
بێرتراند بدیع*و سۆفی پۆمی یەر**
لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
من سەر بە نەوەیەکم بەڵێن و هاوپەیمانی بەلایانەوە، واتا زۆر شتی تایبەتی ئەبەدی. ئەوانەی لەکاتی جیهانی دوو جەمسەری و جەنگی سارد هاتبوونە ناو کۆمەڵگاوە، مۆدێلێکی سادەی هاوپەیمانیان لە مێشکدایە و بەردەوام، لەدوولای پەردەی ئاسنین، دوو هاوپەیمانیان پێکهێنا کە دەسەڵاتی بەراوردکارییان هەبوو. پاشان هاوپەیمانی بەواتای بەڵێن بوو، هەم ماوەدرێژو هەم ڕێکخرابوو، بەڵام ئەم کارە بۆ ئێمە واقیعیەتێکی ئاشکرا و لەمێژوویەکی زۆردا واقیعییەتی نەبوو. ئەگەر ئاوڕ لەڕابردوو بدەینەوە، دەبینین هەمووشتێک ئاڵۆزترە. هاوپەیمانەکان تا ساڵی ١٩٤٥ جێگیر نەبوون. بەفۆکەس خستنەسەر پەیوەندی هیزەکان، بەسەرنجدان لە هاوسەنگی هێزەکان، هەر یەکە و لەگەڵ یەکێک بۆ بەگژداچوونەوەی ئەوی دیکە یەکدەگرێت و لەململانێ و ڕووداوی داهاتوو، ئەندازەیی دەگۆڕێت و تەنانەت شێوەکە پێچەوانە دەبێتەوە. هاوپەیمانی ئەڵمانیا و سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٣٩ نموونەی ئەم لۆژیکەیە، بەڵام دەتوانین بۆ ڕابردوو بگەڕێینەوە و بزانین کاتێک ناهاوسەنگی هێزەکان زۆر نائاسایی بووە، هاوپەیمانی عاجباتی دەردەکەوتن کە یەکێک لەدیارترین نموونەکان "هاوپەیمانی فەڕەنسە و عوسمانییەکان"، لە نێوان فەرانسوای یەکەم و سلێمان موحتەشەم لەبەگژداچوونەوەی ئیمپراتۆری پیرۆزی ڕۆما١، زۆر بەهێز بوو.
جیهانی دووجەمسەری
هەمووشتێک لە ساڵی ١٩٤٥ گۆڕا: ئیمە بەجیهانی دووجەمسەری چووینە ناو ڕیزپەڕی مێژوویییەوە. گۆڕانی لەسەرخۆ بەرەو شێوەیەک لە هاوپەیمانی جێگیر بەدامەزراندنی (ناتۆ) لە ساڵی١٩٤٩ هاتەدی، کە پاشان سەریکێشایە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دیکە، هاوپەیمانی وارشۆ لە ساڵی١٩٥٥، بۆ هاوسەنگی هێزی ناتۆ دروستبوو. کاتێک هاوپەیمانی وارشۆ هەڵوەشایەوە، دەبوایە ناتۆ ڕاوێژی بەردەوامبوونی کردبایە: لە بەهاری ساڵی١٩٩١، جۆرج بووشی سەرۆکی ئەمریکا یەکلایەنە بڕیاری پاراستنی ئەو ڕێکخراوەیدا و فەرانسوا میتەران بەسەرزەنشتکردنی ئەم بژاردەیە گووتی: "تۆ بەرەو هاوپەیمانییەکی پیرۆزی نوێمان دەبەی". لە مێشیکدا واتا، ئێمە لە لۆژیکی میکانیکی هاوسەنگی نێوان بلۆکەکان چووینەدەر تا هاوپەیمانییەکی پیرۆز و جێگیر بین. هاوپەیمانییەک کە لەبارودۆخی جەنگی سارد کارا و بەسوود بوو، بەڵام هیچ پاساوێک بۆ بوونی نەبوو مەگەر جگەلە هەندێک بەها کە وڵاتانی ئەندام بۆماوەیەکی زۆتر تێیدا بەشدارن. لە ساڵی١٨١٥، لەڕووبەڕووبوونەوە بە شکستهێنانی ئیمپراتۆری فەڕەنسە، هاوپەیمانی پیرۆز بەڕیزپەڕ، بەهاندانی قەیسەری ڕووسیا دروستبوو.
ئەم بە پیرۆزیکردنە لەسەردەمی مۆدێرندا کارێکی ئاسایی نییە. یەک، بە هۆی گەڕانەوە بۆ بەها هاوبەشەکان ڕۆژ بەڕۆژ دژوارتر دەبێت و ئێمە دەتوانین بەئاشکرا ناکۆکییەکانی نێوان پۆڵەندا و هەنگاریا و وڵاتانی ئەورووپای خۆرئاوا ببینین. دوو، بەو هۆیەی ئەم کۆدەنگییە لە بەهاکان زیاتر لەوەی واقیعییەتی هەبێت، لایەنی نمایشی، تیۆری و بۆخۆی پاساوی هەیە و هەر جۆرە شرۆڤەیەکی سۆسیۆلۆژیانەی کۆدەنگی بەها گریمانەییە هاوبەشەکان لە هەر یەک لە وڵاتان ڕەتدەکاتەوە. لەم ڕووەوە پێویستی میکانیکی و مەترسیدار بۆ ناتۆ، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەدووژمنێک دایهێنایەوە تا پاساو بۆ بوونی خۆی بهێنێتەوە. کاتێک ڕووسیای یەڵتسن نەیتوانی ئەم ئەرکە (دووژمن بوون) جێبەجێ بکات، هەوڵدراچین بکرێتە ئامانج. ئێمە لەوسەردەمەدا لە ئاستانەی دوو سەدەدا بووین: چین زۆر گرینگی دەدا بەچوونەناو ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و لەکانوونی یەکەمی٢٠٠١ پەیوەندی پێوەکرد تا وەک هێزێک لەقاڵبی بەجیهانیبوون قبووڵ بکرێت. پاشان دەبوایە دووژمنێکی سەیرمان داتاشیبا، کە تەنها وڵاتێک نەبوو، بەڵکو "میتۆد"ێک بوو، واتا تیرۆریزم. هەموویان سەریانکێشاوەتە بارودۆخی هەنوکەییەوە کە بەگۆڕانێکی دیکە دەردەکەوێت: ناتۆ خەریکی خۆنۆژەنکردنەوەیە لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ڕووسیا لەقازانجی قەیرانی ئۆکرانیا. شوێنپێی جەنگی سارد دەکەوێت کە کتومت جەنگی سارد نییە!
گەمەی ناجێگیری هاوکاری پراگماتیک
شێوازی بیرکردنەوە لەچەمکی هاوکاری و بەشداریکردن لەدەرەوەی ناوچەی ئۆقیانووسی ئەتڵەسی بەتەواوی جیاواز و بێ پێشینە فۆرمی گرتووە، کە مەیلی بەرەو لۆژیکی شڵەژان و پراگماتیزمە. ڕەنگە بۆیەکەمجار ڕووسیانموونەی بێت. ئەم وڵاتە خۆی لەلۆژیکی دووجەمسەری ڕزگار کردبوو، هەوڵیدا ڕێککەوتنی فرەلایەنە بکات کە ئاشتەواییە مۆلەقکەرەکانی وەک ئیسرائیل، سعوودیەو تورکیا. زۆربەی کات، ئەم ڕێککەوتنانە بەهای دووبارە هاوسەنگکردنەوەی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا نەبوو: ئەوانە ڕێگای سادەن بۆژمارەیەک "ڕێککەوتن"ی جاروبارە، کە لەساتێکی دیاریکراو گرەنتی پێگەی دیپلۆماسی بنیاتنەر دەکات. بەمشێوەیە ڕووسیا توانی: چەند چالاکییەکی بەسوود بە بەشداریکردنی تورکیا بکات، کە لەزۆربەی پرسەکاندا ناکۆکە لەگەڵی: سووریا، لیبیا، قەفقاز یان ئۆکراین.
بەڵام هەر دوو وڵات پەیوەندی هاوبەشییان هەیە کە فڕی بە هاوپەیمانییەکانی ڕابردووەوە نییە، تەنانەت ئەم هاوپەیمانییە بەمانای ڕەسمی وشە هاوپەیمانی نین هاوبەشەکان بەشتێک پابەند بکەن. ئەمانە هاوبەشی یان هاوکارییە جاروبارەکاننو ڕێگایان پێدەدات بۆساتێک هەژموون بەسەر کارنامەی نێودەوڵەتیدا بکەن، کاریگەرییان بەسەر ستەیجی دیپلۆماسی جیهانییەوە هەبێت، سنوور بۆ ئەوانی دیکە دابنێن و دەستییان بەئەنجامە لەجێیەکان بگات.
دەتوانین نموونەی لەمشێوەیە لەزۆربەی وڵاتانی تازەدەرکەوتوو بێنینەوە: تورکیا و هیندستان و پاکستان. ئیسلام ئاباد بەڕەسمی هاوپەیمانی خۆرئاواییەکانە و لە هاوپەیمانییە سەربازییەکان لەگەڵ هێزەکانی خۆرئاوا بەشدارە. ئەمە نەبۆتە ڕێگری هاوکاری زۆری لەگەڵ چین. عمران خان٢ یەکەم کەس بوو بەدەستپێکی شەڕی ئۆکراین و ڕووسیا سەردانی مۆسکۆی کرد، بۆ قۆستنەوەی پێگەکەی لەبەرژەوەندی وڵاتەکەی. ئەوە نموونەی ڕەفتارێکە هەر چەند زیاتر گشتگیر دەبێت و زۆر جار لەناوچە ململانێیەکان دەربارەی مامەڵەی نێوان حکومەتەکان بارودۆخێکی تیواری لاواز دروست دەکات، وەک نموونە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە باشووری ئاسیا و بەزۆری لە ئەفریقا. پێدەچێت لەڕووبەڕووبوونەوە بەم واقیعیەتە نوێیە، ناتۆ مۆدێلێکی بەسەرچوو، نالەبار، بە تایبەت دەستوپێگر بەڕێوەبردنی ئەستەمە، کە زۆر بەئەستەم دەتوانێت خۆی تەبای بارودۆخی نوێ بکات.
بەڕواڵەت گیرۆدەبوونی ئۆکرانیا ئەم شرۆڤەیە دەباتە ژێر پرسیار، چونکە لەگەڵ ڕێزمانی کلاسیکی ناتۆ دێتەوە و دەتوانێت ئەم بیرۆکە هەڵەیە دروستبکات، کە بەم بۆنەیەوە شەڕی سارد دەبینینەوە، بەڵام لەجیاتی بۆ هاوپەیمانی جێگیر و ستراکچەری دیکەی لەمجۆرە زۆر دژوارە خۆیان "بەجیهانی" بکەن و بکەونە بەردەم ئاڵنگارییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئاسیا یان ئەفریقا. بەڕێوەبردنی قەیرانی ئەڤغانستان لەلایەن ناتۆوە شایەتحاڵی نزیکییەتی و وەک پێویست فۆکەس نەخراوەتەسەر دەرکەوتنی ئەم "باندۆنگی دووەم"٣. کە بەناچارییەکیئاشکرابڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی مشتومڕی ئۆکراینی پەسند کرد. ئێمە بینیمان بلۆکی پێکهاتوو لەنزیکەی٤٠ وڵات دەنگی نەخێر هەڵبژێردرا. واتا ڕەتیانکردەوە هاوشانی دووژمنان بن، هەر وەک پێشتر لە باندونگ کردبوویان، بەڵام ئەودیاردە نوێیە کە هەنوکە ئەم وڵاتانە دەیانەوێت ڕۆڵێکی چالاک لەبواری دیپلۆماسی ببینن و لەپاکتاوکردنیپسوڵەی شەڕ کە پێی نامۆن، خۆدەدزنەوە. وڵاتانی خۆرئاوا لەڕاستودروستی خۆیان دڵنیان، تێناگەن پێگەکەیان لەبەرچاوی زۆربەی دیپلۆماتەکانی باشوور چەند لاواز بووە و گومانی نیوکۆڵۆنیالیزم و خۆبەزلزانینیان لەسەرە و ناتوانن خۆیانی لێ بدزنەوەو هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو "هاوپەیمانی پیرۆز"ی سوواوە دەدەن: پارامەترێکی زۆر زیاد لەبەراورد بەجەنگی سارد، مەودا و کاریگەری جەنگێکی ساردی نوێ کەم دەکەنەوە.
پراگماتیزم، وشەی سەرەکی ئەمڕۆیە. مەبەستمان لە پراگماتیزم، چەمکێکە لە قازانجکردنی ئابووری لەچوارچێوەی بەجیهانیبوون، زیادبوونی بازرگانی و لەسەرووی هەموویانەوە پەیوەستی بەرامبەر مانا دەدۆزێتەوە، بەڵام ئەوە هەموومەسەلەکە نییە، سەرەڕای ئەم پابەندییە ئابوورییە بەهێزە، پابەندبوونی ئەمنی نائاسایی ئاڵۆز هەیە. تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل وڵاتێکی باشوور نەبێت، هاوکاریکردنی ڕووسیا کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو خراپتر بووە، چونکە بەهۆکارێکی گرینگی جڵەوکردنی مەترسی ئێران یان حزبولڵای دەزانێت. هەروەها دەتوانین ڕەفتاری مەغریب لەناوچەی بیابان لەبەرچاوبگرین، جێگای لەسەرووی نیگەرانی ئابووری، مەغریبییەکان بەئاشکرا بەرگریکردن لە فەلەستینییەکانیان، بەزەوتکردنی بەشێک لەبیابانەکە گۆڕیوەتەوە. لێرەدا، مەترسییەکان ئەوەندەی زەوییە، ئابووری نییە. دەربارەی میسریش سەرنجڕاکێشە. پەیوەندییەک دەتوانێت هاوسەنگی بکاتەوە و ڕەنگە هەتا لەوە زیاتر لە نێوان قاهیرە و کرملین بێت. کارێکە بۆ باسکردنی مەیلی عەبدولفەتاح ئەلسیسی بۆ بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمەکەی و دوورکەوتنەوە لەئەمریکا. هەوڵدانی تاکگەرایانە و زۆرجار بەتەواوەتی خۆخوازانەی وڵاتانی باشوور بۆ بەزۆرگەیاندنی چانسییان و ڕزگاربوون لە سەرپەرشتیارە کۆنەکان هەیە. بەشداریکردنی ڕووسیا و وڵاتانی وەک مالی یان کۆماری ئەفریقای ناوەندی لەم ڕوانگەیەوە ڕوونە. ئەوە ڕێگایەکە بۆ دانانی سەرپەرشتیاری فەڕەنسی یان تەنانەت تۆڵەکردنەوەیە لێی. کەوایە، هاوپەیمانە کۆنەکان گۆڕاوون بۆ هاوپەیمانی نوێ و تەقینەوەی تاکگەرایانە بۆ بەزۆرگەیاندنی چانسی سەرکەوتن و ڕزگاربوون لەشێوازی کلاسیکی وابەستەیی دەبینرێت،کە لەڕابردوو هەبوو.
قەیرانی مۆدێلەکانی هانتینگتۆنی
هەروەها ئەم گۆڕانکارییانە ڕێگایەکە بۆ نەزۆککردنی بۆمبەکانی هانتینگتۆنی، واتا "شەڕی شارستانییەکان"، بۆ تیۆرەکانی سامۆئێل هانتینگتۆن مەترسیداربوو، جەوهەرەکەی وەک پێشبینییەکی سروشتی ئەو، پێشبینییەکی خۆجێبەجێکردن بوو. ئەم تیۆرە بە شێوەیەکی لۆژیکی جێگەی متمانە نەبوون، بەڵام ئێمە ئەوەندە وەبەرهێنانمان لەسەر ئەم هزرە کردووە کە لەکۆتاییدا لۆژیکی دیار بوو. ئێمە دەتوانین بەڕوونی ببینین ئەم فۆرمە نوێیانەی هاوکاریکردن لە سەربنەمای نکۆڵیکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئایدیۆلۆژی یان کەلتووری دامەزراوون. وڵاتانی وەک سعوودیە، ئیماراتی یەکگرتوو، ئێران یان تورکیا، دەیانتوانی بە هۆی ڕەفتاری دیپلۆماسییان بکەونە چوارچێوەی هانتینگتۆنی، لەم دیپلۆماسی پراگماتیزمانە و هاوکاری کاتی، زەحمەترینیانن. لەگەڵ ئەوەشدا هەمان شوێنیپەنهانی هەموو ئاڵۆزییەکانە، ئەم کارە میتۆدی شووناسگەرایی ئەم دیپلۆماسییانە یان بە گشتی، ڕەوایەتی بەو کێشە و گرفتانەی کۆکردنەوە نادات کە زادەنی. لەگەڵ ئەوەشدا جیهادگەرایی لەم هاوکارییە نوێیانە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچووە، کە لێکدژی سەرسووڕهێنەری لێدەکەوێتەوە. لە ڕاستیدا، لەناو پارێزەرانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ئایدیالی جیهادی لە ئەفریقا، ئێمە وڵاتانێک دەبینین کە دیپلۆماسییان لەئاستی جیهانی ڕۆژ بەڕۆژ پراگماتیزانەترە، وەک سعوودیە، ئیماراتی یەکگرتوو یان تەنانەت قەتەر. بۆیە هەنگاوی جیهادی لە کەشی ئەودیوی هانتینگتۆنی بەردەوامە!
تایبەتمەندی هاوکاری و هاوبەشی، بەمۆدێل فێری ناتەبایی بوە. ئەمڕۆ چۆن دەتوانین دیپلۆماسییەک بکەین بەسەرچاوە، کە لەکاتی زەروری ئیلهام لەڕەچاوکردنی پراگماتیک وەردەگرێت و لە پێویستدا لە ئاماژەی ناسنامە، کەلتووری یان ئایدیۆلۆژیی؟ ئەوە یەکەمجار نابێت ئەمە ڕوودەدات. هاوپەیمانی لەگەڵ سلێمانی موحتەشەم فرانسوای یەکەم نیگەران ناکات، پشتیوانیکردنی ئوسامە بن لادن لەشەڕی سۆڤیەت و ئەڤغانستان هیچ زەحمەتێکی بۆ دیپلۆماسی ئەمریکی نەبوو و دەتوانین بابەتی لەژمارنەهاتووی دیکە بیربێنینەوە...
هەڵەیە دیسان بە پێی بلۆکەکان بیربکەینەوە. ئایدۆلۆژییەکانی "خۆرئاواگەرا" دەبنەقووربانی گەمژەیی درۆینی خۆیان کە گریمانە دەکەن ئەوکەلتوورانەی پشتی پێدەبەستن، دەربڕینی ڕیزپەڕە و لە هەموو دۆخێکدا، دەبێت شوێنی هەموو تێبینییەکانی دیکە بگرێتەوە. لە کاتێکدا هاوبەشە گرانبەهاکانیان بە پێچەوانەوە، پشتدەبەستن بەپراگماتیزمی تەواو. لە کاتێکدا شی جینپینگ ئویغورەکان وەک جیهادی چەواشە دەکات، وەزیری دەرەوەی لەمانگی ئابی ٢٠٢١، هاوشانی مەلا عەبدولغەنی برادەر بۆ ئیمزاکردنی نەخشەی هاوکاری لەگەڵ ئەڤغانستان دەردەکەوێت٤. بۆیە سەیرکردنی سەرنجڕاکێشە کە دەبینین، لە وڵاتی شۆڕشی کەلتووری، پراگماتیزم زیاتر لە وڵاتانی فرەییخواز جێکەوت بووە،کە خۆیان بە لیبراڵ دەزانن.
"برا گچکە" بەسەر "براگەورەدا" سەرکەوت
دەمێکە لە بەرهەمەکانی پێشوومدا گوتوومە ئەمڕۆ مەیل بۆ سەرکەوتنی برای بچووکە بەسەر برا گەورەدا. بنیامن ناتانیاهۆ لەبەرامبەر باراک ئۆباما یان دۆناڵد ترەمپ بەنموونە دەهێنمەوە. سەرکردەکانی ئیسرائیل توانایان سەرسووڕهێنەرە بۆ ڕێگەنەدان بەخۆیان لەلایەن "برا گەورە"ی ئەمریکا سەرکردایەتی بکرێن و تەنانەت ئیرادەی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن. لێرەدا دوو فاکتەر ڕۆڵییان هەیە. یەک، دیپۆلاریزاسیۆن (ناجەمسەریبوون)، بەم مانایا کە "برا گەورە" چیدی بارودۆخی خۆش نابێت، بە هەمان شێوە کاتێک سەرۆکی یەکێک لەدوو بلۆکی ڕکابەر بوو. تاقەتچوونی لۆژیکی هێز، کارەکەی تەواو کرد. چیدی هاوسەنگی دەسەڵات بەسەر جیهاندا باڵادەست نییە، بەڵام کاتێک بینیمان بە شێوەیەکی سیستماتیک، بەهێزترینیان، ڕووسیا لە ئەڤغانستان، ئەمریکا و ڤێتنام، عێراق و سۆمال یان فەڕەنسە لە کەناراوەکان شکست بێنن. لەوکاتەوە "برا گەورە" متمانە و پێگەی هێزی پێشێلکارنەکردنی نییە، چونکە دەبێت هیتران گوێڕایەڵانە پەیڕەوی بکەن؟ کاتێک یەکێک بەسەرتدا زاڵە و کۆمەڵە چەکێکی پەککەوتووی هەیە، ئاساییە مەیلت لەوەبێت ئەوەی پێتدەڵێت نادیدەی بگری، بەڵام دەبێت سەرنجت لەسەر ئەو واقیعیەتە بێت کە تەنانەت ئەگەر "برا گەورە" فەرمانڕەوا نەمابێت، بە هۆی دەسەڵاتییەوە توانای دەستکاریکردنی گروپێک لەسەرچاوەی دیکە دەپارێزێت کەمتر دیارن و توانای زاڵبوونی بەسەر کارنامە نێودەوڵەتییەکەیدا پێدەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمشێوە تازەیەی ڕابەرایەتیکردنی لاواز، بارگرانییە لەسەر ڕووداوەکان، چونکە سەرلەنوێ ململانێیەکان تووێژبەندی دەکەنەوە: لەشەڕێکی دابەشکاری کۆمەڵایەتی، ململانێی کاناراو بە هۆی ئامادەیی سووپای فەڕەنسە لەشووێنەکە، بەرەو شەڕی شووناس دەکشێت.
ناتۆ وەڵامی ئاڵنگارییە نوێیەکان ناداتەوە
ئێمە ناتوانین جگەلە پشتبەستن بەم ناجێگیرییە، لە سیستمی نێودەوڵەتی هەنوکە بگەین. زۆربەی چاودێران و بە گشتی میدیاکان لە زمانی ڕۆژانە وێنای "ئاژاوە" یان "بێسەروبەرەیی نێودەوڵەتی" دەکەن، بەڵام ئەوەندەی بیردەکەینەوە شێواو یان بێسەروبەرە نییە. هەڵبەتە ئەگەر لەودیو چاویلکەی کۆنی هاوپەیمانە بەردەوامەکان ببینین، هەمووشتێک بەلامانەوە سەیروسەمەرە بەرچاو دەکەوێت و ئادار بەسەر پادارەوە نەماوە:"وەرچەرخانە لەناکاوەکانی تورکیا"، هەڵوێستەکانی ئیماراتی یەکگرتوو، یان هەندێکجار ڕەفتاری پێچەوانە لە ئەفریقا دەبینرێت. لە ڕاستیدا ئەم مۆدێلە نوێیە پچڕانێکی قووڵە لەڕابردوو: تووخمە پێشکەوتووەکان و ئاڵنگاری نوێ،سەرچاوەی نادڵنیایی بێوێنەی لەگەڵە. لەڕوانگەیەکی تایبەتەوە پێشکەوتن هەیە، چونکە جیهانی دوو جەمسەری دنیا زۆرترسناک بوو: هەر چەند ڕوونکراوەیە ڕێگری ئەتۆمی بە هۆی پێکەوەژیانی ئاشتییانە باش کاری کردووە، بەڵام لەبیری دەکەین بووە هۆکاری مردنی ٣٦ ملیۆن کەس لەدەرەوەی سنووری خۆی. دواجار ئەم جیهانە دوو جەمسەرییە سیستمێکی زۆر لەوە لاوازترە کە ڕای گشتی وێنای دەکرد. کەوایە، ئەم ژمارەیەی هاوپەیمانە جێگیرەکان و هەمیشەیی لەنۆژەنکردنەوە، ئەمڕۆ دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ جڵەوکردنی ئاگری گشتی.
بەڵام هاوکات ئەم بارودۆخە سەرچاوەی مەترسییەکی دیکەیە، چونکە ئاکامی سەرەکی گشتاندنی ئەم هاوپەیمانانە و ناجێگیربوونیان، پێشبینی نەکراوی پێگەکانە. هیچ کەس نازانێت یەکێک یان ئەوانی دیکە کاردانەوەیان بەرامبەر واقیعیەتی نوێ چی دەبێت، بۆ نموونە لە فەلەستین یان لە ئەفریقا ئەگەر وڵاتێک شکستبێنێت یان ئەگەر قەیرانێکی نوێ کەنداو بگرێتەوە ... کە ژمارەیەک تووخم لەزنجیرەیەک ئاکام، دەسەڵاتەکانی خۆرئاوا بەسەریاندا زاڵدەبوون، ئەمڕۆ کۆنتڕۆڵنەکراون. ئەوەندە بەسە چاوێک بەشەڕی ئۆکرانیادا بگێڕین تا ئەم گەمە نادڵنیایییە هەڵبسەنگێنین. ئێمە خۆرئاوا تەنیا ڕووبەڕووی ڕووسیا نابینینەوە، بەڵکو ڕایەڵێک لەدیپلۆماسییە زۆر ئاڵۆزو ناجێگیرەکان دەبینینەوە، گەمەیەکی سیستماتیک دروستدەکات کە کۆدکردنەوەکەی ئەستەمە و ئەنجامگیری پەیوەستە بەوەوە! ئەوە چوونەناوەوەی ئێمەیە بۆ بەجیهانیبوون کە ئەم گەمە نێودەوڵەتییە ئاڵۆز دەکات.
کریستییان ماکاریانی ڕۆژنامەنووس لەمێزگردێکدا پێیگووتم ڕووسەکان شەترەنجییان داهێناوە. دەتوانم ئەوەی بۆ زیاد بکەم ئێرانییەکان تاوڵەیان داهێناوە کە زیاتر چالاکییان دەکات!
خۆرئاواییەکان دیکارتییان داهێنا. کەمتر کەسانێک لە کەمپی خۆرئاوا دەزانن چۆن خۆیان لەگەڵ ئەم گەمە ئاڵۆزە نوێیەیان ڕابێنن کە هەرگیز دیکارتی نین! کاتێک دەبینین لە بەرەوڕووبوونەوە بە دەستدرێژی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین، کاردانەوەی خۆرئاوا فراوانبوونی ناتۆیە، هاوپەیمانییەکەماوەیەک پێش ئێستا هەندێک بەبارودۆخی مردنی مێشکییان دەزانی، واقیعیەتی کەلێنی نێوان ڕوانینی ڕۆژئاوا و بارودۆخی نهۆ ئاشکرا دەبێت. خۆرئاوا بەپێگەیەکی نوێ وەڵامی میتۆدی کۆن دەداتەوە.
با قوورسایی قەیرانەکان بەڕەهەندێکی هەسارەیی بۆ ئەم ڕوانگەیە زیادبکەین. من هەر دوو کتێبی ئەم دواییەم، بەتایبەت دواکتێبم٥، دەربارەی ئەم هزرە نووسیووە کە ئێمە لەماوەی نەوەیەکدا، لە دەربازبوونداین لەئاسایشی دروستکراو لەقاڵبی نیشتمانی بۆ ئاسایشی نۆژەنکراوە لەبارودۆخی جیهانی. هەڕەشەی ڕاستەقینەی ئەمڕۆ نەبوونی ئاسایشی بەرەنجامی هەنگاوی دراوسێیەکان نییە، بەڵکو نەبوونی ئاسایشی بەرەنجامی هەڕەشە بابەتییەکانە کە هەموو سیستمەکە بەرگەی دەگرێت. تیرۆریزم ساڵانە لە نێوان ١٠ تا ٤٠ هەزار کەس دەکووژێت، برسییەتی لەجیهان نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس دەکووژێت، گۆڕانی ئاو و هەوا ٨ تا ٩ ملیۆن کەس دەکووژێت و بارودۆخی تەندرووستیش ملیۆنان قووربانی لێدەکەوێتەوە. هەموو ئەوانە ناتوانن بەکۆکردنەوەی بیرکاری ١٩٣ی سیاسەتی نیشتمانی، بەرەنگاری ئەم بارودۆخە بکەن، بەڵکو دەبێت بەشوێن سیاسەتێکی جیهانییەوە بین. هەرگیز بەسەر دژبەری پرسە ناوچەییەکاندا سەرناکەوین، مەگەر بەهۆی حکومەتێکی (فەرمانڕەوای) جیهانی. فەرمانڕەوایی جیهانی، یەکلاییکردنەوەیەکی دانوستاندن، بەمانای کۆنی وشە نییە. هەر بۆیە COPکان٦ کاریگەرییان کەمە. هەمووان هەوڵدەدەن دانوستان لەسەر پارچە کلکەکەی خۆیان بکەن و لە کۆتاییدا هیچ کلکێک لەپێوەری جیهانیدا نابێت. ئێمە پێویستمان بەگۆڕینی نەرم ئامێرە بۆئەوەی تێ بگەین هەڕەشەی سەرەکی بەرەنجامی ستراتیژییەکی تێکدەر نییە، بەڵکو کاریگەری لادانێکی سیستماتیکە کە هەموومان بەگشتی بەرپرسیاریین لێی. بەڕای من لۆژیکی هاوبەشی (هاوکاری) لەلۆژیکی یەکگرتوویی کاریگەرتر نابێت، بە پێچەوانەوە، ڕێککەوتنی پراگماتیزمانە، هاوپەیمانی یەک ڕۆژە، دەتوانن بەڕێوەبردنی دۆسییەکە زۆر ئەستەمتر بکەن، بە بەڵگەهێنانەوەی وەک "بەرگری لە مافی خەڵووزت دەکەم، ئەگەر بەرگری لە مافم بکەی بۆ دارستان بڕین". لە بنەمای لۆژیکی هاوبەشی (هاوکاری)، هەمیشە لێپرسینەوەیەکی ماوەکورت هەیە، لە کاتێکدا لێرە باسی بردنەوەی هەموانە لە یەک کات و لەماوەیەکی زۆردا.
پێگەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە هەموویاندا چییە؟ ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٤٥ بەرمەبنایەکی زۆر ڕوون دروستبوو، واتا سیستمێک کە لە پرۆسەی بەدووجەمسەری بوونی جیهان و بەهادانانی تەواو و ڕەهای دەسەڵاتێک، وڵاتە یەکگرتووەکان، کە لەم دواییانەدا کاریگەری خۆی بە سەرکەوتن لە شەڕ پیشاندا بوو، بە پێی فەزیلەتی لەناوبردنی زەبەلاحی نازی هاتەکایەوە. ئەوەی لەوکاتەدا هێزی ڕێکخراوی نەتەوەکان بوو، هەنوکە خاڵی لاوازییەتی. واتا متمانەی ڕەها بە بەهێزترینیان – پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش - بۆ چارەسەرکردنی هەمووکێشەکان. پەرەسەندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان واتا پێنج بەڕێوەبەری هاوبەشی جیهان لەکاراییەکی بلۆککردندا جێگیرکراوون کە بەردەوامبوونی پلەوپێگە زەلیلکەرەکەی بە هەر نرخێکبێت لەخۆدەگرێت. ئەم بارودۆخە ئفلیجبوونی یەکجاری ئەنجومەنی ئاسایش و هاوکاری هەر پێنج وڵات بۆ بڕیاردان لەپرسە گرینگەکانی جیهان ڕووندەکاتەوە. ڤاسیلی نەبەنزیا، نووێنەری ڕووسیا گووتی، قسەکردن لەسەر پرسە ناوچەییەکان لەئەنجومەنی ئاسایش "دژبەرە" بە ئەرکەکەی، کە تەواو پیشانیدەدات لۆژیکی هێز سەردەکێشێتە کوێوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕەسمی ڕیفۆرم ناکرێت، چونکە بۆ ڕیفۆرمکردنی ئەنجومەنی ئاسایش پێویستی بەسازانی هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەیەتی و پێشوەختە ناکرێت، بەڵام هاوکات، ڕیکخراوی نەتەوەکان بەکردەوە خۆی بەگووشارخستنەسەر بەئاڕاستەی فرەلایەنەی کۆمەڵایەتی ڕیفۆرم کردووە، کە لەدەرەوەی ئەنجومەن دروستبوە. سەرکەوتنە گەورەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکان بریتین لە: بەرنامەی جیهانی خۆراک (WFP) کە پێش دوو ساڵ خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، بەرنامەی پەرەپێدانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، ڕێکخراوی بەرەنگاری برسێتی و هەژاری و کشتوکاڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) و ڕیکخراوی جیهانی تەندرووستی (WHO) کە بە پێچەوانەی ئەوەی بەدرێژایی قەیرانی کۆرۆنا گووترا، سەرکەوتوو بووە. ئەوە هەر ئەوشتەیە کوفی ئەنان لە وتاری هەزارەی خۆی کاتێک ئامانجی پەرەپێدانی هەزارەی (MDs) ڕاگەیاند، داوای دەکرد و لە لایەن جێگرەکەی لە قاڵبی ئامانجی پەرەپێدانی بەردەوام بووە جێگای سەرنج.
* نووسەر، شارەزا لە پەیوەندی نێودەوڵەتی، خانەنشینی زانکۆکان لە دامەزراوەی تووێژینەوەی سیاسی پاریس (IEP) سەر بە سەنتەری تووێژینەوە و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی (CERI)یە.
**عەرەبناس، شارەزای مێژوو و زانستە سیاسییەکان، مامۆستای Sciences Po Paris، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت لە عێراق و میسر،دیپلۆماس بووە. هەروەها لە ماوەی چەند ساڵ ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڕاوێژکاری جیهانی عەرەب Méroéبووە، چەندین کتێب و وتاری دەربارەی ناوچەکە نووسیووە وەک "Egypte, l’envers du déco" کە لە ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن La Découverte editionsبڵاو کراوەتەوە.
١. ئیمپراتۆریی پیرۆزی دووەم: کۆمەڵێک شانشینی فرەنەتەوەیی بوو کە لە سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاست تا لەناوچوونی لە ساڵی ١٨٠٦ لەشەڕەکانی ناپلیۆن، فەرمانڕەواییان بەسەر چەند بەشێک لە ئەورووپای خۆرئاوا و ناوەنددا کرد.
٢. سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی پاکستان، لە نیسانی ٢٠٢٢ لە کارەکەی دوورخرایەوە.
٣. ئاماژەیە بە کۆنفرانسی ئەفریقا – ئاسیا لە ساڵی ١٩٥٥ کە ٢٩ وڵات وەک هیندستانی جەواهێر لالۆ نەهرۆ، میسر، جەمال عەبدولناسر، ئەندۆنیزیا، سۆکارنۆ و چین، ماو تسی تۆنگی کۆکردەوە و بزووتنەوەی بێلایەنی دروستکرد.
٤. یەکێکە لەدامەزرینەرانی جووڵانەوەی تالیبان، جێگری هەنوکەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتی ئەڤغانستانە.
٥. Les puissancesmondialisées. Repenser la sécuritéinternationale, Ed. Odile Jacob, 2021.
٦. کۆنفرانسەکانی ئەندامانی کنوانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی گۆڕانی ئاو و هەوا.
orient XXI.