سەلام عومەر

لە یادی ٩٢ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی شیوعی عێراق و کوردستاندا، لاپەڕەیەکی دیکەی پڕ لە سەروەری و تێکۆشان لە مێژووی بزوتنەوەی سیاسی و نیشتمانیی گەلەکەمان هەڵدەدەینەوە و سەری رێز و نوازش بۆ شەهیدانی ئەم حزبە دادەنەوێنین، كە بەخوێنی خۆیان چرای ئازادی نیشتمانیان بۆ داگیرساندین،  ئەم یادە تەنها بۆنەیەکی حیزبی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە مێژوویەکی درێژی خۆڕاگری لە پێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین. نەهێشتنی ستەمی چینایەتی كە هەمیشە لەم وڵاتەدا بووەتە هۆی فراوانكردنی درزەكان و هەڵكشانی چەندانێك بەسەر زۆرینەیەكی هەژاردا.

حیزبی شیوعی لە ساڵی ١٩٣٤ەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، وەک قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی تێکۆشەران و ڕۆشنبیران ماوەتەوە و هەمیشە لە بەرەی پێشەوەی داکۆکیکردن بووە لە مافی چەوساوەکان و کرێکاران و ڕەنجدەرانی بیر و بازوو، لەم کاروانەدا، باجێکی قورسی داوە و هەزاران شەهیدی لە پێناو بەدیهێنانی دروشمی  "نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار" پێشکەش بە خاکی نیشتمان کردووە، کە لە سەرووی هەموویانەوە سەرکردە نەممرەکان و  هاوڕێیانی نێو سەنگەر و ئەوانەی وەك كێو لەنێو زیندانەكاندا خۆیان راگرت و ورەی هاوڕێیانیان بەرز دەكردەوە و بوونە شۆرەتی خۆڕاگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.

ئەمڕۆ کە یادی ئەم مێژووە پڕ لە شانازییە دەکەینەوە، عێراق و کوردستان لە ناو جەرگەی کۆمەڵێک تەنگژەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی قورسدا تێدەپەڕێ‌، بەتایبەت جەنگێكی داسەپاوی سەرمایەداران كە خەریكە ئابووری جیهانی و چەندین وڵات دادەتەپێنێ‌ و لەم نێوەندەشدا هەژاران باریان قورستر دەبێت و كۆمەڵگای نیودەوڵەتیش هەتا ئێستاش وەك تەماشاكەرێك و بەبێدەسەڵاتی وەستاوە و خۆ نەتەوەیەكگرتوەكانیش هێندەی دی كەوتە ژێرپێی زلهێزەكان.

لەمنێوانەدا دەسەڵاتی كوردیش هەتا ئێستاش لەنێو پەرتبووندایە و لەسەر كورسی و بەشبەشێنەی حزبی نەیانتوانیوە پەرلەمان كارا بكەن و حكومەتی هەرێم پێك بهێنن، ئەوە پێمان دەڵێ‌ پێداگری و بیری تەسك و ئایدیۆلۆژیا بوونەتە گەورەترین بەربەستی دەسەڵات و ئەم چەقبەستنە جگە لەزیانی گەورە كە بەر هەرێمەكەمان دەكەوێ‌، دوور نییە بكەوینە ئەودیوی پەراوێزەكانەوە.

لەو بارودۆخە هەستیارەدا وڵاتەكەمان بەنێو گەندەڵی، قەیرانی دارایی، و پاشەکشەی پرۆسەی دیموکراسی تێدەپەڕێت ئەمە وایکردووە کە پێویستیمان بەو دیدگا و فەلسەفەیەكی سیاسیی هەبێت کە شیوعییەکان لەسەری پەروەردە بوون؛ ئەویش فەلسەفەی خەبات بۆ نان و ئازادییە. تا لەم قۆناغە قوتارمان كات،   جەخت لەسەر یەکگرتوویی ڕیزەکانی گەل و تێکۆشان دژی تائیفییەت و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پاوانخوازی، ئەرکێکی هەرە لەپێشی هەموو تێکۆشەرێکە. پێویستە ئەم یادە بکەینە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ جەماوەر، کە حیزبی شیوعی وەک هەمیشە بە پاڵپشتی خەڵکی هەژار و ستەمدیدە دەمێنێتەوە و سازش لەسەر مافە نەتەوەیی و دیموکراسییەکان ناکات.

داهاتوویەکی گەش تەنها بە یەکگرتوویی و خەباتی مەدەنی و سیاسی بەدی دێت، کە تێیدا مرۆڤ تێیدا سەنتەری بایەخەکان بێت و سامان و داهاتی وڵات بە یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەش بکرێت.

پیرۆزبایی ئەم یادە لە هەموو هاوڕێیان و لایەنگران و خێزانی سەربەرزی شەهیدان دەکەین. با بەیەکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی تێکۆشان هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە تەنها ئەو ڕێبازانە دەمێننەوە کە ڕەگیان لە ناو ئازار و ئومێدی خەڵکدایە

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا