
كه‌ناڵی پیشه‌یی پرسه‌كه له بازنه‌یه‌ك داده‌نێت و خۆی له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌وه ڕووماڵی ده‌كات
ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
ڕووماڵی میدیایی، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به گوتار و ئه‌جێندای میدیایی ده‌زگای هه‌واڵییه‌وه. كاتی وه‌رگر زۆر جێی بایه‌خه، له به‌رامبه‌ریشدا كاتی په‌خش و پانتایی بڵاوكردنه‌وه بۆ ده‌زگای میدیایی زۆر گرنگن. نابێت كاتی وه‌رگر و كاتی په‌خش به هه‌ده‌ر بدرێت بۆ شتێك، كه به‌های پێویستی نه‌بێت، یان ئامانجێكی له پشته‌وه نه‌بێت و ته‌نیا بۆ كات كوشتن و پڕكردنه‌وه‌ی شاشه بێت.
پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌ر ڕووماڵێكی میدیایی، پێویسته زانیاری بێت، وه‌رگر زانیاری ده‌وێت، نه‌ك درووشم، جوینه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌م و ئه‌و هیچ سوودێك به وه‌رگر ناگه‌یه‌نێت.
پێویسته له ڕووماڵدا، میدیا ئه‌و بابه‌ت و پرسه‌ی ڕووماڵی ده‌كات، بیخاته ناو بازنه‌یه‌كه‌وه، خۆی له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه بێت، نه‌ك ببێته به‌شێك له بابه‌ته‌كه.
تێبینی ده‌كرێت، له ڕووماڵی هه‌ڵبژاردنی توركیادا، هێنده‌ی بایه‌خ به بۆچوونه شه‌خسییه‌كان، به درووشمی لایه‌نه ڕكابه‌ره‌كانی یه‌كدی درا، هێنده به وردی كار له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی زانیاری نه‌كرا.
ڕووكاری پرۆسه‌كه و بانگه‌شه‌ی لایه‌نه‌كان له كه‌ناڵه كوردییه‌كان پانتاییه‌كی زۆری بۆ ته‌رخان كراوه، به جۆرێك هه‌ندێك كات هه‌ست ناكه‌یت له به‌رامبه‌ر شاشه‌یه‌كی كوردییت، ئه‌و مۆركه‌یان پێوه ده‌بینرێت، كه كه‌ناڵی وابه‌سته‌ی فڵان حزب، یان به‌ره‌ی هه‌ڵبژاردنن.
ئه‌مه ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌بێت، ئه‌وه‌یه، كه‌ناڵی كوردیی، خۆی نییه، هه‌رچی ڕووماڵ ده‌كات، ده‌بێته ئه‌وی دیكه، ده‌بێته هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك، ته‌نیا خۆی نه‌بێت، چونكه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌نی گوتارێكی دیاریكراوی میدیایی نییه. ئیدی تێكه‌ڵی ڕووداو، یان پرسه‌كان ده‌بێت و له بیری ده‌چێته‌وه ئه‌و په‌یامێك له باره‌ی ڕووداوێك، یان پرسێكه‌وه بۆ وه‌رگری كورد ده‌گوازێته‌وه.
خاڵێكی دیكه‌ی جێی سه‌رنج، هاوبه‌شكردنی وه‌رگری كورده به ئه‌ندێشه‌ی دابه‌شبوونی به‌ره‌یی، ڕاكێشانی سۆزی وه‌رگره، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ببێته به‌شێك له ململانێكان، دابه‌ش بێت به‌سه‌ر یار و نه‌یاردا، له‌وه‌شدا وروژاندنی خاڵه هاوبه‌شه‌كان به تایبه‌تی نه‌ته‌وه و ئایین، ڕۆڵێكی به‌رچاوی پێ‌درابوو.
نوێژه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، یه‌كێك له‌و نموونانه بوو، كه به بایه‌خه‌وه، له كه‌ناڵ و په‌یجه هه‌واڵییه‌كان دانرابوو، له كاتێكدا ئه‌و نوێژه هه‌ڵگری مۆرك و خه‌سڵه‌تی بانگه‌شه‌یی زۆرتر لێ ده‌خوێنرایه‌وه، له‌وه‌ی نوێژێكی هه‌ڵگری مانای په‌رستشی ڕاسته‌قینه بێت. وه‌رگرتنی وێنه و گرته‌ی سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا، كه له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتن، پێدانی پانتاییه‌كی فراوان بۆ ده‌ركه‌وتنی لایه‌نێكی كێبڕكێكه، له‌سه‌ر حسابی ئه‌وی دیكه، ئاماژه‌ی ڕوونی ناهاوسه‌نگی ڕووماڵی به‌شێك له كه‌ناڵه‌كان بوو.
جێی ئاماژه‌یه، به‌شێك له ده‌زگا هه‌واڵییه‌كانی هه‌رێم، ڕاسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ، دزه‌یان كراوه‌ته ناو، هه‌ژموونی ده‌زگای ئه‌منی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی وڵاتانی ده‌ره‌كی ڕۆڵی هه‌یه له ئاراسته‌ی كاری میدیاییان، ڕه‌نگه ئه‌و دزه‌كردنه له ڕێگه‌ی كادیرێكی میدیایی په‌روه‌رده‌كراوه‌وه، یان ده‌م چه‌وركردنه‌وه بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ئیختراقێك هه‌یه و كاریگه‌ری نه‌رێنی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاراسته‌ی كاری میدیایی ئه‌و جۆره ده‌زگایانه درووست كردووه.