ئاسۆس ساڵح

سەرنجێک لەسەر فیلمی jai bhim؛

پارێزەر و چاڵاکوان و پاڵەوانێکی مارکسیست

لە نووسینێکی پێشووتردا ئاماژەم بەوە کردووە کە "لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دیجیتاڵ و شاشەکان ڕۆڵێکی گەورە لە ژیانماندا دەگێڕن. شاشەکان بوونەتە ئاوێنەی ڕووداوەکان و دیجیتاڵیبوون کۆی کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە. لە سەردەمی ئێستای بە دیجیتاڵبوودا فیلم کاریگەری گەورەی هەیە لە ئاراستەکردن و فێرکردن لە گشت بوارەکاندا.

ڕۆڵی سینەما لە ئاراستە هزری و ئایدۆلۆژییەکان بەرچاو و ڕوونە کە نابێت ئێمە لێی غافڵ بن. سینەما کارگەی دروستکردنی ئارەزوو و حەز و چۆنیەتی خەیاڵکردنە بۆ مرۆڤی مۆدێرن، لە هەمان کاتدا، گۆڕەپانی جەنگ و پێکدادنی ئایدۆلۆژیاکانیەتی. ویستی زاڵبوون و گۆڕینی تێڕوانینی پێشوو تری بینەرە." ئەگەر سەرنج بدەین زۆرێک لەو فیلمانەی بەرهەم دێن هیچ پەیوەندێکی بە واقیعی ژیانی مرۆڤەوە نییە جگە لە غافڵاندنی مرۆڤ و دروستکردنی بینەری ئەڵقە لەگوێی سیستەم هیچ مەعرفەیەکی تر بەرهەم ناهێنن، بەڵکوو ئەوەی هەیە نیشاندانی ئەو واقیعەیە وەک شتێکی چەسپا و نەگۆر، ئەگەر ئەو قسەیەی مارکس قەرز بکەین کە دەڵێت ئایین ئەفیونی گەلانە، دەتوانین لە زۆر دۆخدا بڵێین سینەما ئەفیونی گەلانە. چونکە وشیاری ساختە بەرهەم دێنێت.

ئێمە کە باس لە سینەما دەکەین وەک بەرهەمهێنانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لێی دەروانین کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی لەگەڵ کۆمەڵگە هەیە و کاریگەری لەسەی بینەر جێ دەهێڵێت.

لە جیهانی سینەمای ڕۆژئاوادا بە ئەنقەست ڕۆڵ و پێگەی کەسایەتیی و چاڵاکوانە مارکسیست و کۆمۆنیستەکان و چەپەکان پەراوێز دەخەن و نیشانی نادەن. کە لە واقیعدا هەزاران چیرۆک و پاڵەوانی واقیعیی هەیە بکرێتە فیلم و چیرۆکی سەرنجڕاکێشی لێ بەرهەم دێت. بەڵام سینەمای ڕۆژئاوا لە ژێرکاریگەری هزری کاپیتالیزم گرینگی بە دروستکردنی پاڵەوانی ساختە و خەیاڵی دەدات. ئەمەش خۆی جۆرێکە لە دوورخستنەوەی مرۆڤ لە واقیع.

ئەوەی لە فیلمی "جەی بیم" بەدی دەکرێت گەڕاندنەوەی ڕۆڵ و پێگەی کۆمۆنیستەکان بۆ نێو فیلم کە لە چیرۆکێکی ڕاستییەوە وەرگیراوە، لەوێوە ڕاستگۆیی و خەمخۆریی چاڵاکوان و هەڵسوڕاوانی مارکسی و کۆمۆنیست نیشان دەدات کە لە ژێرکاریگەری ئایدیای هزرەکەیان چۆن هەوڵی بەدی هێنانی یەکسانی و دادپەروەری دەدەن بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و ماف خوراو.

لە سادەترین تێوانینی مارکسیستیدا دەتوانین بڵێن: جیاوازی چینایەتی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی هۆکاری چەوساندەوەی مرۆڤە بە دەستی مرۆڤ. زاڵبوونی چینێکە بەسەر چینێکی تر و بە کۆیلەکردنیەتی بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕێگەی قۆرغکردنی گشت ئامرازەکانی بەرهەمهێنان؛ لە ڕێگەی کاری کرێگرتەوە مرۆڤ تووشی نامۆیی دەبێت، دواتر تووشی پەراویزخستن. هەروەها دەوڵەت وەک ئامرازێکی سەرکوتکەر بەکاردێت بۆ هێشتنەوەی ئەو واقیعە لە دەست چینی دەستەڵاتدار. کارڵ مارکس پێی وایە ئازادی بریتییە لە گۆڕینی دەوڵەت لە دەزگایەکی سەپێنراوەوە بەسەر کۆمەڵگەدا بۆ دەزگایەک کە بەتەواوەتی لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت. چونکە ئەو پێی وایە بە هەبوونی چینایەتی و لە دەسەڵاتبوونی چینێکی کەمینە و لە دەستگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووری و کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان دەوڵەت تەنها لە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار دەبێت و دەبێت بە دەزگایەکی سەرکوتکەر بە پێی  ڕەخنەی مارکسیستی دەوڵەتی سەرمایەداریی مۆدێرنیتە ئیمکانی ڕیفۆرمی تێدایە، بەڵام دەبێت هەر  وردووخاش بکرێت، تاوەکوو جیاوازی چینایەتی بمێنێت کێشمەکێشمی نێوان چینەکان بەردەوام دەبێت و دیموکراسی ڕاستەقینە نایەتە کایەوە.

یەکێک لە ئامرازەکانی دەوڵەت بۆ سەرکوتکاری و بەردەوامیدان بەخۆی پۆلیس و یاسایە لە خزمەت چینی دەستەڵاتدار.

فیلمی جەی بیم (Jai Bhim) یەکێکە لەو فیلمە هیندە سەرنجڕاکێشەی لە ڕێگەی چیرۆکە ڕاستەقینەیەکەیەوە شایەنی لێ وردبوونەوەیە. ئەم فیلمە باس لە ڕووداوێک دەکات کە لە ساڵی ۱۹۹٥ ڕوویداوە. کە تێیدا چەندان خێڵ هەن لەلاین حوکوومەتەوە وەک هاونیشتمانی نەنووسراون و ناسنامە و پێناسەیان نییە و لە هەموو ماف و خزمەتگوزارییەک بێ بەشکراون، لە لاپاڵی گوندێک و ناو جەنگەڵێک نیشتەجێبوونە، لە ڕێگەی کاری زەحمەتەوە بژێوییە زۆر سەرەتایییەکانی ژیانیان دابنین دەکەن.

بەهۆی بێ پاڵپشتی و ناوزڕاندنیانەوە، هەمیشە پۆلیس کەیسی جۆراوجۆریان بۆ هەڵدەبەستن و بێ تاوان قۆڵبەستیان دەکردن و بەبێ هەبوونی تاوان لە باشترین حاڵەتدا چەندان ساڵ زیندانیان دەکردن. یەکێک لەو کەیسانە دزینی زێڕ و خشڵە لە ماڵی ئاغای گوند و تێوگلاندنی کەسێکە بەناوی "ڕاجاکەنو" دواتر گرتنیەتی لەلاین پۆلیسەوە.

پارڤتی ژنی ڕاجاکەنو لە ڕێگەی مامۆستایەکی ژنە مارکسیست و هاوڕێیانی لە حزبی کۆمۆنیستی هیندیدا پەیوەندی بە پارێزەر چاندرو دەکەن کە پارێزەرێکی مارکسیت و چاڵاکوانێکی مافی کرێکارانە. هەمیشە لە گردبوونەوەی کۆمۆنیستەکان ئامادەیی هەیە و چەندان کەسی بەبێ بەرامبەر بۆ خەڵکی لێ قەوماو چارەسەر کردووە. هڵبەت ئەم کەیسە ئاڵۆزەش دەگرێتە دەست و هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری دەدات بۆ ئەم ژنە و گێڕانەوەی ماف بۆ خەڵکی خێڵە بێ ناسنامەکان. لەمە زیاتر لەسەر چیرۆکی فیلمەکە ناوەستم بۆ ئەوەی چێژی بینینی کەم نەبێتەوە و خۆتان تاکۆتایی لەگەڵ فیلمەکە بەردەوام بن. بەدەر لەوە تەکنیک و دیمەن و گێڕانەوەی لە لاین دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرەوە گیراوەتە بەر کە لە ئاستێکی بەرزی گێڕانەوە و وێنەگرتن دایە.

ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرنج خستەسەرە دیوی دووەمی فیلمەکەیە کە باس لە گێڕانەوەی هیوا بۆ بێهیوایان دەکات. نیشاندانی وەستانەوەیە دژی زوڵم و زۆرداری و نادادی لە نێوان مروڤەکان، مرۆڤ دەتوانێ لەو پێگە و ئاستەی تێیدایە بەرەنگاری بکات و هەوڵی گۆڕانکاری بدات. جا ئەو کەسە مامۆستا، پارێزەر، دکتۆر، کرێکار، پیشەکار یان کاربەستێک بێت یان هەر کەسێکی تر بێت. گرینگ وەستانەوەیە دژی نادادی و یەکسانی، هەوڵی ئەوە بدات کە ماف بۆ خۆی و هەموو ئەو کەسانی مافی خوراوە بەدەست بهێنێت.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کۆمەڵگەکەمان تووشی چەندان قەیران بووە، بەدەر لە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، قەیرانی هیوامان هەیە، پێویستە هیوا وەک ڕووح بەبەر کۆمەڵگە دابکەینەینەوە. لە کاتێکدا مرۆڤی ئێرە بەدەست بێئیرادەیی، بێباکی، خۆویستی و تاکپەرستی دەناڵێت و هیچ خەمێکی گشتی و خەمی مرۆڤ گرینگیەکی نەماوە.

هەڵبەت ئەمەش لە ڕێگەی ئایدیایەکی ڕادیکاڵ دێتە بەرهەم کە چەقەکەی مرۆڤ بێت و خەمی مرۆڤی مافخورا و ڕەنجدەری لە کۆڵنابێت و ئامانجی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایتی بێت.

ئاسۆس ساڵح

| دەتوانن بینەری فیلمەکە بن لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە:

https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://kurdsubtitle.net/movie/365403&ved=2ahUKEwiowZiD4OaAAxWL-qQKHR0EDyAQFnoECBYQAQ&usg=AOvVaw3U0mlXlyNfd-YImNT5me9s

وتاری نووسەران