
زاهیر ئيبراهیم
ڕۆژانی سێشەممان، ڕۆژی دیدار و ژووانی نێوان دوو عاشقی ئاوێتە بووی لێک دانەبڕاوە - عەشقی نێوان هەفتەنامەیەک و خوێنەرێکی ڕەسەن و دانسقەیە.
هەر ڕۆژێکی سێشەممان کە هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان چاپبکرێت، ئەو ڕۆژە سەرەتای ژووانێکی تر و ڕۆژێکی نوێ و جیاوازە. هەر هەفتەیەکیش کە بەهۆی بۆنەکان ڕێگای کوردستان ڕابگیرێت و پشووی کارنەکردن ڕابگەینێت، بۆ هاوڕێ ئاغا، هەفتەیەکی گران و تاقەتپڕوکێنەرە، چونکە لە ڕێگای کوردستان، هاوڕێ لە مێژینەکەی دائەبڕێت. هەرچەند ئەو دڵنیایە کە ئەم لێکترازانە کاتییە، بۆیە هەفتەکانی دواتر بە هیوا و تامەزرۆییەوە لە چاوەڕووانیدا دمێنێتەوە، تا بەوشە و وتارەکانی هەفتەنامەکەی شاد ببێتەوە.
ئەو پێی وایە ناکرێت ڕێگای کوردستان، بە هیچ پاساوێک دوابکەوێت، و پێویستە هەفتانە دەربچێت! زۆر جار گلەیی لەسەر ئەوەش هەبووە کە لاپەڕەی ئەو هەفتەنامەی پێی ئەدرێت، نابێ گەچرابێت و پێویستە دانەیەکی نوێ و دەست لێنەدراوی بۆ دابنرێت! خۆئەگەر بەشە هەفتەنامەکەشی بۆ دانەندرابێت، یان بە هەر هۆیەک دیارنەمابیت، ئەوکات هەر بە ئاماژە پەیامێکی ناڕەزایی جێدەهێڵێت.
خوێنەرێک هەر لە سەروتارەوە، تا کۆتا لاپەڕە، بابەت و وتارە هەمەڕەنگەکانی هەفتەنامە دەخوێنێتەوە. ئەگەر سێشەمەیەک نەیتوانی هەفتەنامەکەی ببات، هەفتەی دواتر دێتە بارەگای حیزب و هەردووکیان بەسەریەکەوە دەبات و بەبێدەنگی دەست لە ملانەی هەفتەنامەکەی دەبێت و ڕێی ماڵ دەگرێت، تا لە کەشێکی ئارام، بە دیار لاپەڕەکانیەوە ڕابمێنێت. باوڕم وایە هەڵەنەبم، ئەگەر بڵێم لەم سەردەمە- سەردەمی پاشەکشە و داڕمانی خوێندنەوە، زاڵبوونی تەکنەلۆژیا، سەردەمی دوونیای مەجازی و باڵابوونی مرۆڤی بێ بەرهەم و پاسیڤیزم، بەدووری نازانم ئەم هاوڕێیە یەکەم خوێنەری ڕێگای کوردستان بێت کە بەم شێوەیە مابێتەوە و بێ پچڕان خۆی بێتە بارەگای حیزب و هەفتەنامەکەی ببات.
خوێنەرێکی دێرین و هۆشیار، ئاگادار لە مێژووی سیاسی باشوری کوردستان و مێژووی حیزبەکەی. خۆ ئەگەر بە کورتی لەو پەرتوکانە بدوێت کە ئەو لە تەمەنی خۆیدا خوێندویەتییەوە، دەشێ پەرتوکێکی لێ بەرهەم بێت!
سێشەممانی ڕێگای کوردستان و هاوڕێ ئاغا، ڕێک ڕۆمانی" سێشەممان لەگەڵ مۆری" نووسەری ئەمریکی "میچ ئەلبووم" بیرم دێنێتەوە. لەم ڕۆمانەدا مۆری، مامۆستای زانکۆیە و لە هەمانکاتدا کارەکتەری ڕۆمانەکەشە. هەموو سێشەممان لە باخچەی ماڵەکەی، لەسەر کورسییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت، بێ گوێدانەی شەکتی باری تەندروستی، لەگەڵ بەشێک لە خوێندکارەکانی کۆدەبێتەوە و هەر جارە و لەسەر باسێک گفتوگۆی پڕ لە پرسیار و فیکری و فەلسەفی ئەکەن. هەموو سێشەممان ئەم گفتوگۆیە دەنووسرێتەوە، لە کۆتاییدا دەبێت بە پەرتوک. تا ئێستاش" سێشەممان لەگەڵ مۆری" یەکێکە لە پڕخوێنەرترین پەرتوکەکانی دوونیا. لای مۆری، سێشەممان ڕۆژێکی زۆر جیاوازە، ئەو ڕۆژەیە کە مۆری و هاوڕێیەکانی تێدا زیاتر گفتوگۆدەکەن و زیاتر بیردەکەنەوە. تەنانەت مۆری و هاوڕێیەکانی گفتوگۆی سێشەممانیان بەلاوە داهێنەرانەتر وگرینگترە لە خوێندن و کەشی ناوزانکۆ!
لێکچوونی سێشەممان لەگەڵ مۆری، و سێشەممانی نێوان هاوڕێ ئاغا و ڕێگای کوردستان. لە کورتترین پێناسەدا،بریتیە لە بڕوابوونی ئەم هاوڕێیەیە، بە کۆمەڵێک مەبدەئی مرۆڤدۆستی،نوێخوازی، خۆڕاگریی، بەردەوامیی بوون، و وەستانەوە لە ئاست دڵڕەقی سەردەم و ئاستەنگەکانی ژیان. ئامادەیی بۆ گفتوگۆ و پرسیار و گومان خستنەسەر نەریت و ناڕێکییەکانی سیستەم و واقیع.
هەڵبەت قوڵ بوونەوە لەو پەیوەندییە دانەبڕاوەی خوێنەرێک و هەفتەنامەیەکی دێرین، خوێندنەوە و ڕامانی زیاتر هەڵدەگرێت. چونکە ئەو پەیوەندییە لەوە دەرچووە، تەنها وەک پەیوەندییەکی سادەی خوێنەرێکی ڕاگوزەر و مەجازی بە هەفتەنامەکە بەسترابێتەوە. بەڵکو ڕێگای کوردستان بۆ هاوڕێ ئاغا سەکۆیەکە، ئازدانە لەگەڵ وشە و تێڕوانینە ئازادیخوازییەکانی هەفتەنامەکەدا دەکەوێتە ڕاوێژ و بیرکردنەوە. لە بیرکردنەوەی ئەودا هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان چرایەکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگا تاریک و داخراوەکان. هیوا و تروسکاییەکە لە جیهانێکدا کە تێیدا ڕۆژنامەگەری و میدیا خەریکە تەواو دەرگیری زلکاوی کۆنەپەرستی و پۆپۆلیزم دەبێت. ڕێگای کوردستان لە چاوی هاوڕێ ئاغا، ڕێگای خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤێکی ترە لە بەرامبەر سیستەمی سەرمایەداری، ئەو سیستەمەی بووەتە دەزگای دابەشکردنی مەرگ و نەهامەتی و بە ئامێریی کردنی مرۆڤ. ڕێگای کوردستان بۆ هاوڕێ ئاغا بووەتە ئاوێنەی دەرخستنی ڕووی ساختەیی و واقیعی مەجازی. پەیوەندی هاوڕێ ئاغا و ڕێگای کوردستان، بریتیە لە پەیوەندییەکی هزریی و ئەخلاقی. ڕێگای کوردستانێکە کە خۆی و هاوڕێیەکانی خەون بە سەربەخۆیی و ئازادی دەبینن.
هاوڕێ ئاغا وێنەی خوێنەرێکی ڕەسەنمان پیشان ئەدات، کە بە هەموو شێوەیەک جیایە لە خوێنەری فشۆڵ و ساختە. ئەم دانەبڕانەی لە خوێندنەوە پێمان ئەڵێت هەمیشە خوێنەرێکی ورد و ئارام بیت لە نووسەرێکی کلۆڵ و دژە خوێندنەوە گرینگترە! ئەم فۆڕمە لە خوێندنەوە، ئەو پەیامە دەرئەخات کە خوێنەربوونی دانسقە، پتر چێژ لە خوێندنەوە ئەبینێت لەوەی دوو پەڕی ڕۆژنامەیەک بخوێنیتەوە و دواتر ببیتە نووسەری وتە نووس! خوێنەری پشودرێژ، ئەو خوێنەرەیە کە پەیوەندی و دۆستایەتی بە کتێب پەیوەندییەکی توند و تۆڵە، ئەو چەشنەی خوێنەرەکە کە لە ڕێگای خوێندنەوەی بەردەوامەوە، بەرەنگاری پوچگەرایی و واقیعی مەجازی دەبێتەوە، و هەرگیز ڕادەستی ئەو فشارانە نابێت کە ویست و ئامانجەکەی لێدانە لە کتێب و خوێندنەوە!
هاوڕێ ئاغا، خاوەن کەسیەتییەکی گوێڕایەڵ و ئارام، تەژی لە پڕەنسیپی هاوڕێیانە و نەریتی ڕەسەنانەی مرۆڤی شیوعی. هاوڕێیەک یاخی لە بیرکردنەوەی توندڕەوی و کۆنەپەرستی. کەسیەتییەک هەڵوەدای ئازادی و خۆبوون. خاوەن دید و تێڕوانین بۆ دنیا، کاتێک ئەدوێت بەر سێکوچکەی " ئەزموون و مێژوو و فیکری نوێ دەکەویت" . دید و تێڕوانینەکانی ئەو، بە کەرەسەی پێشکەوتنخوازانە و ڕۆشنگەریی و ئازادی خوازانە بارکراوە.
هاوڕێ ئاغا، ڕێک پێناسەکەی " ژان پۆل سارتەر" بیرمەند و فەیلەسوفی بوونخواز بۆ چەمکی ئازادی و ڕوانینیەکانی بۆ بوون و ماهیەتی بوون، و چۆنێتی بیناکردنی مرۆڤی ئازاد هەڵدەگرێت. لە ڕوانگەی سارتەر، بڕیاردان و خۆبوون و ئازادی پێشمەرجی مرۆڤی ئازادە. سارتەر دەڵێت مرۆڤ محکوومە بە ئازادی. مەبەستی سارتەر ئەوەیە؛ مرۆڤ بێ ویستی خۆی لە دایک دەبێت و دێتە سەردنیا، دواتر مرۆڤ لە بوونی خۆی هۆشیاردەبێتەوە و بە ئاگادێتەوە، ئەمەش وای لێدەکات هەمیشە بیر لە هەڵبژاردن و ئازادی بکاتەوە. لە دوونیابینینی سارتەر، ئازادی وزە و توانایەک بە مرۆڤ ئەبەخشێت، کە لە رێگەیەوە دەتوانێت خۆی و جیهانەکەی پێ بگۆڕێت. هەروەها دەڵێت ئازادی توانای مرۆڤە بۆ گۆڕین و نوێکردنەوەی جیهان و هەڵبژاردنی ژیانێکی باشتر.
لای سارتەر ئازادی یەکسانە بەرامبەر بەرپرسیارێتی.
لێرەدا پێچەوانەی ڕەوتی کۆمەڵگەکەی کە بارگاوییە بە بیری فیوداڵیی و ئایینیی و نەریتی. ئەو سەربەستانە هاتووە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمی هەڵبژاردووە، و شیوعییەتی کردۆتە چەکی تێکۆشان بۆ گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. واتا دەرچوون لە سیستەمی باڵادەست و بڕیاردان بە ویست و ئارەزووی خۆت، و ڕەتکردنەوەی ستەم و چەوسانەوە، ئەم تایبەتمەندییە مەگەر کڕۆکی مرۆڤی ئازاد نەبێت، ئەی ئازادی چی مانایەک دەگەینێت؟
زۆرن ئەو هاوڕێیانەی کە خوێندنەوە و ناسینیان کۆمەکمان ئەکەن و مرۆڤ بەرەو ئەزموونی زیاتر کێش ئەکەن، وەک بیرمەندی چینی کۆنفۆشیۆس دەڵێت"هەمووشتێک جوانی تێدایە،بەڵام هەموو کەسێک ئەو جوانیە نابینیت".
هاوڕێ ئاغا لە قۆناغی خوێندن و قوتابخانەوە هەنگاوی نایە ناو ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزب، بە تێپەربوونی کاتیش لەناو ڕێکستن و کاری یەکێتی گشتی قوتابیان، لە ناوچەکانی هەریر ،شەقڵاوە، هەولێر. ئەستێرەی ژیانی سیاسی هاوڕێ ئاغا درەوشایەوە. لە ڕێگای خوێندنەوەی ئەدەبیاتی سیاسی و فیکری چەپ و شیوعییەت پتر باوڕی ئەم هاوڕێیەی لەسەر پرسە چینایەتی و نشتیمانییەکان بەهێزترکرد. ئەمەش هانیدا زیاتر و زیاتر شان بداتە بەر ئەرکە حیزبییەکان . هەڵبەت پاڵنەری کۆمەڵایەتیش ڕۆڵی بینوە لە سوربوونی هاوڕێ لە تێکۆشان بە ڕێگای حیزبی شیوعی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خانەوادە و مام و کەس و کاری، لە دەربەند و ڕایەتی باڵەکایەتی و هەریر، بە ڕێگای جۆراو جۆر لە ڕیزی حیزب دابوون. ئەم لایەنە هەرچەندە پێشمەرجی سەرکەوتن و پێگەیشتنی کادیر و ئەندامی حیزب نیە!بەڵام دەشێ کەم تازۆر ڕۆڵی لە مانەوە و درێژکردنەوەی پەیوەندی نێوان حیزب و ئەندام هەبێت.
هاوڕێ ئاغا، هەتا دەرفەت و توانای هەبوو، بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی، بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی ماددی، ئەرک و بەرپرسیاریەتی حیزبی هەڵگرت. ئەگەرچی بەهیچ جۆرێک سودمەند نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بڕوابوونی بە ئایدۆلۆژیای شیوعییەت و سوربوونی لەسەر مەبدەئەکانی، وایکردووە، هاوڕێ هەرگیز گلەیی لەوەنەکات کە هیچ ئیمتیازێکی لە ڕێگەی حیزب بۆ دەستەبەرنەکراوە!.