بەنان فاروق

سۆشیاڵ میدیا دنیایه‌كی فراوانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، له‌ ئاكامی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیای ئینته‌رنێت و چه‌قبه‌ستوویی میدیای‌ كلاسیك هاته‌ ئاراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی میدیای باو تاكه‌كانی به‌ره‌و بێزاربوون و خۆونكردن و كه‌سایه‌تی و به‌لاڕێدابردنی  له‌ كایه‌ مه‌عریفییه‌كانه‌وه‌ بۆ ونبوونی شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی میدیا‌ برد، تا له‌ دونیایه‌كی فراوانتر تاكه‌كان بڕواننه‌ شته‌كان و ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیدا ئاوێزان بن و ببنه‌ به‌شێك یان ڕاسته‌وخۆ كاردانه‌وه‌ دروست بکات.

سۆشیاڵ میدیا هەر یەکە لە فەیسبووک (مێتا)، مەسنجەر، ئینستاگرام، سناپ چات، یوتوب، تیلیگرام، وەتس ئەپ، ڤایبەر، ئین و تویتەر،...هتد.  ئەگرێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرنامەکانی سۆشیاڵ میدیا ڕوو لە زیادبوون دەکەن و ماوەیەکی کەمە بەرنامەیەک بەناوی Threads هاتۆتە ناو دونیای سوشیاڵ میدیا و بەرنامەی نوێی تریش دێنە ئاراوە و سوشیاڵ میدیا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت.

لە ئێستادا و لە کوردستاندا بەڕێژەیەکی زۆر بەکاردەهێنرێت و هەر لە منداڵەوە تا کەسانی بەتەمەن ئەکاونتیان هەیە لە زۆربەی بەرنامەکانی سۆشیاڵ میدیا، کە چەندین کاتژمێر بەدیار بەرنامەکانی سوشیاڵ میدیاوە بەسەردەبەن.

بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیاکان لەلایەن منداڵدانی تەمەن کەمدا به‌رده‌وام ڕوو لە زیادبوونە، بێ ئه‌وه‌ی دایك و باوكه‌كان گرنگی به‌وه‌ بده‌ن كه‌ ئه‌م ته‌مه‌نه‌ هیچ گونجاو نییه‌ بۆ ئاڵووده‌بوون به‌ دونیای سۆشیاڵ میدیاوە، بۆ منداڵان مەترسی دارە و ڕووبەڕووی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستییان دەکاتەوە کە بە بەڵگەوە سەلمێنراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەکارهێنانی سوشیاڵ میدیا لەلایەن منداڵانی خوار و دە ساڵەوە ڕوو لە زیادبوون دەکات و بەمەش ڕووبەڕووی نەخۆشی وەکو چاوکزی و خەمۆکی و گۆشەگیری و گەشە نەکردنی مێشک و قسەنەکردن...هتد، بۆ منداڵانی دوو تا پێنج ساڵان دەبێتەوە ئەگەری توشبوونی زیاترە کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر منداڵان و پێویستە دایکان و باوکان  ئاگاداری مەترسییەکانیان بن، زۆرینەی دایکانی ئێستا بۆ ئەوەی منداڵەکەیان نەگری و بەهانەیان پێنەگرێت و خۆیان زۆر بە منداڵەکانیانەوە سەرقاڵ نەکەن مۆبایلێکی زیرەک یان ئایپاد و تابلێتیان پێدەدەن و لە کۆڵ خۆیانی دەکەنەوە، لەبری ئەوەی یاری منداڵانەیان بۆ بکرن و خۆیان یاریان لەگەڵ بکەن بەڵام فێری دونیای سۆشیاڵ میدیایان دەکەن.

بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن منداڵەوە بۆ منداڵ دانەنراوە تەنها ئەو بەرنامانە نەبێت کە تایبەتن بە منداڵ وەکو یوتوب کیدس و مەسنجەر کیدس...هتد، کە زۆر بەکارهێنانی ئەم بەرنامانەش گونجاو نییە و باش نییە بۆ تەندروستی منداڵ و بۆ خوار تەمەنی دە ساڵ باش نییە و گەشەی مێشکی منداڵ دوادەخات و ئەبێتە یەکێک لە کەسانی گۆشەگیر و خەمۆک و ترسنۆک کە هیچ ناتوانێت لەگەڵ منداڵی تردا هەڵسوکەوت و یاری بکات، ئەمانە جیا لە نەخۆشی تریش کە منداڵەکە تووشی دەبێت.

بەشێکی لە منداڵانی ئێستا لەلایەن دایک و باوکیانەوە ئەکاونتیان بۆ دروست دەکرێت لە سۆشیاڵ میدیاکانەوە، بەشێکیان لەبەر خۆشەویستیان بۆ منداڵەکە و بەشێکی تریشیان چونکە بۆتە مۆدێل دای دەنێن بۆ منداڵەکانیان و بێ ئاگا لەوەی کە ئەو تەمەنە هی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا نییە، بەشێکی تری منداڵانیش خۆیان ئەکاونت بۆ خۆیان دروست دەکەن و تەمەنی خۆیان گەورە دەکەن تا ڕێگەیان پێبدرێت ئەکاونت دابنێن لە بەرنامەکانی سۆشیاڵ میدیادا، پێویستە دایکان و باوکان لەوە تێبگەن و بزانن گونجاو نییە بۆ منداڵ و شتێکی تێدایە کە تایبەت نەکراوە بە منداڵان و منداڵ ناتوانێت ئەکاونت دابنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری دایکان و باوکان دەزانن بەکارهێنانی لەلایەن منداڵەوە باش نییە بەڵام بەهۆی پێداگری منداڵ و بوون بە مۆدێل لەلایەن منداڵانەوە،...هتد، ڕێگری لە منداڵەکانیان ناکەن.

منداڵ بەهۆی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیاوە لە تەمەنێکی کەمدا توشی کێشە دەبن و بەهۆی قسەکردنیان لەگەڵ کەسێکی خراپ و لە خۆیان گەورەتردا توشی زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بۆ ئەو دایکان و باوکانەشی کە منداڵەکانیان ئەکاونتیان هەیە لە سۆشیاڵ میدیا پێویستە ئاکاداری منداڵەکەیان بن و بزانن چی دەکەن و لەگەڵ کێ قسە دەکەن و بەردەوام چاودێریان بکەن، چونکە گەر چاودێرییان نەکەن ڕوو بەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە کە دواتر چارەسەر ناکرێن و دایک و باوکان پەنجەی پەشیمانی ئەگەزن.

پێویستە دایکان و باوکان لەبری پێدانی موبایل و ئایپاد و تابلێت بە منداڵەکانیان وەکو ساڵانی پێشتر منداڵەکانیان بنێرنە دەرەوە تاوەکو تێکەڵی منداڵی تر بن و کۆمەڵایەتی بن، و یاری منداڵانەیان بۆ بکڕن بەتایبەتی ئەو یارییانەی کە مێشکی منداڵەکانیان دەجوڵێنێت، و جار جار خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیان یاری بکەن و بۆ ئەو منداڵانەشی که چوونەتە خوێندنگا کتێبی تایبەت بە منداڵان بکڕن و فێری خوێندنەوە و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزیان بکەن و بیاننێرنە پەیمانگایەک بۆ فێربوونی زمان تاوەکو منداڵان چیتر سەرقاڵی دونیای سۆشیاڵ میدیان نەبن و ببنە کەسێکی کۆمەڵایەتی و تێگەشتوو.

وتاری نووسەران