كانیاو بایز

 

هەركاتێ‌ باس لە توندوتیژی یان بیری توندڕەوی دەكرێت بەرامبەر بە ژنان، راستەوخۆ رەگەزی بەرامبەر لە هزری تاكدا خۆی وێنادەكات. بەدەر لەوەی رەهەند و فاكتەرە بنچینەیی و لابەلاكان هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونیان بۆ بكرێت یان لایەنی كەم لەبەرچاوبگیرێن، كە لە بارودۆخ و سەردەمی ئێستای ژن و ئالەنگاریەكانیدا كاریگەری بەهێز و نەرێنیان هەیە، یەكێك لەوانە (میدیا)یە كە بەدەسەڵاتی چوارەم هەژمارە و یەكێكە لەم هۆكار و فاكتەرانە و پشكی شێری بەردەكەوێت، ئەمەش بەهۆی زاڵبوونی بیركرنەوە و هێزی پیاوسالاری لە دامەزراندن و بەڕێوەبردن و تەنانەت ئاراستەكردن و داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیەتی هەر میدیایەك بەهەموو جۆرەكانیەوە، بەتایبەتی لەم بەربڵاوی و بێ‌ سانسۆریەی میدیای سەردەمدا، كە دوور لە پرنسیپەكانی كاری میدیایی و مافەكانی مرۆڤ و هەندێك جار لەپێناو ئامانج و بەرژەوەندی دیاریكراو یان ئایدیا و سیاسەتێكی ئاراستەكراو یان بێئەزموونی و بێئاگایی، رۆژانە چەندین ناونیشان و هەواڵ و بابەتی دژ بە بەرژەوەندیيەكانی ژنان و هاندەر بۆ زیادبوونی مەترسیيەكان و ئالۆزتركردنی كێشەكان دەخرێنەڕوو. بۆ نموونە ناونیشانی هەر سەردێڕێك كە بۆ ژنێكی قوربانی دادەڕێژرێت چەندین ئاكام و دەرئەنجامی نەرێنی سەرهەڵدەدەن وەك ئاسانكاری بۆ بەلاڕێدابردنی كەیسەكان و هاوكاریكردنی تاوانكار و ونبوونی راستیيەكان، یان لەڕووی زمانەوانی و داڕشتنەوە و بەكارهێنانی ئەو دەستەواژانەی ئاماژەن بۆ جیاوازی جەندەری یان پابەندنەبوون بە رێكارە یاسایيەكان و راگەیاندنی ئەنجام و بڕیاری لێكۆلینەوەی پێشوەختە هەرەوەها لەڕووی ناوەڕۆكەوە پیشاندان و وێناكردنی ژن بە قوربانی بەجۆرێك كە ژن وەك بوونەوەرێكی بێهێز و دەسەڵات و هە میشە پەراوێزخراو دەخاتە هزرەوە كە ئەمەش هۆكارێكە بۆ پاشەكشەكردنی پێگەی ژن و بەدۆگماكردنی لاوازی پێگەی ژن لە هزری تاك و كۆمەڵگادا، یاخود پیشاندانی ژن وەك هۆكاری سەرەكی كێشە و  توندوتیژیيەكان و ناكۆكیيەكانی نێوان هەردوو رەگەز  .

هەرچەندە ئازادی رادەربڕین یەكێكە لە بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی و راگەیاندن و میدیاییدا، بەڵام ئەمە گوزارشت نیيە لە ڕەوایيدان بە پێشێلكردنی مافە تاكەكەسیيەكان و پەیوەستە بە مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ كە لە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانیشدا ئاماژەی پێكراوە و وەك لە بەندەكانی ماددەی (12) و لەلایەن هەموو وڵاتانی جیهانیشەوە  پەسندكراوە و بریتییە لە (مافی ژیان و شكۆمەندی و پاراستنی تایبەتمەندی كەسێتی لە بڵاوكردنەوەی زانیاری و بابەتە تایبەتەكان یان هەراسانكردن و هەر بابەتێكی بێزاركەر و هەڕەشەئامێز و رێزگرتن لە تایبەتمەندی كەسانی تر).

لە ئێستادا ئەوەی جێگای نیگەرانیيە میدیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی  و بەتایبەتی راگەیاندنی كوردی، تەنها  وەك هۆیەكی گەیاندن و بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریيە نێگەتیڤەكانی پەیوەست بە ژنان رۆڵ دەبینێ‌ بەجۆرێك هێندەی گرنگی دەدات بە هەواڵ و بابەتە تراژیدی و بێبەها و توتدوتیژیيەكان و بەكاڵاكردنی ژن بەتایبەتی لە سیستەمی سەرمایەداری و هاوتا لەگەڵ پەرەسەندنی بیری ئیسلامگەرایيدا كە ژن تەنها وەك ئامراز و كەرەستەیەكی سێكس و بوونەورێكی ناكام و بێبەها پێناسەدەكەن و رۆژ لە دوای رۆژ ئاستەنگەكانی بەردەم ژنان و تەنانەت بزووتنەوە فێمەنیست و ئازادیخوازەكانیش فراوانتردەكەن . ئەمە لەكاتێكدا پێویستە میدیا بەشداربێت وەك بەشێك لە میكانیزمەكانی چارەسەر و وێستگەیەك بێ‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیيەكان و بەگژداچوونەوەی هەموو بیرێكی كۆنەپەرست و كاربكات بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی ئارام و دادپەروەر هەروەها رۆڵی قوتابخانەیەكی نوێخواز ببینێ‌ لە پەروەردەكردنی تاك و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تایبەت بە نرخ و بەها و یەكسانیيە كۆمەڵایەتیيەكان و گرنگی و رۆل و پێگەی ژن و تواناكانی لە كایەكانی ژیان و بەشداریكردنی راستەقینەی لە رابردوو و ئێستادا و خستنەڕووی دەستكەوتە زانستی و نيشتمانی و كۆمەڵایەتیيەكانیان و كاریگەریيان لە گۆرانكاریيە سیاسی رامیاری و حكومڕانیيەكان و پراكتیزەكردنی بنەماكانی یەكسانی جەندەری لەهەموو جومگەكانی كاری راگەیاندن و میدیایی لە دامەزراوە و بڵاوكراوەكانیاندا و بەبابەتیكردنی كاری رۆژنامەوانی و میدیایی .

 

                                                           

وتاری نووسەران