
عەلی ئیسماعیل - كەركوك
پێش چەند رۆژێك هەواڵی یەكێك لە قوربانییەكانم بیست، قوربانییەكی ئەم دواییەی دوای ریفراندۆم كە بووە هۆی ئەوەی ژین و ژیانی لێرە لەدەستبدات و هەڵبێت بۆ وڵاتانی مەنفا لەوێش تووشی سەدان دەردەسەری ببێت!
عومەر عەبدولسەلام خالید، هاوڕێی منداڵی نەك خێزانەكەی، بەڵكو منداڵەكانیشی بوونە قوربانی و كێشە دوای كێشە رووی تێكرد، تاسەری هەڵگرت و بەدوای ژیانیەكی نوێدا لەوڵاتی ژیان بۆ ژیان بگەڕێت. بەڵام لەوێش ژیان دەرگای لێنەكردەوە، لەوێش وەك هەزاران دەربەدەر دەكەوێتە شەقام و زیندان و سنووری ئەم وڵات و ئەو وڵات و تەنانەت بیستم گەیشتوتە دۆخی شێتی!
عومەر یەكێكە لەو قوربانیيانەی كە چارەی گرفتەكەانیان ناكرێت. لە شەڕی ناوخۆیيشدا دەیان قوربانی دیكەمان هەیە كە نە لێرە و نە لەدەرەوەی سنوورەكان گەیشتنەوە بە مافەكانیان. خۆ بەرلەوەش لەسایەی رژێمی دیكتاتۆری سەدامیشدا قوربانیانی ئەنفال و بارزانییەكان و فەیلییەكان كەمیان چارەی برینی قوربانیدانیان كران.
هەموو ئەوانەش لەسایەی نەبوونی سیستەمێكی دادپەروەرانە بۆ قەرەبووی قوربانیيان لەرووی مەعنەوی و مادییەوە، هەروەها نەبوونی یاسایەكی دادپەروەرانە بۆ قەربووی قوربانیان، ئەوەتا قوربانیيانی جینۆسایدی ئێزدییەكان سەرباری هەبوونی یاسایەكیش بۆ قەربووكردنەوەیان، بەڵام نە یاساكە لە عێراق وەك خۆی جێبەجێدەكرێت، نەش متمانە دەگێرێتەوە بۆ قوربانییەكان بۆ ئەوەی ژیانێكی نوێ دەستپێبكەن.
بونیادنانی ژیانی نوێ لەسەر سەكۆی قوربانی و بەبێ چارەكردنی گرفتی قوربانیيان، ئەنجام نادات، بەڵكو بگرە ئەنجامی پێچەوانە دەدات .هەر بۆیە بۆ ئەوەی ژیان و سیستەمێكی نوێ لە هەر شوێنێك دروستبكرێت، پێویستە كێشەی قوربانی چارەبكرێت. چارەكردنێك كە ساڕێژی برینەكانی قوربانی بكات لەرووی دەروونی و مەعنەوی و ماددییەوە، ئەگەرنا هیچ نەكرا!
ئەوەی لە سیستەمی دادپەروەری راگوزەر لەعێراق و كوردستاندا كراوە تاوەكو ئێستا، تەنها پینەوپەڕۆیە و هیچ گرفتێكی قوربانی بەتەواوی چارەنەكراوە. هەر بۆیە قوربانیيان هەمیشە بەدوای باشتردا دەگەڕێن، باشترێك هەندێك جار وەك كەیسەكەی سەلام سەر و ماڵ و ژیانی لەسەر دادەنێن و دەبنە گەڕیدەیەكی شێتی وڵاتان و تەنانەت سیستەمی جیهانیش ناتوانێت دادی مرۆڤە قوربانییەكان بدات. هەر بۆیە پێویستە كار لەپێناو بەهێزكردنی سیستەمی دادپەروەری بكرێت و دامەزراوە یاسیی و ئەمنییەكان پێداچوونەوەی پێبكرێت بەشێوەیەك كە قوربانی بگەڕێنێتەوە بۆ ژیانێكی ئاسایی و ئارام و خۆشگوزەران. بەبێ وەها هەنگاوێك وڵاتان دەبنە دۆزخی قوربانیيان و بەهەشتی ستەمكاران!