هیوا عومەر

 

یەکێک لە مژارە گەرمەکانی ڕۆژ، هەڕەشەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستانە. لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، كە تەنانەت وەک بیانوویەکی ئامادەی لێهاتووە بۆ لاوازترکردنی خودی قەوارەکە، ڕەنگە هاوکێشەیەکی سەیر دەربکەوێت؟

لەگەڵ گۆڕانکارییە ژیوپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان بەخێراییەکی نائاسایی ڕووبەڕووی قەیرانی زیاتر و زیاتر دەبێتەوە. کار گەیشتووەتە ئاستێک زۆربەی سێکتەرە گرنگەکان بەرەو پووکانەوە و وەستان دەچن. مووچە بەشێکی قەیرانەکەیە، نەک هەمووی.

لەو لاوە مەیلی گەڕاندنەوەی بەغدا بەرەو ناوەندێتی زیاتر و گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان هیچ شک و گومانێک هەڵناگرێت. ئەگەر بەغدا بۆی بچێتەسەر، هەرێمی کوردستان تا ئاستی پارێزگایەکی شارەکانی عێراق بچووکدەکاتەوە.

ئەوەی وایکردووە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی بچێت، هۆکارەکەی لێرەیە، واتە لە ناوەوەی هەرێمی کوردستانە، یان لەوێیە لە بەغدا؟

دۆخەکە بە ئاستێک گەیشتووە، لە ئەنجامی خراپبەڕێوەبردنی دەسەڵات و بەکارهێنانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی بۆ خزمەتی هێزە دەسەڵاتدارەکان، هەروەها نەبوونی ژێرخانێکی پتەوی ئابووری و فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات، ئەمانە وایانلێهاتووە هەرێمی کوردستان بەبێ بەغدا نەتوانێت لەسەر قاچی خۆیدا بوەستێت.

هاوکێشەکە وایلێهاتووە بەغدا وازی لێمانهێناوە، ئێمە ناتوانین بەبێ بەغدا بژین. چی وایکرد؟

ئێمە دوای ئەو هەموو ئەزموونە کارێکمان نەکرد بەبێ بەغدا بتوانین لەسەر قاچی خۆمان بوەستین، نەک تەنها لە ئاستی ئابووریدا، تەنانەت لە ئاستی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان و دەسەڵاتەکانیشدا لە قەیرانێکی گەورەداین.

نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە دەسەڵات تا ئاستی لاوازبوونی متمانە بە داهاتووی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش ڕۆیشتووە.

لە کاتی کۆبوونەوەمان لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، داوامانکرد خاڵێکی بەیاننامەکە باسی پێویستیی یەکڕیزی نیشتمانی بکات بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. نوێنەری یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن وتی: "تکایە با خۆمانی لێ لابدەین، دواتر ڕووبەڕووی ڕەخنەی هاووڵاتییان دەبینەوە!"

دۆخەکە وایلێهاتووە هاووڵاتییان وا تێگەیشتوون کاتێک باسی پاراستنی قەوارەی هەرێم دەکەین، وەک ئەوە وایە باسی پاراستنی دەسەڵاتی هێزە دەسەڵاتدارەکان بکەین!

ئەو پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە؛ چی وایکردووە ئەمڕۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش نەتوانن سەرکردایەتی جەماوەر بکەن؟ لاوازی متمانەی هاووڵاتییان تەواوی لایەنە سیاسییەکانی گرتۆتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لەگەڵ بەغدا، دەتوانین وەک دەرفەتێک مامەڵەی لەگەڵ بکەین بۆ داهاتووی کوردستان، ئەمەش بەبێ گۆڕانکاری و چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی داهات و بەهێزکردنی ڕۆڵی خزمەتگوزاریی گشتی و بەدیهێنانی لایەنی کەمی دادپەروەری و هێنانەکاری بەشداری سیاسی مانادار ناکرێت.

بەبێ ڕەخساندنی ئازادی ڕادەربڕین و ژینگەیەک بۆ گەشەکردنی چەمکی هاووڵاتی کارا، لە کوردستان ناتوانرێت هیچ پاڵپشتییەکی جەماوەری دروستبکرێت.

ئەرکی ئێستای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە لە چوارچێوەی خستنەڕووی بەرنامەیەکی نیشتمانی و کوردستانی لەسەر بنەمای بەهێزکردنی ڕۆڵی بەشداری سیاسی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کار بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان بکەن، ئەمەش بەبێ بوونی ڕوئیایەکی ڕوون بۆ خوێندنەوەی واقعی ئەمڕۆ و گرێدانی تێکۆشانی چینایەتی و نیشتمانی، ناتوانرێت سەر ڕێگا بخرێت.

وتاری نووسەران