دان ڤان

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

تا دێت خۆشەویستی سۆسیالیزم لە ئەمریکا پەرەدەستێنێ و هەندێک لە ئەمریکییەکان لەوباوەڕەدان دەبێت ئەم وڵاتە هەر چی زووە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و دادپەروەریی بەرەو سۆسیالیزم بڕوات، بەڵام ژمارەیەک خوازیاری بەگژداچوونەوەنی بە هەر نرخێک. زۆر جار سۆسیالیزم لە پرسی خزمەگوزاری گشتی تەندرووستی و خوێندنی بێبەرامبەری باڵا یان ئایدیالەکانی ناو پێناسەی سۆسیالیستی یان وەک هۆشداری گشتی دژی چەپگەرایی سیاسی باسی دەکرێت و دەخرێتەڕوو.

هەندێک لە سیاسەتمەداران وەک (سیناتۆر بێرنی سندرس و ئەندامی پەرلەمان ئەلێکساندار ئۆکاسیۆ کۆرتز) بە ئاشکرا پەرە بەسۆسیالیزم یان سیاسەتە سۆسیالیستییەکان دەدەن، بەڵام هەندێک سۆسیالیزم ڕەتدەکەنەوە (وەک کامەلاهاریس، جێگری ئێستای بایدن، لەکاتی هەڵبژاردنەکانی 2020 گووتی: "دیموکراسی سۆسیالیست" نییە) و ژمارەیەک سیاسیش بەچەمکێکی نەخوازراوی دەزانن کە دژی بەهاو ئایدیالەکانی ئەمریکایە. بۆ نموونە، ترەمپ لە ساڵی2019 دەربارەی بارودۆخی وڵات گووتی، ئەمریکا "هەرگیز نابێتە وڵاتێکی سۆسیالیستی"، چونکە "ئێمە بە ئازادی لەدایکبووین و بەئازادی دەمێنینەوە".

دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی ئەمریکا سۆسیالیزم قبووڵ بکات یان لانیکەم سیاسەتی دیکەی سۆسیالیستی بگرێتە بەر، دەبێت چەمکەکانی بناسین.

سۆسیالیزم. سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە خەڵکەکانی، نەک گروپێک لەتاکەکان یان کۆمپانیا تایبەتییەکان، خاوەن پیشەسازی و بەرهەمهێنان بن. لە سیستمی سۆسیالیستیدا حکوومەت زۆربەی تواناکانی بەرهەمهێنان و سەرچاوە سروشتییەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە و هەموو هاوڵاتییانی وڵات مافی خۆیانە لە سەربنەمای پشکەکانیان، پشکی یەکسان وەربگرن. دیارە هانی خاوەنداریی تایبەتیش دەدرێت. 

زۆرجار وڵاتانی سۆسیالیستی لەڕووی سیاسییەوە سیستمەکەیان فرەحزبی یان هەڵبژاردنی دیموکراسییانەیە. هەنوکە هیچ وڵاتێکی شوێنکەوتەی سیاسی سەد لەسەد سۆسیالیستی نییە. بۆ نموونە دانیمارک، ئایسلاندا، فنلەندا، سوید هەر چەند تا ئاستێک سۆسیالیستین، بەڵام بە گشتی هەموویان پێکهاتەیەک لە سۆسیالیزم و کەپیتاڵیزمن.

کەپیتاڵیزم، مۆدێلی ئابووری ئێستای ئەمریکا، جۆرێکە لە سیاسەت کە تاک و کۆمپانیا تایبەتییەکانی بەرهەمهێنان کۆنتڕۆڵ دەکەن و بەرهەمهێنان ڕێنمایی بازاڕ دەکات، نەک حکوومەت. کەپیتاڵیزم بەناوی ئابووری بازاڕی ئازاد یان ئابووری بازرگانی ئازادییش دەناسرێت. کەپیتاڵیزم لە سەربنەمای خاوەندارییەتی تایبەتی، پاڵنەری قازانج و ڕکابەریی بازاڕ کاردەکات. 

وڵاتانی کەپیتاڵیستی لەڕووی سیاسییەوە خاوەن سیستمی سیاسی جیاوازی وەک دیموکراسی، پادشایەتی، ئۆلیگاریشی و دیکتاتۆریین. زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا لەوانە ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئیرلەندا، سویسرا، ئوستڕالیا و نیوزلەندا کەپیتاڵیستین. ژمارەیەک لە وڵاتانی ئاسیایی وەک هۆنگ کۆنگ، سەنگاپوورە، تایوان و ئیماراتیش سیستمەکەیان کەپیتاڵیستییە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی ئەم وڵاتانەش، لەوانە ئەمریکا، سیاسەتەکانی سۆسیالیستی وەک بیمەی کۆمەڵایەتی، لانیکەم حەقدەست و نزمبوونی نرخی وزەی جێبەجێ کردووە.

زۆر جار کۆمۆنیزم هاومانا بە سۆسیالیزم دەزانن، بەڵام جیاوازی وردی نێوان ئەم دووانە زۆر جێگای باسە. یەکێک لەجیاوازییەکانی، کۆمۆنیزم پشکی یەکسانی بۆ هەموو خەڵکی وڵات دەوێت، بەڵام سۆسیالیزم پشکی بە ویژدانی دەوێت. بە گشتی، کۆمۆنیزم لەدروشمی کارڵ مارکس کورتدەکەنەوە: (لە هەر کەسێک ئەوەندەی توانای، بۆ هەر کەسێک بە پێی پێویستی). مارکس باوەڕی وابوو ئەوە هەنگاوێکە لە سەرووی سۆسیالیستییەوە. خاوەندارییەتی تاک، بۆ تاکەکان لەزۆربەی وڵاتانی کۆمۆنیستی نایاساییە.

زۆربەی وڵاتانی سۆسیالیستی لەڕووی سیاسییەوە تاکە حزبێک ڕابەرایەتییان دەکات و هەڵبژاردنیش لەناو حیزبە. زۆر جار دەسەڵاتی سیاسی سووپا جێگای سەرنجە. بەشێک لەم دەسەڵاتەش بەدەست پۆلیسی نهێنیەوەیە وەک سۆڤیەت، کە گەورەترین وڵاتی کۆمۆنیستی مێژوو بووە. بەئاشکرا پێشوازی لە ئازادییە مەدەنییەکان (وەک ئازادی چاپەمەنی، ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە) کردووە، بەڵام بەکردەوە ئەم ئازادییانە بەهێز سنووردار دەکرێن. لەئێستادا وڵاتانی کۆمۆنیستی بریتین لە چین، کوبا، لاوس، کۆریای باکوور و ڤێتنام. جێگای بیر هێنانەوەیە هەندێک لەم وڵاتانە وەک کۆریای باکوور و ڤێتنام، سیستمی سیاسییان دیموکراسی و سۆسیالیستییە، بەڵام بەوڵاتی کۆمۆنیستی ڕاهاتوون و حزبی کۆمۆنیست بەڕێوەیان دەبات. جگەلەوە، هەندێک وڵاتی کۆمۆنیستی وەک چین و ڤێتنام، بە پێکهاتەیەک لە ئابووری بازاڕی نیوە ئازاد (کە بەردی بناغەی سۆسیالیزمە) و هەندێک لە سیاسەتەکانی سۆسیالیستی چالاکن.    

بە لەبەرچاوگرتنی پێناسەکان، پێویستە ئەمریکا زیاتر سیاسەتی سۆسیالیستی وەک خوێندنی بەخۆڕایی لە زانکۆکان، خزمەتگوزاری تەندرووستی گشتی و "مامەڵەی نوێی سەوز"، بگرێتەبەر.  

پارێزەرانی سۆسیالیزم لە ئەمریکا دەڵێن، ئەمریکا تا هەنوکە سیاسەتی سۆسیالیستی سەرکەوتوو و پەسندی پراکتیک کردووە و خەڵکی ئەمریکا زیاتر پشتگیری پراکتیککردنی دەکەن. ئەرکی حکومەتی ئەمریکا تواناسازی و پاراستنی هاوڵاتییانیەتی. دەکرێت سیاسەتی سۆسیالیستی زیاتر لەگەڵ ستراکچەری کەپیتاڵیستی جێبەجێ بکات تا پێش بەزیانەکانی بەرەنجامی کەپیتاڵزیمی جڵەوپساو بگرێت، بەڵام دژەکانی دەڵێن ژمارەیەکی زۆری پێشنیازی پڕ تێچووی سۆسیالیستی لەئەمریکا پێشتر پراکتیک کراوە و خەڵکی ئەمریکا پشتگیری ئابووری کەپیتاڵیستی دەکەن. ئەرکی حکومەتی ئەمریکایە دۆخی کاسبیوکار بڕەخسێنێت و نەبێتە کۆسپی داهێنان و هەوڵی زۆری تاکەکان. کەواتە بەوپێیە، پێویستە حکوومەت هەلی یەکسان بڕەخسێنێت، نەک بەڵێنی یەکسانی بدات.         

 https://nebesht.com

وتاری نووسەران