
به ڕوونی
كاوه مه‌حموود
به‌شی دووه‌م
ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌كی ورد و بابه‌تییانه خوێندنه‌وه بۆ ڕه‌وش و گۆڕانكارییه‌كان له سیستمی كاپیتالیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌یه‌كه‌مدا بكرێت و، توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌راوردكه‌رانه سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌وشه و هه‌لومه‌رج و مۆركی كاپیتالیزم ئه‌نجامبدرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی، كه ماركس شاكاری (سه‌رمایه‌ی) نووسیوه، ئه‌وا ڕه‌چاوی جیاوازییه‌كی به‌رچاو ده‌كرێت وه‌ك سیستمێكی ئابووری ـ كۆمه‌ڵایه‌تی له شوێنی خۆی ڕانه‌وه‌ستاوه، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكارییانه كرۆك و بنچینه‌ی بنه‌ڕه‌تییانه و سه‌ره‌كی كاپیتالیزم و بنه‌مای بوونی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌گرتۆته‌وه.
هۆكاری سه‌ره‌كی چه‌وساندنه‌وه له سیستمی كاپیتالیزمدا، وه‌ك ماركس ئاماژه‌ی پێداوه بۆ چه‌مكی نامۆبوون له ئاكامی زێده‌بایی ده‌گه‌ڕێته‌وه. له سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا چه‌مكی نامۆبوون به شێواز و ڕه‌هه‌ندی جیاواز به‌رده‌وامه و، له‌وانه‌یه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كرێكاران و هێزی كارگه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ناوه‌نده سه‌رمایه‌داره‌كاندا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌ده‌ی پێشوودا، ئێستا پاره‌ی زیاتریان ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و زیادبوونه دڵۆپێكه له ده‌ریایه‌ك ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ زیادبوونی سامان و داهاتی كاپیتالیسته‌كان به‌راورد بكرێت و، به‌م جۆره‌ش به‌رده‌وام دره‌فه‌تی زیادبوونی جیاوازییه‌كان ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر ده‌بێت.
له به‌شی چواره‌می كتێبی "خێزانی پیرۆز" (1845)، ماركس ده‌ڵێت كه هه‌ردوو چینی سه‌رمایه‌دار و پرۆلێتاریا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاكامه‌كانی دیارده‌ی نامۆبوون ده‌كه‌ن، به‌ڵام به شێوازی جیاواز. سه‌رمایه‌داران و خاوه‌ن ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان نامۆبوون به بنه‌مایه‌ك بۆ بوون و قورسایی خۆیان ده‌زانن، له كاتێكدا نامۆبوون بۆ چینی كارگه‌ر هۆكارێكی فشاره له‌سه‌ر گوزه‌رانی ژیانیان و زه‌مینه‌یه‌كی ناكۆكی و ململانێیه.
به‌م جۆره هاوكێشه‌ی ئاكامی په‌یوه‌ندی چینایه‌تی له چه‌مكی نامۆبووندا، بریتییه له زیادبوون و كه‌ڵه‌كه‌بوونی قازانج بۆ سه‌رمایه‌داران و زیادبوون و به میراتمانه‌وه‌ی هه‌ژاری بۆ چینی كارگه‌ر و چه‌وساوه‌كان.
تا ئێستا خاوه‌نداریه‌تی تایبه‌ت بۆ ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، كه ناوه‌ندی فراوانی ڕه‌نجده‌رانی بیروبازوو لێی بێبه‌شه، هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ دیارده‌ی نامۆبوون و، جگه له شێوازی دابه‌شكردنی كار، كه ده‌بێته هۆی پارچه‌بوونی پرۆسه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و، سنوورداركردنی داهێنانی هێزی كار و، بوونیان به ئامرازێك له ناو ئامێری زه‌به‌لاحی به‌رهه‌مهێناندا.
له ئاكامی نامۆبووندا هێزی كاری نوێ و، ناوه‌ندنی فراوانی بێكاران و هه‌ژاران كۆنتڕۆڵی ژیانی خۆیان له ده‌سده‌ده‌ن. هه‌ستكردن به ته‌نیایی و جیابوونه‌وه له كۆمه‌ڵگا و زیادبوونی كێشه‌ی ده‌روونی و، گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌هۆی نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه ڕاسته‌قینه‌كان له‌نێوان تاكه‌كاندا ئاكامی سه‌ره‌كی نامۆبوونه.
لێكه‌وت و كارتێكردنی نامۆبوون له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا بۆته دیارده‌یه‌كی فراوان كه ته‌واوی جومگه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی گرتۆته.
له بواری سیاسی‌دا له ئاكامی فراوانبوونی ده‌سەڵاتی سه‌رمایه‌داری و كۆمپانیا فره‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و كۆنتڕۆڵكردنی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، دیارده‌ی نامۆبوون له باوه‌ڕنه‌بوونی ناوه‌ندنی فراوانی خه‌ڵكه به به‌ها و كارتێكردنی سیاسه‌ته گشتییه‌كان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵك و باری گوزه‌رانی ژیانیان، به‌جۆرێك گومان له‌سه‌ر كارتێكردنی سیستمه سیاسییه‌كان و كارابوونیان بۆ به‌رێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا ده‌كرێت و، په‌یتا په‌یتا ناوه‌ندی په‌راوێزخراوه‌كان له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا فراوانتر ده‌بێت و، تاكه‌كان هه‌ست به‌وه دەكه‌ن كه ته‌نیا ژماره‌ن.
په‌ره‌سه‌ندنه مه‌زنه‌كان له بواری زیره‌كی ده‌ستكرد و كارتێكدنیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان كه له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه به‌كارده‌هێنرێت، كارتێكردنی خۆی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا جێهیشتووه، به‌تایبه‌تی كاتێك زیره‌كی ده‌ستكرد و ئامێره‌كان كۆنتڕۆڵی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان ده‌كه‌ن و، سه‌رجه‌م ده‌سكه‌وته‌كان بۆ سه‌رمایه‌داران و كه‌ڵه‌كه‌بوونی سامانی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه، هێزی كاری مرۆیی هه‌ست به دوورخستنه‌وه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مێنان ده‌كه‌ن و، ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فشاری كار و ژیان له شارە گه‌وره‌كان وای له تاكه‌كان كردووه كاتیان نه‌بێت بۆ بیركردنه‌وه یان گه‌شه‌پێدانی خۆیان.
قه‌یرانه‌كانی سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ وایكردووه دیارده‌ی نامۆبوون بواری په‌یوه‌ندییه مرۆیییه‌كان بگرێته‌وه كه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ناجێگیره و، بووه‌ته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نیگه‌رانی و خه‌مۆكی و هه‌ستكردن به ته‌نیایی به‌هۆی فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه چه‌مكی نامۆبوون له زیادبوونی دیارده‌ی كه‌لتووری به‌كاربه‌ری خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌جۆرێك وای له تاكه‌كان كردووه هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه به‌هایان په‌یوه‌سته به‌و شتانه‌ی كه هه‌یانه، نه‌ك به‌وه‌ی كه ئه‌و شتانه چین.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دیارده‌ی نامۆبوون له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ و زیادبوونی هه‌ژموونی لیبرالیزمی نوێ كارتێكردنی له‌سه‌ر ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگا و ژیانی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی زیاتر بووه و، مه‌ترسییه‌كانیش له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی پۆپۆلیستی وایكردووه جه‌ماوه‌ر به‌رەو ڕێگایه‌كی چه‌واشه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نامۆبوونی و لێكه‌وته‌كانی بكات.
گومان له‌وه‌دا نییه كه ماركسیزم ڕێگاچاره‌ی بۆ بنبڕكردنی نامۆبوون به كۆتاییهاتن به سه‌رجه‌م شێواز و دیارده‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ و، سه‌رخستنی ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ سیستمی سه‌رمایه‌داری و سه‌روه‌ری لۆجیكی بازاڕ له‌سه‌ر به‌مرۆییكردنی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌ستنیشانكردووه، به‌ڵام تا هێنانه‌دیی ئه‌و جێگره‌وه‌یه بۆ سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ، گرنگه فشاری مرۆڤایه‌تی پێشكه‌وتنخواز و كاری تێكۆشه‌رانه ئه‌م بوارانه‌ی خواره‌وه بكرێته‌وه:
چاره‌سه‌ره پێشنیاركراوه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ركراوی:
ـ به‌هێزكردنی ئاراسته‌ی یه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆشایی سامان و داهات نێوان چینه جیاوازه‌كان.
ـ بیركردنه‌وه‌ی له دووباره كاراكردنی كه‌لتووری كار بۆ گه‌یشتن به هاوسه‌نگی له‌نێوان ژیانی پیشه‌یی و كه‌سیدا.
ـ كاركردن و هاندانی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه ڕاسته‌قینه‌كان، به‌جۆرێك كه سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆژیا شوێنی په‌یوه‌ندی مرۆیی نه‌گرێته‌وه.
ـ پاراستنی شوناس و ناسنامه‌ی كه‌لتووری و جه‌ختكردن له‌سه‌ر فره‌بوون و هه‌مه‌جۆریی شارستانییه‌كانی مرۆڤایه‌تی له‌ناو چوارچێوه‌ی جیهانیبووندا.
ـ كاراكردن و زیادكردنی به‌ئاگایی و هۆشیاری ژینگه‌یی وه‌ك ئه‌ركێكی جیهانی بۆ نزیككردنه‌وه‌ی مرۆڤ له سروشت.
ـ بایه‌خدانی تایبه‌ت به بابه‌تی ده‌روون و دانانی له نه‌خشه‌ی نیشتمانی و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بۆ باشتركردنی پشتیوانی ده‌روونی و سۆزی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده ناهه‌مواره‌كان و نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كاندا.