ئاری ئاغۆک*

 ساڵانە بەر لەدەسپێکی وەرزی نوێی خوێندن، لە لایەن وەزارەتی پەروەردە چەندین ئامادەکاری دەکرێت بۆچوونە نێو وەرزی تازەی خوێندن، وەک ( میلاکات، بەشەوانە، گواستنەوە، پلانی کارگێڕی پەروەردەیی .. هتد) هەر لەم پێشوازی دەسپێکە، دیوێکی دیکەش هەیە کە پێویستە کارگێری ناوەندەکانی خوێندن بەشێوەیەکی گشتی و جدی کاری لەسەر بکەن و جێ بەجێی بکەن، ئەویش بریتی یە لە هەڵمەتی پاککردنەوەو خاوێنکردنەوەی ژینگەی ناوەندەکانی خوێندن.

 لەگەڵ ئەوەی ساڵانە لەڕێگەی گشتاندنی وەزارەتی پەروەردە چەند خاڵێکی گرنگ وەک ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوە بڵاودەبێتەوە، دەربارەی پاککردنەوەی ژینگەی قوتابخانە، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ئەو گشتاندنە بەکارێکی باشی دەزانین، بەڵام پێویستە بەڕێوەبەر و کارگێری ناوەندەکانی خوێندن، بە کردار ئەم رێنماییانە جێ بەجێ بکەن، لەگەڵ ئەوەی بەپێی بەدواداچوونمان بەخۆشحاڵیەوە بەشێکی زۆری بەڕێوەبەر و کارگێری ناوەندەکانی خوێندن لەڕێگەی هەڵمەتێکی فراوانی ژینگەیی ئەم ئەرکە جێ بەجێ دەکەن، ئەمەشیان جێی دەستخۆشی و دڵخۆشی یە، بەڵام بۆ وەبیرهێنانەوە و بەردەوامی و ئاگاداربوونی بەشێک لەبەڕێوەبەر و مامۆستا و فەرمانبەرانی ناوەندەکانی خوێندن، ئەوا پێویستە ئەم ئەرک و ڕێنماییانە جێ بەجێ بکەن.

١- شوشتنی تانکی ئاوی ناوەندەکانی خوێندن: بێگومان بەهۆی زیاتر لە وەرزێک  بەکارنەهێنانی ئاو، یاخود دانەپۆشرانی تانکی، ئەوا کاریگەری هەیە  لەسەر پیسبوونی ئاو، بۆیە پێویستە بەر لە کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن، تانکی قوتابخانەکان خاوێن بکرێتەوەو بشوورێ.

٢- خاوێنکردنەوەی دەستشۆر و شوێنی ئاو خواردنەوەی قوتابیان: یەکێک لەو شوێنە گرنگانە لەڕوانگەی تەندروستی و ژینگەییەوە دەبێت هەمیشە پاک و خاوێن بێت و چاودێری بکرێت، بریتی یە لە(دەستشۆر و شوێنی ئاو خواردنەوە) چونکە هەموو پیسبوون و بابەتە ناتەندروستیەکان لەو سەرچاوەیەوە دروست دەبێت.

٣- خاوێنکردنەوەو چاککردنەوەی تەوالێت ئەوانەی لەکار کەوتوون: لەکاتی سەردان و بەدواداچوونمان دا هەمیشە ئەم خاڵە دووپات دەکەینەوە، هەر تێبینیەک هەبێت دەبێت ڕاستەخۆ جێ بەجێ بکرێت، بۆیە خاوێنی و پاکڕاگرتنی تەوالێتی ناوەندەکانی خوێندن کارێکی گرنگە و دەبێت هەمیشە پاک و خاوێن بێ.

٤- پاککردنەوەی سەربانی ناوەندەکانی خوێندن و سولاوکە و ڕێڕەوی ئاو: زۆرجار بە هۆی لەبیرکردن یا هەر هۆکارێکی دیکە سەربانی قوتابخانەو باخچەی منداڵان خاوێن ناکرێتەوە، دواتر بەهۆی بارانێکی لەناکاو گرفت دروست دەبێت، بەهۆی گڵدانەوەو کۆ بوونەوەی ئاوی باران، مەترسی لەسەر بینایەو ژینگە و پۆل و تەنانەت قوتابیانیش دروست دەبێت، بۆیە گرنگە کارگێری ناوەندەکانی خوێندن بە دواداچوون بۆ ئەن خاڵە بکەن.

٥- خاوێنکردنەوەی پۆل و ڕەحلەکان و چاکردنەوەی کارەبای ناو پۆل: ژینگەی قوتابخانە بەگشتی و پۆل بەتایبەتی ئەو شوێنە گرنگەیە کە بە ماڵی دووەمی قوتابی دادەنرێت، بۆیە ئەگەر ئەو ماڵ و ژینگەیە چەندە خاوێن بێ ئەوا کاریگەری باشی لەسەر قوتابی دەبێت، کەواتە خاوێنکردنەوەی پۆلەکان یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان و ڕووناکی و بوونی کارەباش بەهەمان شێوە.

٦- دڵنیابوون لە سیستەمی ئاگر کوژێنەوەو نوێکردنەوەی: بێگومان لە نێو حەرەمی قوتابخانە، قوتابی ئەمانەتە، لە هەموو لایەنەکان دا دەبێت ئەم ئەمانەتە بپارێزین، بەتایبەتی لە مەرجی سەلامەتی ژینگەیی و تەندروستی، بۆیە بوونی ئاگر کوژێنەوە بۆ حالەتێکی نەخوازرا و زۆر گرنگە، بەداخەوە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن، گرنگی بە بوونی ئاگر کوژێنەوە نادەن، بەهۆی ( نەبوونی ئاگر کوژێنەوە، یا بەسەرچوون، یا دانانی لەشوێنێکی دوورە دەست لەکاتی هەر حالەتێک زوو ناتوانی بەکار بهێندرێت) بۆیە یەکێک لەو خاڵانەی ئێمە دووپاتی دەکەینەوە بوونی ئاگر کوژێنەوەیە.

ئەم خاڵانە پرسە گشتیەکەن، بۆیە لەچوارچێوەی ئامادەکاری و پێشوازی قوتابیان لە ساڵی نوێی خوێندن پێویستە بەزووترین کات، ئەم  ڕێنماییانە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن( حکومی و ناحکومی)جێ بەجێ بکرێت چونکە کاتێ لیژنەی ژینگە وتەندروستی سەردانی هەر ناوەندێکی خوێندن دەکات بەدواداچوون لەم ڕێنماییانە دەکاتەوە کە بەگشتاندن ئاگادارکراونەتەوە، بەهیوای ژینگەیەکی خاوێن و تەندروستیەکی باشتر بۆ قوتابی و مامۆستایان.

*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.

وتاری نووسەران