەئاسانی ئەو دەرفەتە بقۆزیتەوە کە وەک بۆشایەک لە نێوان ململانێ نێودەوڵەتیەکاندا هاتۆتەئاراوە ، باشترین نموونەش لەو ڕێگریانە وتەکانی سەرۆکی یەکێتی یە کە بەئاشکرا وتی : مەگەر بەسەر لاشەی مندا گاز هەناردەی دەرەوە بکرێت ، ئەم لێدوانە پێچەوانەیەش ئاماژەیەکی ڕوونە و لە گەڵ خۆیدا دەیان پرسیارو وەڵام لەخۆ دەگرێ..!؟